هیوا محەمەد

داعش و هاوشێوەکانی لەگەڵ خۆتان بەرن

  2021-08-14 19:53      506 جار بینراوە        کۆمێنت

پێشتر لەنووسینێکمدا باسم لەوە کردبوو کە گەلانی ئەم ناوچانە سەردەمی وەدەرنانی ئیستیعمار بە رۆژی سەرکەوتن دادەنێن و پێیان وایە ئەمە شۆڕشێکی گرنگ بووە لە مێژووی خۆیاندا.

بەڵام لەم سەردەمەدا کەسانێک یان گروپ و لایەنێک بە ئاشکرا داوای هاتنی دەستی بێگانە دەکەن( کە زۆر باش دەزانن هاتنی ئەوان بێ هۆکار نییە و گەر سوودی خۆیانی تێدا نەبێت ساتێک نامێننەوە).

لەگەڵ ئەوەی هێشتا دەنگێکی زۆر و لایەنی سیاسیی هەن داوای دەرچوونی هێزی بێگانە دەکەن لە عیراق بەگشتی بەڵام ئەمانەش لەپاڵ ئەو داواکردنەدا مەرامێکی دیکەیان هەیە، تیایاندا هەن دەیانەوێت ئەمریکا بڕواتە دەرەوە بەڵام رازین سوپای وڵاتێکی دیکە دەیان بنکە و بارەگا دابنێت و بە ئارەزووی خۆی تەراتێن بکات.

کەمن ئەوانەی کە دەیانەوێت هەرچی هێزی بێگانەیە بڕواتە دەرەوە و ئەم وڵاتە سەربەخۆ بێت و خۆی بەڕێوە بەرێت.

لەدوای نەمانی رژێمی بەعسەوە بەهۆکاری ئەو شپرزەییە سیاسییەی کە لە عیراقدا دروست بوو، هاوکات هاتنی هێزە بیانییەکان لەژێر ناوی هاوپەیمانان بۆ عیراق و کردنی ئەم وڵاتە بە گۆڕەپانی پاکتاوکردن و نانەوەی کێشە و گرفتی خوێناوی، ئیتر لەگەڵیدا هەستە نیشتیمانییەکان لای تاک بەرەو کاڵ بوونەوە چوو، تاکی ئەم وڵاتە بیری لە خۆدەرباز کردن کردەوە نەک ئینتیما و هەستی پارێزگاریی لە خاک و وڵات.

نەمانی هەستە نیشتمانییەکان و لاواز بوونی، هەڵکشانی دەسەڵاتی تائیفی و عەشائیری و بڵاوبوونەوەی چەک، لادان لەیاسا و نەمانی لێپێچینەوە و سزا، دەستتێوەردانی دەرەکی لەم وڵاتەدا بوونە هۆی ئەوەی کە عیراق چیدی وەک وڵاتێکی پتەوی خاوەن گەل و سیادەی خاک نەیەتە پێش چاو.

وڵاتێکە بووەتە پردی پەڕینەوەی هەرچی هێزی دەرەکی ناوچەکەیە چ بە ئاسمان و چ بەزەمیندا، لەم سەر بۆ ئەو سەر پێیدا دێن و دەچن، شتێکیش بەناوی سیادەی وڵات و نەبەزاندنی سنوور مانایەکی بۆ نەماوە.

لە پانێڵێکدا ئەسیل نوجەیفی پارێزگاری پێشووی نەینەوا کە داوای رۆڵی زیاتری تورکیا دەکات لە عیراقدا دەڵێت:
( ئەمڕۆ پێویستمان بەوەیە کە تورکیا دیدگا و رۆڵی لە سەقامگیریی عیراقدا هەبێت، ئەگەر لە داهاتوودا عیراق روبەڕووی قەیران بووەوە، بەتایبەتی دوای کشانەوەی ئەمریکا، کە پێموایە ئێران بە تەنیا ناتوانێت کۆنترۆڵی دۆخی عراق بکات. دەبێت تورکیا رۆڵێکی نوێ بگێڕێت لە رێگەی پەیوەندیی لەگەڵ ئێران و جیهان و توانای وەکو یاریزانێکی نێودەوڵەتی بەکار بێنێت).

تورکیا وڵاتێکە چەندین ساڵە لەلایەن یەکێتی ئەوروپاوە ئەندامێتی رەتدەکرێتەوە بەو هۆکارەی، ئەوەی کە لە تورکیادا روودەدات لەگەڵ یاساکانی پاراستنی مافی مرۆڤ یەک ناگرێتەوە و وڵاتێک نییە لە خزمەتی مرۆڤایەتیدا بێت.

