رۆژانی رابوردوو بەخێزانیی بۆ ماوەی هەفتەیەک لە سەقەلیەو شاری پەلێرمۆ بووین. هاوسەرەکەم کۆنفرانسێکی سێ رۆژەی هەبوو لەبواری زمان و ئەدەبی ئەڵمانیدا. ئەو ئێوارەیە کە لە ڤێرۆناوە بەفڕۆکە رۆشتین بۆ پەلێرمۆ کەمێک گەرم بوو. کە گەشتین تاریک داهاتبوو، بەڵام گەرماکەی وەک لای خۆمان وەهابوو.
چەند ساڵێک لەمەوپێش ئافرەتێکی رۆح سوک لە پالێرمۆوە هات بۆ ئەوەی لەماڵمان کاری دایەنی بکات، خێزانەکەی لە پەلێرمۆ B&B یان هەیە، شوینی نووستن و نانی بەیانی، ئێمە ئەو چەند رۆژە لەوێ ماینەوە.
پەلێرمۆ وەها ناسراوە کە جێگای مافیایە. لەڕاستیدا مافیا سەقەلییەکان لەچەند گوندێکی دەرەوەی سەقەلیە سەریانهەڵدا. ناوچەیەکی شاخاوی بەردەڵان کە پۆلیس بەئاسانی نەیدەتوانی دەستی پێیان بگات. پەلێرمۆ، وەک شارەداری شارەکە لەکۆنفرانسەکە وتی، شارێکی تەواو ئەوروپی نییە، لەنێوان ئەفریقاو ئەوروپادایە. بۆ من رێکردن بە پالێرمۆدا وەک بەغدا وەهابوو، شارێکی پڕ زبڵ و خاشاک، بۆگەن، بێ شۆستە. لەهەر کوێشدا شۆستە هەبێت ئۆتۆمبیلێکی لەسەر وەستێنراوە، هەرچەندە ئەم دیاردەیە لە ڕۆماش بڵاوە. لەدوو شەوی یەکەمدا، گوێمان لە تەقەی فیشەک دەبوو بەشەوان.
پارادۆکسی ئیتالیا تەنها لە ئەوەدا نییە کە باشووری وەک وڵاتێکی جیهانی سێ وەهایەو باکووری یەکێکە لەناوچە هەرە دەوڵەمەندەکانی دونیا. بەڵام رامان لە ئیتالیاو گفتوگۆ لەگەڵ ئیتالییەکاندا ئەو موفارەقەیەی لەلا دروستکردم، چۆن کۆمەڵگایەک هێندە چالاک لەڕوی سیاسی و کەلتووریی و شارستانییەوە؛ هێندە پڕ لەقەیران و بێ حکومەتیی و هەژارییە؟ زۆرجار کاتێک رەخنەی وڵاتێکی دونیای سێ دەکرێت: هەمیشە ئاماژە بەئەوە دەدرێت کە مێژووی سیاسییان کورتە، نوخبەیان لاوازە، سیستەمی خوێندنیان خراپە، کەلتووریان نادیموکراسییە. بەڵام ئیتالیا هەموو ئەمانەی بەباشی هەیە. سیستەمی خوێندنی ئیتالی هێشتا ئامانجی دروستکردنی هاووڵاتییە، نەک کارمەندی کارا. کەم سەردەم هەبووە ئیتالیا چەندین بیرمەندو رۆشنبیری لەئاستی جیهاندا نەبێت. بەڵام ئیتالیا هەمیشە پڕ لەقەیرانە.
ئایا ئەم پارادۆکسە جەخت لە سەر ئەوە دەکاتەوە کە ئەوە کۆمەڵگای مەدەنی و هاووڵاتی و نوخبە نییە کە کۆمەڵگایەکی سەقامگیرو خۆشگوزەران دروستدەکات، بەڵکو حکومدارییەکی باشە. رەنگە ئەم ئارگومێنتە نزیک بێت لەو ئارگومێنتە بەناوبانگەی سامۆئێک هەنتنگتۆن کە دەڵێت ئەوەی پێویستە نیزام-ئۆردەرە، نەک ئازادی. هەرچەندە ئەم دیدە بۆ ماوەیەکی زۆر قیبلەنومای نوخبەی واشنتۆن بوو و دونیا زیانی گەورەی لێکرد. هەروەها منیش لەگەڵ دیدەکەدا تەبانیم. بەڵام ئەوەی گومانی نییە، گرنگی و بایەخی حکومدارییە لەژیانی گشتیدا.