فەیسەڵ عەلی
کوردستانی نوێ 21/08/2021
وەک ولیەم زینسەر William Zinsser دەڵێ: «نووسین بیرکردنەوەیە لەسەر کاغەز». ئێستا لەسەر شاشەی کۆمپیوتەر و مۆبایلە نەک لەسەر کاغەز، بەڵام سەرچاوەکەی بیرکردنەوەیە، جا ئەو بابەتە زانستی بێت یان ئەدەبی بێت. جیاوازیی نێوان نووسین و قسەکردن لەوەدایە نووسین پشت بە بیرکردنەوەیەکی قووڵ دەبەستێت، وەک لە نووسینی پێشوودا ئاماژەی پێکرا. قسە لە ژینگەیەکی کارلێکدا دەکرێت و پێویستی بە وەڵامی خێرایە، لەبەرئەوە بەرهەمی بیرکردنەوەیەکی خێرایە، ئەگەر پێشتر ئامادەکاریی بۆ نەکرابێت، پێشوەختیش بە قووڵی بیری لێنەکرابێتەوە. بەڵام نووسین بە ژینگەی کارلێکی قسەکردنەوە پابەند نابێت، زۆربەیجار پانتاییەکی باشی کاتیی هەیە، وادەکات توانای پشتبەستنی بە بیرکردنەوەیەکی قووڵی هەبێت.
ئەگەر بڕوانینە بیرکردنەوەی پێویست بۆ نووسینی زانستی، دەبینین بە کۆمەڵێک هۆکار زۆر جیاوازە لەو بیرکردنەوەیەی بۆ نووسینی ئەدەبی پێویستە، کە پەیوەستە بە کاریگەرییەکانی ژینگەی زانستی لەسەر بیرکردنەوە، لەلایەکی تریشەوە کاریگەریی ژینگەی ئەدەبی لەسەر بیرکردنەوە، واتە: سیستمی بیرکردنەوە لە بواری زانستیدا لە بواری ئەدەبی جیاوازە، ئەگەر بیرکردنەوەی قووڵ خاڵی هاوبەشی نێوان هەردووکیان بێت، ئەوا ژینگەی نووسینی ئەدەبی ژینگەی هەست و سۆزە کە لەژێر کاریگەریی راستییەکانی ژیاندایە، بەتایبەتیش ئەوەی بە ژیانی کۆمەڵایەتیی مرۆڤەوە پەیوەستە، ئەم ژینگەیە لە میانی هاندانی خەیاڵەکانی مرۆڤدا بۆ دەربڕینی بۆچوون و تێڕوانینەکانی دامەزراوە، کە بە شێوازی جیاوازیی نووسین وێنای دەکات، وێنەیەک بە ژیان دەبەخشێت، کار لە خوێنەر دەکات بۆ ئەوەی بەهایەکی مەعنەوی تێدا ببینێت و هەستەکانی دەوروژێنێت، ئاستی تێڕوانینی بۆ رووداوەکانی ژیان فراوان دەکات.
بەڵام ژینگەی نووسینی زانستی، ژینگەی گەڕانە بەدوای راستییەکانی ژیاندا، بەتایبەتیش راستییە سروشتییەکان، هەوڵدان بۆ لێتێگەیشتنی و بە پشت بەستن بە هزری نوێی زانستی کە بە شێوازی ئەزموونی لێکۆڵێنەوەی لەسەر دەکرێت، یاخود لەڕێی مشتومڕێکی هزری لۆجیکییەوە بیروبۆچوون و تیۆر بۆ گوزارشتکردن لێی دێنە بەرهەم وێڕای گەڕان بەدوای هزری نوێ و نوێبووەوەدا تا سوود لەو راستییە وەربگیرێت و بە کارایی و لێهاتووییەوە بخرێتە خزمەتی مرۆڤایەتییەوە. لە بواری توێژینەوەدا لەم جۆرە بیرکردنەوانە، خەیاڵی مرۆڤ وەک ئامرازێکی هەڵێنجاندن رۆڵ دەگێڕێت، خەیاڵی مرۆڤ لە هەریەک لە نووسینی زانستی و ئەدەبیدا ئامرازی بیرکردنەوەیە، بەڵام راستییەکانی واقیع لە نووسینی زانستیدا سنوورێک بۆ ئەو خەیاڵە دادەنێت، لە بەرامبەریشدا زیاتر لە هۆکارەکانی نووسینی ئەدەبی سەربەخۆترە. لە نووسینی زانستیدا ئەوەی خەیاڵ پێی دەگات دەبێ بسەلمێنرێت، بەڵام ئەمە بۆ نووسینی ئەدەبی وانییە.
