سەرنج بدەن هەموو ئەو چەکانەی بەشانی شەڕکەرەکانەوەن، لەهەر کوێیەکی جیهان، دەستکردی چەند وڵاتێکن کە بە پەنجەی دەستێک دەژمێردرێن لە سەروویانەوە ئەمریکا و روسیا و چین.
مووشەکێک لە یەمەن یان سعودیە دەکەوێتە خوارەوە، خێرا خاوەنەکەی(دروستکەرەکەی) دیاری دەکرێت و لێی لە هەڵڵا دەدرێت، بەدەیان وێنە و بەڵگەوە دەڵێن ئێران دروستی کردووە و ئیتر راستەوخۆ ئەو وڵاتە تاوانبار دەکەن و دەڵێن ئەو لە پشت ئەم هێرشەوەیە، کەچی ئەو هەموو بۆمبە بەسەر غەززەدا دەبارێنن کەس ناڵێت هی ئەمریکا و ئیسرائیلە.
لە وڵاتانی ئیران، عیراق، ئەفغانستان. لیبیا. سوریا، خوارووی سودان، سۆماڵ، یەمەن و هەموو کەنداو، چەکی شانی شەڕکەرەکان زۆربەیان کڵاشینکۆفن یان M16 ی ئەمریکین، ئەگەرنا چینی و ئەڵمانی و فەرەنسی و ئەوانی ترن. ئەمە جگە لە چەکەکانی سوپای هەموو وڵاتانی ناوچەکە ئەوانەی لە شەڕدا بن یان نا.
ئەم چەکانە لەم وڵاتانە رۆژانە هەزاران کەسی پێ دەکوژرێت، بە رێگەی یەکترکوژیی و شەڕی ناوخۆیی، کە فرۆشیارەکان بۆیان دروست دەکەن.
ئەوەی لە یەمەن روودەدات شەڕی نێوان یەمەنییەکانە کە هەموویان عەرەبی ئەسڵن، بەڵام بەچەکی بیانی، ئەوەش کە لەلایەکەوە هانیان دەدات و ئاگری شەڕەکەیان خۆش دەکات، لەلایەکیشەوە داوایان لێ دەکات شەڕ نەکەن، هەر خاوەنی ئەو چەکانەن کە بەشانی شەڕکەرەکانەوەیە.
لە سوریا هەموو ئەو شەڕانەی کران و سەدان هەزار کەسی تێدا بووە قوربانی، بەهەموو لایەنەکانەوە، حکومەت و ئۆپۆزسیون، هەموویان چەکی ئەو وڵاتانە بەکاردەهێنن کە لایەنە بەشەڕهاتووەکانی بەسەردا دابەش بووە.
لە عیراق جیاوازییەک لە نێوانی چەکی شانی سوپای وڵات و چەکدارە مەزهەبییەکان و هێزە ئەمنییەکان و داعش و هەموو ئەوانی تر نییە، ئەگەر ئەمریکی نەبن ئەوە یان روسین یان ئەڵمانی و فەرەنسی و بەریتانین.
ئەو فڕۆکانەش کە بە ئاسمانەوە داکۆکی لە لایەنێک دەکات لەدژی ئەوەی دیکە، هەر خاوەن چەکەکانن، لە هەمووی سەیرتر ئەوەیە، ئەوانەی مەشقیش بە چەکدارەکان دەکەن هەر فرۆشیاری چەکەکانن.
لە ئێران جگە لە چەکی دروستکراوی خۆیان، چەکی روسی و چینی زۆرتر دەبیندرێت تا ئەمریکی، هەر ئەو دووانەش دۆستی ئاشکرای ئێرانن.
لە لیبیای کۆنە دۆستی یەکێتی سۆڤێتی کۆن و روسیای ئێستاش، هەر چەکی ئەوان دەبینیت بەشانی شەڕکەرەکانەوە، ئەوانەش کە شەڕ دەکەن هەموویان خەڵکی لیبیان و لە دەرەوەی سنووری ئەو وڵاتەوە نەهاتوون(جگە لە وانەی لە تورکیاوە چوون)، ئایینی سەرەکییان تەنها ئیسلامە.
ئەوەش کە جاری وایە لە رێگەی ئەنجومەنی ئاساییشی نێودەوڵەتییەوە بڕیاریان بەسەردا دەسەپێنێت، هەر ئەوانەن کە چەکەکانیان پێدەفرۆشن.
ئەوەش کە لە مالی و نەیجیریا بەشانی تیرۆریستانی بۆکۆ حەرامەوەیە و ئەوانەش کە بەشانی هێزە ئەمنییەکان و سوپای ئەو وڵاتانەوەن هەر هی هەمان سەرچاوەن کە بە هەردووکیان دەفرۆشرێت جا یان بە رەسمی یان بە قاچاغ.
