لەدوای روخانی رژێمی پێشووەوە پاشان زاڵبوونی شیعەکان بەگوێرەی رێژە و پێکهاتە بەسەر کورسی دەسەڵاتدا، کێشەی نێوان سەرکردەکانی شیعەش رۆژ بەڕۆژ روو لە زیادبوونە.
لە بنەڕەتدا ململانێی هەندێک لەلایەنە شیعەکان، لەسەر سەرمایە کۆکردنەوە و دەسەڵات و هەژموونە و بەرگی ئایینی و مەزهەبیی شیعەیان کردووە بە بەریدا.
بۆ نموونە نوری مالکی یەکێک لە کەسایەتییە سیاسییە دیارەکانی شیعە بوو، بەڵام ساڵانێکە تیشک و هەژموونی رووی لە کزبوونە.
لە سەردەمی ئەودا زۆرترین تەقینەوە و وێرانکاریی هەبوو کە بە هەزاران هاووڵاتی تێیدا بوونە قوربانی، ئەمە جگە لە لەدەستدانی نیوەی خاکی عیراق لە جەنگ بەرامبەر رێکخراوی تێرۆریستی داعش و شکانی شکۆی حکومەت و سوپای عیراق، گەندەڵیش لەو سەردەمەدا بە رادەیەکی زۆر لەئارادابوو.
دروستکەری پاشاکان!
یەکێکی تر لە سەرکردە شیعەکان موقتەدا سەدرە، کە ئەستەمە بتوانرێت پرۆفایلێکی دیاری بۆ دروست بکرێت.
ئەم سەرکردەیە کە لای زۆرێک بە «دروستکەری پاشاکان» ناو دەبرێت واتە «صانع الملوك». را و بۆچوونی خۆی زوو زوو دەگۆڕێت. لەلایەک سەرۆک وەزیران و زۆربەی وەزیرەکانی کابینەی حکومەت دەستنیشان دەکات و لە حکومەتدا بەشدارە و لەلایەکی دیکەشەوە خۆی وەکو ئۆپۆزسیۆن پیشان دەدات.
هەرکات وەزیرکانی گەندەڵکار دەرچوون و دەسەڵاتی خۆیان خراپ بەکارهێنا، ئەوا خۆی لێیان بێبەری دەکات، وەک ئەوەی سەر بە رەوتەکەی ئەو نەبن.
ئاڵوگۆڕ رووە و حکومڕانیی راستەوخۆ
داوا دەکات دەسەڵاتی یاسایی بەرزترین دەسەڵات بێت، بەڵام خۆی دەسەڵاتی یاسای تایبەت بە خۆی هەیە. داوا دەکات چەک تەنها بەدەست حکومەتەوە بێت، کەچی خۆی خاوەنی گرووپێکی بەهێزی چەکدارە. سەرایا ئەلسەلام و جەیشی مەهدی و هی تریشی هەیە.
دوای بەشداریکردنی لە نوێژی هەینی ملیۆنی لە27/10/2020 لە شاری بەغدا و هەوڵدانی بۆ یەکخستنەوەی ماڵی شیعە کە ئاماژە بوون بۆ ئاڵوگۆڕێگی ریشەیی لە بۆچوونی موقتەدا سەدردا و هەوڵدانی بۆ گەیشتن بە کورسی دەسەڵات و حکومکردنی راستەوخۆی عیراق، ئەویش بە دانیشتن لەسەر کورسی سەرۆک وەزیران.
ساڵانێکە لە دوای دەسەڵاتی مالکییەوە، ئەوانەی پۆستی سەرۆک وەزیرانیان وەرگرتووە ناڕاستەوخۆ لە ژێر فەرمانی سەدردا بوون، بەڵام پێدەچوو کە چیتر نەیەوێت ناڕاستەوخۆ فەرمانڕەوایی بکات و دەیویست بۆ کابینەی داهاتووی عیراق راستەوخۆ خۆی لەسەر کورسی دەسەڵات دابنیشێت.
کورسی پێویست بۆ پێکهێنانی کابینە
ئەگەربێت و بەراوردێکی وردی بۆچوونەکان و هەڵسوکەوتی پڕ لە هەڵچوون و داچوونی ئەم سەرکردەیە بکەین، دەبینین کە عیراق بەرەو ئایندەیەکی نادیار هەنگاو دەنێت.
بۆ گەیشتنی بە پۆستی سەرۆک وەزیران پێویستی بە زۆرترین کورسی پەرلەمانە و بۆ ئەم مەبەستەش ژیرانە هەنگاوی ناوە لە رێگەی هەموارکردنەوەی یاسای هەڵبژاردن و دیاریکردنی سنووری بازنەکان لە بەرژەوەندیی خۆی بۆ بەدەستهێنانی زیاتر لە 100 کورسی پەرلەمان، هەروەک چۆن تا چەند مانگێک پێش ئیستا بانگەشەی بۆ دەکرد.
ئاماژەو هەنگاوەکانی بریتی بوون لە:
– بوونی جەماوەرێکی زۆری سەر بە رەوتی سەدر کە توانیی بەهۆیانەوە زۆرترین کورسی پەرلەمان بەدەستبهێنێت لە هەڵبژاردنەکەی 2018.
– کاریگەریی میدیاکانی رەوتەکەی و ئەوانەی لێوەی نزیکن کە دابەشکرابوون بەسەر چەندین بازنەدا.
– چڕی نیشتەجێ بوونی جەماوەری سەدر لە پارێزگای بەغدا کە 69 کاندید لە خۆدەگرێت لە 17 بازنەداو لە بەرامبەر جەماوەری لایەنەکانی تری شیعەدا کە دابەش و پەرتەوازەبوون بەسەر بازنەکانی هەڵبژاردندا.
