فەتحوڵڵا حسێنی

كوردی رۆژاڤا لەكۆشكی ئەلیزێ

  2021-08-12 12:17      516 جار بینراوە        کۆمێنت

پاریس پشتیوانیی سیاسی و دیپلۆماسی خۆی بۆ ئیدارەی خۆجێیی لەرۆژاڤا دووپات كردەوە، ئەویش بە پێشوازیكردنی وەفدێكی باڵای ئیدارەی خۆجێیی بە سەرۆكایەتی ئیلهام ئەحمەد و ئەندامێتی بێریڤان خالید و غەسان یوسف لە كۆشكی ئەلیزێ لەلایەن ئیمانۆئێل ماكرۆن سەرۆكی فەرەنساوە، هەڵبەت پێشتریش ساڵی 2015 فرانسۆ هۆلاند سەرۆكی پێشووی فەرەنسا لە هەمان كۆشك پێشوازیكرد لە وەفدێكی سیاسی و سەربازی كە پێكهاتبوو لە ئاسیا عەبدوڵڵا و نەسرین عەبدوڵڵا، ئەم پێشوازیانە بەشێكە لە دەربڕینی فەرەنسا بۆ پشتیوانیكردنی تەواو لە پڕۆژەی كورد لە رۆژاڤا، لە كاتێكدا توركیا و سوریا دژایەتی ئەو پڕۆژەیە دەكەن.

هەرچەندە سوریا تا بیناقاقا نوقمی ئاژاوە ‌و تیرۆر و دەستێوەردانی دەرەكییە و قەیرانی مرۆیی و ئابووری و سیاسی لە هەموو لایەكەوە تەنگی پێ هەڵچنیوە، بەڵام كۆمەڵی نێودەوڵەتی وادیارە بەدوای چارەسەرێكی گشتگیردا دەگەڕێ، لە كاتێكدا كە رژێمی سوریا هیچ چارەسەرێكی پێ نییەو توركیاش بەردەوام دەست لەكاروباری وەردەدات و نەتەوە یەكگرتووەكانیش هیچ هەڵوێستێك نانوێنێت، بگرە خۆیشی بۆتە بەشێك لە ئاژاوەكە و هاوكاری پێویست بۆ ئاوارەكان دابین ناكات كە لە دەیان ئۆردوگای ناخۆییدا یان لە سنووری جوگرافیای رۆژاڤادان، بە تایبەت كە پرۆسەی راگواستنی زۆرەملێ تەنگی بە هاووڵاتیان هەڵچنیوە، هۆكارەكەیشی داگیركارییە بەردەوامەكانی توركیایە.

رۆڵی فەرەنسا وەك نوێنەری ئەوروپا لە دۆسێی سوریادا شاراوە نییە، قورساییەكی بەرچاوی هەیە لە ململانێكانی ناوچەكەدا، ئەو ململانێ باوەی كە ئۆپۆزسیۆنی عەرەبی تیایدا بە تەنیا توركیا دەبینێت و پاڵی پێوە دەدات. رۆڵی گرنگی فەرەنسا لەوەدا دەردەكەوێ كە پشتیوانیی خۆی لە پڕۆژەی سیاسی باكوور و خۆرهەڵاتی سوریا دەربڕیوە، دوای هەردوو پێشوازییەكەی پێشووی لە وەفدی كورد لە كۆشكی ئەلیزێ، هەنگاوی سێیەمی فەرەنسا جێگیركردنی نوێنەری ئەو وڵاتەیە لە رۆژاڤا، كە رۆڵی بەرچاوی دەبێت لە چاودێریكردنی گفتوگۆكانی نێوان كورد و كورد، كە لە چوارچێوەی بەهێزكردنی هەڵوێستی كورد لە چارەسەری كێشەكاندا و هەروەها پاراستنی جوگرافیاكەی خۆیان، لە هەمووشی گرنگتر ئەوەیە كە ئێستا ئەو سنوورە جوگرافییەی رۆژاڤا زۆر لە ناوچەكانی بن دەستی رژێم و ئۆپۆزسیۆنی عەرەبیش ئارامترە، چونكە ئۆپۆزسیۆن هێندە بە دوای تاڵانیدا دەگەڕێن ئەوەندە ئازادی و شكۆی مرۆڤیان لا گرنگ نییە.

ئیمانۆئێل ماكرۆن لەو دیدارەیدا لەگەڵ وەفدی كورد، بایەخێكی زۆری دا بەو ناوچەیەی كورد نوێنەرایەتی دەكات، لە كاتێكدا كورد بێبەش كراوە لە كۆبوونەوەكانی جنێڤ و ئاستانەی تایبەت بە سوریا. هەر لەو دیدارەدا بایەخ درا بە حوكمڕانیی ئیدارەی خۆجێیی و پێویستبوونی بەشداری پێكردنی ئەو لایەنانەش كە تائێستا بەشدار نەبوون لە دامەزراوەكانی ئیدارەكەدا، جەخت لە گرنگی هەوڵدان بۆ چارەسەری ئاشتیانەی سیاسی و جێگیركردنی دیموكراسی و دەسەڵاتێكی دادپەروەرانە كرایەوە لە قەیرانی سوریادا، ئەویش بە پێی بڕیارە نێودەوڵەتییەكان، بە جۆرێك كە مافی سەرجەم پێكهاتەكان مسۆگەر بكات.

هەروەها ئاماژە بۆ ئەوەش كرا كە رەنگە ئیدارەی خۆجێیی پێویستی بە تەواوكاریی سیاسی و میللی هەبێت، لەگەڵ ئەوەشدا هاودەنگی خۆیان بۆ ئەو ئەزموونە دەربڕی لە چوارچێوەی سوریایەكی دیموكراسی لە داهاتوودا.

وەفدی كورد باسی لە گرنگی كردنەوەی دەروازە سنوورییەكان كرد و رایانگەیاند كە پێویستیان بە پشتیوانیی نێودەوڵەتی هەیە بۆ ئەوەی فشار بخرێتە سەر توركیا تا دەروازەكان بكاتەوە و روسیاش رازی بێت بەكردنەوە دەروازەی یەعروبییە، چونكە سوریا بە گشتی لەژێر گەمارۆدایە.

ئێستا فشارێكی زۆری روسیا لەسەر كورد هەیە، هەڕەشەكانی توركیاش بەردەوامە، رژێمیش هێرشی میدیای دەكات، بەڵام گەشبینییەك لای ئەوروپا بەدی دەكرێت، كە فەرەنسا نوێنەرایەتی دەكات، پشتیوانی هێزی سەربازیش لەلایەن هێزی هاوپەیمانانەوە بە سەركردایەتی ئەمریكا لەئارادایە. گرنگی ئەزموونی رۆژاڤا لەوەدایە لە تەمەنێكی كورتدا كە حەوت ساڵێك دەبێ، زۆر باش توانیویەتی ئاشتی و ئارامی بپارێزێت و ژیانێكی ئازاد و بەشكۆ پێشكەشی هاووڵاتیان بكات، ئەوەی كە رژێمی تاكە حزب نەیتوانی بیكات.

وتاری زیاتر































نوێترین هەواڵەکان

بیروڕا

گەلەری

کەشو هەوا

زۆرترین سەردانکراو