هۆکاری بەرزبوونەوەی پلەی گەرما لەسەر زەوی بە گشتی، بەهۆی دواکەوتنی وڵاتانی جیهان لەدانانی سنوورێک بۆ دەردانی گازی کاربۆن و قەتیسبوونی گەرمییە.
زاناکان ئەم دیاردەیە دەگەڕێننەوە بۆ دەستی مرۆڤ خۆی، کە نەوت و خەڵوزی بەردین و گاز بەکاردەهێنن و ئەمانەش گازی دووەم ئۆکسیدی کاربۆنیان لێدەبێتەوە و دەبنە هۆکار بۆ بەرز بوونەوەی پلەی گەرما.
لەم بابەتەدا باس لە رووە زانستییەکەی دیاردەی بەرزبوونەوەی پلەی گەرمای زەوی ناکەین، بەڵکو لەسەر ئەوانە دەدوێین کە دەبنە هۆکار کە ئەویش مرۆڤە و بزانین ئایا مرۆڤەکان هەموویان وەک یەک کەمتەرخەمن و بوونەتە هۆکار یان نا؟ چونکە بەو پێیەی ئەو سێ شتە( نەوت و خەڵوز و گاز) لە پیشەسازییدا زیاتر بەکار دەهێندرێت ئەوە دەبێت بڵێین، سەرمایەدارانی جیهان تاوانی بەشی شێر و زیاتریان بەردەکەوێت لە پیس بوونی بەرگەی هەوا و بەرز بوونەوەی پلەی گەرمی.
کارخانەیەکی دروستکردنی تایە یان تواندنەوەی ئاسن، وزە، رۆن، چیمەنتۆ، کۆمپانیاکانی دروست کردنی ئۆتۆمبێل، خودی ئۆتۆمبێلەکان، بارهەڵگرەکان، دەزگا گەورەکانی دیکە. کەشتییەکان، شەمەندەفەر، فڕۆکەکان، چەکە کۆکوژەکان، مووشەکە دوورهاوێژەکان، تەقەمەنییەکان، تانک و زرێپۆشەکان، تاقیکردنەوە ئەتۆمییەکان، ئەمانە کە هەموویان هۆکارن هیچیان کاری چینە هەژار و مامناوەوندەکان نین، بەڵکو سەرمایەدارانن.
چینی هەژاران و پشکی پیسبوونی ژینگە
خەڵکی لادێ یان (چینی هەژار و مامناوەند لە جووتیار و خاوەن زەوییەکان) کە زۆرینەی دانیشتوانی جیهان پێکدێنن، لە ماڵەکەیاندا بۆ گەرمبوونەوە دار دەسووتێنن، بۆ هاتووچۆ پایسکل، عەرەبانەی ئەسپی، وڵاخی بار بەکاردێنن و کەمتریان ئۆتۆمبێلیان هەیە(ئەگەرچی ئەو ئامێرانەش بەکار دەهێنن کە سەرمایەداران دروستیان دەکەن و دەیانخەنە بازاڕەوە) بەڵام دەبێت ئەو ئامێرانە بن کە بە رەچاوکردنی کەمترین زیانگەیاندن دروستکراون، واتا ئۆباڵی خراپییان لای سەرمایەدارانە.
ئەوان سوود لە ئاوی سروشتیی زەوی دەبینن و هیچ کارخانەیەکی دوکەڵدەریان نییە، زەوی دەکێڵن و دەیچێنن و دەیدروونەوە، یان مەڕوماڵات بەخێو دەکەن و بەروبوومەکانیان دەخەنە بازاڕەوە، ئەمەش هیچ گازێکی کاربۆن دەرنادات، تا زیانی هەبێت و ببێتە هۆکاری بەرز بوونەوەی گەرما.
هەموان باس لەوە دەکەن کە لەم سەدەیەی رابردوەوە تا ئێستا زیاتر پلەی گەرمای زەوی بەرز دەبێتەوە، بەوپێیەی تەکنۆلۆژیا لە ئاستێکی باشدا پێشکەوتووە و پیشەسازییەکان پەرەیان سەندووە، کەوابوو هۆکاری گەرمبوونەکەش هەر دەگەڕێتەوە بۆ سەرمایەداران کە خاوەندارێتی هەموو تەکنۆلۆژیا و بوارە پیشەسازییە جۆراوجۆرەکانن.
لەوانە بەکارھێنانی بەرھەمە پیشەسازیەکانی دەستکردی مرۆڤ کە باوترینیان ئۆتۆمبێلە و کاریگەری تەواوی لەسەر ئەم دیاردەیە ھەیە بەهۆی ئەو گازەوە لە ئەنجامی بەکارخستنی مۆتۆڕەکەی دەریدەدات و دەبێتە هۆکاری بەرز بوونەوەی پلەی گەرما.
