کوردو سیسوفیسی یەکڕیز ی.
لەهەموو مەیدانەکانی سیاسەت ئەو دابڕین و ئیعتبار بۆ یەکتری نەکردنە دیارەو نەیار دایمە کاری خۆی لەسەرمان کردووە.
بەقسە ھەموو کۆکن لەسەر ئەوەی لەپەرلەمانی عیراق و لە گۆڕەپانی سیاسی عیراقی پێویست دەکات کورد یەکگرتووبێت.
لەڕاستیدا کاتێک لە بەغدا کاردەکەیت ئەوکات پەرتەوازەیی کوردو بێکاریگەری کورد لەمەیدانی سیاسی عیراقی دا بۆ رووندەبێتەوە.
بێگومان زۆر لەسەر داکشانی رێژەی کورد لەھەموو دامو دەزگاکانی حکومەتی ئیتحادی نووسراوە، زۆر لەسەر کاریگەرنەبوونی سیاسەتمەدارانی کورد نووسراوە. نامەوێ لێرەدا ئاماژە بەو رێژە داکشاندراوە بدەم، دەمەوێت تیشک بخەمە سەر ھەندێک بڕیاری چارەنووسساز بۆ کوردو عیراق کە لەسەر ئەساسی دژایەتی یەکتری دراون.
ھەرکات پرۆژەیاسایەک ھاتبێتە ژێر قوبەی پەرلەمان پێش ئەوەی یاساکە بەتەواوەتی خوێندنەوەی بۆ بکرێت لەلایەن فراکسیۆنە کوردییەکانەوە لەڕووی بەرژەوەندی و گرنگی یاساکەوە بۆ میللەتەکەمان و ھەرێمەکەمان، دواتر بریاردان لەسەری. دەبینین پێشوەختەو تەنھا لەسەر ئەساسی ئەوەی ئایا چ لایەنێک پشتگیری دەکات بڕیاری لەسەر دەدرێت. بڕیار لەسەر پرۆژە یاساکان لەسەر ئەو بنەمایە دەدرێت کە ئایا پارتی لەگەڵ یاساکەیە یا دژە. ئایا یەکێتی چ بڕیارێک دەدات، لەسەر بناغەی دژایەتی کردنی یەکتری بڕیار لەسەر پرۆژە یاساکان دەدرێت.
بێگومان ئەمەش بەپلەی یەکەم بۆ نەبوونی متمانە دەگەڕێتەوە. دواتریش بۆ نەبوونی ھەماھەنگی و گفتوگۆی جدیانە لەگەڵ یەکتری.
ھەندێک پەرلەمانتار بڕوایان وایە ھەر بابەتێک یەکێتی و پارتی پشتگیریان کرد یاخود پەسەندیان کرد، ئەوا دەبێت ئەوان رەتیبکەنەوەو دژ بن. ھەندێک لە یەکێتییەکان لەترسی ئەوەی تۆمەتی زەردبوونیان بۆ دروستنەکرێت دژی ھەموو پرۆژە یاسایەکن کە لەلایەن پارتییەوە پشتگیری بکرێت. بەھەمانشێوە پارتییەکانیش هەمان تێروانینیان هەیە بەزیادەوە.
ھەمیشە وتومەو ئەیڵێمەوە کە ئەولەویاتی کاری ئێمە لە بەغدا دەبێت لەسەر بنەمای کوردایەتی بێت، پێش ئەوەی حزبیی بین، دەبێت کورد بین. ھەر پرۆژە یاسایەک کە دێتە پەرلەمانەوە لەسەر بنەمای نەتەوەیی و بەرژەوەندی ھەرێم ھەڵسەنگاندنی بۆ بکەین و دوور مەودا تەماشای بکەین، نابێت گەر حزب و لایەنێک لەگەڵ پرۆژە یاسایەک بوو ئەوا ئێمە دژبین و لەمیدیاکاندا دەھۆڵی خۆفرۆشی و جاشایەتی بۆ لێبدەین و ھەر یاسایەک ئێمە لەگەڵی بووین و تێپەڕی بەدەستکەوت بەمیللەتەکەمانی بفرۆشینەوە، راستە کە کێبرکێی حزبی دیاردەیەکی تەندروستەو دەبێت ھەبێت، بەڵام نەک دژایەتی کردن، نابێ عەینەکی حزبی بخەینە سەر چاوی ساغی دوور تەماشاکردنی نەتەوەییمان، بێگومان پرۆژەیاساو مەوقیفی زۆرن کە بڕیاری ھەڵەی تێدا دراون، بەڵام دەمەوێ تەنھا ئاماژە بۆ دوو یاسا بدەم.
