ئەم توێژە سیاسییەی ئێستا بە تەمای چین؟
لە دروستبوونی دەوڵەتی عیراقەوە تا ئەم سەردەمە، کەرتی پەروەردە بەم خراپییەی ئێستای بێ ئاست و کواڵیتی نزم نەبووە، رێژەی نەخوێندەواریش بەم ئەندازەیە بەرز نەبووە.
دوو سێکتەری بنەڕەتی کۆمەڵگا
گەر بە وردی خوێندنەوە بۆ دۆخی عیراق بکرێت، دەبینین کە ھەنگاو بە ھەنگاو و بە خواست و مەبەست، کار لەسەر تێکشکانی دوو سێکتەری بنەڕەتی کۆمەڵگە دەکرێت.
کەرتی خوێندن و نەخوێندەوار کردن و جاھیل کردنی کۆمەڵگە، ئەوەی تریش تێکدانی شیرازەی خێزان.
کەرتی خوێندن روون و ئاشکرایە و پێویست بە قسەی زیاتر ناکات، ھەر لەسەرەتاییەوە تاکو زانکۆکان و کڕینی بڕوانامەی ماستەر و دکتۆرا، لە پاڵ کردنەوەی زانکۆ و پەیمانگای ئەهلی بێ کۆنترۆڵ و بێ مەرجی کواڵیتی، ئاستی زانکۆ و پەیمانگاکان لە لیستی زانکۆکانی جیهاندا بەهەزاران پلە لەدوای دواوەیە. بەکوردییەکەی بڵێم، ناوەندی خوێندن لە عیراقدا هیچ پێوەرێکی نییە لەسەر ئاستی زانستی و پەروەردەکردنی تاک و فێرکردن و گەندەڵی ئەم سیکتەرەی داگیرکردووە.
خێزانی عیراقی بەرەو هەڵوەشاندنەوەی زیاتر دەڕوات و هیچ پڕۆژەیەکی باش بۆ راگرتنی ئەو هەڵوەشاندنەوەیە نییە. لەسایەی دەرکردن و ھەموارکردنەوەی ھەندێک پڕۆژەیاسا ئەم چوارچێوە خێزانییە بەرەو دابڕانی زیاتر و پەروەردەکردنی مرۆڤی ناسەقامگیری زیاتر ھەنگاو دەنێت.
لەسایەی ئەم یاسایانەوە تا دێ زیاتر و زیاتر ژنانی کۆمەڵگەش پەراوێز دەخرێن و مافیان زەوت دەکرێت. ئەگەر حکومەت و یاسادانەرێک رێگاخۆشکەربێت بۆ پیاوان بۆ ھێنانی ژنی دووەم و زیاتر لە رێگای پێدانی قەرز و سلفەوە، هەروەها رێگربێت لە جیابوونەوەی ژنان بەهۆی لێسەندنەوەی (حەزانەی مناڵەکانیان)، لەکاتێکدا تەڵاقدان بۆ پیاو زۆر ئاسان کراوە و ھان دەدرێت ژنی زیاتر بهێنێت، لەبەر ئەوە دەبێت پلان و ستراتیژیی ئەم حکومەتە چی بێت؟.
لە بری ئەوەی توێژەری خێزانی زیاد بکرێت و ئاستی دارایی خێزان بەرزبکرێتەوە، گرنگی بە منداڵ بدرێت و بە یاسا مافی دەستەبەربکرێت، لە بری ئەوەی یاسایی توندوتیژی خێزانی تەشریع بکرێت و تاک بە تاکی خێزان بپارێزێت، دێن و ھانی پیاو دەدەن ژنی زیاتر بهێنێت. وەک ئەوەی ئەوە تەنها چارەسەربێت بۆ چارەسەرکردنی گرفتێکیان ئەگەر ھەبێت.
بەشوودانی کچانی هەرزەکار و منداڵ
رۆژانە لە دەرەوەی دادگاکان و بە ناوی شەریعەتەوە کیژۆڵەی منداڵ و ھەرزەکار بەشوو دەدرێت، بە پێی ئامارەکانی دادگا بێت بەشێکی زۆری ئەو کچانە ناگەنە تەمەنی روشد تەڵاق وەردەگرن، لەکاتێکدا چەندین منداڵیان هەیە و خۆشیان مندالن و ناتوانن بەرپرسیارێتی خۆیان بە باشی ھەڵبگرن.
یاسای باری کەسێتی ژمارە 188ی ساڵی 1959 یەکێکە لە یاسا باشەکان بۆ ئەو سەردەمە، تاکو ئێستاش بە یەکێک لەیاسا مەدەنییەکان هەژماردەکرێت. برگەی 57ی ئەم یاسایە، باس لەوە دەکات پەروەردەکردنی منداڵ دوای جیابوونەوە لای دایکە تا تەمەنی 18ساڵی. بەلام ساڵانێکە ھەوڵی ھەموارکردنەوەی ئەو یاساییە یاخود باشتر بڵێم ھەوڵی تێکدانی دەدرێت.
