هەوڵدەدەم بەشێوازی مەلزەمە، ئەم رووداوە راڤە بکەم. پرسیارو وەڵامی کورت
بۆچی ئەمریکا کشایەوە؟
نزیکەی ١٠ ساڵە کەس لە واشنتۆن باوەڕی بەوە نەماوە لە ئەفغانستان هیچ بەرەوپێشچوونێک بێتە ئاراوە، ئەمریکا زیاتر لە ٨٠ بلیۆن دۆلاری تیادا سەرفکرد. بەڵام وەک عیراق توێژێکی گەندەڵ لێی سوودمەندبوون.
بۆچی تاڵیبان وەها بەخێرایی هاتنەوە؟
تاڵیبان لەگوندەکاندا بوونیان هەبوو. حکومەت لەشار. هەرگیز تەواو نەبوون. پۆلیس و سەرباز چەند مانگ بوو مووچەیان وەرنەگرتبوو. بۆیە وتیان شەڕ بۆ ئەشرەفخان ناکەین، لەکاتێکدا هەموو توانایەکیان هەبوو، کەواتە بونیادی سوپا تەنها چەک و راهێنان نییە.
ئایا بایدن چ قازانجێکی لێدەکات؟
خێراترین دەستکەوت ئەوەیە کە دەیەوێت لەهەڵبژاردنی میدتێرمدا بە خەڵک بڵێت، جەنگی ناکۆتام کۆتایی پێهێنا. ئەمە خواستێکی گشتی خەڵکی ئەمریکایە. لەمەودوا کە سەردەمی تاک جەمسەریی تەواوبوو، دەبێت بەوردی ئاگامان لەسیاسەتی ناوخۆی وڵاتە زلهێزەکان بێت.
ئایا پاکستان چ رۆڵێکی هەبوو؟
پاکستان و تاڵیبان دۆستن، بەڵام پرسەکە لەجێگایەکی ترە. هیند هەوڵی دەدا لەڕێگای بەندەری چابەهاری ئێرانییەوە دەستی بگاتە ئەفغانستان، ئەم پرۆژەیە لەلایەن ئەمریکاوە پشتیوانی لێدەکرا. بەندەری چابەهار تەنها ٧٦ کم لە گواداری پاکستانییەوە دوورە. بەندەری گوادار پرۆژەی چین و پاکستانە لەدەریای عەرەبی و زەریای هیندی. هیند دەیویست پاکستان دابڕێت و رێگرێک بۆ پرۆژەی پشتێنەو رێگای چین دروست بکات. بەهاتنی تاڵیبانی دۆستی پاکستان ئەم پرۆژەیە وەستا. ئێستا تورکیا دەیەوێت بەهاوکاری پاکستان لەناوچەکە رۆڵی هەبێت.
ئایا کێ زەرەرمەندە؟
ئەگەر تاڵیبان دەستاودەست نەکەن وەک پەیمانیان بە قەتەرییەکان داوە، ئەوا دەکەونە ژێر ئابلۆقە. لەکاتێکی وەهادا دەبنە کێشە بۆ ناوچەکەو دەروبەری. هەندێک دەڵێن ئێران و چین زیانمەند دەبن، ئەگەر تاڵیبان هەزارە بچەوسێنێتەوە، ئایا ئێران بێدەنگ دەبێت؟ بەڵام بێگومان وڵاتانی کەنداو دەیانەوێت سوود لە تاڵیبان وەربگرن بۆ فشار لەسەر ئێران. ئەوەی لەڕێگای داعشەوە لە عیراق بۆیان نەکرا.
چ وانەیەکی تیایە بۆ ئێمە؟
کەوتنی کابول دەیان وانەی بەنرخی تیادایە لەهونەری حوکمڕانی. وەک کورد ئەفغانەکان مودموین بوو بن لەسەر پشتیوانی دەرەکی. گەندەڵی بەرفراوان بوو. شەرعییەت نەبوو. حکومەت لەخەڵک دابڕابوو.
ئایا ئەمریکا تاوانبارە؟
هەندێک دەڵێن نەدەبوو بایدن بڕوات. هەندێکی تر دەڵێن هەرکەی ئەمریکا بڕۆشتایە ئەمەی روویدەدا، ناشکرێت بۆ هەتا هەتایە ئەمریکا لەوێ بێت.
چی گرنگە؟
گرنگترین وانە کاتە. رەنگە لەکات و سەردەمێکدا ببیتە جێگای بایەخ. لەوە دڵنیابە بۆ هەتا هەتایی نییە. ئەگەر ئەو هەلە لەدەست بدەیت ئەستەمە بۆت بگەڕێتەوە.