سوکرات Socrates بیرمەندی ناوداری گریگ دەڵێ، « قسە بکە تا بتبینم»، مەبەست لەم قسەیەی سوکرات ئەوەیە، کە مرۆڤ گوزارشت لە زاتی خۆی دەکات، رووی مرۆڤ ناتوانێ بە تەواوی گوزارشتی لێ بکات، دەبێ گوێمان لێی بێت تا تێڕوانینمان بۆی روانگە راستەقینەکەیمان نیشان بدات. سەبارەت بەم قسەیەی سوکرات تێبینییەک هەیە، قسەکردنی مرۆڤ دەشێ دەرئەنجامی بیرکردنەوەیەکی خێرا بێت کە بەدوای وەڵامێکی بە پەلەدا بگەڕێت، واتە ئەو قسەیەی بە بیرکردنەوەیەکی قووڵی لەسەرخۆوە نییە، زۆرجار ئەگەر قسەکردن یان گفتوگۆ پێشوەخت خۆت بۆ ئامادە نەکردبێت، واتە بەشی خۆی لە بیرکردنەوەی قووڵی نەبردبێت، ئەوا تێڕوانینی گشتی بۆ ئەو کەسە لە روانگەی رووکەش و قسەکردنییەوە دەشێ تێڕوانینێکی تەواو نەبێت، بەوەی نەتوانراوە لەو قسەکردنەیەوە ناخی بخوێندرێتەوە.
لێرەدا پرسیارەکە ئەوەیە، چۆن لە بیرکردنەوەی قووڵی مرۆڤ بڕوانین؟ لێرەوە رۆڵی نووسین دێت کە دەکرێ لێوەی لە مرۆڤ تێبگەین. نووسین بەپێی پێناسەکەی ولیەم زینسەر William Zinsser، بیرکردنەوەیە لە سەر کاغەز، هەرچەندە ئێستا زۆربەی بیرکردنەوەکان لەسەر شاشەکانە وەک ئەوەی لەسەر کاغەز بێت، بیرکردنەوەی پێویست بۆ نووسین بیرکردنەوەیەکی خێرا و راستەوخۆ نییە، بەڵکو بیرکردنەوەیەکی قووڵە، تێڕوانینێکی وردتر لەسەر مرۆڤ دەخاتەڕوو، زیاتر کەسایەتییەکی نیشان دەدات، ئیزافەیەکی زیاتر بە رووکەشی کەسەکە دەدات، زیاتر لەوەی کە سوکرات باسی لێوە کرد.
بیرکردنەوەی زۆر قووڵ تەنها پرۆسەیەکی زیهنی لۆجیکی نییە، واتە تەنها بەرهەمی عەقڵ نییە، بەڵکو دەرئەنجامی مەنزومەی عەقڵە کە هۆکارەکانی دەوروبەریشی دەگرێتەوە، واتە ئەو زانیارییانەی لەسەر ئەو بابەتەی خراوەتەڕوو هەیە، بۆچوونی ئەو کەسە لەسەر ئەو بابەتە، هەلومەرجی ئابووری و کۆمەڵایەتی، و هیتریش لە خۆدەگرێت. بەرئەنجامی بیرکردنەوە لە بابەتێکی دیاریکراو بە هۆکاری ئەو کاریگەرییانەیە لە کەسێکەوە بۆ یەکێکیتر دەگۆڕێت، تەنانەت ئەگەر هەمان شێوازی لۆجیکی لە بیرکردنەوە و دەرئەنجامەکان پەیڕەو بکرێن. سەرباری ئەوانە، بەهرەی زیهنی مرۆڤ لەم بابەتە یان هەر بابەتێکیتر، رۆڵێکی دیاری لەسەر ئاستی ئەو داهێنانەی لە ئەنجامی بیرکردنەوەی کەسێک بۆ یەکێکیتر دێتە بەرهەم، دەبێت.
دوای ئەوە، جێی خۆیەتی توانای دەربڕین لە نووسیندا بەهێز بکرێت، بیرۆکە بخرێتەڕوو، کۆمێنت لەسەر هەندێک بۆچوون و راسپاردەی نووسەران بدرێت، مەبەست لەمە دەستوەردان نییە لە بیرکردنەوەی ئەوەی بە نووسین دەخرێنەڕوو، بەڵکو هەوڵدانە تا بەشێوەیەکی باشتر و رەوانتر گوزارشت لە کەسەکە بکات.
راسپاردەی یەکەم کە لێرەدا دەخرێتەڕوو، هی ولیەم باتلەری William Butler شاعیرە، کە دەڵێ: «وەک پیاوێکی دانا بیربکەرەوە، و بە زمانی خەڵکی بدوێ». ئەم وتەیە یان ئەم ئامۆژگارییە پێداگیریی لەسەر سەلامەتی بیرکردنەوە دەکات، بێگومان بەپێی ئاراستەی سیستمی عەقڵی ئەوەی دەینووسێت، وەک پێشتر ئاماژەی بۆ کرا ئامۆژگارییەکە داوای داڕشتنێک دەکات کە خەڵکی بە ئاسانی لێی تێبگات، لێرەدا گرنگیی گوزارشتکردن لە بۆچوونەکان دێت کە دەبێت بە رێگەیەکی ئاسان و سادە بخرێنەڕوو تا بەو کەسانە بگەن کە دەمانەوێت.
