ئێمە لە جیهانی ماددیدا دەژین، پێداویستیشمان هەیە، لە ساڵی 1943 ئەبراهام ماسلۆ Abraham Maslow لە تیۆرێكدا كورتی كردەوە و ناوی «تیۆری هاندانی مرۆڤ Theory of Human Motivation «ی لێ نا. ماسلۆ لەم تیۆرەیدا خواستی مرۆڤی لە ژیان لە سامپڵێكدا دانا، كە شێوەی هەڕەمی لەخۆگرتبوو، كە پێنج ئاست دەگرێتەوە، بە ئاستی یەكەم دەستپێدەكات، كە خواستە هەرە زەرورەتەكانە و تا بە ئاستی پێنجەم دەگات كە خواستە ئاساییەكانی رەوتی ژیانی مرۆڤ و دەستكەوتەكانێتی. ئاستی یەكەم، پێداویستیی مادیی لە خۆدەگرێت، وەك خواردن و خواردنەوە و شوێنی نیشتەجێبوون. ئاستی دووەمیش، پێداویستیی ئاسایش و ئارامی، وەك ئاسایشی گشتی و ئەمانی تەندروستی و وەزیفی، ئاستی سێیەمیش، پێداویستییە كۆمەڵایەتییەكانە، وەك پەیوەندیی خێزانی و هاوڕێیەتی، ئاستی چوارەمیش، پێداویستیی پێگە و رێزە، وەك، رێز و بەهەندوەرگرتنی ئەو كار و چالاكییانەی مرۆڤ لە رەوتی ژیانیدا پێشكەشی دەكات، ئاستی پێنجەمیشیان، پێداویستیی تایبەتمەندێتییە، وەك دەستەبەركردنی ئامانج و گەیشتن بە ئاواتەكانی ژیان.
ئەو بۆچوونانەی سەرەوەی ماسلۆ پێشوازییەكی گەرمی لێكرا، چونكە پێداویستییەكانی مرۆڤی روونكردەوە و پەیكەربەندی و پۆلێنی كردن. وەك هەر بیروبۆچوونێكی تر، بۆچوونی جیاوازی لەسەر درا و هەموار كرا و رەخنەی لێگیرا، بەڵام بووە سەرچاوەیەكی بنچینەیی خستنەڕووی پێداویستییەكانی مرۆڤ نەك هەر لە جیهانی مادی-دا، بەڵكو جیهانێكی تریشی گرتەوە كە ئەویش جیهانی سایبرانییە، كە مرۆڤ رۆژانە كاتێكی زۆری بۆ تەرخان كردووە.
بێگومان بوونی مرۆڤ بە جیهانی مادییەوە پەیوەستە، لەگەڵ ئەوەشدا، مرۆڤ بە هۆشداری و هزر و هەستەكانییەوە، رۆژانە بۆ چەند سەعاتێك دەچێتە نێو جیهانی سایبرانییەوە، لەوێ زۆری كارە پیشەیی و چالاكییە كۆمەڵایەتییەكانی پەیوەست بە جیهانی مادیی خۆی، لە رێگەی ئامرازەكانی جیهانی سایبرانییەوە جێبەجێ دەكات، بەبێ ئەوەی بتوانێ جیهانی مادی بەجێبهێڵێت. لەسەر ئەم بنچینەیەوە، پێداویستیی مرۆیی لە جیهانی سایبرانیدا بەدیار دەكەوێت تا لێوەی كار و چالاكییەكانی بەسەركەوتوویی بكرێت. لە راستیدا جیهانی سایبرانی، جگە لە ئامرازێكی زیرەك كە خزمەتی جیهانی مادیی دەكات هیچیتر نییە، دەبێ بۆ یارمەتیدانی مرۆڤ بەكاربهێنرێت و سوودی لێ وەربگیرێت تا لێوەی ژیانی كۆمەڵایەتی و پیشەییەكەی باشتر بكات.
زانیاریی زیاتر كرد
جێی خۆیەتی لێرەدا ئاماژە بكەین بۆ ئەوەی جیهانی سایبرانی دوو دیاردەی سەرەكی بەخۆیەوە دەبینێت، یەكەمیان، زیادبوونی ئاراستەی مرۆڤە بۆ جێبەجێكردنی كار و چالاكیی لە هەموو ناوچەكانی جیهاندا، كۆرۆنا ڤایرۆسیش رۆڵێكی گرنگی لە زیادكردنی ئەم ئاراستەیەدا هەبوو. مرۆڤ رای وایە جیهانی سایبرانی، لەگەڵ ئەوەی بەهۆی كۆرۆنا ڤایرۆسەوە سیاسەتی دووری و دابڕانی كۆمەڵایەتی سەپێنرا، بەڵام ئامرازێكە دەتوانێ لێوەی زامنی بەردەوامیی زۆری كار و چالاكییەكانی بكات. دووەمیان، لە حەقیقەتی پەرەسەندنی تواناكانی جیهانی سایبرانیدا دەردەكەوێت، كە رێگەی بۆ جێبەجێكردنی زۆری كار و چالاكییەكانی مرۆڤ بە سایبرانی رەخساند. ئینتەرنێتی شتەكان مەودای پێكگەیاندنی لە جیهانی سایبرانیدا فراوان كرد، پراكتیزەكردن و خزمەتگوزاریی زانیاریی زیاتر كرد، وێڕای ئەو توانا تایبەتیانەی پێشكەوتنی بەردەوام و هەڵكشاوی ژیریی دەستكرد بۆ ئەوە بەخشیویەتی و دەیبەخشێت.
