لە جیهانی مادییدا، كاتێك دەخەوین و بەخەبەر دێین، دەخۆین و دەخۆینەوە، بەپێ دەڕۆین یان ئۆتۆمبێل لێدەخوڕین، لەم جیهانەدا ئێمە لە وەستان و جوڵەداین، لە كاركردن و پشوداین، بەڵام لەم سەردەمەدا هۆش و چالاكییە مەعریفییەكانمان بەردەوام لە جیهانی مادیماندا نامێننەوە، بەڵكو دەچنە جیهانێكی ترەوە، ئەو جیهانەش جیهانی ئەنتەرنێت و پێدراوەكانێتی، یان ئەوەی بە جیهانی سایبرانی ناوزەند كراوە.
كاتێك مۆبایل بەكاردەهێنین، هۆشمان و ئاراستەی چالاكییە مەعریفییەكانمان بەرەو جیهانی سایبرانی دەچێت. لە رێگەی ئامرازە هەمەجۆرەكانەوە، وەك تۆڕەكانی پەیوەندیی كۆمەڵایەتی پەیوەندی بەوانی ترەوە دەكەین، كاتێك پێدراوەكانی دەخوێنینەوە، یان بەشداری تێدا دەكەین. بە هۆشمان لە جیهانی سایبرانیدا دەژین، كاتێك لە رێگەی ئەنتەرنێتەوە كار دەكەین و لە كۆبوونەوە و دیدارەكاندا بەشدار دەبین، گفتوگۆ دەكەین، ئەركە مەعریفی و هزرییەكان بەجێ دەهێنین، وەك خوێندن و لە توێژینەوەدا هاوكاریی یەكتر دەكەین، بەرنامەڕێژی كۆمپیوتەر و خزمەتگوزارییەكانی ئەنجام دەدەین، وەك مامەڵەكردن لەگەڵ كەسێكی دەوڵەتێكی تر، یان لەگەڵ ئامێرێكی ژیر تا لێوەی خزمەتگوزاری و پێداویستییە كۆمەڵایەتی و پیشەییە هەمەجۆرەكان جێبەجێ بكەین.
دابڕانی كۆمەڵایەتی بەسەرماندا سەپاند
لەم سەردەمەدا، ژیانمان كەوتۆتە نێوان دوو جیهانەوە، لەگەڵ ئەوەی ژیانە مادییەكەی بنەچەكەیە، بەڵام لە واقیعدا هۆش و هزرمان، زیاتر لەوەش زۆری چالاكییە پیشەیی و كۆمەڵایەتییەكانیشمان بەرەو جیهانی سایبرانی ملی رێی گرتووە. كاتێكی زۆری ژیانمان لە جیهانی سایبرانی بەسەر دەبەین. ئەم ئاراستەیە لە زۆربەی ناوچەكانی جیهاندا رووی لە زیادبوون بوو، بەڵام كۆرۆنا ڤایرۆس ئەم ئاراستەی خێراتر كرد، چونكە جیهانی سایبرانی وەك پەناگەیەكی زۆرباشی جێبەجێكردنی كارەكان بوو، كاتێك ئەو ڤایرۆسە ئەو دابڕانە كۆمەڵایەتییەی بەسەرماندا سەپاند. ئەگەر ئێمە لە ئەهلی تیۆریی پیلانگێڕی بین، ئەوا یەكسەر گومانمان بەرەو دامەزراوە دیجیتاڵییەكان دەچوو، كە ئەوان لە پشت بڵاوبوونەوەی ئەو ڤایرۆسەوەن، تا جیهانی مادی لە پێناوی قوتاركردنی كار و چالاكییە هەمەجۆرەكانیدا روو لە جیهانەكەی ئەوان بكات. بەڵام واقیع پێچەوانەكەیمان پێ دەڵێت، ئەگەر بمانەوێت وردتر لەو پرسە بڕوانین.
كرانەوەی جیهان بە رووی هەمواندا
كار و پەیوەندیی كۆمەڵایەتی لە رێگەی جیهانی سایبرانییەوە خەسڵەتی زۆری هەیە، كە كاریگەرییان لەسەر ژیانی مرۆڤ هەیە و هەروەها مرۆڤیش كاریگەریی لەسەر ئەو جیهانە هەیە، لێوەی پێداویستیی هەمەجۆر بەرهەم دەهێنێت. ئەگەر مرۆڤ بۆ ماوەیەكی ئێجگار درێژ بە فعلی و بە هۆش و هزرییەوە لە جیهانی مادییدا ژیا بێت، ئەوا كاروباری خۆی و سیستمی ژیانی لەسەر ئەو بنچینەیە رێكخستبوو، ئەو لە رووی هۆش و زانیاری و مەعریفییەوە لە جیهانی سایبرانیدا نەژیاوە، جگە لەم چەند ساڵە كەمەی ئەم دواییەدا نەبێت، هێشتا نەیتوانیوە هەموو دەرهاویشتە و كاریگەرییەكانی لەخۆبگرێت، تا بتوانێ بەو شێوە مامەڵەیەی لەگەڵ جیهانی مادییدا رێكیخستبوو، لەگەڵ ئەم جیهانە نوێیەشدا بیكات. لێرەدا هەوڵ دەدرێت قسە لەسەر لایەكی ئەم پرسە بكرێت، لەگەڵ هەوڵدان بۆ خستنەڕووی هەندێك تێبینی لەسەر ئەم پرسە.
دیارترین خەسڵەتەكانی كاری پیشەیی و پەیوەندیی كۆمەڵایەتی لە جیهانی سایبرانیدا، كرانەوەی جیهانە بە رووی هەمواندا، هیچ سنورێكی جوگرافی، كلتوری، سیاسی یان مەعریفی نەهێشتووە، جگە لەوە نەبێت كە لە رێگەی ئامرازی تایبەتییەوە تایبەتمەندێتیی دەپارێزێت.
