فەتحوڵڵا حسێنی

تۆپەكە لەگۆڕەپانی رژێمی سوریادایە

  2021-08-19 12:54      154 جار بینراوە        کۆمێنت

لەكۆنگرەكەی ئەم دواییەدا كە سەرجەم ئەنجومەنە سەربازییەكان بەشداربوون، هێزەكانی سوریای دیموكرات پابەندبوونی تەواوی خۆی دووپات كردەوە بۆ بەرەنگاربوونەوەی تیرۆر لە سەرتاسەری وڵاتدا، ئەویش بە هاوكاری هێزی هاوپەیمانان، داواشی كرد كارەساتی دەستێوەردانی دەرەكی لە قەیرانی سوریا كۆتایی پێ بهێنرێت، بە تایبەتیش دەستێوەردانی سەربازیی توركیا،

هەر لەو كۆنگرەیەدا جارێكی دی داواكرا گفتوگۆیەكی بەرپرسانەو مكوڕ و دوور لە دەمارگیریی لەگەڵ رژێمی سوریادا دەست پێ بكرێتەوە، هەرچەندە رژێم خەمساردە لە ئاست قەیرانەكەو لە دوا لێدوانیدا سەرۆكی سوریا هیوای خواست ئارامی بگەڕێتەوە بۆ سوریا، بەڵام ئەوە لە كاتێكدایە رژێم خۆی هیچ نەخشەڕێگایەكی پێ نییە بۆ چارەسەر و خودی سەرۆكیش كە تازە سوێندی یاسایی خواردووە، دووبارە هەڵبژاردن و بوونەوە بە سەرۆكی دەكەوێتە ژێر پرسیارەوە، لەبەر ئەوەی بەشێكی زۆر لە خەڵكی وڵاتەكەی پشتیان لەو هەڵبژاردنە كردووە، سەیر لەوەدایە لە رووی هێزەوە رژێم زۆر لاواز و فشەڵە، بەڵام داوای گفتوگۆ ناكات، لە راستیدا دەبوو رژێم داوای ئەو گفتوگۆیە بكات كە هێزەكانی سوریای دیموكرات داوای كردووە، چونكە ئەوە خواست و خەونی هەموو هاووڵاتییەكی سوریایە.

ئەو گفتوگۆیەی هێزەكانی سوریای دیموكرات پابەندە پێوەی و روسیاش هاندەریەتی، رژێم خۆی لێ گێل دەكات، ئەمەش وادەكات ببێتە رژێمێكی نەزۆكی ئەوتۆ كە توانای نوێبوونەوەی نەبێت، ناشتوانێ لە ژێر كاریگەرییەكانی رابردوو دەربچێت، ئێستاش هەر خەون بەوەوە دەبینێت كە وڵاتێكی یەكگرتووی هەبێت، بەڵام هەر یەك سەركردە و یەك حزب بێت، تا ئێستاش باوەڕی بە هاوبەشی نییە، لەوەش تێ ناگات ئەگەر هاوبەشی نەبێت، سوریا جارێكی دی یەك ناگرێتەوە.

ئاسایش و ئارامی بوونی نابێت، بە تایبەت لە وڵاتێكدا كە گروپی چەكداری جیاجیا دێن و دەچن و بە ئارەزووی خۆیان ئاژاوە دەنێنەوە و ماڵی خەڵك تاڵان دەكەن و بازگەی جۆراوجۆر دادەنێن و ترسی مردن لە دڵی خەڵكیدا بڵاودەكەنەوە، هەموو ئەمانەش روو دەدەن بێ ئەوەی سەرۆكی سوریا هیچ هەڵوێستێكی هەبێت، بەڵام لەملاوە هێزەكانی سوریای دیموكرات داوای گفتوگۆیەكی بنیاتنەرانە دەكات، ئەمە لە روانگەی هێزەوە و نیشانەی بێهێزیی نییە، بە تایبەتیش لە كۆنگرەكەی ئەم دواییەدا وەفدی ئەمریكا ئامادەبوو، ژەنەڕال مەزڵوم عەبدی فەرماندەی گشتی هێزەكانی سوریای دیموكرات، لە وتەیەكدا جەختی لەسەر ئەوە كردەوە كە سوریا مافی خۆیەتی یەك بگرێتەوە و ئارامی بۆ بگەڕێتەوە، دوای ئەوەی لەلایەن زلهێزە جیهانی و ناوچەییەکان و گروپە چەکدارییە تایفییە جیاجیاکانەوە بەش بەش كراو زیاتر لە 10 ساڵە وڵاتیان بەم دەردە بردووە.

هەر لە كۆنگرەكەدا جەخت كرایەوە لەسەر رێكخستنی سەرجەم ئەنجومەنە سەربازییەكانی ناو هێزەكانی سوریای دیموكرات لەم دۆخە نائاساییەدا و لەهەمان كاتدا پشتیوانی لە ئەنجومەنە مەدەنییەكانیش بكرێت بۆ ئاوەدانكردنەوەی شارەكان و راییكردنی كاروباری هاووڵاتیان، دوور لە تایەفەگەری و مەزهەبگەریی، بە تایبەتی ئێستا كە خەڵكی ئەو وڵاتە لە ژێر باری قورسی گەمارۆی سەپێنراودا دەناڵێنن، ئەمە ئەو چارەسەرەیە كە نە رژێم و نە ئۆپۆزسیۆنی عەرەبیش تا ئێستا بیریان لێنەكردۆتەوە.

هێزەكانی سوریای دیموكرات زیاتر لە 70 یەكەی سەربازی لەخۆگرتووە و لە كورد و عەرەب و سریان و توركمان و ئەرمەن پێكهاتوون، لەوانەیە ئەم پێكهاتە جۆراوجۆرە یەكەم جار بێت لە مێژووی سەربازی سوریادا روو بدات، پێویستە رژێمیش لەوە تێبگات كە وڵات لە دۆخێكی تا بڵێی ئاڵۆزدایەو ئەگەر هەردوولا واتە رژێم و هێزەكانی سوریای دیموكرات نەكەونە خۆ بۆ چارەسەر، كارەساتی مرۆیی گەورەتر روودەدات، بە تایبەتیش كە توركیا گەمارۆی بەسەر هەموو سوریادا سەپاندووە و رژێمیش گەمارۆی لەسەر كورد داناوە و كوردیش لەسەر ناوچەكانی بن دەستی رژێمی داناوە، ئەمە یارییەكی مەترسیدارە و تەنیا گەلی سوریا باجەكەی دەدات.

ئەمە سێیەم جارە هێزەكانی سوریای دیموكرات كە هێزی یەكەمە لە رووی سەربازییەوە، داوای گفتوگۆ لە رژێم دەكات كە هێزی دووەمە، كەواتە ئێستا تۆپەكە لە گۆڕەپانی رژێمی سوریادایە.

وتاری زیاتر


















كوردی رۆژاڤا لەكۆشكی ئەلیزێ‬ فەتحوڵڵا حسێنی
2021-08-12 12:17      516 جار بینراوە













نوێترین هەواڵەکان

بیروڕا

گەلەری

کەشو هەوا

زۆرترین سەردانکراو