رۆژی دووشەمە کازمی لەکۆشکی سپی بایدن دەبینێت. پرسی سەرەکی ئامادەیی سوپای ئەمریکایە لە عیراق. هەتا ئێستا پلان وەهایە کە ئەو ٢٥٠٠ سەربازەی کە لە عیراقن، ناویان بگۆڕێت بۆ هێزی یارمەتیدەرو هەموو کارە هێرشکەریی و سەربازییەکانیان بوەستێنن و هاوکاری دەوڵەتی عیراقی بکەن لەشەڕی لەگەڵ داعشدا.
هەتا ئێستا روون نییە کە ئایا هەموو ئەو سەربازانە دەمێننەوە، یان ژمارەیان کەم دەکات؟ ئایا ئەم ناوگۆڕینە بەشێکە لەیاری بۆ کەمکردنەوەی فشاری میلیشیاکان و نەرمی نواندن بەرامبەر ئێران؟
میلیشیا وەلائییەکان زۆر توندن لەسەر ئەم پرسەو دژ بەڕۆڵی هاوکاریی و راوێژکاریی ئەمریکان لە دەربڕینەکانیاندا، بەڵام قسەی ئەوان هێندە سەنگی نییە.
هەندێک سەرچاوە دەڵێن کە مەکگۆرک ئەوەی بە عیراقییەکان راگەیاندووە کەئەوان قۆناغ بە قۆناغ دەکشێنەوە، هەندێکی تر دەڵین، ناکشێنەوە تەنها ناویان دەگۆڕن، هەندێکی تر دەڵێن هەموو ئەو سەربازانەی کەڕۆڵی کۆمبات شەڕکەریان دەبینی لەسەری ساڵدا دەکشێنەوە.
کازمی دەیەوێت ئێران و ئەمریکاو میلیشیاکان ڕازی بکات، هەریەکەیان بەرژەوەندی و ئەجیندای خۆی هەیە، لەکاتێکدا لەژێر فشاری هەموو ئەمانەدایە، بەڵام ئامانجی شەخسی ئەوەیە ببێتەوە بەسەرۆک وەزیران، پاش ئەوەی شکستی هێنا لەدروستکردنی حزب یان بەرە، ئەستەمە ئەم تڕەکەڵەکە سەربگرێت. عیراق بایەخی نەماوە، نە وەک سەرچاوەی نەوت نە وەک جیوپۆلەتیک، کۆمپانیا نەوتییە رۆژئاواییەکان دەکشێنەوە، سەربازەکانیش دەکشێنەوە. چین و ئێران و تورکیا دەبنە خاوەنی ئەم وڵاتە.