فەیسەڵ عەلی

مێژووی نووسین و ئاسۆی ئایـندەی

  2021-08-26 11:00      529 جار بینراوە        کۆمێنت

مرۆڤ بە جیا لەهەموو بوونەوەرەکانی تر عەقڵ و توانای بیرکردنەوە و بەدەستهێنانی مەعریفە و داهێنان و ئەفراندنی هەیە، زیاد لەوەش توانای گوزارشتکردن و گواستنەوەی ئەوەی دەیەوێ لەڕێی قسە و نووسینەوە بۆ ئەوانیتری هەیە، ئەمەش هێز و گوژمێکی گەورە بە تواناکانی دەدات. رۆڵی نووسین تەنها لە گواستنەوەی راستەوخۆی نێوان خەڵکی لە کاتی یەکتر بینین و گفتوگۆکانیاندا کورت نابێتەوە، بەڵکو گواستنەوەیەتی لە نەوەیەکەوە بۆ نەوەیەکیتر و نێوان شارستانییەکانیش دەگرێتەوە، ئەمەش لەبەر گرنگییەکەی شایانی زانینی ئەو رەوتەیەی نووسینە، بەتایبەتی ئامرازەکانی لە پەرەسەندنێکی بەردەوامدان، وێڕای ئەوەی پێویستیمان بە نووسین بە بەردەوامی لەگەڵ پەرەسەندنی خێرای مەعریفەدا روو لە زیادبوونە، لێرەدا هەوڵ دەدرێ تیشک بخرێتە سەر مێژووی نووسین لە ژیانی جیهاندا.
نووسین بەر لە چەند هەزار ساڵێک لە شێوەی وێنەی هەمەجۆر کە لەسەر تابلۆی قوڕ و مۆم و کانزا و درەخت دەکێشران، لەسەر بەرد هەڵدەکۆڵران، تا گوزارشت لەوەی خاوەنەکانیان بە زمانە جیاوازەکانیان لە ناوچە جیاجیاکانی جیهان دەیانەوێت بکات. کۆنترینی ئەو نووسینانەی کە ئاسەوارەکانی بە ئێستاشەوە ماون، نووسینی بزمارییە کە سۆمرییەکان بەکاریانهێناوە، دوای ئەوانیش ئاسوری و بابلییەکان بەکاریانهێناوە.
سەرچاوەکان باس لە ئاسەواری (130) تابلۆی قوڕین دەکەن کە ئێستا لە مۆزەخانەی بەریتانیا دانراون. هاوکاتی نووسینی بزماری، نووسینی هیرۆگڵیفی لە میسری فیرعەونی دەرکەوت، ئەویش هەر نووسینی وێنەیی بوو، بۆ چەندین نەوە بە نەزانراوی مایەوە، تا ساڵی 1882، کاتێک زانایەکی فەرەنسایی نیشانەکانی ئەو نووسینەی کردەوە، دوای ئەوەی سەربازێکی فەرەنسایی کە بەشداری لە هێرشی فەرەنساییەکان بۆ سەر میسر کردبوو و لەگەڵ خۆی بەردێکی نووسراوی بۆ وڵاتەکەی خۆی بردەوە.
مرۆڤ لە نووسینی وێنەییەوە بەرەو نووسینی پیت هەنگاوی نا، کە پێی دەگوترا ئەبجەدی، هەر پیتەوە وا دیزاین کرابوو کە گوزارشت لە دەنگێکی دیاریکراو بکات، لەسەر ئەو بنچینەیە، هەر وشەیەک بە پیتە جیاوازەکانییەوە دەنووسرا، کاتێک بە دەنگێکی بیستراو دەخوێندرایەوە گوێت لەو دەنگە دەبێت کە لێوەی دێت، واتە ئەو دەنگەی گوزارشتی لێدەکات، ئەگەر دەنگی خوێندنەوەی لەلایەن ئەوانیترەوە نەدەبیسترا، ئەوا سەداکەی لە مێشکی خوێنەری بێدەنگدا بەرجەستە دەبوو. سەرچاوەکان باس لەوە دەکەن لە جیهاندا یەکەم ئەبجەدی لە ساڵی 1100 پێش زایین دانراوە، ئەبجەدی ئۆگاریت بووە کە لە (30) پیت پێکهاتووە. ئۆگاریت شارێکی کۆنە و تووشی بورکانێکی وێرانکەر بووە و هێشتا ئاسەوارەکانی ماون، ئەو شارە دەکەوێتە سەر کەناری باکووری خۆرهەڵاتی دەریای ناوەڕاست لە نزیکی شاری لازقیەی سوریا. ئەم ئەبجەدیە لە ساڵی ٤٣٠ پێش زایین بۆ دانانی ئەبجەدی گریک بەکارهێنراوە.
