بڵێسە جەبار فەرمان

ھێرۆخان و کەشتی نوحەکەی چیای ئەزمڕ

  2021-07-04 14:23      421 جار بینراوە        کۆمێنت

کورد دەوڵەمەندە لەڕێزنەگرتن لەمێژووی خۆی ھەورەھا کۆڵەوارە لە نەناسینی ئێستای خۆی، حەتمەن ئایندەشی یا وەک ئێستا ئەبێت یان وەک رابردووەکەی، خۆ ھەموومان ئەزانین مێژووی کوردستان پڕە لەشاعیرو بیرمەندو ھونەرمەندی گەورەو پڕە لەتێکۆشەر مەزن.، ھەرە زۆرینەی کەسایەتییەکانی ناو مێژووی کوردستان سەربازی ونن، لەکاتێکدا بەئەوپەڕی لەخۆبوردەیی خزمەتی میلەتەکەیان کردووەو بێ ئەوەی لە لاپەڕەکانی مێژوودا بۆ ھەمیشە زیندوو بھێڵدرێنەوە.
بەپێچەوانەی ئەمە، ئێمە تەنیا میللەتین ھەمیشە کەسایەتییە جوانەکانیشمان ناشرین دەکەین، یان گەلەکەمان ئەوەندە ناخۆشی چەشت بەدەست ھەندێک دەسەڵاتداری فاسدو بێ کەسایەتییەوە کە زۆرینەی کەسایەتییە جوان و پاکەکانیش بەناشرین ئەبینێ. ئەمە غەدرێکی گەورەیە، بەڵام دەبێت بگەڕێینەوە بۆ سەرچاوەی کێشەکان، من ھەرگیز لەگەڵ پێاھەڵدان نەبووم و نیم، نموونە زۆرە، کاتێک کەسێک لەدەسەڵاتە بەسەدان شانامەو وتارو راپۆرت و بابەتی لەسەر دەنووسرێ و پیایدا ھەڵدەدرێ، ھەرئەوەندەی لەکورسی دەسەڵات دووردەکەوێتەوە ئیتر بۆ کەس وجودی نامێنێ ئەوانەی پیاھەڵدانیان ئەکرد پێیان قورسە بەوشەیەکیش یادی بکەنەوە، خەڵکی ماستاوچی و کاسەلێسی زۆر لەسەر ئەم بازاڕ گەرمییە بوون بەمەسئول و بەناو سەرکردەو وەزیرو گزیر، من باسی ھێرۆخان ناکەم وەکو پێشمەرگەی شارو شاخ و پارێزەری ژینگەو ئەرشیفی شاخ و سلێمانی و دامەزرێنەری چەندەھا رێکخراو، من باسی وەفاداری ئەو ژنە ئەکەم بەرانبەر بەکەلتووری کوردی و زیندووڕاگرتنی سەربازە ونەکان، کەبەداخەوە نەخۆشی رێگای نادات بەردەوام بێ لەسەر کارە باشەکان.
لێرەدا تەنھا باس لەیەک کاری ئەو دەکەم، ئەویش بەرزڕاگرتنی ناوی نەجمەدین مەلایە، زۆرێک لەنەوەی ئێستا ناوی ئەویان نەبیستووە، خەڵکێکی زۆر کەشتی نوحەکەی سەر شاخی ئەزمڕیان دیوەو بەلایدا تێپەڕیون، بەڵام کەس لەخۆی نەپرسیوە ئەو کەشتییە چییەو؟ بۆ لەوێ دروست کراوە؟
ئەوە گۆڕی زانایەکی کوردی شاری رۆشنبیرییە بەناوی نەجمەدین مەلا، ئەم رووناکبیرە لەسلێمانی حوجرەیەكی کردۆتەوەو کردوویەتی بەخوێندنگەیەكی تایبەت بۆ فێركردنی خوێندەواری. حوجرەکەی ناو ناوە "کەشتی نوح"
ھەروەھا کتێبخانەیەکیشی لەو حوجرەیە دروستکردووەو رۆژنامەو کتێبی ئەو سەردەمەی تێدا فرۆشتووە، لەم حوجرەیەوە نەجمەدین مەلا نزیكەی حەوت ھەزار كەسی لەو سەردەمە تاریکە لە نەخوێندەواری رزگار كردووە، بەمانایەکی تر فێری خوێندنی کوردی کردووە.
