فەتحوڵڵا حسێنی

كورد لەنێوان ئاگربەستی سوریاو هەڕەشەی توركیادا

  2021-06-20 18:00      467 جار بینراوە        کۆمێنت

لە سەرەتای قەیرانی سوریاوە توركیا تێوەگلاوە و تا ئێستاش بە شێوەیەكی ناجوامێرانە و ناشیرین لەو تێوەگلانە بەردەوامە، هەرچەندە بیانووەكانی بۆ ئەو تێوەگلانە لەسەر ئاستی نێودەوڵەتی لاوازن، بەڵام ئێستا بۆتە بەشێكی سەرەكی لە قەیرانی سوریا، بە رادەیەك رژێمی سوریا خۆی كە خاوەنی مەسەلەكەیە هێندەی توركیا نەهاتۆتە پێشەوە، توركیا ئێستا هۆكاری سەرەكییە لە نەگەیشتنی سوریا بە ئارامی و سەقامگیریی.

هەندێك راستی هەن كە دەبێ كۆمەڵگەی نێودەوڵەتی هەڵوێستەی لەسەر بكات، لەوانە توركیا پڕۆژە ئیخوانییەكەی خۆی راشكاوانە راگەیاند و مەزهەبیش زاڵە بەسەریدا، جگە لەوە زۆرترین پەنابەری وەرگرت و ژێر بە ژێر مەشقی پێكردن و كردنی بە چەكداری داردەستی خۆی، ئەویش بۆ نانەوەی ئاژاوە نەك هەر لە سوریا بەڵكو لە هەرشوێنێك كە خۆی بیەوێت ئەو چەكدارانەی بۆ بنێرێت و بەخواستی توركیا شەڕ بكەن.

زۆر ناو لە بن عەبای توركیا و ئۆردوگاكانیدا پەیدابوون، یەكەمیان سوپای سوریای ئازادبوو، دوای ئەوە سوپای نیشتمانی بوو، دواتر گروپی جیاجیا بوون كە بەشان و باڵی سەدام و قەعقاع و عەرعور و فڵان و فیساردا هەڵیان دەدا، پاسان كۆمەڵێك گروپی تیرۆریستی كە ئامانجیان تاڵان و بڕۆبوو، ئەم گروپانە بە ناوی شۆڕشەوە شۆڕشیان هەرزان فرۆش كرد و بەهۆی ئەوەشەوە چەندان ملیۆن لە خەڵكی سوریا ئاوارەبوون، یان بە زۆر راگوێزران، پەرتەوازەبوون بە وڵاتانی دراوسێ و هەندێكیشیان ئاوارەی ئەوروپا بوون و كارەساتەكانی رێگای ئاوارەبوونیش كەم نەبوون، هەموو ئەمانە وایان كرد قەیرانی سوریا ببێتە قەیرانێكی مرۆیی گەورە، كە تائێستاش چاوەڕێی چارەسەری سیاسییە، نەك سەربازی، خەڵكی دەربەدەری سوریاش چاوەڕێی گەڕانەوەن بۆ نیشتمان.

رژێمی سوریا بەدرێژایی ماوەی قەیرانەكە هیچ پڕۆژەیەكی پێ نەبوو بۆ هێوركردنەوە دۆخەكە، هەرچەندە زۆرجار پێشنیازی ئاگربەستی كردووە لە نێوان خۆی و گروپەكانی سەر بەتوركیادا، بەڵام پڕۆژەیەكی پێشكەش نەكردووە بۆ ئاسایشی سەرتاسەریی و هاوشانی پرۆژەی كوردبێت كە رۆژ بەرۆژ لە گەشەدایە، پرۆژەیەكی كامڵی سیاسی و ئابووری و سەربازی بێت، رژێم تەنانەت بەرپرسیاریی ئەوەشی نەگرتە ئەستۆ كە ئاسایش بۆ بەشێك لە سوریا بگەڕێنێتەوە، لەم كاتە هەستیارەدا كە كۆمەڵی نێودەڵەتیش ناسازێت سەبارەت بە دۆسێی سوریا.

لەلایەكی ترەوە روسیاش بەردەوام ئاگری فیتنەی خۆش كردووە، جارێك بە هاندانی توركیا بۆ داگیركاریی و جارێكی دیكە بە هاندانی رژێم بۆ هێرشكردنە سەر هەژموونی كورد لە رۆژائاڤا، ئەمەش هیچ شان و شكۆیەك بۆ رژێم بەدی ناهێنێت و هیچ هێزێكیش نابەخشێ بە توركیا، بگرە توركیای پێ لاوازبووە لە رووی سیاسی و سەربازییەوە، هەروەها رژێمیش لە رووی سیاسی سەربازییەوە پێی لاوازبووە، لە هەمان كاتدا پڕۆژەی كورد لە شوێنی خۆی پایەدارە و ماوەتەوە، ئەویش لەسەر بنەمای پاراستنی تایبەتمەندی نەخشەی سوریا دوور لە ئەجێندای دەرەكی.

كوردی سوریا سیمای چارەسەری بۆ هەموو سوریا دەستنیشان كردووە، رژێمی دیمەشق بەمە رازی نەبوو، هەرچەندە هەوڵی زۆریش درا بۆ گەیشتن بە رێكەوتن و سازان لە نێوان كورد و رژێمدا، بەڵام رژێم كەللەڕەقانە رەفتاری كرد و ئەوەش بووە هۆی ئاڵۆزتركردنی بارودۆخەكە، لە كاتێكدا رژێم خۆی هیچ چارەسەرێكی پێ نەبوو، رژێم وەك منداڵێكی نازپەروەری دەستی تاران و مۆسكۆ رازی نەبوو، كەواتە بەرپرسیاریی كێشەكانی باكووری سوریا هەمووی دەكەوێتە سەر شانی رۆژئاڤا.

لەنێوان ئاگربەستی رژێمی سوریا و هەڵكشانی هێرشەكانی توركیادا، كورد پڕۆژەی سیاسی خۆی دامەزراند، ئەویش دوای ئەوەی كە سوریا خۆی لەسەر لێواری مەرگ بینییەوە و كۆمەڵی نێودەوڵەتیش هیچ هەڵوێستێكی نەبوو سەبارەت بەو هەموو پێشێلكاریی و تاوانانەی توركیا لەسەر خاكی سوریا ئەنجامی دەدات، ئەمریكاش وەك دەوڵەتێكی زلهێز كە لە سوریاش هێزی هەیە هیچ بەرپرسیارییەكی نەگرتە ئەستۆ سەبارەت بەو هەموو كارەساتەی لەسەر دەستی تیرۆری ئیقلیمی بەسەر سوریادا هات.

وتاری زیاتر



















كوردی رۆژاڤا لەكۆشكی ئەلیزێ‬ فەتحوڵڵا حسێنی
2021-08-12 12:17      477 جار بینراوە












نوێترین هەواڵەکان

بیروڕا

سۆشیال میدیا

گەلەری

کەشو هەوا

زۆرترین سەردانکراو