لە میانی دەرکەوتن و پەرەسەندنی نووسیندا، گەڕانی بەردەوام بەدوای ئامرازێکی ئاساندا بۆ ئەوەی لەسەری بنووسرێت، کاغەز دۆزرایەوە. میسرییەکان کاغەزیان لە گەڵای زەل بەرهەمهێنا و چینییەکانیش هەروایان کرد، بەڵام ئەمان لە داری حەیزەران و دواتریش لە کوتاڵ. پیشەسازیی کاغەز پەرەیسەند تا ئەوەی کاغەزیان لە سلیلۆزی درەخت بەرهەمهێنا. بەکارهێنانی کاغەز تا ئەوکاتەی چاپخانەی گۆتەنبێرگ GUTENBERG لە ئەڵمانیا لە ساڵی 1436 دروستکرا، سنووردار بوو، دوای ئەم داهێنانە کۆپیکردنی نووسین و بڵاوکردنەوەی بۆ ئەوەی ژمارەیەکی زۆری خەڵکی بیبینن ئاسان بوو. مێژوونووسانی ئەم بوارە دەڵێن، بڵاوبوونەوەی چاپەمەنی بە شێوەی فراوان لە سەدەی حەڤدە دەستیپێکرد، سەدەی هەژدە بە تایبەتیش ساڵی 1782، سەرەتای رۆژنامەی چاپکراو بوو لە ئەمریکا، لە ساڵی 1731 یەکەمین کتێبخانەی گشتی لەسەر دەستی بنیامین فرانکلین BEN FRANKLIN کرایەوە.
دەگەین بەم سەردەمی تێیدا دەژین، کە کاغەزی رۆژنامە و گۆڤار و کتێبەکان دەبنە شاشە رووناک و فایلی کۆمپیوتەری، کە لە پانتاییەکی زۆر بچووکدا هەڵدەگیرێن، کە دەکرێ کتێبخانەیەکی ئێجگار گەورە لە میمۆرییەکی ئەلیکترۆنییدا خەزن بکرێت کە مرۆڤ دەیخاتە گیرفانییەوە. کاتێک لەسەر شاشەی کۆمپیوتەر یان مۆبایلەکەت دەنووسیت، کاتێک لەوێش دەیخوێنیتەوە، کاتێک خەزنی دەکەیت پێویستت بە کۆگا و رەفە نابێت، بەڵکو بە ئامرازی بچووکی ئەلکترۆنییە، بەڵام ئەو ئەبجەدییەی بیرۆکەکەی بەر لە سێ هەزار ساڵ دەرکەوت هێشتا لەگەڵمان دەژی، ئەوەیش بەڵگەیە کە ئەوەی ئەمڕۆ دەیبینین و مامەڵەی لەگەڵ دەکەین تەنها بەرهەمی ئەمڕۆمان نییە، بەڵکو ریشەیەکی مەعریفی هەیە کە لەوکاتەوە کەڵەکە بووە، بۆ ئەوەی مرۆڤ لێیەیەوە بەمەی ئێستا بگات.
سەرباری ئەوەی سەرەوە، رەنگە تێبینی ئەوە بکەین، نووسین لەسەر ئەو شاشانەی لەگەڵی راهاتووین، ئاراستەیەکی تری وەرگرتووە ئەویش پێویست بە کیبۆرد ناکات، بەڵکو قسەکردنەکەت بەبێ خۆ ماندووکردن بە تایپکردنەوە یەکسەر دەکاتە نووسین. بێگومان ئەمەیش زمانێکی پاراوی قسەکردنی دەوێت، چونکە رێکخستنی زمانی نووسین کاتێکی زۆری گەرەک بووە بە بەراورد بە قسەکردن بۆ خەڵکی. لێرەدا ئامۆژگارییەکە ئەوەیە، دەبێ وابکەین قسەکردنمان وەک ئەوەی دەنووسین رێکبخەین، تاوەکو بتوانین ئەوەی دەمانەوێ لە بواری کار، پەیوەندیی کۆمەڵایەتی، یان هەر پرۆسەیەکی تردا بەشێوەیەکی دروست دەستەبەر بکرێت.
ئەگەر لە چوارچێوەی ژیریی دەستکردا لە ئایندەی بینراوی نووسین بڕوانین، رەنگە ئەو گفتوگۆیەی دەیکەین لەسەر شاشەکەی بەردەستمان بە غەیری ئەو زمانەی قسەمان پێکردووە ببینین، بەڵکو ئەو ژیرییە دەستکردە راستەوخۆ بە چەندین زمانی تریش وەردەگێڕدرێت. ئەگەر لەم نووسینەدا چاو بە مێژووی مرۆڤ لەگەڵ نووسیندا لە میانی سەردەمەکان تا ئایندەی بینراوی بگێڕین، ئەوا ئایندەی نادیاری نووسین پێدراوی تری دەبێت کە ئەمڕۆ ئەستەمە دەرکی پێبکەین.

