مستەفا محەمەد

هەڵبژاردنی پێشوەختەو ئەگەری گۆڕانکارییەکان

  2021-08-07 17:28      350 جار بینراوە        کۆمێنت

هەڵبژاردنی پێشوەختی عیراق لەژێر گوشار و پێشمەرجی ناڕەزاییەکانی شەقامی عیراق و دەنگە ناڕازیەکاندا بڕیاری لەبارەوە دراو و تاڕادەیەکیش توانی شەقام لەهەڵکشانی توڕەبوونی زیاتر دەرباز بکات و بەجۆرێک وەک دەرفەتێک ببیندرێ بۆ راستکردنەوەی کەموکووڕییەکانی حکومڕانیی عیراق، کە کابینە جیاوازەکانی لەدوای پڕۆسەی ئازادیی عیراقەوە بەسەر وڵاتدا هێناویانە و ساڵ لەدوای ساڵیش ئاستی نادادی و خراپ بەکارهێنانی دەسەڵات باڵاتر دەبێ.

پێشبینی کردن بۆ کردنی یا دواخستنی بۆ کات و وادەی خۆی، گرنگ نییە هێندەی ئەوەی کە ئایە ئەم هەڵبژاردنە هەنگاوی راست و دروستی دوای بەئەنجام گەیشتنی سازێنراوە و دەتوانێ عیراق رووە و قۆناغی گەشەی سیاسی و ئابووریی و بوژاندنەوەی ژێرخان گوزەر پێ بکا؟ یان وەڵامی ئەو پرسیارە وەدەست بخەی کە هەر بەڕاست ئەو هەڵبژاردنە دەبێتە مایەی سەقامگیریی سیاسی و دوورخستنەوەی دەستی دەرەکی و وڵاتانی دەوروبەر کە هەمیشە بەربەستی پێشڕەویی و نەشونمای لەسەرپێ وەستانی بوون؟ بێگومان هەڵبژاردن بۆ گۆڕانکارییە و ئەو گۆڕانکاریانەش لەئەدای کاری پەرلەمانی و پێکهاتنی کابینەی نوێ کاتێک دەستەبەر دەبێ، هێز و لایەنی سیاسی و قەوارەی بەهێزی ئەوتۆ کە توانای تێپەڕاندنی قەیرانەکانی ببێ، لەدایک ببێ ، لێ لەم دەورانەی ئێستادا وێنەکە روونە کە هێشتا هیچ سیما و روخسارێکی نوێ ، یان حزب و قەوارەیەکی فریادڕەس بەدی ناکرێ و ئەوەی هەیە هەر هەمان بیر و ئایدۆلۆژیای پێشووە کە دەیەوێ تەحەکوم بە ئاییندەی ئەم وڵاتەوە بکا و بەرنامە و ئەجنداکەشی دوور لەشەقامی عیراقی هەر وڵاتانی دراوسێ و هێزە باڵادەستەکانی ناوچەکە داڕێژەری بن. ئەوەی هەیە بەڵێنی حکومەت و هەرسێ سەرۆکایەتیەکەیە بۆ سوور بوونیان للەسەر بەڕێوەچوونی هەڵبژاردنەکە دەنا لە ئەرزی واقیعدا کردن و دواخستنی هیچ لەمەسەلەکە ناگۆڕێ، چونکە لەئەسڵدا تەنها لەجوغزی گوتاردا وتراوە، بەڵام بەدیهێنانی گۆڕانکاریی ریشەیی و چاکسازیی لە سێکتەرە جیاوازەکاندا خۆزگەیەکی بەدینەهاتووە، رۆژانە دەبینین لە جیاتی باشتر بوونی رەوشی ژیان و گوزەرانی هاووڵاتیان لە تەواوی عیراقدا بە هەرێمیشەوە لەخراپ بۆ خراپتر دەگوێزرێتەوە، گرفتە بنچینەییەکانی ئاو و کارەبا و بێ دەربەستی لە چارەکردنی سێکتەرەکانی تەندروستی و پەروەردە و زۆر بواری تری خزمەتگوزاریی هەر درێژەی هەیە، ئەم رەشبینییەی کە لەناو هێز و قەوارە سیاسیەکاندا هەیە بۆ ئەم هەڵبژاردنە، تەنها یەک ترس رێگرە لە دواخستنی ئەویش ناڕەزایەتییەکانی شەقامە، دەنا لەبنەڕەتدا زۆرینەی لایەنە سیاسیەکان بە کوردیشەوە لەگەڵیدا نین، هەربۆیە پێم وایە لەگەڵ نزیک بوونەوەی وادەی بانگەشەی هەڵبژاردنیشدا هێشتا دەبێ چاوەڕوانی کشانەوەی حزب و قەوارەی تر بین، ئەوکات سووربوون لەسەر بەڕێوەچوونی هەڵبژاردن بەبێ بەشداری کردنی هەمووان دەبێتە بەڵای دوای ئەنجامەکانی هەڵبژاردن و دوور نابێ ئەو هێز و قەوارە سیاسیانە کە زۆرێکیان میلیشیای چەکداریان هەیە لەهەمان بۆشایی سیاسیدا چارەنووسی عیراق وەرچەرخێنن بەجۆرێک بەرفرەبوونی ناڕەزاییەکان و دووبارە جووڵاندنەوەی شەقام هەمان ئەنجامی پێش سەردەمی هەڵبژاردنمان بۆ نمایش بکەنەوە.

وتاری زیاتر





ئیرادەی کوردانە، یان سەپاندن‬ مستەفا محەمەد
2022-01-29 18:23      121 جار بینراوە








عیراق وەک ئەفغانستانی لێدێت؟‬ مستەفا محەمەد
2021-08-19 10:56      161 جار بینراوە


















نوێترین هەواڵەکان

بیروڕا

گەلەری

کەشو هەوا

زۆرترین سەردانکراو