فەتحوڵڵا حسێنی

سەروەریی سوریا لەنێوان رژێمی خەیاڵ پڵاوو ئۆپۆزسیۆنی دەستەوستاندا

  2021-07-10 12:12      306 جار بینراوە        کۆمێنت

لە كاتێكدا گەلانی سوریا هیوا دەخوازن لە دیدارەكانی جۆ بایدن و رەجەب تەیب ئەردۆغان، هەروەها جۆ بایدن و ڤلادیمێر پوتن-دا دۆسێی سوریا وەك تراژیدیایەكی مرۆیی گەورە سەیر بكرێت كە پێویستی بە چارەسەرە و هیوادەخوازن دەرگایەك بە رووی قەیرانی سوریادا بكرێتەوە، نەسروڵڵا ئەلحەریری سەرۆكی رێكخراوی بەناو ئۆپۆزسیۆنی عەرەبی سوریا داوای لە توركیا كرد داگیركاریی و دەستدرێژیی زیاتر بكات بۆ سەر خاكی سوریا، لەوەشدا ئاماژەی بۆ ناوچەكنی ئیدارەی خۆجێیی رۆژاڤا لە باكوور و خۆرهەڵاتی سوریا كردووە، داوا دەكات راگواستنی زۆرەملێی زیاتر بەسەر خەڵكی سوریادا بهێنرێت، ئەمە بانگەشەیەكی روون و ئاشكرایە بۆ خیانەتی نیشتمانیی لەلایەن سەرۆكی گروپێكەوە كە خۆی بە ئۆپۆزسیۆنێكی رژێمێكی بێفەڕ دەزانێت.

دوابەدوای ئەم هەڵوێستە ئەنجومەنی سوریای دیموكرات رایگەیاند، داواكاریی سەرشۆڕانەی لەو جۆرە تەنانەت لەداهاتووشدا مەترسیدارە، چونكە دوای كاركردنی بەردەوام لەو چوارچێوە قێزەونەدا و چوونە پاڵ دوژمنانی شۆڕشی گەلانی سوریا و سەرقاڵی ئەجێندایەك بوون كە نە نیشتمانییە و نە پەیوەندی بە سوریاشەوە هەیە بەڵكو ئەجێندای دەرەكییە.

رەنگە هەڵویستەكە پەیوەندی بە دیدارەكەی ئەم دواییەی جۆ بایدن و ئەردۆغانەوە هەبێت، كە ئەردۆغان بەنائومێدی لێی هاتە دەرەوە و وادیارە ئەنجامەكانی بە دڵی ئەنكەرە نەبووە، كە بە دڵی ئەوێ نەبێ بێگومان بۆ ئۆپۆزسیۆنی عەرەبیش كە پەرەوەردەی دەستی ئەنكەرەیە رەنج بەبا دەبن لەسەر ئاستی كۆمەڵی نێودەوڵەتی، بەتایبەت لە رووی ئامادەكاریی بۆ پڕۆژەی سیاسی داهاتووی سوریا لە باكوور و خۆرهەڵاتی سوریا، بەڵام ئەم جارەیان لە رێكەوتنی ئەمریكا- روسیا، بە تایبەت دوای كۆبوونەوەكەی بایدن و پوتن لە ژنێڤ.

ئەو داواكارییە سەرشۆڕانەیە بۆ ئۆپۆزسیۆنێكی سووك و هەرزان بەهاش تازە نییە و هەر چاوەڕێی ئەوەی لێدەكرێت، چونكە پێشتریش پشتیوانی لە توركیا دەكرد، كاتێك توركیا ئەلباب و ئیعزاز و جەرابولسی داگیركرد، هەر ئەو هەڵوێستانەشە وای لێكردووە ببێتە هێزێكی چەكداریی چەتە ئاساو ئیش و كاریان دزی تاڵانی و پێشێلكاریی بەردەوام و خەریكی ئەو جۆرە كردەوانە بن لە ناوچەكانی عەفرین و سەرێ كانی و گرێ سپی و سەرەنجام وڵاتیان كردە وێرانە.

رەنگە داواكارییەكەی ئەلحەریری ئەو چڵەپووشە بێت كە پشتی وشترەكەی شكاند، چونكە ئێستا هەریەكە لە ئەمریكا و فەرەنسا بەو ئاراستەیە كاردەكەن كە ئۆپۆزسیۆنێكی فراوانتر لە سوریادا دروست بكەن، پێكهاتە سەرەكییەكەی كوردی رۆژاڤا بێت و دواتریش قەوارە و لایەن و حزبە پەرش و بڵاوەكانی دیكەی ناوەوە و دەرەوەی سوریاش بگرێتە خۆ، بۆ ئەوەی هاوسەنگییەك لە نێوان هێزەكاندا دروست بكرێت و دوای ئەوە بكەونە دانوستان لەگەڵ رژێم كە لەلایەن روسیاوە پشتیوانی لێ دەكرێت.

ئامانجیش لەم هەنگاوە گەیشتنە بە قۆناغێكی نوێ لە دەرەوەی ئۆپۆزسیۆنی ئەستەنبوڵ و پەژراندنی بەشار ئەسەد وەك قۆناغێكی تێپەڕ و بە پێی بڕیار نێودەوڵەتی 2254 كە داوا لە سەرجەم لایەنەكان دەكات هێرشەكانیان بۆ سەر هەر ئامانجێكی مەدەنی رابگرن، هەر ئەو بڕیارەش سەرجەم وڵاتانی ئەندام هان دەدات هەوڵی جددی بدەن بۆ جێبەجێكردنی ئاگربەست و داوا لە نەتەوە یەكگرتووەكانیش دەكرێت هەموو لایەنەكان لەسەر مێزی گفتوگۆ كۆبكاتەوە و دانوستانی رەسمی دەست پێ بكەن، بەڵام ئا لێرەدا كوردانی سەر بە ئەنكەرە توانای ئامادەبوونیان نابێت ئەگەر بە زووترین كات لە رێكەوتنەكەیان لەگەڵ هاوپەیمانی عەرەبی ئیسلامی نەكشێنەوە و نەیەنە ناو دامەزراوەكانی ئیدارەی خۆجێیی و وەك بەشێك لە جوگرافیای رۆژاڤا خۆیان تۆمار نەكەن، لەبەر ئەوەی دوای ئەو قۆناغە ناتوانرێ بە كوردی قامیشلو، یان عەفرین و كۆبانێ ناو ببرێن، بەڵكو پێیان دەوترێ كوردی سەر بەئەنكەرە، وەك ئەلحەریری، بەڵام بانگهێشتەكە بۆ بەشداری كردنیان هێشتا كراوەیە و دەرفەتیان ماوە.

وتاری زیاتر



















كوردی رۆژاڤا لەكۆشكی ئەلیزێ‬ فەتحوڵڵا حسێنی
2021-08-12 12:17      516 جار بینراوە












نوێترین هەواڵەکان

بیروڕا

گەلەری

کەشو هەوا

زۆرترین سەردانکراو