لەماوەی دوانزە ساڵی رابردوودا سنوری پارێزگای سلێمانی بەئیدارەی گەرمیان وراپەڕین و ھەڵەبجەشەوە ، روبەڕوی نائارامی و ناسەقامگیرییەکی زۆر بونەوە بەھۆی ئەو ھەموو خۆپیشاندان و گردبوونەوەو کەمپین و بایکۆتە ھەقو ناھەقەوە کە لەبەر چەند ھۆکارێک لەلایەن ئۆپۆزسیۆنەوە رێک دەخرا .
ھەموو ئەو جموجۆڵانە بونەھۆی ئەوەی بارودۆخێکی ناھەموار و شلۆق لەم سنورە دروست بێت کە رەنگدانەوەی خراپی بەسەر ژیانی سیاسی وئیداری و ئابوری وکۆمەڵایەتی ھەبوو ،بەداخەوە بەھۆی ئەو بارودۆخەوە لەو چەند ساڵەدا لە روبەروبونەوەی خۆپیشاندەران و ھێزە ئەمنییەکان چەندین کەس لەھەردوولا گیانیان لەدەستدا و دەیان فەرمانگەی حکومەت و حیزبی سوتێنران و تێکدران ، ھەروەھا بەشێوەیەکی بەرچاو کاریگەرییەکی راستەوخۆی لەسەر جموجۆڵی بازرگانی ھەبوو بوەھۆی ئەوەی دەیان کۆمپانیاو وەبەرھێن ئەم سنورە جێ بھێڵن.
یەکێتی نیشتیمانی کوردستان چ لەڕێی داکۆکیکردن لە داواکارییە رەواکانی خەڵک و چ لەرێی دایالۆگ و بەکارھێنانی پەیوەندی حیزبی ، ھەوڵێکی زۆری دا تاکو بارودۆخەکە ھێوربکاتەوە ، لەمەشدا تارادەیەک سەرکەوتوبوو دوا کاریشی پێکھێنانی ھاوپەیمانی کوردستان بوو لەگەڵ بزوتنەوەی گۆڕان ھەم بۆ بەشداری لە ھەڵبژاردنی داھاتووی عێراق ، ھەم وەک پەراوەیەکیش بۆ شاندانە بەر بەرپرسیارێتییە ھاوبەشەکان و کارکردن لەسەر بەرنامەیەکی ھاوبەش بەقازانجی خەڵکی ھەرێمی کوردستان و ئارامی و سەقامگیری سنوری دەسەڵاتی ھەردوولا. بێگومان ئەم ھەنگاوەی ھەردوولا نەیاری زۆرەو ھەندێ لایەن بەمەترسی گەورەی دەزانن لەبەرامبەر دەسەڵات و بونی خۆیان ، بۆیە کەوتونەتە جموجۆڵ. ھەموومان دەزانین کەمی کارەبا لەھەردوو وەرزی زستان و ھاوین لەھەرێم ، تاکو ئێستا چارەسەر نەکراوە ، گەر چی جێبەجێ کردنی پرۆژەی بەرھەم ھێنانی وزەی کارەبا، بەکەمیش بێ ، بەڵام بەردەوامە. بۆیە لەگەڵ بەرزبونەوەی پلەکانی گەرما لەھاویندا خواست لەسەر کارەبا زۆر دەبێ و کاتەکانی پێدانی کارەبا لەشارو شارۆچکەکان کەمدەبنەوە و ئەم کەمبونەوەیەش،لەرێی موەلیدە ئەھلییەکان قەرەبو دەکرێتەوە ، بەڵام لەھەندێ شوێن سیستمی دابەشکردنی کارەبا بە موەلیدەی ئەھلی پەیڕەو ناکرێ ، ئەمەش بۆتەھۆی ئەوەی ئەو شوێنانە چەند سەعاتێک کارەبایان نەبێت . ئەم حاڵەتە لە چەند رۆژی رابردودا قۆسترایەوە لە سنوری سلێمانی بۆ چەند جارێک رێگای سەرەکی ھاتوچۆی سلێمانی - کەرکوک ، سلێمانی - دوکان ، لەلایەن چەند ھاوڵاتییەکەوە گیراو و ھاتوچۆیان راگرت ، ئەمە جگە لەوەی لەسنوری ناحییەی بازیان ، ژمارەیەک ھاووڵاتی کارەبای چەند کارگەیەکیان کوژاندەوە. بێگومان خەڵک مافی خۆیەتی داوای خزمەت گوزاری بکات، بەڵام کەمی کاتی پێدانی کارەبا لەھەموو ھەرێمدا وەک یەکە، بۆیە مرۆڤ گومانی ئەوەی لادروست دەبێ ،ئەو روداوانەی سەر ئەو دوو جادەیە ، وەڵامێک بێ بە پێچەوانەی ئەو ھەوڵانەی دەدرێن بۆ بەرقەرارکردنی سەقامگیری لەم سنورە، ئەمەش پێویست بەوە دەکات ئیدارەی ئەم سنورە بەدەم داوا رەواکانی خەڵکی ئەو شوێنانەوه بچێ، لەھەمان کاتیشدا رێگری لەکاری ئاژاوەگێڕی وتێکدەرانە بگرێ بەبیانوی کەمی کارەباوە.