یەکەمیان یاسای ھەیئەی حەشدی شعبی
دووەمیان یاسای دادگای فیدراڵی
لەم دوو یاسایەدا کوردەکان پەرتەوازەیی تەواویان پێوە دیار بوو نامتمانەیی وایکرد کە بەسەر دوو بەرەدا دابەش ببن، لەدیدگای دوورەوە تەماشای بابەتەکان نەکران، بەڵکو تەنھا لەسەر بنەمای دژایەتی یەکتری و دەستکەوتی شەخسی بۆ ھەندیک کەس بڕیاریان لەسەر درا، بەحوکمی نەبوونی هەڵسەنگاندنی بێلایەنانەو باش نەخوێندنەوەی مەوقیفەکان هەموو ئەو هەڵانە پەردەیان بەسەردا دراون و هیچ کەس و لایەنێک خۆی بەهەڵە نەزانێ و عاقیبەتیش بێ بەخۆدا چونەوەوە بگوزەرێ، کە یاسای ھەیئەی حشدی شعبی لەپەرلەمان خوێندنەوەی بۆ کراوە زۆر لایەن ھەستیان بەمەترسی دروستکردنی ئەو ھەیئەیە کردووەو دژی وەستاونەتەوە، دوای سەرھەڵدانی رێکخراوی داعش و لەدەستدانی نیوەی خاکی عیراق و شکستی سوپای عیراقی، لەسەر فەتوای سیستانی لە (١٣/٦/٢٠١٤) خۆبەخشێکی زۆر چەکیان ھەڵگرت و بەرەو مەیدانی جەنگ رۆشتن.
ئەمان لەچوارچیوەی سرایاو کەتیبەو گروپدا رێکخران و ھەریەکەیان ناوێکی ھەڵگرت، ژمارەی ئەم سرایاو کەتیبانە زیاتر لە ٨٠ دەبێت، بەپێی ھەیکەلی حشدی شعبی ئەمان ھەموویان لەچوارچێوەی مەنزومەی ئەمنی عیراقیدان و سەر بەحکومەت و سەرۆکی یەکەمی ئەم موئەسەسەی سەرۆک وەزیران دەبێت، ھەموو ساڵێک بە ملیۆنەھا دولار لەیاسای بودجە بۆ ئەم ھەیئەیە تەرخاندەکرێت.
بێگومان ئەم ھەموو سەرایاو کەتائیبانە ھەریەکە سەر بەلایەن یان وڵاتێکەو ئەجێندایەک جێبەجێ دەکات. حکومەتی عیراقی و سەرۆک وەزیران بەھیچ شێوەیەک دەسەڵاتیان بەسەر ئەم ھێزەوە نییە. مەترسی دروستبوونی ئەم ھێزە لای ھەمووان روون و ئاشکرا بوو. گەر کورد یەکڕیز بوایە دەتوانرا ھێزی لەبەرانبەر دەنگدان بەحەشدی شەعبی بەھەمانشێوە ھێزی پێشمەرگەش بەیاسا رێکبخرایەو دانی پێدا بنرایە، ھێزە کوردییەکان ھەندێکیان بایکۆتی دانیشتنی پەرلەمانیان کردو ھەندێکیان ئامادەی دانیشتنەکە بوون، بەڵام بەدژ دەنگیانداو ھەندێکیان لەگەڵ یاساکە بوون، ئەم پەرتەوازەییە بووە ھۆی ئەوەی کە کورد بەبێ ھیچ دەستکەوتێک دەنگیدا بەھەیئەیەک کە ئێستاو ئایندە مەترسی لەسەر ئەزموونی هەرێمی کوردستان ھەیە، ئەوانەی دەنگیان بەم یاسایەدا شەرمەزاری ئایندەو نەوەکانمانن، یاسای دادگای فیدراڵی بەھەمانشێوەو ھەمان میکانیزم کاری لەسەر کرا. بیر لەوە نەکرایەوە کە ئەم یاسایە بۆ باڵاترین موئەسەسەی دەوڵەتەو بۆ دەیان ساڵی ئایندەیەو بۆ نەوەی نەوەکانمانە.