دوای ئەوانەی سەرەوە، هەوڵ دەدەین زیاتر لە هەر دوو جۆری نووسینی ئەدەبی و زانستی نزیک بینەوە. ئەگەر بە نووسینی ئەدەبی دەستمان پێکرد، قسەیەکی یەکێک لە ئەدیبە ناودارەکانی جیهان وەبیر دەهێنینەوە، ئەویش ئێرنیست هەمەنگوایە Hemingway Ernest، کە چەندین رۆمانی نووسیوە و لە زۆربەی دەوڵەتانی جیهان بڵاوبوونەتەوە، ئەم ئەدیبە دەڵێ: «نووسین جگە لە دانیشتن لە بەردەم ئامێری چاپکردن و لێت بچۆڕێت، هیچی تر نییە»، دیارە لێرە مەبەستی لە لێچۆڕاندن دەربڕینی هەستە کە هاوتای لێچۆڕینی خوێنە. هەستی ئەدیب هەستێکی ناسک و قووڵە، ئەگەر لەمەڕ بابەتێک دەریبڕی، وەک ئەوەی خوێن لە لەشی فیچقەی کردبێت، کە هانی ئەدیب دەدات تا گوزارشتی لێ بکات و لەو کەسایەتییەکاندا بەرجەستەی بکات، دەیخاتە چوارچێوەی هزرەوە، تێیدا هەستی مرۆیی کارلێک دەکات، وەک ئەوەی لەسەر ئەرزی واقیع روودەدات، یاخود وەک ئەوەی لە ئەندێشەی ئەدیبدا روودەدات.
بێگومان، نووسینی ئەدەبی تەنها رۆمان نییە، بەڵکو هونەرە هەموو شێوەکان دەگرێتەوە،، هەموویان پێدراوی وروژێنەر پێشکەش دەکەن، چونکە بایەخ بە ژیانی مرۆڤ دەدات، هەرچەندە دەشێ لە لۆجیک و واقیع و ئاسایی بچێتە دەرەوە، لە فەزایەکدا بێت هێندەی دڵ بەڕێوەی دەبات عەقڵ حوکمی ناکات. بێگومان شیعر یەک لە گرنگترین شێوەکانی ئەدەبە، بەوەی کە دەقەکانی ریتمێکی جوانیان هەیە کاریگەریی زیاتر لەسەر خوێنەر بەجێدەهێڵن.
دێینە سەر نووسینی زانستی، زۆرجار پێیشی دەگوترێ نووسینی هونەری یان تەکنیکی Technical Writing، بۆ ئەم جۆرە نووسینە وتەیەکی جوان هەیە، دەڵێ:» نووسینی زانستی یان تەکنیکی بەردەوامبوونی بابەتیانەیە لە بوارێکدا، بە ئامانجی گواستنەوەی زانیارییەکی دیاریکراوە، لە پێناوی ئامانجێکی دیاریکراو و خوێنەرێکی دیاریکراو، یان کۆمەڵێک خوێنەری دیاریکراو». لە روانگەی ئەم دیاریکردنەوە هەر یەک لە: سروشتی بەردەوامیدان، بوار، ئامانج، خوێنەر، ئەم جۆرە نووسینە بە دادگاییکردنی زیهنی واقیعییەوە پەیوەستە، بە زانیاری ورد لەو بوارەی باسی لێوەکراوە، بێلایەنی لە خستنەڕوو و دوور لە سۆز و بێنەوبەردەکەی، لە حوکمی هەست و زاتیەتی مانادا.
بەو جۆرە دەبینین، نووسینی زانستی پێویستی بە سیستمی بیرکردنەوەی بابەتیانە هەیە کە بایەخ بە راستی و ئەو هزرەی پێوەی پەیوەستە دەدات، دەستوەردانی حەز و هەست رەت دەکاتەوە، خاڵی یەکلاکەرەوەی ئەو بەڵگەیە کە پێشکەشی دەکات و ئەو ئەنجامەیە کە لە ئەزمون و لۆجیکەوە دەستەبەر دەکرێت. بەڵام نووسینی ئەدەبی، سیستمی بیرکردنەوە تێیدا زاتییە گوزارشت لە تێڕوانینی نووسەر و کەسایەتی بۆ ژیان، هەست و زەوق و ئاراستە و خەیاڵی، هەروەها ئەزموونیشی لە ژیان دەکات. ئەوەی جێی ئاماژە پێکردنە لێرەدا، ئەوەی بە داهێنانی رۆمان یان شیعر لە نووسینی ئەدەبیدا دادەنرێت، لە نووسینی زانستیدا رەتدەکرێتەوە بەوەی زانیارییەکانی جێی متمانە نین و بە بەڵگەی بابەتیانە نەسەلمێندراون.
نووسین بە فیعلی بیرکردنەوەیە لەسەر کاغەز یان شاشەی کۆمپویتەر و مۆبایلەکان، بەڵام کاریگەرییەکانی سەر بیرکردنەوە لە نێوان زانست و ئەدەب لێک جیاوازن، لەمەوە هەر یەکەیان سیستمێکی بیرکردنەوەی جیاوازیان لەیەکتر هەیە. نووسینی زانستی، هزرێکە پشت بە لۆجیک و حەقیقەت دەبەستێت و هەست و ئارەزووی کەسی جێی نابێتەوە، جگە لە حەماسی کەسەکە بۆ کارکردنی زانستی و لۆجیکی و ئەزموونی کە دەیخاتەڕوو و پێدراوەکانی نیشان دەدات، بەڵام نووسینی ئەدەبی، ئەمیش هزرە، بەڵام هزرێکە هەڵگری هەست و سۆزی نووسەرەکەیە، هەروەها تێڕوانینی و دنیابینییەتی بۆ ژیان. بێگومان مرۆڤ بە سروشتیی خۆی، هەردووکیان بە دڵفراوانییەوە وەردەگرێت، وێڕای ئەوەی پێویستی بە هەردووکیشیانە