پاراستنی جیهانی سایبرانی
لەم جیهانە كراوەیەدا، هەر یەكەیەكی ستراتیجی چ لەسەر ئاستی تاك، یان دامەزراوە، یان دەوڵەت بێت، دەكرێ لە رەفتاریدا ئەرێنی بێت، لەگەڵ یەكە ستراتیجییەكانی تردا بە بابەتیانە مامەڵە بكات، سود لەو زانیارییە بەسودانە وەربگرێت كە بۆ هەموو یەكەكان دەیڕەخسێنێت، وەك چۆن ئەمیش لەبەرامبەردا زانیاریی سودبەخش بۆ هەموان فەراهەم دەكات. لەلایەكی ترەوە، هەر یەكەیەكی ستراتیجی دەتوانێ نەرێنی بێت، بەشێوەیەكی نایاسایی بچێتە تایبەتمەندێتیی یەكەكانی ترەوە، زانیارییەكانی بشێوێنێت، زانیاریی هەڵەی تێدا بڵاوبكاتەوە، رەنگە هەوڵی پەكخستنی ئەو خزمەتگوزارییانە بدات كە پێشكەشی دەكات، تا بە راگرتنی كارە پیشەییەكانی دەگات و چالاكییەكانی لە جیهانی سایبرانی دەردەكات.
لە ساڵانی رابردوودا، جیهانی سایبرانی هەردوو حاڵەتەكەی بەخۆوە دیوە، لایەنە ئەرێنییەكانی رۆڵی جیهانی سایبرانی لە ژیانی مرۆڤ پتەوتر كرد، بەڵام لایەنە نەرێنییەكان ئاراستە پێچەوانەكەی وەرنەگرت، كۆسپی بۆ ئەو رۆڵە ئەرێنییە دروست نەكرد، بەڵكو ئاراستەكەی بەرەو هەنگاونان بۆ پاراستنی جیهانی سایبرانی برد، تا بتوانێ بەردەوام بێت و سود لە مەزایاكانی وەربگرێت. لێرەوە پرسی ئاسایشی سایبرانی (Cyber security) لەسەر ئاستە جیاوازەكانی یەكە ستراتیجییەكان، بە دەوڵەت و دامەزراوە و تاكەوە بەدیار كەوت.
داهێنان و ئەفراندن بكات
لەسەر ئاستی دەوڵەت، ئاسایشی سایبرانی بووە بەشێكی ئاسایشی نیشتمانی، بەتایبەتی كە كاریگەریی ململانێكانی جیهانی مادی بەرەو جیهانی سایبرانی رێگەی گرت. لەم بوارەدا هەر دەوڵەتە و سیاسەتی تایبەت بەخۆی پەیڕەو كرد، كە بەرەنگاری تەحەدیاتی نەرێنیی سایبرانی لەخۆگرت كە ئەوانیتر هۆكاری كەوتنەوەی بوون، ئەو بەرەنگاربوونە هەر بۆ خۆپارێزی نەبوو، بەڵكو ئامرازی هێرشكردنیشی گرتەوە، وەك ئەوەی لە جیهانی مادی دەكرێت، نەتەوە یەكگرتووەكان هاتەسەر خەت، وەك ناوبژیوانێك تا نێوانی دەوڵەتان لە جیهانی سایبرانیدا رێكبخات، لەم بوارەدا، زاراوەی دبلۆماسییەتی سایبرانی (Cyber Diplomacy) بەدیاركەوت، وەك ئاماژەیەك بۆ ئەو هەوڵانەی بە ئاسایشی جیهانی فەزای سایبرانییەوە پەیوەستن.
وەك ئەوەی لە جیهانی مادی لە نێوان یەكە ستراتیجییەكان لەسەر ئاستی دەوڵەتان روو دەدات، كێبڕكێ و لێكگەیشتن بەرەو جیهانی سایبرانی گواستراوەتەوە، هەروەها ئەمە لە یەكە ستراتیجییەكانی دامەزراوە و تاكەكانیشدا روو دەدەن، بەتایبەتی كاتێك ئەو دامەزراوانە و ئەو كەسانەی كاریگەریی دیار و گەورەیان لەسەر ئاستی ناوخۆیی یان نێودەوڵەتی هەیە.
ناكرێ جیهانی سایبرانی بە دابڕاو لە جیهانی مادی تەماشا بكەین، بەڵكو دەبێ بە تەواوكاری یەكتر لێی بڕوانین، چونكە ئەو ئەم جیهانەی دروست كرد، وایكرد شت بدۆزێتەوە و داهێنان و ئەفراندن بكات. ئەگەر جیهانی سایبرانی ئەمڕۆ بەدەست كێشەكانی جیهانی مادییەوە دەناڵێت كە بۆی گواستراوەتەوە، بەبێ ئەوەی هێشتا دسپلینی تەواو بۆ دروست ئیدارەدانی وەك پێویست هەبێت. ئەوا هەموو كۆكن لەسەر پێویستیی بوونی، زەرورەتی پاراستنی ئاسایشی ئەم جیهانە نوێیە. كرۆكی ئەو پێویستییە لەو سودە زۆر و زەوەندەیەتی، كە بەردەوام روو لە زیادبوونیشە، ئەم جیهانە توانای كاركردنی هەموو بوارەكانی بەرز كردۆتەوە، ژینگەپارێزە، سودی زۆرتر بە مرۆڤ و جیهانە مادییەكەی دەبەخشێت. بە هیوام بتوانم وتاری تری لەسەر بنووسم.
* سەرۆكی مونتەدای ئابووریی كوردستان