راسپاردەی دووەم، سەلامەتی رێزمانە، ئەم راسپاردەیە پشت بە وتەیەکی کاریگەر دەبەستێت وەک هۆشدارییەکی زمانەوانییە و کاریگەرییە نەرێنییەکانی دەردەخات، کە رووبەڕووی نووسین دەبێتەوە کاتێک پابەندی بنچینەکانی رێزمان نابێت. وتەکە دەڵێ: « رێزمان لە پاکوخاوێنی شەخسی دەچێت، کە مرۆڤ دەتوانێ ئەگەر بیەوێت بە ئاستی جیاواز پشتگوێی بخات، بەڵام دەبێ دووچاری سەرسوڕمانیش نەبێت، کاتێک خەڵک تێدەگات چی دەوێت، واتە لەوە ناگەن نووسەرەکە چی دەوێت».
ئەم وتەیەی رێزمان بە پاکوخاوێنی شەخی چوێندرا کە لە کەسێکەوە بۆ یەکێکیتر جیاوازە، مرۆڤ چەند ناوازە بێت، دەشێ بە دروستی لێی نەڕوانرێت، ئەگەر وەک پێویست شێوەی دەرەوەی پاک نەبێت، ئەمە لە حاڵەتی نووسیندا، لە لاوازی تێگەیشتن لەوەی نووسیویەتی دەربکەوێت، ئەگەر بنچینەکانی رێزمانی لەبەرچاو نەگرتبێت، واتە نووسین دەبێ پاکوخاوێن بێت، بنچینەکانی رێزمانی بەهەند وەرگرتبێت، بۆ ئەوەی ئەوەی مەبەستێتی بەبێ خڵتە بە روونی بگەیەنێت.
راسپاردەیەکیتری گرنگ لەمەڕ نووسین هەیە، کە دەبێ لەبەرچاو بگیرێت، پەیوەستە بە نیشانەکانی خاڵبەندییەوە (الترقیم)، لین ترەس Lynne Truss وتەیەکی جوانی لەم بارەوە هەیە، کە دەڵێ: « نیشانەکانی خاڵبەندی لە نووسین و دەقەکاندا لە هێماکانی هاتوچۆی سەر شەقامەکان دەچێت، کە پێمان دەڵێت کەی هێواشی بکەینەوە، کەی بوەستین و لە کوێ لابدەین. ئەم وتەیە مەبەستی نیشانەکانی خاڵبەندی دەردەخات، چۆن خوێنەر بەپێی پێداویستییەکانی دەقە بڕوات، لەکاتی بوونی فاریزەدا هێواشی بکاتەوە و لە خاڵ بوەستێت، و هتد. بەبێ ئەو نیشانانە خوێندنەوە دووچاری فەوزا دەبێت، بەرئەنجامی ئەم راسپاردەیە ئەوەیە کە دەبێ نووسەر نیشانەکانی خاڵبەندی بۆ نووسینەکەی دابنێت، تا بە دروستی بخوێندرێتەوە و سوودی لێ وەربگیرێت.
لە میانی راسپاردەی خاڵبەندیدا، راسپاردەیەکی تر دێتە گۆڕێ، ئەویش بە سنووری رستەوە پەیوەستە، پێویستە نووسەر رستەکەی بۆ عەقڵی خوێنەر دابڕێژێت، وەک ئەوەی چۆن کەسێک تیکەیەک خواردن بۆ دەمی ئامادە دەکات، ئەگەر تیکەکەی گەورە بێت ناتوانێ بە ئاسانی قووتی بدات، دەشێ پێی بخنکێت، یەکسەر فڕێی دەدات بۆ ئەوەی خۆی لێ رزگار بکات، رێک ئەمە لەگەڵ رستەی درێژ روودەدات، کاتێ عەقڵ بە ئاسانی هەزمی ناکات، رەنگە بە ئاسانی ئەو رستەیەی بۆ قووت نەدرێت. لەبەرئەوە دەبێ سەلیقەیەکی زۆر باش لە داڕشتنی رستەدا هەبێت. لەم بوارەدا باش بەکارهێنانی خاڵبەندی یارمەتیدەرێکی باشی خوێنەر دەبێت لە خوێندنەوەی رستە و تێگەیشتن و ئاسان خوێندنەوەیدا.
لەسەر بنەمای ئەوەی سەرەوە، مرۆڤ نە بە رووکەش و نە قسەکردنی کە گوزارشتی لە بیرکردنەوەی خێرای دەکات ناناسرێتەوە، بەڵکو بەو بیرکردنەوە لەسەرخۆ و قووڵەی کە لە کاتی نووسیندا دەریدەبڕێت دەناسرێتەوە. نووسین تەنها پێویستی بە بیرکردنەوە نییە، بەڵکو پەیوەندی بە سادەیی داڕشتن و پابەندبوون بە رێزمان و خاڵبەندی و بایەخدان بە رستەوە چونکە نووسین خواستێکە هەموو پێویستی پێی دەبێت، دەشێ ئەو راسپاردانە سوودی بۆ هەمووان هەبێت.