ئیدارە بوارێكی تاك تایبەتمەندی نییە وەك زانستی فیزیك و كیمیا و پزیشكی و ئەوانی تر، یان وەك كەرتی پیشەسازی و كشتوكاڵ و خزمەتگوزارییە هەمەجۆرەكانی تر، بەڵكو بوارێكی گشتییە و هەموو بوار و پسپۆڕی و كەرتەكان لە رێكخستنی كارەكانیان و باشتركردنی ئەدائیان و دەستەبەركردنی ئامانجەكانیان پێویستیی زۆریان پێی هەیە.
ئیدارە سێ تەوەری سەرەكی و تەواوكاری هەیە، هەموو دامەزراوەیەكی بوارە هەمەجۆرەكان پێویستییان پێی دەبێت. هەر تەوەرە و چەند لقێكی لێ دەبێتەوە كە ئەركی تایبەت بە خۆیان هەیە، پێدراوی تایبەتی خۆی هەیە. تەوەری یەكەمیان بە وەزیفەوە پەیوەستە، كە دەبێ ئیدارە كار لەسەر راپەڕاندنیان بكات، دووەمیان بە دەرامەتەوە پەیوەستە كە لە راییكردنی كارەكانی یەكەمدا بەكاردەهێنرێن، تەوەری سێیەمیشی بایەخ بە ئاستی ئەدائی راپەڕاندنی وەزیفەی كاركردنەكە دەدات.
لە وەزیفەی بەشكردنی كاردا
لە تەوەری وەزیفەدا، ئیدارە پێنج وەزیفەی سەرەكی هەیە، ئەوانیش: پلاندانان و رێكخستن و ئاراستەكردنی و بەشكردنی كار و كۆنتڕۆڵكردنە. لە تەوەری دەرامەتدا، چوار دەرامەتی سەرەكی هەیە كە لە راپەڕاندنی وەزیفەكاندا بەگەڕدەخرێن، ئەوانیش: دەرامەتی مرۆیی و دارایی و تەكنەلۆجی و سروشتییە. لە تەوەری ئەدائی كاركردندا سێ پێوەری سەرەكیی هەیە، ئەوانیش: كارایی لە راپەڕاندنی وەزیفەكان و لێهاتوویی لە دەستەبەركردنی كارایی پێویست و رەشاقەت لە بڕیاردان لە كاتی خۆیدا. جێی خۆیەتی لێرەدا ئاماژە بۆ ئیدارەی دامەزراوەی گەورە بكەین، كە سێ ئاستی تەواوكاری یەكتر دەگرێتەوە، ئەوانیش: ئیدارەی باڵا لەسەر ئاستی دامەزراوە گەورەكە، ئیدارەی مامناوەند لەسەر ئاستە باڵەكانی ئەو دامەزراوە گەورەیە و ئیدارەی خواروو لەسەر ئاستی ئەو بەشانەی بە باڵاكانەوە گرێدراون، دەشی ئاستەكانی دامەزراوە گەورەكان لەوانەش زیاتر بێت.
