لە دوای دەست بەكاربوونی جۆ بایدن وەكو سەرۆكی ئەمریكا لە 20/1/ 2021، دەركەوت كە بە نیازە هاوپەیمانییەكی نێودەوڵەتی پێك بهێنێت بۆ بەرگرتن لە فراوانبوونی هەژموونی چین بەسەر جیهاندا، ئیتر لێرەوە پێشبینی و لێكدانەوەی جۆراوجۆر هاتەگۆڕێ لەمەڕ ئایندەی پەیوەندییەكانی چین و وڵاتە ئەوروپییەكاندا كە هاوپەیمانی ستراتیژی ئەمریكان، كە روون و ئاشكرایە وڵاتانی یەكێتی ئەوروپا دەكەونە ژێر گوشاری ئەمریكاوە بۆ كەمكردنەوەی پەیوەندییەكانیان لە گەڵ چیندا بەتایبەتی لە بواری ئابووریدا .
ئاماژەكانی پاشەكشەی پەیوەندیی ئەوروپا و چین
هەر لەئێستاوە ئاماژەكانی پاشەكشە و لاوازبوونی پەیوەندییەكانی نێوان یەكێتی ئەوروپا و چین دەركەوتووە، كە هەردوولایان جەمسەری بەتوانا و كاریگەرن لە جیهاندا، ئاماژەكانیش خۆیان لەم سێ خاڵەدا دەبیننەوە:-1-لەئازاری 2021 دا وڵاتانی یەكێتی ئەوروپا هەندێك سزای ئابوریان بە سەر چیندا سەپاند، بە پاساوی پێشێلكاری مافی مرۆڤ لە لایەن حكومەتی چینەوە،لەبەرامبەر ئەم هەنگاوەی ئەوروپییەكاندا چین هەندێك سزای سەپاند بەسەر لێپرسراوانی یەكێتی ئەوروپا، كە ئەمەش دۆخێكی ئاڵۆزی هێنایەكایەوە لە پەیوەندییەكانی ئەو دوو لایەنەدا، كە تازەیە و دەبێت ئاكامی نەرێنی لێبكەوێتەوە.
-2هەرچەندە رێكەوتننامەی تەواو و گشتگیر بۆ وەبەرهێنان لە نێوان یەكێتی ئەوروپا و چین ئیمزا كراوە لە دیسەمبەری 2020، دوای حەوت ساڵ لە دانوستان، بەڵام لە مانگی مایۆی 2021 ئەو رێكەوتننامەیە سڕكرا لەلایەن پەرلەمانی ئەوروپاوە، ئێستاش پەرلەمانی ئەوروپا دژی ئەكتیڤ كردنەوەی رێكەوتننامەكەیە كە بوار بە كۆمپانیا ئەوروپییەكان دەدات بگەنە قوڵایی بازاڕەكانی چین، لە بەرامبەریشدا رێ بە كۆمپانیا چینیەكان دەدات وەبەرهێنان لە وڵاتانی یەكێتی ئەوروپا بكەن، فاكتەری سەرەكی ئەم سڕكردنەش بە وتەی ئەوروپیەكان مەترسی ئەوروپییەكانە لە رەفتار و هەڵسوكەوتی پەکین دەرهەق بە هاوڵاتیانی خۆی، ئەمەش ئەوە دەردەخات كە ئەوروپیەكان ناتوانن بەرژەوەندییە ئابورییەكانیان جیا بكەنەوە لە بابەت و پرنسیپە سیاسییەكان !
-3یەكێتی ئەوروپا لە مانگی ئایاری 2021 پلانێكی ڕایگەیاند بۆ كەمكردنەوەی پشبەستن بە هاوردەو بەرهەمی هەندێك وڵات لەوانە چین ، ئەو بەرهەم و كەلوپەلانەی كە پلانەكە دەیگرێتەوە( كەرەسەی خاو- پێكهاتەی دەرمان) ئامانج لەم هەنگاوە فرە جۆركردن و فرە سەرچاوەكردنی بەرهەمە زیندووەكانی یەكێتی ئەوروپایە.