ھەندێک لایەن ساڵانێک پێش ئێستا تانەیان لەو یاسایەدا لەدادگای فیدراڵی بە بیانووی ئەوەی دژی بنەماکانی ئاینی ئیسلامە. بەڵام تانەکە لەلایەن فوقەهای ئیسلامی دادگای فیدرالییەوە رەتکرایەوە.
ئێستا کە عیراق بەرەو ھەڵبژاردنی پێش وەختە ھەنگاو دەنێت، دەستێکی رەش ئەم ھەلومەرجەی بەلەبار زانیوە، بۆ سەپاندنی مەرامی خۆی و ھەمواکردنەوەی (تێکدانی) ئەو یاسایە و بەوەش تێکدانی کۆمەڵگەی عیراقی و پێشێلکردنی مافی دایکان و ژنان.
ئەوەی لە حکومەت و پەرلەمانی عیراقدا دەبینرێت، نە لە ئێرانی پێشڕەوی شیعە و نە لەسعودیەی پێشڕەوی سونە بە دی ناکرێت. کێشەی گەورەش دیراسە نەکردنی زانستی دۆخی خێزان و باری دەروونی منداڵ و دایکە، لە کاتی هەوڵدان بۆ دەرکردنی یاسا یان بڕیارێک کە پەیوەندیی بە خێزانەوە هەیە.
بە گوێرەی ئەم ھەموارکردنەوەیە بێت منداڵ بۆی ھەیە تا تەمەنی حەوت ساڵی لای دایکی بمێنێتەوە، بەو مەرجەی شوو نەکاتەوە. دوای ئەو تەمەنە حەزانەی منداڵەکە دەدرێت بە باوکی.
بۆ گوێزانەوەی حەزانەش لە دایکەوە بۆ باوک، گرنگ نیە باوکی ژنی هێناوەتەوە یان نا یان چەند ژنی ھەیە.
گەر ھات و باوکی منداڵەکە لە ژیاندا نەمابوو یاخود (مفقود) بوو، ئەوکات منداڵەکە دەدرێت بە باوکی باوکی واتا باپیری. گەر ئەوان نەیانتوانی منداڵەکە بگرنە خۆیان، و دایکی شووی نەکردبۆوە ئەوکات دایکەکە بۆی ھەیە دوبارە منداڵەکە بگرێتەوە خۆی.
ئەمەش رێگریکردنە لە دووبارە شووکردنەوەی دایک و پێشێلکردنی مافی ژنە، ھەروەھا تێکدانی باری دەرونی منداڵەکەیە بەوەی ھەرجارە و دەگوازرێتەوە بۆ لای یەکێک.
بەرژەوەندی منداڵ لەبەرچاو ناگیرێت
لە بری ئەوەی ھاوشێوەی وڵاتانی پێشکەوتوو، بەرژەوەندیی منداڵەکە لەبەرچاو بگیرێت و دایک و باوک ھاوشێوەی یەک تەماشا بکرێن و ھەڵسانگاندن بکرێت کامیان گونجاوترن بۆ پەروەردەکردنی منداڵەکە، دێن و بێ رەچاوگرتنی بەرژەوەندیی منداڵەکە، جارێک دەدرێت بە دایک و لێیدەسەندرێتەوە و دەدرێت بە باوک و بە باپیر و بەرژەوەندیی و باری دەرونی منداڵ لەبەرچاو ناگیرێت.
ھەموارکردنەوەی ئەم یاسایە نارەزاییەکی زۆری رێکخراوەکانی مافی مرۆڤ و ژنان و پارێزەران و بەشێکی زۆری چین و توێژەکانی کۆمەڵگەی بە دوای خۆیدا ھێناوە. بەڵام بەداخەوە بەهۆی ئەوەی ململانێی سیاسی نامەشروع هەیە و نزیکبوونەوە لەهەڵبژارن هەیە، ئەوا بە مەرامی سیاسی و شەخسی هەوڵدەدرێت سێکتەرە ستراتیژی و گرنگەکان بکرێتە قوربانی.
لەوە تێناگەم ئەم توێژە سیاسییەی ئێستای عیراق دەیانەوێ چی بکەن و بە تەمان چ کارەساتێکی ناخۆشتر و رەشتر تووشی ئینسانی ئەم وڵاتە بکەن، لەو بڕوایەدام ئەم توێژە سیاسییە لەھەوڵی دروستکردنی نەوەیەکی بێ عیلم و نەخوێندەوار و خاوەن کەسایەتی ناتەندروستن.