لێكچونێكی زۆر ھەیە لە نێوان عیراق و ئەفغانستان لەشێوازی حوكمڕانی و ھەبوونی گەندەڵی و فەسادێكی بەبەرنامەو نەبوونی ئینتمای نیشتیمانی سەركردەكان و ئاین و كولتور و جوگرافیاو زۆری ترەوە.
پرسیارە گرنگەكە ئەوەیە ئایا عیراقیش ھاوشێوەی ئەفغانستانی لێ دێت؟
ئایا ئەمریكا ھەمان سیناریۆ لە عیراق و ھەرێم دوبارە دەكاتەوە؟!
لە زۆرێك لە ناوچەكانی عیراق دا سەرھەڵدانەوەی داعش بەدیدەكرێت. دەستیان بە جوڵەی سەربازی كردوەو ھێرش دەكەنە سەر پێشمەرگە و سوپای عیراقی، ئایا ئەمریكا لەسەر سینیەكی ئاڵتونی پێشكەش بە داعشمان ئەكات؟
پێش ھەموو شتێك كشانەوەی ئەمریكا لەعیراق واتا گەیشتنی روسیا و چین بە كەنداوی عەربی و زاڵ بوونیان لەڕووی ئابوریەوە لە ناوچەكە.
پێنتاگۆن بڕیاریدا كە بنكەی سەربازی ئەمریكا لە جیھان كەم بكرێنەوەو سیاسەتێكی نوێ پەیڕەو بكرێت و سەربازەكانی ئەم بنكانە ئەركی نوێ و ناوێكی نوێیان بە بەردا بكرێت.
وەكو بینیمان لە چەند مانگی رابردوو لە دەرئەنجامی كۆبوونەوەی بایدن و كازمی بڕیار درا كە ژمارەی سەربازە ئەمریكیەكان لەعیراق كەم بكرێتەوەو ئەركی نوێیان پێ بسپێردرێت. بەڵام ئەمە بە واتای ئەوە نیە كە ئەمریكا دەست بەرداری عیراق و ھەرێم دەبێت. وەكو دەزانین گەورەترین كونسولخانەی ئەمریكا لەھەموو جیھان دا لە شاری ھەولێر دروستكرا. ئەم كۆنسوڵخانەیە تەنانەت بە بێ ئاگاداری و رەزامەندی حكومەتی ناوەندی دروستكرا و لەكردنەوەی دا ھیچ نوێنەرێكی حكومەتی ناوەند بەژدار نەبوو. ئەمە لە كاتێكدایە كە دەبوو بە گوێرەی یاسای دیپلۆماسی حكومەتی ناوەند رەزامەندی دەرببڕێت لەسەر دروستكردن و كردنەوەی كۆنسوڵخانەكان.
ئەم پەیوەندیە راستەوخۆیەی ئەمریكا بەھەرێمی كوردستانەوە بایەخدانی ئەو وڵاتە دەردەخات بە ھەرێمی كوردستان.
ئەمریكا لەگەڵ بایەخدانی بە عیراق بە شێوەیەكی جیاوازتر و تایبەت تر دەڕوانێتە ھەرێمی كوردستان.
ئەم كۆنسوڵخانەیەی ئەمریكا زیاتر لە ٧٩٥ ملیۆن دۆلاری تێچووە و رووبەری دووسەدھەزار مەتر دوجایە. كردنەوەی ئەو كونسوڵخانەیە لە ساڵی رابردوو ئاماژەیە بۆ ئەوەی ئەمریكا نیازی جێھێشتنی كوردستانی نیە. ئەمریكا زیاتر لە ١٢ بنكەی سەربازی بە فەرمی ھەیە لەعیراق دا. ژمارەیەكی زۆر سەربازی ئەمریكی بە ناوی راوێژكار لە ئایندەدا لەم كۆنسوڵخانەیە دەست بەكار دەبن. دروستكردنی ئەم كۆنسوڵخانە گەورەیە واتای زیادكردنی دەسەڵاتی ئەمنی و سەربازی ئەمریكا و ھەروەھا گرنگی ناوچەكە دەردەخات لەڕووی جیۆپۆلەتیكەوە.
