زمان تەنها ئەو پیت و وشانە نییە کە دەیڵێین، ئەوە خودی خۆتە، بوونتە هەست و سۆزتە کە لەگەڵ دەوروبەرت و ئەوانەی لێتەوە نزیکن کارلێک دەکەن، رەمزی نێوان خۆت و عەقڵتە، بەهۆیەوە دەتوانی بیر بکەیتەوە و بیرکردنەوەکەت بەوانیتر بگەیەنێت. کاتێک قسە لەگەڵ کەسێک دەکەیت و کەستان زمانی ئەویتر نازانێت، لێک تێگەیشتن لە نێوانتانا نامێنێت، هەردوولا هەوڵ دەدەن زمانێکی هاوبەش بدۆزنەوە، وەک زمانی ئاماژە.
زمان بریتییە لە تێکەڵەیەکی دەنگ و نیشانە، کە پێکەوە سیستمێکی ئاڵۆز و رێکوپێک پێکدێنن و توانای تێگەیشتنت پێ دەبەخشێت، سەرەتا تێگەیشتن لە خۆت و پاشان لەوانیتر، مرۆڤ تاکە بوونەوەرە دەتوانێ لەگەڵ ئەوانیتردا بە رێککەوتن لەمیانی ئاماژەی گوزارشتکردنەوە بۆ ئەوەی ببێتە پێوەرێک و مانایەکی دیاریکراوی هەبێت.
ئەوە چاوتە دەتوانی لێوەی جیهان ببینیت، تێڕوانینێکت بۆی هەیە هەر وشەیەک کە دەری دەبڕیت لە مێشکتدا وێنەیەکی دیاریکراوی هەیە، تۆ و هەموو هاوزمانەکانت هەمان وێنەیان هەیە، تێڕوانین و وێنەی وشەیەک بەپێی زمانی کەسەکان دەگۆڕدرێت.
توێژەران لە توێژینەوەی بەرچەکرداری خانەی دەمارەکاندا کە بەهۆی ئامێری زانستییەوە کردوویانە، بۆیان دەرکەوتووە کە کاریگەریی وشە لەسەر کەسەکان بە جیاوازیی زمانیان دەگۆڕدرێت، بۆ نمونە وشەی خۆشەویستی هەمان خانەی دەماری ئەوانەی بە کوردی قسە ناکەن ناجوڵێنێت، چونکە ئەو وشەیە لە زمانێکیتردا نییە. لەبەر ئەوە بەو بڕوایە گەیشتن، ئەو زمانەی کە دەتوانێ لە نەستدا هەست و سۆزت بجولێنێت، تەنها زمانی دایکە، چونکە لە ناختدا چەسپیوە نەک لە شتەکاندا، ئەوە تۆی ناوی پێدەبەخشیت، منداڵ گەورەترین بەڵگەی ئەو راستیەیە، کاتێک منداڵ مانای وشەیەکیت پێ دەڵێ، بەو جۆرە بۆتی دەڵێ کە لە ژینگەکەی خۆی وەریگرتووە، یان وەک ئەوەی مێشکی پێی دەڵێت. منداڵ توانای قسەکردنی بە هەموو زمانەکان هەیە، بەڵام بە تێپەڕبوونی کات، ئەو توانایەی لەدەست دەدات و جگە لە زمانی دەوروبەری هیچیتری بۆ نامێنێتەوە.
بەپێی ئەزموون دەرکەوتووە، ئەوانەی بە دوو زمان قسە دەکەن، نووسینیان بە زمانی دووەم دیاریکراوترە و وێنەی زیهنی تێدا کەمترە، کاتێکیش بەو زمانە بیردەکەنەوە، رەفتارەکانیان عەقلانیترە و لە سۆزەوە دوور دەبێت، پاشان کاراتریشە، هەروەها بە پشت بەستن بەو زمانەی تر دەتوانن جیهان بە رێگەیەکی جیاوازتر ببینن. زانا «کۆستا» دەڵێ زمانی دووەم ناچارمان دەکات کە لەسەرەخۆ بیربکەینەوە، وەک بینیمان کە سۆز زیاتر بە زمانی دایکەوە پەیوەستە».
بەڵام زانا «دانیال کایمان» رای وایە کە « مێشکمان بە دوو سیستم کار دەکات، یەکەمیان وەڵامی بەدیهی خێرا و کارا دەداتەوە، بەڵام هەڵەی زۆر دەکات، بەڵام دووەمیان لۆجیک بەکاردەهێنێت، لە کاتی بەکارهێنانی زمانی دایکدا، سیستمی یەکەم چالاک دەبێت، لە بەکارهێنانی ئەویتریشیاندا هەوڵەکان بەگەڕدەخرێن بۆ ئەوەی لەسەرەخۆ بێت و هەڵەی نەبێت.