ئێران و ئەمریکا لەسەر سێ پرس بەناڕاستەوخۆیی لە دانوستاندان. پرسەکان بریتین لەچەکی ئەتۆمی، رۆکێتی پالیستی لەگەڵ هاوکاریی ئێران بۆ میلیشیاکان لەدەرەوەی ئێران. ئێران تەنها دەیەوت لەسەر پرسی پیتاندنی ئەتۆمی دانوستان بکات، بەڵام ئەمریکا لەژێر فشاری کۆمارییەکان و ئیسرائیل و وڵاتانی کەنداو، دەیەوێت ئەو دوو پرسەی تریشی بۆ زیاد بکات، بەڵام پێش ئەوەی ئێران هەر زیادەکردنێک قبوڵ بکات، دوودڵ و پڕ لەگومانە لەدانوستان لەگەڵ ئەمریکادا. هۆکاری هەرە سەرەکی ئەم گومانەش پەیوەستە بەدۆخی سیاسی ئەمریکاوە. ئێرانییەکان وەها دەبینن کە ئەگەر هاتوو لەگەڵ بایدندا رێککەوتن، پرۆسەی رێککەوتنەکە هیچ نەبێ ساڵێکی دەوێت. ئەگەر هاتوو بایدن تەنها یەک خول سەرۆک بوو، لەهەڵبژاردنی داهاتوودا کۆمارییەکان هاتنەوە، ئەوا ئەگەری زۆرە رێککەوتنەکە هەڵبوەشێننەوە، چونکە ترەمپ بەهەڵوەشانەوەی رێککەوتنەکە لە٢٠١٨، پرسی هەڵوەشانەوەی کردە بەشێک لەخواست و ئامانجەکانی کۆمارییەکان و هەروەها هاوەڵەکانی. بەم پێییە ئێران لەوە نیگەرانە کە رەنگە رێککەوتن هیچ سوودێکی نەبێت کاتێک تەنها بۆ چەند ساڵێکی کەمەو لەئەنجامدا ئێران هێندە سوودی لێنابینت.
ئەوەی ئێرانییەکان هەوڵی بۆ ئەدەن بەدەستهێنانی جۆرێک لەدڵنیاییە، بەڵام بەدەستهێنانی دڵنیایی لەناو کایەی دیموکراسیدا بەگشتی کارێکی ئەستەمە، چونکە چ لەقۆناغی کەمپەین و چ لەقۆناغی بەڕێوەبردندا، رووداو لەگەڵ دۆخی ساتەوەختەکە بڕیار لەسەر ئاراستەی کارەکان دەدەن.
ئەوەی ئێرانییەکان هەوڵی بۆ ئەدەن، بەڵام هێشتا نەیانگوتووە، بەدەستهێنانی رەزامەندی فەرمی کۆنگرێسە بۆ ڕێککەوتنەکەیان لەگەڵ ئەمریکادا. ئەمەش نە بایدن خواستی هەیەو نە لەکۆنگریسێکی جەمسەرگیری ئێستادا فەراهەم دەبێت. لەڕاستیدا بایدن ناتوانێت ئەم پرسە بوروژێنێت لەکۆنگریس هەتا پاش هەڵبژاردنی مید-تێرم. مید-تێرم ئەو هەڵبژاردنە ناوەندییە کە ساڵی داهاتوو بۆ بەشێک لەکورسییەکانی کۆنگرێس دەکرێت. ئەگەر هاتوو جارێکی تر کۆمارییەکان بوون بەزۆرینە، ئەوا رێککەوتن لەکۆنگرێس مەحاڵ دەبێت.
ئەوەی وەها لە بایدن دەکات کە ئەم پرسە گەورە نەکات، ئەوەیە بایدن نایەوێت لەپرسێکی وەک پرسی ئێران، کە هێندە ستراتیژی نییە، کۆنگرێس بکات بەنەیاری خۆی، چونکە پێویستی بەکۆنگریسە بۆ ئەو چاکسازییانەی کە لەناوەوە دەیەوێت بیکات.