ھەوڵی زۆر لە ئارادایە بۆ پەشێوی دروستكردن و دەرپەراندنی ھێزەكانی ئەمریكا، چ لە رێگای بڕیاری پەرلەمانی بێت یاخود لەڕێگای بۆردومانكردنی بەردەوامی نوێنەرایەتیەكەیانەوە بێت.
بەڵام ئەمریكا، سوریا و عیراق بە سەنگەری بەرەنگار بوونەوەی ئێران و چین و روسیا ئەژمار دەكات و دەستبەرداری ئەم ناوچەیە نابێت.
دەمەوێت ھەندێك خاڵ بخەمەڕوو كە بۆچی ئەمریكا دەست بەرداری عیراق و ھەرێم نابێت:
١-كشانەوەی ئەمریكا واتا تەسلیم كردنی عیراق بە ئێران و سیاسەتی روسیا كە ئەمە لە بەرژەوەندی ھاوپەیمانانی ئەمریكا دا نیە لەناوچەكە وەكو وڵاتانی سعودیە و ئیسرائیل و دەبێتە ھۆی دروست بوونی مەترسی بۆ سەر ئەو وڵاتانە.
باڵادەستی لۆبی سەھیۆنی لە ناو كۆنگریس و سوپا و ئابووری ئەمریكا روونە و ئەمەش دەبێتە ھۆی رێگریكردن لەكشانەوەی سوپای ئەمریكا و دروست بوونی مەترسی بۆ سەر ئیسرائیل.
٢-كشانەوەی ئەمریكا لەم ناوچەیە واتا گەیشتنی چین و ئێران و روسیا بە كەنداوی عەرەبی و دەریای ناوەراست، وە جێبەجێكردنی پرۆژە ئابوریەكانی ئەو وڵاتانە. بەتایبەتی پرۆژە و بەرنامەی رێگای ئاوریشمی و دروست كردنی ھێلی شەمەندەفەر كە لەو رێگایەوە ئاسیا بەئەوروپاوە دەبەسترێتەوە.
رێگای ئاوریشمی یەكێكە لەپلانە ستراتیجیە گرنگەكانی چین و روسیا بۆ گەیشتنیان بەكەندا و دەریای ناوەراست.
ئەمەش دەبێتە ھۆی گۆرینی ھاوكێشەی ئابوری لە جیھان دا لە بەرژەوەندی چین و روسیا.
٣- باڵادەستی ئابووری چین و روسیا لەم ناوچەیە دەبێتە ھۆی باڵادەستیان لەڕووی سیاسی و سەربازیشەوە.
شەری ئابوری چین و وڵاتانی ئەوروپا و ئەمریكا توندیەكی زۆر بەخۆیەوە دەبینێت. وڵاتانی (گ ٨) لە ھەوڵی پاراستنی بازاری خۆیاندان دژ بە چین.
ھەربۆیە ڕێگەدان بە چین بۆ گەیشتنی بە كەنداوی عەرەبی و دروست كردنی رێگای ئاوریشمی زۆر ئەستەمە.
ئەم خاڵانە و زۆری تر پێمان دەڵێن كە مانەوەی ئەمریكا لە عیراق دا واقعێكی حەتمیەو بەم نزیكانە ئەمریكا دەستبەرداری عیراق و ھەرێم نابێت. ھەرچەند ئەفغانستان و كوردستان ھاوپاشگربن و لە زۆرێك لەڕووەكانەوە ھاوشێوەبن، بەڵام بەرژەوەندیەكی ئەمریكا تێیدا جیاوازە و لەڕووی جیۆپۆلەتیكەوە بۆ ئەمریكا جێگای بایەخێكی زۆرە.