کە ئەم بابەتە دەنووسم، بەوتەی ئەمریکییەکان، ٩٠% سوپای ئەمریکی لە ئەفغانستان کشاوەتەوە. کشانەوەکە بەجۆرێکە کە هەندێک بەهەڵاتنی لەقەڵەم ئەدەن. بۆ نموونە چەند شەوێک لەمەوپێش سوپای ئەمریکی بەبێ ئاگاداری سوپای ئەفغانی بنکەو فڕۆکەخانەی باگرامیان جێهێشت، لەڕۆژبوونەوەودا سوپای ئەفغانی لێی بەئاگابووەوە. باگرام گەورەترین بنکەی سەربازی ئەمریکی بوو لە ئەو وڵاتە، ئەم کشانەوە چەندین مانای جیاوازی هەیە لەئاستی جیاوازدا، هەوڵدەدەم لێرەدا بەکورتی ئاماژەیان پێبدەم و پاشان ئەگەری کاریگەرییەکانی لەسەر ناوچەکە بخوێنمەوە.
سەرەتا ناوەوەی ئەمریکا
ئەمریکا پاش یانزەی سیپتەمبەر بۆ کۆمەڵێک ئامانج روویکردە ئەفغانستان. یەکەم، دەبوو شتێک بکات لەوەڵامی رووداوی دوو تاوەرەکە. دووەم، قاعیدە بەدوژمنی ئەمریکا ناسێنراو دەبوو سەرۆکەکەی بکوژرێت. سێیەم، چۆن ئەمریکا ئەفغانستان وەها لێبکات کە جارێکی تر نەبێتە ئەو جێگایەی کە دژایەتی ئەمریکای لێوەبکرێت؟ وەڵامی ئەمریکا بۆ ئەمە ئەوەبوو کە ئەفغانستان بکات بەدیموکراسی و بازاڕی ئازاد.
ئەمریکا لەتێکشاکان و گرتنی ئەفغانستاندا خێراو سەرکەوتو بوو، بەڵام لەوەی چۆن ئەو وڵاتە بگۆڕێت بۆ وڵاتێک کە لەبری پانتاییەک بۆ دژایەتی ئەمریکا، دۆستایەتی ئەمریکا بکات، دوای بیست ساڵ شکستی هێنا. پلانی ئەمریکا بۆ کشانەوە هەتا یانزەی سیپتەمبەری داهاتوو، کە دەکاتە یادی بیست ساڵەی ئەو رووداوە، ئاماژەیە بۆ ئەوەی کە پرسی دیموکراسی و بڵاوەکردنی دیموکراسی، کە پاش جەنگی سارد گەشەی کرد، بەرەو مردن دەچێت.
لەناوەوە ئەمریکاییەکان بێزارو ماندووبوون لەم پرسەو سوپا بەدەست هێرشەکانی بزووتنەوەی تاڵیبانەوە دەیاناڵاند. دەرئەنجامی ئەمە چەمکی شەڕی ناکۆتایە کە وەک نەفرەتلێکراوک دەبینرێت، پاش ئەفغانستان ئەمریکا هات بۆ عیراق. لەڕاستیدا هاتن بۆ عیراق پلان و خەونێکی کۆنی ئەو نوخبەیە بوو کە لەگەڵ بۆشی کوڕداهاتن بۆ سەر دەسەڵات و بە پارێزەرە نوێکان دەناسرێن. هەرچەند سەعاتێك پاش هێرشی یانزەی سیمپتەمبەر کەسێکی وەک رامسفێڵد بانگەشەی بۆ هێرشی عیراق دەکرد. عیراق ئەگەر لە ئەفغانستان خراپتر نەبێت باشتر نییە. بۆیە لە حەڤدەی تەموزی ئەمساڵ ئەنجومەنی نوێنەرانی ئەمریکی، دوای زیاتر لە دەیەیەک هەوڵدان، بەزۆرینەی دەنگ بڕیاری روخسەت پێدانی سەرۆکی ئەمریکی بۆ بەکارهێنانی هێزی سەربازی لە عیراق هەڵوەشاندەوە. بڕیارەکە ٢٦٨ بەڵێ بەرامبەر ١٦١ نەخێر بوو. دیارە هێشتا ماویەتی بۆئەوەی ببێت بەفەرمی، دەبێت لەئەنجومەنی پیرانیش تێپەڕێت. لەشانزەی ئۆکتۆبەری ساڵی ٢٠٠٢ کۆنگریسی ئەمریکی بڕیاری ڕێگەپێدانی بەکارهێنانی هێزی سەربازی دەکرد، کە ڕێگەی دەدا بەسەرۆکی وڵات هێز بەکاربهێنێت بەرامبەر عیراق، دیارە لەبڕیارەکەدا بەهیچ شێوەیەک وشەی دیموکراسی نەهاتووە، بەڵکو زیاتر جەخت لەسەر سەرپێچییەکانی عیراق و مەترسییەکانی دەکاتەوە.