سێ ناوەڕۆكی بنچینەیی هەیە
مرۆڤ، لە رێگەی جیهانی سایبرانییەوە، دەتوانێ كار و چالاكییە هەمەجۆرەكانی پەیوەست بە زانیاری و چارەسەركردنی و زیادكردنی ئاستی سوودبینینی لێی جێبەجێ بكات، ئەمەش هەموو لایەنەكانی ژیان دەگرێتەوە، بەوەی كە وەڵامی پێداویستییە كەسییەكانی لەهەر پێنج ئاستەكەی سەرەوەی جیهانی مادی دەداتەوە، كە لە سامپڵەكەی ئۆسلۆ دیاری كرابوون. پێداویستییەكانی مرۆڤ لە جیهانی سایبرانیدا سێ ناوەڕۆكی بنچینەیی هەیە: سازدانی سایبرانیی مرۆڤ، فەراهەمكردنی تەكنەلۆجیای پێویست بۆی، زامنكردنی سەلامەتی جێبەجێكردنی كار و چالاكییەكانی بە سایبرانی. ئەو پێداویستییانەی مرۆڤ، لە چوارچێوەی هەڕەمێكی فرە ئاستدا نییە، كە گرنگی و زەرورەتی بەپێی ئاستەكان دەگۆڕێت، بەڵام لەسەر بنچینەی یەك ئاست، گرنگیی نێوان هەموو حاڵەتەكان هاوسەنگ دەبن، بە ئاستێكی بەرزیش زەرورەتەكان پێكەوە دەگونجێن.
دابینكردنی خواستی سازكردنی مرۆڤ لە رووی سایبرانییەوە، وای لێدەكات بتوانێ بە لێهاتوویی و كارایی و ئاستێكی بەرزی ئەخلاقییەوە لەگەڵ جیهانی سایبرانیدا مامەڵە بكات، وێڕای بەدواداچوونی پەرەسەندنەكان و نوێگەرییەكان، دواتریش ئیستیعابكردنی و سودوەرگرتن لێیان، هەروەها دەشێ تێیدا بەشدار بن. رەخساندنی تەكنەلۆجیا بۆ مرۆڤ دەیكاتە بەشێكی جیهانی سایبرانی و تێیدا ئەسپی خۆی تاو بدات، نەك هەر بە تەنیا خۆی، بەڵكو لەگەڵ زۆربەی ئەو شتانەی لە چوارچێوەی جیهانی سایبرانییدا مامەڵەی لەگەڵدا دەكات. زامنكردنی سەلامەتی ژینگەی كار، وادەكات مرۆڤ كارە پیشەیی و چالاكییە كۆمەڵایەتییەكانی بە ئارامی و ئەمان و شێوازێكی ناوازەوە پەیڕەو و جێبەجێ بكات.
نایەكسانی دیجیتاڵیی
لە چوارچێوەی ئەوەی سەرەوە، راپۆرتی مونتەدای نێودەوڵەتیی ئابووری WEF لەمەڕ مەترسییە جیهانییەكان، بۆ ساڵی 2021، ئەو مەترسییە سەرەكییانەی جیهان لە ماوەی 10 ساڵی داهاتوودا رووبەڕووی دەبێتەوە، سێ مەترسییان بە جیهانی سایبرانییەوە پەیوەستن، یەكەمیان نایەكسانی دیجیتاڵییە Digital Inequality، واتە ناتوانرێ لەسەر ئاستی جیهان تەكنەلۆجیا بۆ هەموان فەراهەم بكرێت. دووەمیان، ئاسایشی جیهانی سایبرانییە Cybersecurity، واتە ناتوانرێ زامنی سەلامەتی ژینگەی كار لە جیهانی سایبرانیدا بكرێت. سێیەمیان، خراپبوون و پەككەوتنی ژێرخانی دیجیتاڵییەوە IT Infrastructure Breakdown، كە وەستانی جیهانی سایبرانی لێدەكەوێتەوە.
جیهانی سایبرانی لە ژیانی هەر مرۆڤێكدا خواستی خۆی هەیە و دەبێ ئاگاداری بین و وەڵامی ناوەڕۆكەكەی بدەینەوە. دەبێ مرۆڤ بۆ مامەڵەكردنی لەگەڵ جیهانی سایبرانیدا ساز بكرێت، پەرەسەندنەكانی ئیستیعاب بكات و لە تازەگەرییەكانی تێبگات. دەبێ تەكنەلۆجیای پێویستی بۆ فەراهەم بكرێت تا لەو جیهانەدا ببێتە هاوبەشێكی بە توانا. پاشان دەبێ زامنی پارێزگاری كردنی لە سەلامەتی ژینگەی كار لە هەموان بكرێت.
* سەرۆكی مونتەدای ئابووریی كوردستان