ھەڵبەت مامۆستا نەجمەدین مەلا زۆر چاك زانیویەتی كە دەردی نەخوێندەوارییە میللەتی ئێمەی كۆڵەواری دواخستووە لەو جیھانە فراوانەی زانستدا. زۆر بەگەرمی و بە كوڵەوە پێشوازی لەقوتابیانی كردووەو ھەموو رۆژی تا پاش نوێژی خەوتنان لەقوتابخانەكەی (كەشتی نووح) وانەی بە قوتابییەكانی وتۆتەوە. لەساڵی ١٩٦٢ نەجمەدینی مەلا کۆچی دوایی ئەکات و لەسەر وەسیەتی خۆی لەسەر شاخی ئەزمڕ بەخاک ئەسپێردرێ. لەدوای زیاتر لەسی ساڵ هێرۆخان بۆ بەرزڕاگرتنی چاکەو خزمەتەکانی بیرۆکەی دروستکردنی کەشتی نوح لەسەر مەزارەکەی دەکاتە واقیعێکی جوان. 
بڕوام وایە بۆ ھەر رووداوێک دەرس و پەند ھەیە ئەگەر وەربگیرێت. ئەم بابەتە ھەڵگری سێ رەھەندە دەشێ باش دیراسە بکرێت، ئەویش ئەوەیە دوای دیار نەمانی ھێرۆخان و ھاوڕوئیاکانی لەگۆڕەپانەکە. بۆشاییەکی گەورە دروستبووە.
یەکەم: ھەر گەلێک رابردووی خۆی نەزانێ، ئێستای خۆی تێناگات و ئایندەش مسۆگەر ناکات.
ئەم قسەیە لەفەرھەنگی گەلاندا بەشێوازی جیاواز جیاواز ھەیە، بەڵام کورد دیارە ھێشتا ئەو وتەیەی لەسەر ئەچەسپێ کە کەسایەتییەکانی خۆی زوو لەبیر ئەکات و قەدرزانینی نییە. قەدر زانینیش کەلتوورە میللەتی وشیار خاوەنی تەقدیرن بۆ کەسایەتی و بەھرەمەندەکانیان.
چاکەکانی ئەو سەرکردە ژنە وەک پێویست نابینرێ و نانرخێنرێت. لەھەمانکاتدا شوێن پێی ھەڵناگیرێت.
دووەم: یەکێتی ئێستا کۆڵەوارە لە پێشکەشکردنی ئەو خزمەتە ھونەری و ئەدەبی و فەرھەنگی و کەلتوورییەی جاران پێشکەشی دەکرد.
لەڕابردوو یەکێتی پشتگیری ھەموو شێوازەکانی رادەربڕینی دەکردو فەزایەکی زۆر فراوانی بۆ رەخنە خوڵقاندبوو ئێستا ئەو پشتگیرییە نەماوە ئەو فەزایە بووەتە فەوزا.
سێیەم: ئەگەر ھەر بەم جۆرە لە بێباکی بەرامبەر خزمەتەکانی رابردوو بەردەوامی بەسیاسەت بدرێت حەتمەن چاوەڕوانی ئایندەیەکی باش نابێ بکەین. 
ھێرۆخان وەک کەشتی نوح ھەموو جیاوازییەکان و ھەموو رەنگەکانی ئێستاو رابردووی لەپێناو ئایندەی باشتر کۆکردبووەوە.

 

وتاری زیاتر









راپەرین بۆ كرا‬ بڵێسە جەبار فەرمان
2022-03-05 13:45      155 جار بینراوە



دادگای ئیتحادی بڕیاریدا‬ بڵێسە جەبار فەرمان
2022-02-06 20:16      185 جار بینراوە





کارەبا بەرانبەر بە ئاو‬ بڵێسە جەبار فەرمان
2021-11-22 21:23      157 جار بینراوە














نوێترین هەواڵەکان

بیروڕا

گەلەری

کەشو هەوا

زۆرترین سەردانکراو