لەم نووسینەدا، لە بەردەم ئەو بەرپرسە ئیدارییەداین كە سەركردایەتی راپەڕاندنی وەزیفە سەرەكییەكانی دامەزراوەكەی دەكات، لە رێگەی ئەو دەرامەتە هەمەجۆرەی لەبەردەستیدایە. لە وەزیفەی پلانداناندا، سەركردەی ئیداری ئەو تێڕوانین و ئامانجانەی دامەزراوە دایڕشتووە لەبەرچاو دەگرێت، هەروەها ئەو رێگەی پێویستە بۆ گەیشتن بە ئامانجەكانی پێیدا تێپەڕبێت، بیگرێتەبەر. لە وەزیفەی ئاراستەكردندا، پرسی كاراكردنی كاركردنی لە بەردەمدا قوت دەبێتەوە كە دەبێ بەپێی پلان و دەستەبەركردنی ئامانجەكان بەڕێوەی ببات. لە وەزیفەی بەشكردنی كاردا، پرسی دەستنیشانكردنی كەسی شیاو لە شوێنی شیاو و پێكهێنانی تیمی كاركردنی گونجاو و بەتوانا بۆ ئەنجامدانی كار دێتەپێش. لە دوایین وەزیفە، كە كۆنترۆڵكردنە، پرسی هەڵسەنگاندن و پێوانەكردنی ئەدائی كاركردن دەردەكەوێت، هەروەها دەرخستنی لایەنە بەهێز و لاوازەكانی كاركردنەكەیە، چاوخشاندنەوە بە پلانی بەڕێوەچوونی كار و رێكخستنی بەو ئاراستەی كە بۆ دەستەبەركردنی ئامانجەكانی پلانی دامەزراوەكە پێویستە، بكرێت، هەروەها لە وەزیفەی كۆنترۆڵكردندا، پرسی وەڵامدانەوەی گۆڕانكارییەكان و هەمواركردنی پلان یان دووبارە داڕشتنەوەی تا لەگەڵ گۆڕانكارییەكاندا بێتەوە، دێتەپێش.
داهێنان و ئەفراندن بكات
ئەوەی لەو وەزیفە ئیدارییانەی سەرەوە تێبینی دەكرێت، دوو لایەنی سەرەكی هەیە، یەكەمیان راپەڕاندنی ئەو چالاكییانەیە كە زامنی باش بەڕێوەچوونی كاری دامەزراوە بەپێی رەوشی ئێستا و پلانە داڕێژراوەكان دەكات، دووەمیان، هەوڵی پەرەدان بە رەوشی ئێستا دەكات بە دووبارە داڕشتنەوەی پلانیشەوە تا وەڵامی گۆڕانكارییەكان بداتەوە، وێڕای ئەوەی بەدوای بۆچوونی ناوازەدا دەگەڕێ تا دامەزراوە بباتە ئاستێكی پێشكەوتووەوە. یەكەمیان بەردەوامی كاری دامەزراوە بەو رێگەی هەیە دەكات و دووەمیشیان بەرەو ئایندەیەكی باشتر پەرەی پێدەدات و پێگەی كێبڕكێی دامەزراوە بەهێزتر دەكات، بێگومان ئەمە رێك ئەوەیە كە دامەزراوەكانی ئەم سەردەمە پێویستیان پێیەتی، بەتایبەتی كە لە بەردەم ئەو تەحەدا خێرایەی مەعریفەدان كە رووبەڕووی هەمووان دەبێتەوە.
لە روانگەی ئەوەی سەرەوە، یەكەمیان بە ئێستا ناو دەبەین و دووەمیشیان بە ئایندە ناو دەبەین. بێگومان سەركردەی ئیداریی بەرپرس دەبێ بایەخ بە هەردوو لاكە بدات، چونكە هەردووكیان گرنگن و ناكرێ بۆ یەكێكیان دەستبەرداری ئەویتریان ببین. پێویستە دامەزراوە لە میانی كاركردنی بە شێوەیەكی دروست بایەخ بە ئێستای بدات، هەروەها پێویستە لە میانی وەڵامدانەوە و هەنگاونان لەگەڵ گۆڕانكاری و پێشهاتەكان بایەخ بە ئایندەشی بدات، بۆ زامنكردنی ئایندەی، پلانەكانی هەموار بكاتەوە یان دایبڕێژێتەوە، داهێنان و ئەفراندن بكات و هەوڵی بەدەستهێنانی پێشەنگی لە پێدانی پێدراوی بێ پێشینە بدات. بەڵام لە دەستەبەركردنی ئەوانەدا كێشەیەك هەیە، كە لێرەدا دەیخەینەڕوو.