ئاڵوگۆڕی بازرگانی و
پشتبەستن بە یەكتر
ئەو پێشكەوتنە خێرایەی چین و ئەو رۆڵە كاریگەرەی لە جیهانگیریدا گێڕای، وایكرد پەیوەندییەكانی یەكێتی ئەوروپا و چین زۆر بە هێزبن و پێش بكەون، لە ماوەی نێوان ساڵانی 2000 تا 2019، بە جۆرێك قەبارەی ئاڵوگۆڕی بازرگانی لە نێوان یەكێتی ئەوروپا و چین دا هەشت ئەوەندە زیادی كرد و لە ساڵی 2019 گەیشتە (560) ملیار یۆرۆ، ئەمەش بووە هۆی ئەوەی نرخی هەموو ئەو كەرەستانەی رۆژانە بەكاردەبرێن داببەزێت لە وڵاتانی یەكێتی ئەوروپادا، جگە لەوەش لە ساڵی 2020، چین بووە گەورەترین هاوبەشی بازرگانی یەكێتی ئەوروپا، ئەمەش مانای ئەوەیە چین بووەتە سەرچاوەی سەرەكی نزیكەی چارەكی هەموو ئەو كاڵاو پێداویستیانەی وڵاتانی یەكێتی ئەوروپا هاوردەی كردوون لە 2020 دا .
لە گەڵ ئەمەشدا زۆرێك لە پسپۆڕان و شارەزایانی بواری ئابووری و بازرگانی لەو بڕوایەدان، نابێت زیادەڕۆیی بكرێت لە گرنگی ئابووری چین بۆ یەكێتی ئەوروپا، چونكە سروشتی پەیوەندییەكانی نێوانیان لەسەر ئاڵوگۆڕی بازرگانی و بەرژەوەندییە، نەك سەپاندنی هەژموونی ئابووری و بازرگانی چین بە سەر ئابووری ئەوروپادا، ئەوەش بە پێی ئەم ئاماژانەی خوارەوە:-
-1قەبارەی وەبەرهێنانی چین لە یەكێتی ئەوروپا: تائێستا كۆمپانیاكان و وەبەرهێنانی چینی لە ئەوروپا رێژەی %5 كۆی وەبەرهێنانی بیانی لە یەكێتی ئەوروپا پێكدەهێنێت، كە ئەوەش زۆر كەمترە بەراورد بە وەبەرهێنانی ئەمریكا لە یەكێتی ئەوروپادا، كە گەورەترین و زۆرترینە لە یەكێتی ئەوروپادا .
-2 ئامارەكان باس لەوە دكەن، 43 % ئەو كەلوپەل و كەرەستانەی لە چینەوە هاوردەی یەكێتی ئەوروپا دەكرێن، كەرستەی بەكاربردنی رۆژانەن وەكو بابەتی رستن و چنین و مۆبیلیات و یاری منداڵان و كەرەستەی ئەلیكترۆنی وەك مۆبایلی زیرەك و كۆمپیوتەر و ئامێری كارەبایی ناوماڵ)، ئەمەش ئەوە دەگەیەنێت، كە سروشتی پەیوەندییەكانی نێوان ئەو دوو جەمسەرە، بەو جۆرەیە، كە یەكێتی ئەوروپا لە رووی ستراتیژییەوە پشت بەستوو نیە بە بەرهەم و كەرەستەی چینی، بەڵكو ئەو پەیوەندی و ئاڵوگۆڕە خۆی لەچوارچێوەی فرە جۆر و فرە سەرچاوەكردنی كاڵاو هاوردە بۆ یەكێتی ئەوروپا دەبینێتەوە و هیچ مەترسیەكیشی نیە و نابێتە فاكتەر بۆ داڕمانی ئابووری لەیەكێتی ئەوروپا.
-3هاوردەكردنی كەرەستەی ئەوروپی: چین بەشێوەیەكی سەرەكی پشت بەكەرەستەو ئامێری ئەوروپی دەبەستێت بۆ دروستكردنی زۆر كەرەستەو كەلوپەل و بەرهەم، كە هەناردەی دەرەوەی دەكات، بە تایبەت كەرەستەو ئامێری پزیشكی و خۆپارێزی، لە بەرئەوە زۆر لە شارەزایان لەو بڕوایەدان پشتبەستنی چین بە ئەوروپا زیاترە لە پشتبەستنی ئەوروپا بە چین .
