لەبەرئەوەی درامایەکی زۆر لەنێوان ئەمریکاو تورکیادا روویداوە لەماوەی چەند ساڵی رابوردوودا، دیداری بایدن و ئەردۆگان هێندە فۆکەسی خرابووە سەر، پرسە سەرەکییەکان لەبیرکرابوون.
بایەخدان بەوێنە و کات و چی وتراو چی نەوترا، بە کوردییەکەی وتی وتی، مەگەر زۆر بەوردی لەمیانەی پرۆسیەکی خیتابی و ئاگایی وردا هەڵسەنگێندرێت ئەگینا هێندە سوودی نابێت.
قەیرانێکی گەورە هەیە لەپرۆسەی تێگەیشتنی کورددا، گوایە ئەگەر هەواڵێک یان درامایەک دابڕێژیت بەوجۆرە کە دەتەوێت، ئەوا دونیا وەهای لێدێت. ئەمە یاریی خۆ خافڵکردنە.
دیدارەکە وەها دەردەکەوێت کە هیچ شتێکی گەورەی تیادا روونەدابێت. کاتێک بایدن بەڕۆژنامەنووسانی گوت دیدارێکی باش بوو، هەر زوو لێی پەشیمان بووەوەو وتی هیچم نەگوتووە.
کرۆکی پرسەکە ئەمەیە:
ساڵانێکی زۆر تورکیایەک هەبوو کە هەرگیز لەفەرمانی ئەمریکا دەرنەدەچوو. ئەم تورکیایە لەجێگایەکی گرنگدابوو، ئەمریکا زۆر پێویستی پێ بوو. ئێستا ئەو تورکیایە گۆڕاوەو مەرج نییە هەمیشە بەوجۆرە مامەڵە بکات کە ئەمریکاو ناتۆ دەخوازن.
ئەم وەرچەرخانە بۆ کورد گرنگە. یەکەم قەیران ئەم بۆشاییە دروستی دەکات ئەوەیە، ئەگەر تورکیا هاوپەیمانێک نییە کە هەمیشە بەبێ مەرج بەپیر داخوازییەکانەوە بێت، ئەوا ئەمریکا دەبێت ئەو بۆشاییە پڕ بکاتەوە کە لەئەنجامی هاوکاریی نەکردنی تورکیا دروستبووە.
ئایا کورد دەتوانێت ئەم بۆشاییە پڕ بکاتەوە؟ ئایا تورکیا دەهێڵێت کورد ئەم بۆشاییە پڕ بکەنەوە؟ کاتێک تیمی سی ئای ئەی دێن بۆ کوردستان لە ساڵی ٢٠٠٢ بۆ زەمینەسازی بۆ هێرشی ئەمریکا بۆ عیراق، بەبێ ئەوەی بیر لە تورکیا بکەنەوە پەیمان بەکورد دەدەن کە چەکی کاریگەرییان پێبدەن، بەڵام کاتێک دەیانەوێت بڕیارەکە جێبەجێبکەن، دەستوبرد رووبەڕووی تورکیا دەبنەوە وەک رێگر.
کەواتە ئەمریکا ئەگەر بیەوێت سوود لە کورد ببینێت بۆئەوەی ئەو بۆشاییەی پێ پڕبکاتەوە، ئەوا دەبێت لەگەڵ تورکیادا بکەوێتە رکەبەرییەکی سنووردار یان سازش بکات.
ئەم هاوکێشەیە هەتا ئێستا نەک بۆ رۆژئاڤا، بەڵکو بۆ باشووریش ئاسان نەبووە. ئەم بنەمایەیە پەیوەندی کورد لەگەڵ هێزەکانی باشوورو رۆژئاڤاو تەنانەت پەکەکەش دادەڕێژێت.
هێزە کوردییەکان لەبری ئەوەی ئاسانکاری بکەن و سوود لەم دەرفەتە زێڕینە وەربگرن، زیاتر سەرقاڵی شەڕی یەکترو خیتابی ئەفسووناویی و تێنەگەیشتن لەواقیع و بێتوانایی لەمامەڵەکردن لەگەڵ واقیعدا.
کورد بەگشتی لەوەهمی ئەوەدا دەژی کە پلان و پیلان و دیدی نەگۆڕ لەئارادایە. بەڵام میتۆدۆلۆجی سیاسەت لەسەر ئەو بنەمایە داڕێژراوە، کاتێک هەنگاوێک دەنرێت، ئەوەی بە دەست دێت یان لەدەست دەدرێت لەئەنجامی ئەو هەنگاوە، دەبێتە بنەمای هەنگاوی داهاتوو. کەواتە ئێمە ڕێگامان لەبەردەمدا نییە، ئەوەی هەمانە هەنگاوەکانن، کە پاشان رێگا دروست دەکەن. بۆیە ئەگەر هەنگاوەکان لەدەست بدەیت ناتوانیت رێگا بەدەست بهێنیت.
هەردوو بایدن و ئەردۆگان دەیانزانی دیدارەکە رووکەشە. پێش ئەوەی سەفەر بکات بۆ برۆکسل تورکیا لەگەڵ چیندا رێکەوتنێکی گەورەی دارایی ئەنجامدا. ئەوەی پێشبینی دەکرێت ئەوەیە کە ڕەنگە هەردوو لا جۆرێک چاوپۆشی لەیەکتر بکەن، ئەمریکا لەبواری رۆکێتەکان و تورکیا لەبواری رۆژئاڤا. بەڵام چونکە تەنها چاوپۆشییە ئەوا لەمیدیادا ناوترێت. هەردوو سەرۆک وەها بیر دەکەنەوە کە کات لەبەرژەوەندییانە. لەهەمانکاتدا لەمیانەی خیتابی گشتی بەهێزکردنەوەی ناتۆو پەیوەندی ئەتلانتیک رەنگە بایدن زمانی پۆزەتیف بەکاربەرێت کە مەرج نییە کرداری پۆزەتیفی بەدوادا بێت.