كێشەی كێبڕكێ لە كاتی فەراهەم بوونی بەرپرسی ئیداریدایە كە دەكەوێتە نێوان پێداویستییەكانی ئێستا و پێداویستییەكانی ئایندە. ئەگەر لە پێداویستییەكانی ئێستا بڕوانین، چوار خەسڵەتی سەرەكی هەیە، خەسڵەتی یەكەمیان لەو پێداویستییە سەرەكییانەدا كورت دەبێتەوە، كە بنەمای بوونی دامەزراوەیە، خەسڵەتی دووەمیشیان بە حەقیقەتی كاری روون و ئاسایی پێداویستییەكانی ئێستاوە پەیوەستە. سێیەمیشیان دوای ئەوانە كە زۆربەی دەرامەتەكانی دامەزراوە بە شێوەیەكی سەرەكی بۆ بەڕێكردنی پێداویستییەكانی ئێستا تەرخان كراون، رەنگە هەندێكیشی بۆ ئایندە دانرابێت، پاشان خەسڵەتی چوارەم دەردەكەوێت، كە تێبینی دەكرێت كە كاری ئێستا زەرورە و هیچ دواخستنێك قبوڵ ناكات، كە هەموو كاتی بەرپرسی ئیداری دەبات، یان لانیكەم زۆربەی كاتەكەی دەبات، لەمەوە تەنیا بەشێكی كەمی بۆ ئامادەسازیی پێداویستییەكانی ئایندە تەرخان دەكات.
دەبنە تەواوكاری یەكتر
لێرەدا پرسیارێك دێتە پێش، بەوەی لەم بارەوە چی بكرێت، بەر لە وەڵامدانەوەی ئەو پرسیارە، پێویستە تێبینی ئەوە بكەین كە رۆڵی بەرپرسی ئیداری پێكەوە ئیدارەدانی ئەو كارانەیە كە بە پێداویستیی هەردوو لایەنی ئێستا و ئایندەوە هەیە، بڕیاری پێویستی لەبارەوە بدرێت كە بە بوونی زانیاری و داتا لەسەر هەردووكیان پشت ئەستور بێت. ئەگەر ئێستای دامەزراوە دەرامەتی زۆری لەبەردەستدا بێت، ئەوا زانیارییەكانی زانراوە و لەسەر ئەو بنچینەیەوە ئاسانكاری بۆ بڕیاردان دەكات. ئەگەر بمانەوێ ئەمە بۆ ئایندە بكەین، وا دەخوازێت دەرامەتی پێویستی بۆ فەراهەم بكەین.
بێگومان پێداویستیی ئایندە لە پێداویستییەكانی ئێستا جیاوازە، بەڵام دەبنە تەواوكاری یەكتر. لە پێداویستییەكانی ئایندەدا هزرێك دەبینرێ كە ئێستا لەخۆ دەگرێت و هەڵی دەسەنگێنێت و ئایندە دەخوێنێتەوە و چاودێریی گۆڕاوەكانی دەكات و ئاواتەكانی دیاری دەكات و نەخشە رێگای دەستەبەركردنی دادەڕێژێت. راستە دەرامەتە مادییە فەراهەمبووەكان بۆ داڕشتنی پلانی ئایندە سنوردارە، بەڵام پێداویستییەكانی خەرجیی لەسەر كاروانی ئایندە زۆر بێت. بڕیاردان تێیدا، بڕیاردانی وەبەرهێنانە كە سەركەوتنی بە كارایی هزری هەڵسەنگاندن و پلان بۆ دەستەبەركردنی ئاواتەكانەوە پەیوەستە، هەروەها بەهۆی شارەزاییەكەیەوە بە باشی وەڵامی گۆڕاوەكان دەداتەوە.
لە سۆنگەی ئەمەوە، پێویستە هەر دامەزراوەیەك یەكەی بیركردنەوە و پلان و بایەخدان بە كاروباری ئایندەی خۆی هەبێت، تا زانیاری و بیرۆكە و پلانی پێشوەختەی پێویست بە بەرپرسی ئیداری بدات بۆ ئەوەی بڕیاری دروست لەمەڕ ئایندەی دامەزراوەكەی بدات و بەرەو پێشی ببات.
* سەرۆكی مونتەدای ئابووریی كوردستان