خواستی زۆرینەی ئەنجومەنی نوێنەران، بەتایبەتی کاری پێکەوەیی هەردوو پارتی نەیار، دیموکرات و کۆمارییەکان، دەرخەری ئەو راستییەن کە زۆرینەی خەڵکی ئەمریکا دەیەوێت کۆتایی بەم قۆناغەی ژیانی سیاسی ئەمریکی و جۆری ئامادەبوونی ئەمریکا بدات لەدونیادا. ئەمریکا ناتوانێت ببێت بە ئیمپراتۆرییەت، هەرچەندە نیازیشی باش بێت. ئەم دۆخە لەچەندین ئاستی جیاوازدا مشتومڕی زۆری دروستکردووە. بۆ نموونە، دیموکراسی و ئیمپراتۆرییەت پێکەوە هەڵناکەن، یان، لیبرالیزمێک کە دەیەوێت دونیا بکاتە هاوشێوەی خۆی، ئەنجامەکەی پێچەوانە دەبێت، یان دیموکراسی بە زەبر نابێت و زۆر مشتومڕی تر.
بەڵام دوو گۆڕانکاری لە دوو ئاستی جیاوازدا کاریگەرییان لەسەر ئەم دۆخە هەبووە. یەکەم، ئەمریکا لەناوەوە گۆڕاوە.
چاودێری دیاری ئەمریکی جۆرج پاکەر لە دوا کتێبیدا بەوردی باسی ئەم گۆڕانکارییە دەکات. دوایین باشترین هیوا: ئەمریکا لەسەردەمی قەیران و نوێبوونەوەدا.
Last Best Hope: America in Crisis and Renewal.
بۆ پاکەر سەردەمانێک هەبوو کاتێک کەسێک دەیگوت من ئەمریکیم مانایەکی ڕوونی هەبوو، چ بۆ خۆی و چ بۆ ئەویتر. بەڵام ئەمڕۆ ئەم خۆناساندنە بە ئەمریکی چیدی ئەو مانایەیەی نییە. ئەمریکا چیدی خاوەن یەک شوناس یان یەک بوونی گشتی نییە، بەڵکو ئەمریکا چەندین ئەمریکایە. لای پاکەر چوار جۆر لە ئەمریکایی بوون بوونی هەیە، کە هەریەکەیان دژ بە ئەویترە. ئەمریکاییەکی ڕێگنی،. کە بڕوای بە ئەمریکا کۆنسێرڤەتیڤە تەقلیدییەکە هەیە کە تاقانەو براوەیە لەدونیاداو سیستەمەکەی باڵاترە لەهەموو ئەوانیتر. ئەوەی ئەمڕۆ هەڵگری ئەم دیدەیە کۆمارییە تەقلیدییەکانن. ئەمریکاییەک هەیە کە ئەمریکای تەکنۆخوازە کلینتۆنییەکانن. ئەمانە ئەو خەڵکانەن کە خاوەن بڕوانامەی باڵاو کاری باش و گلۆبالیستن. خەڵکێک کە کۆسمۆپۆلیتانن و رقیان لەتوێژی خوارەوەی ئەمریکییە، کە وەهایان دەبینن فاشی و دواکەوتوون و ناتوانرێت باش بکرێن. رەنگە هیچ دەربڕینێک هێندەی چەمکی deplorable ی کە بەمانای قێزەوەن دێت هیلەری کلینتۆن دەربڕی ئەم خواستە نەبێت. هیلەری ئەم دەربڕینەی بۆ وەسفی نەیارەکانی بەکارهێنا، بەتایبەتی دەنگدەرانی ترەمپ. ئەوان ئەو جۆرەکەی تری ئەمریکایین کە هەست دەکەن، ئەمریکای ئەمڕۆ هیچ دەرفەت و سوودی بۆ ئەوان تیادا نەماوە. جۆرێکی تری ئەمریکایی بەڕای پاکەر ئەوانەن کە داوای دادپەروەری دەکەن. ئەمانە ئەندامی کەمینەکانن، بەتایبەتی خەڵکانی ڕەش پێست. لە حەفتاکانەوە لەزانکۆکانی ئەمریکادا دیدێک باوە کە بە دیدی تیورەی ڕەخنەیی ڕەگەز ناسراوە، رەنگە دەربڕی خواستی ئەمان بێت. ئەمڕۆ ئەم دیدە وەک دژە سپی و ڕەگەزپەرست دەبینرێت، لەلایەن توێژی باڵاوە.