پیس بوونی ژینگە و پڕ بوونی گیرفانی سەرمایەداران
ئەمانە لەژێر دەستی سەرمایەدارانی جیهانە، ئەوانەی بۆ فراوان بوونی دەسەڵات و زۆربوونی سەروەتەکانیان پێشبڕکێی داگیرکردنی بۆشاییەکانی ئاسمانیش دەکەن، بەڵام ئەوەی لەچینەکانی خوار ئەوانە توانای گەیشتن بەو توانایانەیان نییە و بەو رێژەیە بەشدار نین لە پیسکردنی ژینگە و خاوەنی ئەو هەموو کارخانە پیشەسازییانە نین، ئەوان دەبوا زۆرترین باج بخرێتە سەر کارخانەکانیان، تا ناچار بن ئەو ئامێرانە بەجۆرێک بەرهەم بهێنن کە بە کەمترین رێژە زیان بگەیەنن.
رۆژانە دەبینین چۆن پێشبڕکێ لەسەر دروستکردنی ئامێرەکان دەکەن لەوانەی گازە زیانبەخشەکانیان لێدێتە دەر، بەڵام کرێکاران و هەژاران و جووتیاران، تەنها بە هێزی بازووی خۆیان بەرهەمدێنن، چ لە بنیاتنان و پیشەسازی و چ لە کشتوکاڵدا.
خۆئەگەر بڵێین مرۆڤەکان هەموویان ئەو ئامێرانە بەکار دەهێنن، هەژار بن یان نا، بەڵام چۆنێتی دروستکردنی ئەو ئامێرانە لای سەرمایەدارانە کە دەبێت وای دروست بکەن زیانی نەبێت لەکاتی بەکارهێنانیدا، وەک ئەوەی کە ئێستا ئۆتۆمبێلی کارەبایی دروستکراوە و کەوتووەتە بازاڕەوە و لەکاتی لێخوڕینیدا هیچ گازێکی زیان بەخش دەرنادات.
وڵاتانی خاوەن پیشەسازی جیهان چی دەکەن؟
وڵاتانی پیشەسازی جیهان، ساڵانە کۆدەبنەوە و باس لە مەترسییەکانی پیس بوونی ژینگە و بەرزبوونەوەی پلەی گەرما دەکەن، بەڵام بڕیارێکیان بۆ رێگری لەمە پێنادرێت و ئەوەش هەیە تەنها دانانی قەڵەمە لەسەر کاغەز. هەرکام لەو وڵاتانە نقومی تاقیکردنەوە ئەتۆمییەکان و پیشەسازییەکانی دیکە بووە، کە هەمووشیان بە خاوەندارێتی سەرمایەدارەکانی ئەو وڵاتانەیە، چونکە زۆرینەی ئەم کەرتانە سەر بە حکومەت نین و سەرمایەدارەکان خاوەندارێتی دەکەن.
ئەگەر ئەمە راستییەک بێت و لەبەرچاوان بێت ئیدی بۆچی هەموان ئێخەی سەرمایەداریی نەگرین و پێیان نەڵێین ( ستۆپ).
ئەوان کاتێک ئەو ژینگەیە تێک دەدەن، بەڵام دێن و بەسەروەتەکانیان ژینگەی تایبەتی خۆیان پاکدەکەنەوە، لەکوێیان پێخۆش بێت لەوێ دەژین، لە دەرمانی باش و پزیشکی باش و چارەسەری دوا پلە سوودمەند دەبن، ئەو نەخۆشییانەی بەهۆی پیسبوونی ژینگەوە خەڵکی سەر زەوی تووشی دەبن زۆر کەمتر ئەوان دەگرێتەوە، ( لە مردنی زیاتر لە 4 ملیۆن کەس بەهۆی ڤایرۆسی کۆرۆناوە تەنها یەک ملیۆنەری جیهانی تیادا نەبوو ) ئەگەر تووشیش ببن ئەوە چارەسەر بۆ ئەوان ئاسانە، ئەوان ژینگەی شارێکی گەورە ئالوودە دەکەن، بەڵام خۆیان لە کوێستانەکان و ناو کەشە خاوێنەکاندا ڤێلاکانیان بنیات دەنێن و لە دوورەوە دەڕوانن بۆ ئەو چەترە رەشە گازدارە کە بەسەر شاردا باڵی کێشاوە.
حکومەتەکانیش تاوانبارن
بەرزبوونەوەی پلەی گەرمی لەئەنجامی گوێنەدانی سەرمایەدارانی جیهان بە جۆری دروستکردنی ئامێرەکان و پیشەسازییە گەورەکان و لەم لاشەوە هەوڵی رژێمەکانی وڵاتە خاوەن پیشەسازییەکان بۆ پێشبڕکێی چەک و ئەتۆم و هەموو شتە زیانبەخشەکان وادەکات هەرچی زۆرتر زیان بگەیەنن بە گۆی زەوی و دانیشتوانەکەی، ئەمەش هەر بەتەنها بەرزبوونەوەی پلەی گەرما و پیسبوونی بەرگە هەوانییە، بەڵکو ئەمە دەبێتە هۆی تواندنەوەی بەفری بەستەڵەکی ھەردوو جەمسەری باکوور و باشووری گۆی زەوی، لە ئەنجامدا دەبێتە ھۆی لافاو و زۆربوونی ئاوی دەریا و زەریاکان و نقوم بوونی شارەکانی سەر کەنارەکان.