لەسەر بنەمای دژایەتی کردنی یەکتری خراپترین یاسا ھەموار کرایەوە. بەشێک لەئێمەی یەکێتییەکان دەنگمان پێی نەدا لەگەڵ ئەوەی لەلایەن حزبەوە ئاگادارکرابووینەوە کە لەگەڵ یاساکە بین.
پەرتەوازەیی لایەنەکان بەشێوەیەک بوو کە ھەرکەسەو بەویژدانی خۆی دەنگیدا.
لەم یاسایەدا پارتی دژ بوو.
ناوی ھەرێمی کوردستان لەباڵاترین موئەسەسەی دەوڵەتدا سڕایەوە. بەداخەوە کە دووبارە ململانێی ناتەندروستی حزبیی بووەھۆی لەدەستدانی ناوی ھەرێمی کوردستان لەم یاسایەدا.
ئێستاش کە پرۆژە یاسای پشوو و بۆنە رەسمی و نەتەوەییەکانی عیراق ھاتۆتە پەلەمانەوە وا بڕیارە رۆژی دامەزراندنی ھەیئەی حشدی شەعبی رۆژیکی بۆ دەستنیشان بکرێت. دڵنیام گەر ھەموو کورد کۆکبێت لەسەر ڕۆژێک و رۆژی پێشمەرگە، ئەوا دەتوانرێت رۆژێکی بۆ دیاریبکرێت. بەڵام دڵنیام کە ھەرگیز لەسەردەستنیشان کردنی رۆژێک کۆک نابین.
ساڵانێکی زۆرە پرۆژە یاسای رۆژی پێشمەرگە لەپەرلەمانی ھەرێمەو نەتوانراوە کۆدەنگی بۆ بەروارێک بەدەستبھێنرێت بێگومان لەپەرلەمانی عیراقیش بەھەمانشێوە دەبێت.
ئیتر ئاوا بەو شێوەیە هەموویشی لەسەری زمان و لەژێر زمانی قەوانی یەکڕیزبوون ئەڵێن. یەکڕیزبوون بەر لەهەموو شتێک بۆ ئەوەی دروست ببێت یەک هەوێنیی دەوێت، کە ئەویش بەبڕوای من متمانەو سیقە بەخۆبەستن و بەهاوزمان و هاونەتەوە بەستنیشە.
ئێستا کە ئێمە بەرەو ھەڵبژاردن ھەنگاو دەنێین ھاوپەیمانێتی حزب و لایەنەکان زۆر گرنگەو ھەروەھا لێک نزیکبوونەوەی حزبەکان و لێکتێگەیشتنی زیاتر.
دەبێت ئێمە ئەوە بزانین کە ئایندەی ھەرێم و بەردەوامبوونی قەوارەکەمان وابەستەیە بەلێکتێگەیشتنی ھەموو حزبەکان و وازھێنان لەھێرشکردنە سەریەکتری و تەخوین کردنی یەکتری، ستراتیجیەتێکی دوورمەودا پێکەوە داڕێرێژین، بەرژەوەندی باڵای گەلەکەمان کۆمانبکاتەوە، سیاسەت بە مەنتق و عەقڵ و ستراتیجیەت دەکرێت، نەک بەدژایەتی و لەقینی یەکتری و سۆشیال میدیاو لایکی فەیسبووک، بۆ ئەمەش یەکێتی ھەنگاوی باشی ناوە.