-4 كەرتی پیشەسازی تەكنۆلۆژی: شارازەیان پێداگیری لەسەر ئەوەدەكەن، زۆر زەحمەت و قورسە بۆ چینییەكان كە ئەڵتەرنەتیڤ و جێگرەوەیەكیان لە وڵاتەكەیان دەست بكەوێت بۆ هەندێك بەرهەم و كەرەستەی ئەوروپی بۆ دروستكردنی هەندێك ئامێر و بەرهەمی زۆر ورد، لەبەرامبەریشدا وڵاتانی یەكێتی ئەوروپا لە كەرتی ئەلیكترۆنیاتدا پشت بە چین دەبەستن، كەواتە ئەمە ئاڵوگۆڕی بەرژەوەندییە نەك شتێكی تر .
-5كۆمپانیاكانی ئەوروپا لە چین: كۆمپانیا ئەوروپییەكان گەورەترین و قەبەترین وەبەرهێنان لەچین دەكەن لەچاو كۆمپانیا بیانییەكانی تردا، بەتایبەتی لەبوارەكانی توێژینەوە و پێشخستندا، بۆیە بە ماتۆڕ و دڵی زیندووی ئەو گەشەكردنەخێراییەی چین دێنە ئەژماردن، بەجۆرێك كۆمپانیای ڤۆلكس واگن لە ساڵی 2019 دا لە %90قازانجەكەی لەچیندا خەرجكرد لەبواری توێژینەوە و پێشخستندا، بەهەمان شێوە كۆمپانیای (BASF) ئەڵمانی بۆ بەرهەمهێنانی كیمیاوی پڕۆژەیەكی بەتێچووی 10 ملیار دۆلار دەستپێكرد لەهەرێمی (جواندونگ)، هەروەها كۆمپانیایەكی كیمیاوی دانیماركیش بەبڕی 100 ملیۆن دۆلار كارگەیەكی لە هەرێمی (شاندەنج) دروستكرد .
لەهەمانكاتدا كۆمپانیا ئەوروپیەكان و بەتایبەتی ئەڵمانییەكان رۆڵیكی كارایان بینیوە بۆ دابینكردنی هەلی كاری زۆر بۆ چینیەكان، بە رادەیەك یەك ملیۆن چینیان دامەزراندووە.
لەلایەكی ترەوە چۆن وەبەرهێنانی كۆمپانیا ئەوروپییەكان گرنگە بۆ گەشەكردن و پێشووەچوونی ئابووری چین، لە بەرامبەردا گرنگە بۆ كۆمپانیا ئەوروپییەكان قازانجی زۆریان دەست بكەوێت .
پێداچوونەوەی ئەوروپا بە پەیوەندییە ئابورییەكان لەگەڵ چین
ناكرێت تەنها هۆكاری پێداچوونەوەی وڵاتانی یەكێتی ئەوروپا بەپەیوەندییە بازرگانیەكانیان تەنها بۆ گوشاری ئەمریكا بگەڕێنینەوە، بەڵكو چەندین پاڵنەر و فاكتەری تر هەن كە ئەوروپییەكان ناچاردەكەن پێداچوونەوە بە ئاڕاستەی پەیوەندییە بازرگانییەكانیان بكەنەوە لە گەڵ چیندا، لەوانە:-
-1هەڕەشەی ئابووری: سەركردەكانی ئەوروپا هەستیان بە راستیەك كردووە، كە ئەویش ئەو مەترسییەیە، كە چین دروستی كردووە بۆ سەر ئابوورییەكەیان، تەنانەت هەندێك بزنسمان و خاوەن كۆمپانیای گەورەی ئەوروپا هۆشدارییان داوە كە ئیتر چین ركابەرێكی بازرگانی گەورە و زەبەلاح و كاریگەر و ستراتیژییە و دەبێت لەم روانگەیەوە هەڵسوكەوتی لەگەڵ بكرێت، نەك وەك وڵاتێكی تازە پێگەیشتوو .
-2بابەتێك و پاڵنەرێكی تری گرنگ پرەنسیپەكانی یەكێتی ئەوروپایە، سەبارەت بە مافی مرۆڤ كە سەرەتا ئاماژەمان پێدا.
