مەکگۆرک هات، مەکگۆرک نەهات. ئەم چاوەڕوانییە، چەندین رەهەندی کەلتووری و دەروونیی هەیە کە پەیوەندی کورد بە خۆی و زلهێزەکانەوە دیاری دەکات. مەکگۆرک لەکاتێکدا دێت، کە ماڵی کوردی لە ئەوپەڕی شپرزیدایە، بەڵام ئەم هاتنە تەنها هیوایەکە، کە بەتراویلکە تەواو دەبێت.
مەکگۆرک تارماییە، هەیەو نییە. ئەم تارماییە ئەو هێزە گەورەیەیە کە کورد چاوەڕێی دەکات، پێویستی پێیەتی، هەتا هەڕەشەی لێبکات، فشاری لێبکات، جەستەی برینداری سارێژبکات. مەکگۆرک بێت یان نا، هەمیشە لێرەیە، ئەو تەنها یەکێکە لەڕووخسارە زۆرەکانی ئەو تارماییە. جاران قاسم سلێمانیش بوو، ئێستا کەسانی تریشە.
کاتێک کورد حەز دەکات کە تارمایی زلهێزێک بێت بۆ ناو ماڵی شپرزی، دەرخەری گرێی خۆم بە کەمزانین و خۆ بە گەورەزانە لەهەمانکاتدا. زلهێزەکان گرنگی بە ئێمە دەدەن. ئێمە جێگای بایەخی زلهێزەکانین. ئێمە گەورەین بۆیە زلهێزک بایەخمان پێدەدات. ئێمەی بچووک نوێنەری گەورەترین هێز کێشە بچکۆلەکانمان چارەسەردەکات.
ئەمە کرۆکی خودێکی کۆلۆنیالکراوە. خودێک کە لەهەموو گوناهێکیدا بەدوای هێزێکی گەورەدا دەگەڕێت بۆ هۆکار، لەسەرهەڵدانی هەموو قەیرانێکە چاوەڕیی زلهێزێکە بێتە ناو ماڵی و چارەسەری بکات.
ئەم سفربوونی خودە مانای ترسە لەبوون، لە بەرپرسیارێتی، لە لێپرسینەوە. ئێمە کە دێینە ناو دونیاوە بەشوێن پێی کێدا دەڕۆین، ناچار دەکرێین بەشوێن پێی کێدا بڕۆین، حەز دەکەین بەشوێن پێی کێدا بڕۆین؟؟؟
مەکگۆرک کە نایەت هەر لێرەیە، چونکە ئەو تارماییە. کە دێت ئەو لێرە نییە، چونکە ئێمە وەک تارمایی و بان- مرۆڤ دەیبینین.
چەند گوناهین ئێمە کە دەستبازی و دڵداری لەگەڵ تارماییەکاندا دەکەین.