لەئاستی دەرەوەدا ئەمریکا نەیارو رکەبەری هەیە وچیدی ناتوانێت وزەی خۆی لەجێگاکانی وەک عیراق و ئەفغانستاندا سەرفبکات. سەرقاڵی زۆری ئەمریکا لەم ناوچانەو جەنگی ناکۆتای دژ بەتیرۆر، هۆکارێکی سەرەکی هەڵکشانی ئاشتیانەی چین بوو، وەک لەکتێبەکەمدا دەربارەی چین بەوردی باسمکردووە.
کشانەوە لەئاستی ناوچەکەدا کۆمەڵێک مانای هەیە:
یەکەم، کۆتاییهاتن بەخەونی دیموکراسی بوون و بەدیموکراسیکردنی کۆمەڵگاکان. دیموکراسی ئەگەر پاشخانی کەلتووریی نەبێت دروست نابێت. دیارە جۆرێک لەیاری دیموکراسی لەنێوان هێزە نادیموکراتەکان لەئارادایە، کە بەئامانجی دیموکراسی نییە هێندەی بەئامانجی ئیدارەدانی قەیرانەکانیانە لەنێوان خۆیان و دونیادا. بۆ نموونە بوونی کەسێکی لاوازی وەک کازمی بەسەرۆک وەزیرانی عیراق، بەشێکە لەیاری نێوان هێزە عیراقییەکان، کە خاوەنی دەسەڵاتی راستەقینەن، هەتا هیچ هێزێک بەتەنها باڵادەست نەبێت، چونکە رەنگە ئەوانیتر لەناوببات. بۆیە کەسێکی بێدانی فرەوێژی وەک کازمی دادەنێن، کە لەهەمانکاتدا رۆژئاوا وەهای دەبینێت کە کەسێکی لیبرال و سەر بەڕۆژئاوایە. کاتێک گوێم لەنێردراوی ترەمپ بوو بۆ عیراق باسی لە ئەوە دەکرد کە سەرکەوتوو بوون لەدانانی کازمی، پێکەنیم بەعەقڵی دەهات.
دووەم، کشانەوەی خێرای ئەمریکا بەوجۆرە لە ئەفغانستان بووەتە هاندەرێک بۆ نەیارەکانی تری کە ئەوانیش دەتوانن وەک تاڵیبان بکەن. ئەمە بەڕوونیی لە عیراقدا دەبینین، بەتایبەتی کاتێک ئێران خاوەنی یارییەکەیە. چەند رۆژێک لەمەوپێش کاتێک سەرۆکی دەزگای سیخوڕی ئێرانی حسین تایی گەشتە بەغدا، دەستوبرد کوردو سوننە پەیامیان لەڕێگای بۆمب و درۆنەوە بۆ نێردرا. پەیامەکە بەڕوونیی بۆ ئەوەبوو کە ئەمریکا دەڕوات و نابێت پشتیوانی بکەن.
کەواتە رۆشتنی ئەمریکا لە ئەفغانستان دەبێتە هۆی فشاری زیاتر بۆ سەر ئەمریکا لەناوچەکە.
سێیەم، هەندێک وڵات، کاتێک ئەمریکا لە ئەفغانستان بوو، داوای ڕۆشتنی ئەمریکایان دەکرد، وەک روسیا بۆ نموونە، بەڵام ئێستا کە ئەمریکا دەڕوات، ئەوان نیگەرانن. ئەم دووفاقییە دەرخەری ئەوەیە کە ئەفغانستان دەبێتە ناوەندێکی ناسەقامگیرو مەترسی ئاسایشیی بۆ وڵاتانی ناوچەکە، هەندێک لەلایەنگرانی تیورەی پیلانگێڕی وەهای دەبینن کە ئەمریکا لەبەر ئەم هۆکارە کشاوەتەوە، بەتایبەتی کە ئەفغانستان لە چین و روسیاوە نزیکە.
چوارهەم، هەموو ئاماژەکان وەها دەریدەخەن، ئەفغانستان دەگەڕێتەوە دۆخی پێشتر. بەو شێوەیە دەبێتە وڵاتێکی داخراوی ناسەقامگیر، بەڵام لێرەدا تەنها یەک فاکتەر گۆڕاوە، ئەویش چینە. جاران کە تاڵیبان لەسەر حوکم بوو، چین لاوازبوو، بەڵام ئێستا چین زۆر بەهێزەو ئامانجی ئەوەی هەیە کە بەدوای کانزا بەنرخەکاندا بگەڕێت لەو وڵاتە، بۆیە ئەگەری هەیە تاڵیبان و چین پەیوەندی باشیان هەبێت و دەست لەکاروباری یەکتر نەدەن، بەڵام بازرگانی بکەن.
پێنجەم، بەکشانەوەی ئەمریکا یان نەمانی چالاکی لە عیراقدا، ئەگەری زۆرە حەشدی شەعبی بخرێتە خانەی تیرۆرەوە. ئەمەش زیاتر ئەو ڕێکخراوانە هاندەدات بۆئەوەی کۆنترۆڵی وڵات بکەن.