فاشیزم ئەزموونێکی سیاسییە کە ژمارەیەک لە دەوڵەتانی ئەوروپا لە نێوان هەردوو جەنگیی جیهاندا پێیدا تێپەڕبوون، لێرەوە، فاشیزم، لەلایەک ئایدیۆلۆجیایەکی راستڕەوە، لەلایەکیتریشەوە، ئەزموونێکی مێژوویی بزاوتێکی سیاسی و سیستمێکی سیاسییە کە ئەو بزاوتانە بەرهەمیان هێنا. لە دەیەی دووەمی سەدەی بیست لە ئەوروپا سەریهەڵدا، نەزعەیەکی نەتەوەیی رەگەزپەرستانەی هەیە، هەموو دەسەڵاتێکی بە حکومەت دا و دەسەڵاتەکانی تری دەوڵەتی پشتگوێ خست، پرەنسیپەکانی دەوڵەتی پیرۆز کرد، سەرۆکی دەوڵەتی کردە کاریزما و سەرچاوەی هەموو دەسەڵاتەکان، پێداگیریی زۆر لەسەر دەمارگیریی نیشتمانی و سەربازی، چونکە فاشیزم پێیوایە توندوتیژیی سیاسی و زاڵبوون بەسەر نەتەوەکانیتردا رێگەی پەرەدان و بوژانەوەی نیشتمانییە. فاشییەکان رایان وایە کە نەتەوە بەهێزەکان مافی نەهێشتنی نەتەوە لاوازەکانیان هەیە و بۆیان هەیە وڵاتەکانیان داگیر بکەن. ئیتالیا و بزاوتە فاشیزمەکەی، ئەو نمونەیە کە ئەزموونەکانی دوای ئەوی لەسەر پێوانە دەکران، چونکە ئیتالیا لانکەی بزاوتی فاشیزم بوو، وەک بزاوتێکی سیاسی و هۆشیار، یەکەم دەوڵەتیش بوو کە سیستمی فاشیزمی تێدا دامەزرا.
ئەزموونی فاشیزم بۆ سەردەمی پێش جەنگی دووەمی جیهان دەگەڕێتەوە، کە وەک فکر و سیستمێکی سیاسی لەسەر دژایەتیکردنی دیموکراسی و سۆسیالیزم دامەزرا، هەروەها لە سەر داڕشتەی نەتەوەیی و ئاینیی توندڕەو، کە ناکرێ لەگەڵ شێوەکانی تری دەسەڵاتە هەمە چەشنەکانی تردا تێکەڵ بکرێن، چونکە فاشیزم دیاردەیەکی بە رێژەیی دەگمەنە، بەوەی بە گشتگیرییەوە (تۆتالیتاری)یەوە پەیوەستە. ئەمەش بە رۆڵی خۆی بەرهەمی سەردەمێکی مێژوویی دیاریکراوە، کە دەشی ئەمڕۆ لێوەی دوور بین، چ لەڕووی هەژموونی ئایدیۆلۆژیای لیبراڵییەوە هەر لە دیموکراسیی پەرلەمانی و مافەکانی مرۆڤ، یان ئەو رەوتە ئابووری و سیاسییەی جیهان کە چیتر ئەستەمە تێیدا رێگە بە دەرکەوتنی دەوڵەتێکی گشتیگیر (تۆتالیتاری) بدات.
لەگەڵ ئەوەشدا فاشیزم دیاردەیەکی گرنگە لەسەر ئاستی سیاسی، کە شایانی توێژینەوە و خوێندنەوەی وردە تەنانەت لە ماوەی دوای دووەمین جەنگی جیهان و دوای جەنگی ساردیش، هۆکارەکەیشی بۆ دەرکەوتنی هەندێک لە رواڵەتەکانی فاشیزم دەگەڕێتەوە کە لە هەندێک لە سیستمەکانی دەوڵەتانی جیهان دەرکەوتوون، هەرچەندە هەموو توخمەکانی تری ئەو سیستمەیان تێدا گەڵاڵە نەبووە بەوەی ئەو سیستمە سیاسییانە بە فاشیزم ناو ببرێن. لەبەرئەوە دەشێ سیستمێکی سیاسی هەبێت هەڵگری رواڵەتەکانی فاشیزم بێت. بەڵام مەرج نییە سیستمێکی تەواوکاری فاشیست بێت.
بۆ هەڵوەستەکردن لەسەر بنچینەکانی فاشیزم، دەبێ بۆ ئەزموونی فاشیزم لە ماوەی نێوان هەردوو جەنگی جیهانی بگەڕێینەوە. دەشی بگوترێت فاشیزم بزاوتێک بوو کە پەنای بۆ ئامرازەکانی کۆکردنەوە و هاندانی خەڵکی رێکخستنی سۆسیالیستی بۆ لێدانی خودی سۆسیالیستی و لەناوبردنی بزاوتی کرێکاری دەبرد. لەبەرئەوە زێدەڕۆیی نییە ئەگەر بگوترێ فاشیزم شۆڕشی دژە شۆڕش بوو، شۆڕشێکی محافزکار بوو لەڕێی پەنابردنە بەر ئەو کۆمەڵە و گروپ و چینانەی دژ بە دیموکراسی و سۆسیالیستی بووە، ئەوانی دژ بە لەباربردن و پەرتکردنی ئەوەی وەک شۆڕشێکی کۆمەڵایەتی لێیان دەڕوانی. ئامانجی دووەمی بزاوتی فاشیزم، هەڵوەشاندنەوەی بنچینەکانی سیستمی سیاسیی پەرلەمانی و گرتنەدەستی هەموو ئامرازە سەرکوتکەرەکانی دەوڵەت بوو وەک دەزگا ئەمنی و سەربازیی و دادگاکان، هەروەها دەستبەراگرتنی هەموو دەرامەتە هەمەجۆرەکانی دەوڵەت بۆ دامەزراندنی سیستمێکی سیاسی کە هەموو کایەکانی سیاسەت بۆخۆی قۆرغ بکات و ترس و دڵەڕاوکێ لەناو خەڵکدا بڵاوبکاتەوە، هەموو بزاوتێکی جەماوەری و دیموکراسی و سەندیکایی سەرکوت بکات.
بە کورتی فاشیزم بزاوتێکی محافزکارانەیە، شۆڕشی وەک ئامرازێک بۆ لەناوبردنی شۆڕش و هەر هزر و بیرکردنەوەیەکی پێشکەوتنخوازانە بەکارهێنا.