 

وتاری زیاتر





كاروانی مەعریفە و گەشەپێدان‬ فەیسەڵ عەلی
2021-10-23 16:55      115 جار بینراوە


سامانی ئاو ژیان و ململانێیە‬ فەیسەڵ عەلی
2021-10-09 18:46      225 جار بینراوە




پەیوەندیی نێوان ئابووری و ژینگە‬ فەیسەڵ عەلی
2021-09-04 15:06      250 جار بینراوە



فاشیزمی راستەقینە‬ فەیسەڵ عەلی
2021-08-22 16:25      305 جار بینراوە



پرسیاری ساڵی پار‬ فەیسەڵ عەلی
2021-08-07 17:28      143 جار بینراوە


سەنتەری لێكۆڵینەوەی ئابووری‬ فەیسەڵ عەلی
2021-07-31 14:33      216 جار بینراوە

خراپ بەکارهێنانی تەكنەلۆجیا‬ فەیسەڵ عەلی
2021-07-23 15:31      276 جار بینراوە


دیپلۆماسییەتی سایبرانی‬ فەیسەڵ عەلی
2021-07-03 20:01      706 جار بینراوە


زمان دەروازەی مێشکە‬ فەیسەڵ عەلی
2021-06-14 16:34      183 جار بینراوە



دیوەكەی تری دراوی گریمانەیی‬ فەیسەڵ عەلی
2021-06-02 16:19      165 جار بینراوە

وێنە کۆنەکان‬ فەیسەڵ عەلی
2021-05-31 23:40      182 جار بینراوە

خوێندن و بازاڕی كار ‬ فەیسەڵ عەلی
2021-05-29 21:30      242 جار بینراوە

زانكۆ وەك مەنزومەیەكی كاركردن‬ فەیسەڵ عەلی
2021-05-29 13:50      342 جار بینراوە

نوێترین هەواڵەکان

بیروڕا

سۆشیال میدیا

گەلەری

کەشو هەوا

زۆرترین سەردانکراو