– زاڵ بوونی سەرایا ئەلسەلامی باڵی چەکداریی سەدر لە بەشێکی زۆری پارێزگای بەغدادا بە تایبەتی لە ناوچەی رەسافە کە نۆ بازنەی هەڵبژاردن لەخۆدەگرێت.
–زۆریی لایەنگرانی سەدر لە نووسینگەکانی کۆمیسیۆنی هەڵبژاردنەکاندا.
–پێشبینیکردنی کەمیی بەشداریکردنی دەنگدەران بە شێوەیەکی گشتی و زیاتر و بەبەرنامە بەشداریکردنی لایەنگرانی سەدر لە پرۆسەی دەنگداندا کە دەبێتە هۆی بەدەستهێنانی ژمارەیەکی زیاتری کورسی پەرلەمان.
–نەبوونی رکابەرێکی بەهێز و رکابەریکردنی سەدر لەسەر بوون بە هێزی یەکەم.
بێگومان لەبەرامبەر ئەمانەشدا، هەندێک کێشە لەبەردەم خواستە نوێکانی موقتەدا سەدردا بەدی دەکرێت.
تۆراندن و تووڕەکردنی شەقام
لەدوای ئۆپەراسیونی گیان لەدەستدانی قاسم سلێمانی و ئەبو مەهدی موهەندیسەوە، موقتەدا سەدر هەوڵیدا ببێت بە پێشرەوی «مقاوەمەی عیراقی» دژ بە هێزی چەکداری ئەمریکا بۆ بەدەستهێنانی پاڵپشتیی ئێران. هەربۆیە کەوتە سەرکوتکردنی خۆپیشاندەران و دژایەتیکردنیان و ناوهێنانیان بە کۆمەڵێک گەنجی بێ هوشیاریی سیاسی و بێ توانای گۆڕانکاری و ناشیرینکردنی ناوبانگی خۆپیشاندەران و چالاکوانان و تۆمەتبارکردنیان بە دەستی دەرەکی و ئاژاوەگێڕی ناوخۆیی کاتێک بە «پلە صبیان لا وعی لهم ولا ورع تحاول تشویه سمعە الپوار والإصلاح والدین والمژهب مدعومە من قوی الشر الخارجیە ومن بعچ الشخصیات فی الداخل» ناوی بردن.
موقتەدا سەدر هەر زوو خۆی کرد بە پێشڕەوی شیعەکان و لە تویتێکدا لە مانگی 12ی 2020 بانگەشەی یەکخستنی ناوماڵی شیعەی کرد و ئیمزاکردنی دوو پەیماننامەی راگەیاند: یەکێکیان پەیمانی شەرەفی عەقائدی شیعی و ئەوەی تریان سیاسی.
ئەمەش بووە هۆی تووڕە کردنی شەقامی عیراقی و خۆپیشاندەران و ناوهێنانی موقتەدا وەکو کەسێکی تایفی و دژبە عیراقی فیدراڵ و هەر زوو دروشمەکانی ماڵی عیراقی لەلایەن خۆپیشاندەرانەوە لە گۆڕەپانەکان بەرز کرانەوە. ئەمەش بووە هۆی لەدەستدانی ئەو پێگە نەتەوەییە عیراقییەی ساڵانێکە موقتەدا کاری بۆ دەکرد و لە بەرامبەردا ناوهێنانی وەکو کەسێکی تایفی.
حزبەکان نەچوون بە دەنگییەوە
هیچ کام لە حزبە شیعەکان بەدەم داواکارییەکەی موقتەدا سەدرەوە نەچوون و ئامادەی ئیمزاکردنی هیچ پەیمانێک نەبوون.
لەگەڵ دەستپێکی وەرزی گەرما و نەبوونی کارەبا و بڵاوبوونەوەی گەندەڵییەکی زۆر لە وەزارەتی کارەبا کە وەزیرەکەی سەربە رەوتی سەدرە و پاشان ئاگرکەوتنەوە لە چەند نەخۆشخانە و دامەزراوەیەکی سەربە وەزارەتی تەندروستی کە ئەو وەزارەتەش هەر لە پشکی هەمان رەوتە، ئەمانە بوونە هۆی تووڕەبوونی شەقامی عیراقی لەو رەوتە.
بەخۆداچوونەوە و ئەگەرەکانی دوای سەرکەوتن
ئەم پێشهاتانە بوونەتە هۆی ئەوەی موقتەدا سەدر بە پلان و خواستی خۆیدا بچێتەوە.
لە ترسی بەدەستنەهێنانی ئەو ژمارە کورسییەی بەرنامەی بۆ دانابوو و دواتریش بەدەست نەهێنانی کورسی سەرۆک وەزیران و لە ترسی تۆڵە سەندنەوەی شەقام لەو جووڵانەی ئەم چەند مانگەی رابردوو، ئیدی بڕیاری بایکۆتکردنی هەڵبژاردنی داهاتووی دا.
هەرچەندە تا ئێستاش بە شێوەیەکی رەسمی نووسراوی ئاراستەی کۆمسیۆنی هەڵبژاردنەکان نەکردوە، کە ئەمەش خۆی لە خۆیدا جێی گومانە و بە تاکتیکێک ئەژمار دەکرێت بۆ دووبارە ئاشتبوونەوەی لەگەڵ رەوتی خۆپیشاندەرانی تشریندا.
بەڵام لە ئەگەری بردنەوەیدا لە هەڵبژاردنەکەدا ئەگەری زۆر هەیە و گومانی ئەوەش دەکرێت کە ئاڵوگۆڕی گەورە لە سیاسەت و یاساکانی عیراقدا بکات و وڵات زیاتر بەرەو بوون بە کۆمارێکی ئیسلامیی شیعەگەرایی ببات.