دوو شەپۆلی سیاسی و فیکریی ناوچەی رۆژهەڵاتی ناوەڕاستیان بەبارمتە گرتووە لە پەنجا ساڵی رابردوودا، ئەوانیش کۆمیونیزم و جیهادیزمن. ئەم دوو ئایدیەلۆژییە گشتگیرە، یەک ئاوێنەی یەکترن لەمامەڵەکردن لەگەڵ واقیع و دونیاو هێزدا، هەردووکیان بەرهەمی جەنگی سارد بوون و هەمیشە دەسکەلای زلهێزەکان بوون، بەڕاستەوخۆو ناڕاستەوخۆ، هەردووکیان کاریگەریی گەورەیان هەبووەو هەیە لەداڕشتنی سەرجەم رەهەندەکانی حوکمڕانی. شیوعییەکان لە عیراق میلیشیایان داهێناو هەتا هەتایە عیراق لێی نابڕێت. ئەفغانستان یەکێکە لەو وڵاتانە بەدبەختانەی کە جێگای بەریەککەوتنی ئەم دوو رەوتە توندڕەوەن.
ئەو پانتاییەی کە جیهادیزم و کۆمیونیزمی تیادا بەڕێوەدەبرێت پانتایی گوندە، ٨٠% خەڵکی ئەفغانستان لەگوند دەژین. هەتا ئەم دواییە عیراق و کوردستانیش کۆمەڵگای گوندی بوون. فالح عەبدولجەبار گوند بەلانکەی فاشیزم دادەنێت، هەردوو مارکسیزم و جیهادیزم دژە گوندن، مارکس گوند بەلانکەی ستەمکاری دادەنێت. هەرچەندە ئیسلام هەڵگری بەها گوندییەکانە، بەڵام ئیسلام مەدینەییە لەبڕی گوندیی.
هەردوو جیهادیزم و کۆمیونیزم توانای دایەلۆگیان نییە، چونکە خاوەن بەرنامەو ئەفسانەو حەقایەتی گەورەن. ئەوەی پێویستیانە ئەوەیە کە نەیارو رێگرەکانیان لەناوبەرن و دادپەروەری بەدونیادا بلاوبکەنەوە، ئەوان هەرگیز خۆیان بەگوناهبار نازانن، هەمیشە خۆیان بەڕێلێگیراوو زوڵملێکراو دەبینن، بۆیە هەرگیز توانای بەخۆداچوونەوەو بەرەوپێشچوونیان نییە.
هەردوو ئایدەلۆجی ئامرازی باشبوون لەسەردەمی جەنگی سارددا، پاش جەنگی سارد، وەک دوو ئامرازی لەکەڵک کەوتوو، هەوڵدرا کە لەکۆڵ بکرێنەوە، بەڵام بەئاسانی ناڕۆن، بەتایبەتی لەکەیسی جیهادیزمدا کە هێشتا لانکەی ماوە.
نادادپەروەری نیولیبرالیزم جارێکی تر ژینگەی بۆ ئەم دوو رەوتە رەخساندووە، بەتایبەتی جیهادیزم، بەڵام چارەسەرێکی بێ توانا لەچارەسەرن، چارەسەرن بۆ لە ناو بردن، نەک بۆ جێگرەوی باشتر، کاتێک ٨٠% خەڵکی ئەفغان بێبەرییە لەهەموو خێرەکانی شار، ئاساییە بیەوێ بێت بۆ شارو دەستی بەسەرا بگرێت.
هەردوو جیهادیزم و کۆمیونیزم لەسەر نادادپەروەی چەکەرە دەکەن، بەڵام ناتوانن چارەسەری بکەن. ئەمە کرۆکی تراژیدیاکەیە. ئیسلامییەکان هەرزوو دەبنە نیولیبرال، وەک لەکەیسی ئەردۆغاندا بینیمان. ئەوەی جێگای سەرنجە لەنێوان ئەم دوو رەوتەدا، بەتایبەتی لەئەوروپا، پشتگیری و هاوەلێتییەکی زۆر هەیە!