بەرزبوونەوەی پلەی گەرما دەبێتە هۆی سووتانی دارستانەکان کە ئەمەش زیان بە ئاژەڵەکان دەگەیەنێت و زەوی رووت دەکاتەوە و رێگرەکان لە توندی با کەم دەبنەوە. هۆکارێکی دیکە بڵاوبوونەوەی نەخۆشیە کوشندەکانە کە لە رێگەی مێرووە زیانبەخشەکان دەگوازرێنەوە و لە ھەوای گەرم و شێداردا زیاد دەکەن. سەرجەم ئەمانەش نەهامەتی بۆ جیهان و گۆی زەوی دەهێنن.
کەواتە زۆربوونی دانیشتوانی گۆی زەوی و پێشكەوتنی پیشەسازی، كاریگەریی لەسەر بەرزبوونەوەی پلەی گەرما لە بەرگە هەوا دروست دەكات. پێشكەوتنی پیشەسازی و پشتبەستن بە هەموو جۆرەكانی وزە لەوانە خەڵوز وەك سەرچاوەیەكی وزە و سووتاندنی و چەندین گازی تر، دەرهێنانی نەوت و بەگەڕخستنی بۆ سووتاندن یان لێدەرهێنانی مادەکانی دیکە، هەموویان كاریگەری خراپ لەسەر بەرگە هەوا دروست دەكەن.
هۆکاری سروشتیش هەن بۆ بەرزبوونەوەی پلەی گەرما
زۆرشتی دیکە کە هۆکارن بۆ بەرزبوونەوەی پلەی گەرما رەنگە لەدەسەڵاتی کەسدا نەبن و سروشتی بن وەک بورکانەکان، یان دروست بوونی گاز و مادە زیانبەخشەکان کە لە سەرزەوی بە هۆی خۆر و تێکەڵ بوونیان بەیەکترییەوە دەڕژێنە ناو بەرگە هەواوە، بەڵام هەموو ئەو مادانەی لە رێگەی پیشەسازییەوە بەرهەمدەهێندرێن ئەگەر تیایاندا رەچاوی ئەو زیانانە نەکرابێت کە دەیگەیەنێت بە ژینگە، دەبێت رێگرییان لێبکرێت، تەنانەت جۆری ئەو قیرانەی کە لەدروستکردنی جادەکاندا بەکاردەهێندرێن، کاریگەرییان هەیە لەسەر گەرمبوونی زەوی و پیس کردنی بەرگە هەوا. هەر لەبەر ئەمەیە لەزۆر شوێن بۆیەی سپی تێكەڵی قیر كراوە و دەركەوتووە پلەی گەرمی دابەزاندووە.
ژینگەی هەرێم پارێزراوە؟
لە كوردستان سەرمایەدارانی خاوەن کۆمپانیاکان جۆری قیری باش بەكار ناهێنن، ئۆتۆمبێلەکان گازی رەشیان لێدەردەچێت و کۆنتڕۆڵ نییە، جاری وایە لە ئەنجامی دەرچوونی دووکەڵی رەش لە ئۆتۆمبێلێک پانتاییەکی فراوان رەش دادەگەڕێت و بەرچاوی خۆت نابینی، کارخانەکانی دەوروبەری شار ستوونی دوکەڵەکانیان لەرێگەی رەشەباوە بەسەر شاردا دەڕژێتەوە یان بەرەو چینی ئۆزۆن مل دەنێت. لەوەرزی سەرمادا رێژەیەکی زۆر نەوت دەسووتێندرێت و گازی لێدەردەچێتەوە، بۆیە دەتوانین بڵێین پرسی كەشوهەوا پشتگوێ خراوە، تەنانەت لە گوندەكانیش دار ناچێنرێت و لەبری ئەمە دەبڕدرێتەوە، ئەمە جگە لە زۆربوونی ئۆتۆمبێل و هەزاران موەلیدەی كارەبا كە هەر هەموویان هۆكارن بۆ بەرزبوونەوەی پلەی گەرما.
رێکارێک بۆ رێگریی لەمە نییە کە ببێتە هۆی دابەزاندنی پلەی گەرما كە زۆر ناوچەمان خەریكە بەتەواوی وشک دەبن. رەنگە ئێمە پێمان وابێت پاراستنی پاکژیی ژینگە و رێگرتن لە بەرز بوونەوەی پلەی گەرمای زەوی کاری وڵاتانی خاوەن پیشەسازییە و ئێمە لێی بەدەرین، ئەگەر وابێت ئەوە هەڵەیەکی گەورە دەکەین، چونکە هەرچی بە زیان لە هەر خاڵێکی زەوییەوە بەرەو بەرگەی هەوا دەربچێت ئەوە زیانی خۆی بە هەموو گۆی زەوی دەگەیەنێت.