دیارە ئێران لەپلەی پێنجەمیندایە لەپرسە ستراتیژییەکان بۆ ئیدارەی بایدن. هۆکاری بوونی ئەم پرسە لەپلەی پێنجدا، ئەوەیە کە ئەمریکا بەگشتی نایەوێت پرسی ئێران ببێت بەپرسێکی گەورە لەناوچەکەداو ئەمریکا ناچار بکات جارێکی تر رۆژهەڵاتی ناوەڕاست بکاتەوە بەپرسێکی سەرەکی.
ئەم دۆخە ئاڵۆزەو ئەم دانوستانە لەرزۆکە چیمان پێدەڵێت؟
وەک دەردەکەوێت ئامانجی بایدن ئەوەنییە کەبگاتە رێککەوتن لەگەڵ ئێراندا، هێندە ئەوەیە کە چۆن ئێران نەبێتە هۆکاری هاتنەوەی ئەمریکا بەچڕی بۆ ناوچەکە. بەزانینی ئەم ستراتیژە، دەگەین بەو دەرئەنجامەی کە بەلای ئیدارەی بایدنەوە کێشە نییە ئەگەر دانیشتنەکان درێژە بکێشین و ناو بەناو پچڕییان تێبکەوت. وەک دەزانین ئێستا رەوتی دانوستانەکان وەستاوە، هەتا ناوەڕاستی مانگی ئاب دەست پێناکاتەوە. لەهەمانکاتدا ناوەندە جیاوازەکانی ئێران پەیامی ئەوە دەنێرن کە نابێت دەستپێبکاتەوە. دیارە سەرۆکی هەڵبژێردراوی نوێی ئێران سێی مانگی ئاب دەستبەکار دەبێت. پاش دەستبەکاربوونی بەفەرمی بڕیار لەسەر ئەو پرسە دەدات. بەڵام راڕایی ئێرانییەکان وەهای لێدەکات کە بەحەماسەوە بەرەو رێککەوتنەکە نەڕۆن، بەتایبەتی ئەگەر بایدن سووربێت لەسەر پرسی پالیستی لەپەیوەندی لەگەڵ میلیشیاکاندا.
دەستبەرداربوون لەو ئامرازنە بەلای حکومەت و دەسەڵاتدارانی ئێستای ئێرانەوە سەخت دەبێت، چونکە ئەوان ئەو ئامرازانە وەها دەبینن کە سەرچاوەی هێزو کاریگەرییانە لەناوچەکە. بۆیە ئەگەری هەیە لەفشاری ئەمریکا، ئەوان زیاتر جەخت لەسەر ئەو دوو بوارە بکەنەوە.
ئەم هۆکارەشە کە پاڵنەرە لەپشت چالاکی زۆری میلیشیاکان دژ بە ئەمریکا لەناوچەکە، بەتایبەتی عیراق. ئەو پەیامەی ئێران دەیەوێت بیگەیەنێت ئەوەیە کە ئەو میلیشیایانە دەتوانن ئەمریکا لەناوچەکە هەراسان بکەن و وەک چۆن تالیبان ئەمریکای لە ئەفغانستان ناچار بەکشانەوە کرد ئەوانیش هەمان کار بکەن. ئەم ئەگەری هەراسانکردنە، لەلایەن ئێرانییەکانەوە وەک کارتێکی فشار بەکاردێت بۆ سووککردنی داواکاریی و خواستەکانی ئەمریکا لەسەر ئێران.
ئەمریکاییەکان لەوەڵامدا هەوڵی بەکارهێنانی چەند ئامرازێک دەدەن. ئامرازی یەکەم، ئاماژەدان بەوەی کە دانوستانەکان ناکۆتا نین. هەرچەندە من گومانم هەیە لەوەی کە ئەمریکا لەدرێژەکشانی دانوستانەکاندا هیچ کێشەیەکی هەبێت. چونکە لەئێستادا کەسێکی وەک رۆبەرت مالی بۆ ئەو پرسە دیاریکراوەو حکومەتی ئەمریکی هێندە پێوە سەرقاڵ نییە.
