لە ٢٨-٨ لە بەغدای پایتەختی عیراق، میوانداری بۆ کۆبوونەوەی لوتکەی وڵاتانی دراوسێ و ناوچەکەو چەند وڵاتێکی دیکە لە بەغدا دەستی بەکارەکانی کرد.
بێگومان لەم کاتەدا بەستنی کۆنفرانسێکی لەو شێوەیەو بەئامادەبوونی فەرەنسا، روسیا، ئەمریکا، بریتانیا، نوێنەری ویلایەتە یەکگرتووەکان، قەتەر، تورکیا، ئێران ، ئوردن، سعودیە، میسرو ئەنجومەنی ھاریکاری کەنداو بایەخ و گرنگیی خۆی ھەیە.
ئەنجومەنی ھاریکاری کەنداو پێکھاتووە لەوڵاتانی کەنداو ( قەتەر، کوەیت، سعودیە، بەحرین، سوڵتاننشینی عومان و ئیمارات).
ئەم کۆنگرەیە دوای چەندەھا سەردانی مستەفا کازمی سەرۆک وەزیرانی عیراق هات بۆ وڵاتانی ناوچەکەو ئەمریکا، ئەمەش وەکو سەرکەوتنی دیپلۆماسی ئەو تەماشا دەکرێت.
وڵاتانی بەشدار نیازی بەشداریکردنیان ھەیە لەدووبارە بنیادنانەوەی عیراق و ئەو ناوچانەی لەجەنگی داعشدا وێرانکران.
ئەم کۆنگرەیە بۆ دووبارە بونیادنەوەی عیراقەو وەبەرھەمھێنانی ئەو وڵاتانە لە عیراق و ھەروەھا بۆ گفتوگۆیە لەسەر کێشەی ئاوو بەزاندنی سنوور لەلایەن تورکیاوەو بۆردومان کردنی خاکی عیراق.
لەم دیدارە لایەنە دژبەیەکەکانی وەکو ئێران و سعودیەو ئەمریکا گفتوگو لەسەر دۆخی ناوچەکەو پەیوەندییەکانیان دەکەن.
ئەم کۆنگرەیە مشتومڕێکی زۆری بەدوای خۆیدا ھێناوە. ھەندێک لەچاودێران پێیانوایە تێچووی سێ ملیارد دینار زۆرە بۆ ئەم کۆنگرەیەو ئەو دەسکەوتە چاوەڕوان کراوەی نابێت. ھەندێکی تر پێیان وایە بێ بەشداریکردنی سوریا یەکێک لەئامانجەکانی کۆنگرەکە کە سەقامگیری ناوچەکەیە نایەتەدی.
فەرەنسا بەمەرجی ئامادەنەبوونی سوریا پشتگیری ئەو کۆنرەگەیە دەکات، برێد مەکگۆرک بەشداردەبێت لەو کۆنفرانسەو دواتر سەردانی شاری موسڵ و کەنیسا تەقێنراوەکەی ئەو شارە دەکات کە وا بڕیارە لەڕێگای یونسکۆوە دروستبکرێتەوە.
ئەم سەردان و پێشھاتانە لەدوای پاشەکشەکردنی ئەمریکا لە ئەفغانستان وەک پشتگیرییەک لەم حکومەتە و ئارامی عیراق تەماشا دەکرێت.
ئامانجی سەرەکی ئەم کۆنرەگەیە دروستکردنی بازرگانی ھاوبەشەو ئابووری و وەبەرھەمھێنان لەنێوان ئەو وڵاتانەو دەرفەتێکە بۆ دووبارە پتەوکردنی پەیوەندییەکان، بەتایبەتی پەیوەندی نێوان عیراق و سعودیە.
لەساڵی ٢٠١٩وە لەدوای ٣٠ ساڵ سعودیە دووبارە نوێنەرایەتی لە عیراق کردەوەو ھەوڵی بەردەوام دەدرێت پەیوەندییەکانی نێوان ئەم دوو وڵاتە ئاساییبکرێتەوە.
عیراق دەیەوێت دووبارە رۆلی ھەبێت لەسیاسەتی ناوچەکەو ببێتە محوەری گفتوگۆی نێوان ئێران و سعودیە. ھەروەھا دەیەوێت پشتگیری ئەم وڵاتانەی ھەبێت بۆ چەسپاندنی ئارامی و سەقامگیری و یارمەتی بدرێت لەدووبارە بنیادنانەوەی وڵات.