لە ئەفغانستان میللەتێک دەژین کە لە دێرزەمانەوە سنووریان بۆخۆیان دیاری کردووە و هیچ کێشەیەکی سنوورییان نییە لەگەڵ وڵاتانی درواسێیان، زۆرینەی زۆری خەڵکەکەی مسوڵمانن، کێشەی نەتەوەییشیان نییە، هەرچی دەری و پەشتو و هەزارە و تاجیکی و ئەوانی دیکەیە پێکەوە لەو وڵاتە ژیاون و بەخۆیان دەڵێن: ئەفغانی، چەکەکانی کە بەوان دراوە یان فرۆشراوە هی ئەو وڵاتانەن کە هەر سەردەمێک و بۆ چەند ساڵێک داگیریان کردووە، ئێستاش هەر هەمان حاڵەتیان هەیە، بە بەردەوامییش چەک و زەخیرەیان دەدرێتێ، دەنا ئەگەر وا نەبوایە ئەو زەخیرانە بۆ لەم شەڕانەدا تەواو نابن؟
چەکی وڵاتانی فرۆشیاری چەک، زۆرتر لەو وڵاتانە دەفرۆشرێن کە دەوڵەمەندن بە نەوت و کانزاکانی دیکە، کەوابوو دەتوانین بڵێین، هەڵەیە تاکی ئەم وڵاتانە داننانی خێرە بەو زلهێزانەدا کە خاوەنی ئەو چەکانەن کە بەشانی ئێمەوەیە و یەکتریی پێ دەکوژین.
ئەوان ئێمەیان خۆش ناوێت، بەڵکو لایەکمان دەگرن لەدژی لایەک تا شەڕ بەردەوام بێت و کێشەکان قووڵتر ببنەوە و بازاڕی چەکی ئەوانیش مسۆگەر بێت.
دەبێت بزانین جەنگەکانی سینای میسر – ئیسرائیل و وڵاتانی عەرەبی، ڤێتنام، کۆریاکان، جەنگە جیهانییەکان، جەنگی ناوخۆی لوبنان لە ناوەڕاستی حەفتاکان، هەموو جەنگە ناوخۆییەکانی عیراق لە سەرەتای شەستەکانەوە، ئیران و عیراق، جەنگی ناوخۆی یۆگۆسلاڤیا، جەنگی داگیرکردن و ئازادکردنی کوێت، جەنگی داگیرکردنی عیراق، جەنگی کورد لەگەڵ ئەو وڵاتانەی بەسەریدا دابەش بوون، جەنگی سۆڤێتی جاران لە ئەفغانستان، جەنگی ناوخۆی ئەفغانستان، کشمیری نێوان پاکستان و هیندستان، جەنگی داگیرکردنی ئەفغانستان لەلایەن ئەمریکاوە و درێژەکەی تا ئەمڕۆ، دروستکردنی داعش و هەموو شەڕەکانی دیکە کە کراون، جەنگی ناگۆرنۆکەرەباغی نێوانی ئەرمینیا و ئازەربایجان. ئەوەش کە چاوەڕوان دەکرێت جەنگێکی قورسی لێبکەوێتەوە کێشەی نێوان میسر و سودان لەلایەک و ئەسیوۆیایە لەلایەکی دیکەوە، ناوخۆی سودان، لوبنان، فەلەستین و ئیسرائیل، کە ئەوانیش هەمان ئەو چەکانەیان پێیە.
٪80 ی ئەم جەنگانە لە خۆرهەڵاتی ناوەڕاست و درواسێکانی بووە و بەردەوامە، زۆرینەی زۆری چەکە پێویستەکانیش هی ئەو چەند وڵاتەن کە باسمان کردن، هەر ئەوانیش کۆنتڕۆڵی جیهانیان کردووە، خۆیان چەوسێنەر و داگیرکەر و سەرمایەدارن، هەر خۆشیان لەبەرەی ئازادیخواز و شۆڕشگێڕ و رزگارکەرن، هێشتاش تاکی ئەم کۆمەڵگە شەڕاویانە لە راستیی ئەم هۆکارە تێناگەن و بە سەدان هەزار کەس پەنایان بۆ دەبەن و پێیان وایە فریادڕەسی ئێمەی «ژێر خاک دەوڵەمەند و سەر خاک هەژارن».
ئەوان چەک بۆچی دروست دەکەن؟ بێگومان بۆ ئەوەی بیفرۆشن! ئەی دەبێت چی بکەن تا بازاڕی چەکەکانیان گەرم بێت و بۆیان ساغ ببێتەوە؟ بەدڵنیاییەوە دەبێت ئاژاوە بنێنەوە لەم وڵاتانەی کە بازاڕی هەمیشەییانە!.
ئەم دوو پرسیار و وەڵامە پەردە لە رووی ئەو وڵاتە زلهێزانە بۆ هەمووان لادەدات، ئەگەر بۆمان دەرکەوت کە بەراستی ئەوان ئەوە مەبەستیانە، ئیتر نە دەستەونزا بپاڕێینەوە بۆ هاتنی سوپای ئەو وڵاتانە بۆ وڵاتەکانمان، نە خۆشمان بە فڕۆکەکانیاندا هەڵواسین تا لەگەڵ خۆیاندا بمانبەن. بەڵکو چارەسەر ئەوەیە کێشەکانی خۆمان چارەسەر بکەین لەگەڵ یەکتریی.