ئامرازێکی تر کە ئەمریکاییەکان ئاماژە بەپەنابردن دەبەن بۆی سیاسەتی کۆنتەینمێنت یان ئیحتیوایە. ئەوەی دەرخەری پەنابردنە بۆ ئەم پرسە، هەوڵی ئێستای ئەمریکایە بۆ کەمکردنەوە یان وەستاندنی فرۆشی نەوتی ئێران بە چین. هەرچەندە وەک سەرچاوە تایبەتەکان ئاماژەی پێدەدەن، ئێران بە ناڕاستەوخۆ، لەڕێگای هەندێک وڵاتەوە، وەک عومان، مالیزیا، نەوت بە چین دەفرۆشێت، بەڵام پەنابردنی ئەمریکا بۆ ئەم رێگایە نیشانەی ئەوەیە کە ئەمریکا بیر لە ئیحتیوا دەکاتەوە. ئیحتیوا، کە نازانم وشەی گونجاو چییە لەکوریدا بۆی، پرۆسەیەکی درێژخایەنە. ئەمریکا سەردەمێکی زۆرە ئێران ئیحتیوا دەکات. لەسەردەمی کلینتۆندا هەردوو عیراق و ئێران پێکەوە ئیحتیوا کرابوون. هەندێک لەچاودێران دەڵێن لەکاتێکدا ئەمریکا دەیەوێت ئامادەبوونی راستەوخۆی لەناوچەکە لاوازبکات، ئەوا ئیحتیواکردنی ئێران ئاسان نابێت. بۆ نموونە بۆ ئەوەی ئێران دەورەبدەی و لەدونیا دایببڕیت، کە ئامانجی پرۆسەی ئیحتیوایە، ئەوا دەبێت ئەمریکا لە ئەفغانستان بوونی هەبێ، بەڵام وەک دەبینین ئەمریکا لەو وڵاتە دەکشێتەوە، لە عیراقیش هەتا ئێستا روون نییە کە دەیەوێ چی بکات، بەڵام ڕۆژانە لەژێر فشاری زیاتردایە بۆ کشانەوە. ئێستا کە عیراق و ئەمریکا لەدوا قۆناغی دانوستانیاندان، ئێران بە کازمی گوتووە کە دەبێت داوا لە ئەمریکا بکات کە هێزی شەڕکەری لە عیراق بکێشێتەوەو تەنها لۆجستی و راهێنانی لەوڵاتەکەدا بهێڵێتەوە.
ئەم پێشنیارە بەسوودی گەورەی میلیشیا دۆستەکانی ئێرانە لە عیراق. هەرچەندە هەندێک سەرچاوە جەخت لەسەر ئەوە
دەکەنەوە کە برێت مەکگۆرک پەیامی ئەوەی بە عیراقییەکان داوە، کە ئەمریکا قۆناغ قۆناغ بەتەواوی دەکشێتەوە.
رەنگە ئەو کشانەوەیەی کۆمپانیا نەوتییە رۆژئاواییەکان و جێگرتنەوەیان بەکۆمپانیای چینی سەرەداوی ئەوەمان پێبدات کە چ لەئاستی سەربازی و چ لەئاستی بازرگانی رۆژئاوا دەستبەرداری عیراق دەبێت.
ئایا عیراقێکی بێ ئەمریکا قازانجە بۆ ئێران؟ رەنگە لەئاستی ئاسایشیی و سەربازی بەسوود بێت. بەڵام عیراقی بێ ئەمریکا عیراقێکی داڕماوی هەژاری پڕ لەقەیران دەبێت. ئەمەش بەسوودی ئێران نییە.