سەرەڕای ئەو پاڵنەر و فاكتەرانەی سەرەوە، بۆ پێداچوونەوە بەپەیوەندییەكانی نێوان چین و ئەوروپا، لە چەند لایەكیشەوە پەیوەندییە بازرگانیەكانیان پاشەكشەی كردووە، بەربەستی زۆر گەورەش هەن، لەبەردەم ئەو پێداچوونەوەیەی ئەوروپییەكان بە نیازن بیكەن، بۆ ئەوەی رێڕەوی پەیوەندییەكان بگۆڕن بە تەواوەتی، دیارترینی ئەو بەربەرستانەش ئەوەیە هەندێك حزب و لایەنی سیاسی ئەوروپی دەخوازن نەچنە ژێر خواست و گوشاری ئەمریكاوە بۆ دووركەوتنەوە لە چین تاوەكو لە دواییدا ئەورپاییەكان نەبنە پاشكۆی ئەمریكا، لە هەمانكاتدا دەنگی تریش هەن لەپەرلەمانی ئەوروپا دەخوازن، هەماهەنگی لە گەڵ ئەمریكادا بكرێت بۆ پاراستنی بەرژەوەندیی هاوبەش .
دابەشبوونی وڵاتانی ئەوروپا سەبارەت بە چین
وڵاتانی یەكێتی ئەوروپاش هاوڕاو تەبا نین لەدید و بۆچوونەكانیان سەبارەت بە چین، هەندێك لەو وڵاتانە وەك (یۆنان و نەمسا و ئیتالیا وپورتوگال و سربیا) هەڵكشانی چین بە مەترسی نازانن بۆ سەر خۆیان و لەهەندێك هەڵوێستیشدا پشتیوانی دەكەن .
گەشەی بەردەوامی ئابووری چین
چین لە ریگادایە بۆ ئەوەی ئەمریكاش تێپەڕێنێت و بەمزووانە ببێتە گەورەترین بازاڕی بەكاربردن، ئەمەش جیابوونەوەی ئابووری نێوان چین و ئەوروپییەكان قورستر دەكات، یان بەلانی كەمەوە ئەو پرۆسێسە هێواش و لە سەرخۆ دەكات .
لە كۆتاییدا جیابوونەوەی ئابووری نێوان چین و یەكێتی ئەوروپا پرۆسەیەكی دوورودرێژو ئاڵۆزە، لەوەیە چەند دەیەیەك كاتی بوێت بۆ ئەوەی تەواوبێت یان ئاكامەكەی بەدەر بكەوێت، چونكە گۆڕینی زنجیرەی ژێرخانی هاوردە و پیشەسازی جیهانی كارێكی هێندە ئاسان نیە و پێویستی بەوەبەرهێنانی قەبە و سازانی سیاسی و ئابووری بەردەوام هەیە، لەنێوان ژمارەیەكی زۆر لە وڵاتان بۆ دووبارە بنیاتنانەوەی پەیكەری هاوردەو پیشەسازی جیهانی و كاردانەوەكانی ئەم پرۆسەیە لە گۆڕینی تەرازووی هێزی ئابووری نێودەوڵەتی.
بۆیە پێدەچێت یەكێتی ئەوروپا پەیوەندییە بازرگانیەكانی لەگەڵ چین سنوورداربكات و بە شێوەیەكی زیاتر و پلەبەند لەماوەی داهاتوودا و ئەوروپییەكان هەوڵەكانیان لەناوخۆی خۆیان و لەگەڵ ئەمریكاش چڕ بكەنەوە بۆ دابینكردنی هەندێك كاڵا و كەرەستە لە جیاتی كاڵای چینی، بەڵام لە هەندێك بواری تردا ئەوروپییەكان هەماهەنگی لەگەڵ چینیەكاندا دەكەن، كە گرنگی هاوبەشیان بۆ هەردوولا هەیە، وەكو بوارەكانی پاراستنی ژینگە و گۆڕانكاری كەشوهەوا و بەگژاچوونەوەی و پەتاكان و هەوڵەكانی پێشخستنی ڤاكسین دژی كۆڤید 19 .