سەیر ئەوەیە کە کەسایەتییەکی وەک ئەو کۆنە پارێزگارە بەو جۆرە و بە ئاشکرا داوای هاتنی زیاتری تورکیا دەکات، کە دەشزانی تورکیا پاشەڵی چییە!

کاتی سەرهەڵدانی داعش لە مانگی 6 ی 2014 و گیرانی موسڵ و هەڵاتنی پارێزگار، وتمان کە دەستی خۆیان لە رێخۆشکردن بۆ هاتنی داعش هەبووە، بەتایبەت کاتێک ئەو پارێزگارە بە دوو هەفتە پێش ئەو رووداوە لە ئەنقەرە لەگەڵ بەرپرسانی ئەو وڵاتە کۆبووەوە.

ئەم لێدوانەی نوجەیفی و هاوشێوەکانی، ئەوە دووپاتدەکەنەوە کە ئەمانە کاتێک دەڵێن سوپای فڵان بڕواتە دەرەوە بۆ ئەوەیە سوپای لایەکی دیکە بێنن.

دەبێت عیراقییەکان بە هێز و بازووی خۆیان ئەم خاکە بپارێزن.

داعش لەناو عیراقییەکان هەڵنەقوڵاوە، ئەوە دەستی بێگانەیە دروستی کردووە و مۆرکی عیراقی پێوە کردووە، ئەوان بە بیانووی هەبوونی داعش لێرەن کە دەوترێت دەستکردی هەندێک ناوەندی هەواڵگرین.

ئەوان( هێزە دەرەکییەکان) ئەمەیان دەویست کە ئەم وڵاتە بەم جۆرە لاواز بکەن و پێکهاتەکانی نەتوانن پێکەوە کار بکەن بۆ خزمەتی وڵات، هەریەکە و مەرامێکی هەیە، یەکێک دوژمنایەتی کردنی بۆ ئیسرائیل لە بەغداوە درێژە پێدەدات، یەکێک بۆ پتەوکردنی پێگەی خۆی و وەستانەوە لەبەرامبەر گەشەی هەستی نەتەوەیی، لایەک بۆ نەوتە و لایەک بۆ ساغکردنەوەی چەک.

لە سوودی ئەوانە نەک داعش، چەندین گروپی دیکەی هاوشێوەی ئەوان دروست ببێت و بەیەکدا بدەن، ئەوەی پێویستە لەسەر لایەنە نیشتمانپەروەرەکان و تاکەکای لەو جۆرە، پێکەوە وڵات ئاوەدان بکەنەوە و بیپارێزن، پێویستمان بە ئەمریکا و هاوپەیمانانی و هیچ هێزێکی دەرەکی نییە، لەبری ئەمە دەبێت بڵێین ئەم گروپە تیروریستانەی خۆتان دروستان کردووە لەگەڵ خۆتانی بەرن و بڕۆنە دەرەوە.

وتاری زیاتر

یەکێتی، هیوای تاکی کوردە‬ هیوا محەمەد
2022-06-05 10:14      78 جار بینراوە





مامەڵەی حزب لەگەڵ خەڵکدا‬ هیوا محەمەد
2022-01-08 16:01      123 جار بینراوە



ئەندامی حزب لەبەرەی خەڵکدا بێت‬ هیوا محەمەد
2021-11-27 20:06      126 جار بینراوە

خۆزگە بە شەهیدبوون‬ هیوا محەمەد
2021-11-22 21:13      128 جار بینراوە

هەوێنی شڵەژانی دۆخەکە‬ هیوا محەمەد
2021-11-20 16:00      124 جار بینراوە


موزیکی غازەکەو تەقەی بوتڵەکان‬ هیوا محەمەد
2021-11-14 13:04      110 جار بینراوە




خەبات بە بوختان و چەواشەکاری‬ هیوا محەمەد
2021-10-31 18:52      161 جار بینراوە


سەرکردەبوون پلەیە نەک پیشە‬ هیوا محەمەد
2021-10-25 17:17      109 جار بینراوە





کاندیدە براوەکان دەبێ چی بکەن؟‬ هیوا محەمەد
2021-09-19 17:14      132 جار بینراوە



بەدەنگت رەش و سپی جیا بکەرەوە‬ هیوا محەمەد
2021-09-16 09:35      116 جار بینراوە


قەدی دارەکە شەرتە نەک لقەکانی‬ هیوا محەمەد
2021-09-11 17:22      124 جار بینراوە


نوێترین هەواڵەکان

بیروڕا

سۆشیال میدیا

گەلەری

کەشو هەوا

زۆرترین سەردانکراو