وێنەی کشانەوەی پەلەپروسکێی ھێزەکانی ئەمریکا لە وڵاتی ڤێتنام پاش پانزە ساڵ شەڕ ودەست تێوەردان و وێنەی کەوتنە نێو ئۆقیانوسی ئەو ھیلیکۆپتەرانەی سوپای ئەمریکا کە لەسەر کەشتییە فرۆکە ھەڵگرەکانی ئەمریکا جێی نەدەبۆوەو دیمەنی قەرەباڵغی بەر باڵوێزخانەی ئەمریکا لە سایگۆنی پایتەختی ئەوسای ڤێتنام و وێنەی فرۆکە ھیلیکۆپتەرەکانی سوپای ئەمریکا کە گەشتی نێوان تەلاری بالوێزخانەی ئەمریکا و فرۆکەخانەی کابول بە مەبەستی گواستنەوەی کارمەندانی بالوێزخانەکەو ھەڵاو ھوریای فرۆکەخانەی کابول دوو وێنەی لەیەک چون و بەر لەھەموو کەسێک سیاسەتمەدارو روژنامەنوسان و چاودێرانی ئەمریکایان ھێنایە دەنگ و بەشکستێکی تر و ئابروچونی ئەمریکایان وەسف کرد.
ئەگەر چی ھەموو ئاماژەکان بەو ئاراستەیەن کەرێکەوتنێک لەنێوان ئەمریکاو تاڵیباندا ھەبوو بۆ چۆڵکردنی ئەفگانستان، بەڵام ھەم ھەواڵگری ئەمریکاو ھەم حکومەتیش لەمەزەندەکردنی کاتی گەیشتنی تاڵیبان بۆ کابول ، بەھەڵدا چوبون و ئەمەش شکستێکی ترە ، ھەم ھەندێ بەرپرسی تاڵیبان پەلەیان بوو لە گەیشتن بە کابول و پابەندی رێکەوتنەکان نەبوون، بۆیە بارودۆخەکە ئاڵۆز بوو.
لەماوەی بیست ساڵی مانەوەی ھێزەکانی ئەمریکا، بەھەزاران کەس بە شێوازی جیا جیا کاریان لەگەڵ ئەو ھێزانەو دەزگا ھەواڵگرییەکان کردوە، ئێستا ھەموویان مەترسی لەسەر ژیانیان ھەیە لەوەی تاڵیبان تۆڵەیان لێبکاتەوە ، بۆیە ژمارەیەکی زۆریان رویانکردۆتە فرۆکەخانە بەو ئومێدەی ئەمریکا بیان باتە دەرەوەی کابول. تاڵیبان ساڵی ١٩٩٦ پاش جهنگێكی چەند ساڵە چوە نێو کابولەوەو سەرۆکی ئەوسای ئەڤگانستان ، مجیب ئەلرەحمان کە چوبە نێو بارەگای نوێنەرایەتی نەتەوە یەکگرتوەکان لەگەڵ برایەکی لەنێو کابولدا لەسێدارەدا و تاساڵی ٢٠٠١ حاکم بوو ،ئەو ساڵە بەزەبری ھێز ئەمریکا لەسەر دەسەڵات لایبرد. پاش بیست ساڵ تاڵیبان گەڕایەوە کابول بێ ئەوەی ئەمریکا رێگری لێبکات و زۆربەی زۆری بەرپرسە باڵاکانیش کابولیان بۆ تاڵیبان جێھێشت و ھەموشیان پێیان وابوو ، ئەمریکا دۆست و ھاوکاریانەو لێ ناگەرێ تاڵیبان حکومەتەکەیان بروخێنێ. مێژووی ئەمریکا لە دەستوەردان لە وڵاتان ، لەدوا ساتەکانیدا ھاوشێوەن ، بەجێ ھێشتن ورۆیشتن بێ ئاوڕدانەوە، بۆیە پێویستە ھەموو لایەک ئەم راستییە وەک دەرس وپەند وەربگرن!چونکە ئەمریکا جگە لە بەرژەوەندی خۆی ھیچ شتێکی تری لا گرنگ نییە، لەراستیشدا مافی خۆیەتی!