نزیكەی دوو ساڵە جیهان بەدەست تەشەنەكردنی پەتای كۆرۆنا ڤایرۆسەوە دەناڵێنێت، تەوژمی یەكەمی ئەم ڤایرۆسە بكوژە بۆ ئابووریی جیهان زۆر پڕوكێنەر بوو، لەو قۆناغە چارەسەركردنی كاریگەرییە ئابوورییەكانی ئەو پەتایەی دەخواست، كە گەیشتە بڕێكی ئێجگار گەورە، كە لە (11) تریلیۆن دۆلار زیاتری ویست و دەوڵەتانی گروپی بیست بەڵێنی پێشكەشكردنیان دا، چ لەمیانی تەمویلی ناوخۆیی بێت، یاخود تەمویلكردنی ئەو دەوڵەتانەی لێبكەن كە زۆرترین زیانیان بەركەوتووە، یاخود هانی كۆمپانیاكان بدرێت تا زامنی بەردەوامی تەمویلی ئەو دەوڵەتانە بكرێت.
(3 %)ی دانیشتوانی جیهان وەریانگرتووە
دەوڵەتانی گروپی بیست ئەولەویەتیان بە دەوڵەتە زۆر هەژارەكان دا، ئەمەیش لەمیانی دەستپێشخەرییەكی مێژووییەوە هات كە بایی (14) ملیار دۆلار قەرزی ئەو دەوڵەتانەیان هەڵپەسارد، لێخۆشبوونیان بۆ (73) دەوڵەتیش دەركرد. لەم چوارچێوەیەدا، ئەو هەوڵانە رۆڵی بەرچاوی لە كەمكردنی قورسایی كاریگەرییە ئابوورییەكانی پەتای كۆرۆنای لەسەر دەوڵەتە هەژارەكان هەبوو، بەڵام ئەو دەستپێشخەرییانە نەیتوانی كۆتایی بەو ڤایرۆسە بهێنێت و رێگری لە تەشەنەكردنی بكات.
ئەم پەتایە، تەوژمێكی تری قورستر و كوشندەتری لە هەریەك لە هیندستان و هەندێك دەوڵەتی تری گەشەندە بەدیاركەوت، ئەو دەوڵەتانە لە بەردەم تەشەنەكردنی ئەو ڤایرۆسە دەستەوەستان بوون، كە لە كیشوەری ئەمریكای لاتین و دەریای كاریبەی زیاتر لە یەك ملیۆن كەس بوونە قوربانی، لەبەرئەوە ئەو رێوشوێنە ئابوورییانەی گیرانەبەر نەیتوانی شوێنی رێوشوێنە پزیشكییەكان لە رێگرتن لە تەشەنەكردنی ئەو پەتایە بگرێتەوە. ئەو گرفتە بنچینەییەی لەگەڵ تەوژمی دووەمی پەتاكەدا بەدیاركەوت، دابەشكردنی باشی ڤاكسینەكان بوو، كە بەپێی لێدوانی رێكخراوی تەندروستیی دەوڵەتانی ئەمریكا، تا ئێستا تەنیا (3 %)ی دانیشتوانی جیهان وەریانگرتووە، هۆكارە سەرەكییەكەیشی بۆ قۆرخكاریی كۆمپانیا بەرهەمهێنەكانی ئەو ڤاكیسنانە دەگەڕێتەوە، ئەمەش بەمانای شكستهێنانی هەموو ئەو هەوڵانەیە كە دەوڵەتانی جیهان لەم رووەوە داویانە، ئەگەر هاتوو گۆڕانێكی راستەقینە لە هەڵوێستی ئەو كۆمپانیایانەدا روو نەدات.
هاوكاریی نێودەوڵەتی بۆ بەگژداچوونی ئەم ڤایرۆسە
جیهان دركی بە مەترسیی ئەو پرسە و زەرورەتی خێرا و راستەوخۆ فەراهەمكردنی ڤاكسینی كرد، ئەمەش بەدینایەت تا رێگە بە دەوڵەتانی گەشندە نەدرێت خۆیان ئەو ڤاكسینە بەرهەمبهێنن و دابەشی بكەن، واتە دەبێت مافی داهێنانی تایبەت بە ڤاكسین هەڵبگرن، ئیستا ئەم پێشنیارە سەدایەكی گەورەی هەیە لە جیهاندا، بەتایبەتیش كاتێك ئەمریكا بانگەشەی بۆ لێخۆشبوونی جیهانی لە مافی داهێنانی ڤاكسینەكان كرد، هەروەها ئەندامانی پەرلەمانی ئەوروپا، زیاتر لە (100) دەوڵەتیش پشتیوانی ئەو بانگەشەیە دەكات، لەوانە چین و روسیای تێدان، هاوكات رێكخراوی پزیشكانی بێسنوور دەڵێ: «با چیتر كات بەفیڕۆ نەدرێت و دەستپێبكرێت».
ئێستا بۆ هەموان روونبووەوە كە تەنیا بە پشتیوانی ئابووری كێشەكە چارەسەر نابێت، ناتوانرێ بە خێرایی كۆتایی بەو پەتایە بهێنرێت و ژیان بۆ دۆخی ئاسایی بگەڕێتەوە، بەتایبەتی كە هێشتا ئەو پەتایە جێی مەترسی و هەڕەشەیە، تەنانەت لەو دەوڵەتانەی كە تا رادەیەكی باش توانیویانە لە سنورداركردنیدا سەركەوتوو بوون و ڤاكسینیان بە رێژەیەكی زۆری هاووڵاتیانیان داوە. بەهۆی سروشتی گۆڕاوی ئەو ڤایرۆسە و خێرایی توانای لە بەرهەمهێنانی جۆری نوێی توندتری، وایكرد زۆربەی دەوڵەتان جارێكی تر سنوورەكانیان لەگەڵ ئەو دەوڵەتانەدا دابخەن كە ئەم جۆرە نوێیەی ڤایرۆسەكەیان تێدا بڵاوبۆتەوە. ئەمەش نیشانەیە بۆ ئەوەی كەس ناتوانێ زامنی دەربازبوونی تەواوی خۆی لە ڤایرۆسەكە و هەڕەشەكانی بكات، لەبەرئەوە هێشتا هاوكاریی نێودەوڵەتی بۆ بەگژداچوونی ئەم ڤایرۆسە زەرورەتە.
پەیوەندیی بە رێكخراوی بازرگانیی جیهانییەوەیە
لەگەڵ گرنگیی هەنگاوی ئازادكردنی ڤاكسینەكان لە كۆتوبەندی مافی داهێنان، هێشتا جیهان وەك پێویست هەنگاوی بۆی نەناوە، ئەمەش جێی دڵەڕاوكێیە، بەشێكی هۆكارەكەی ئەوەیە، كە ئەو داخوازییانە پەیوەندیی بە رێكخراوی تەندروستیی جیهانییەوە نییە، بەڵكو پەیوەندیی بە رێكخراوی بازرگانیی جیهانییەوەیە، چونكە ئەم رێكخراوە بەرپرسی ئەم كەیسەیە، زیاتر لە (60) دەوڵەتی جیهانی داوای پێداچوونەوەی ئەو دەقانەیان كردووە كە تایبەتە بە مافی داهێنان و دەستبەرداربوونی پاراستنی مافی موڵكایەتی هزری ڤاكسینەكانی كۆڤید 19، پرسەكە هەر لە خودی ڤاكسینەكاندا نییە، بەڵكو چارەسەر و دەستنیشانكردنی نەخۆشی و ئامێرە پزیشكی و ئامرازەكانی خۆپارێزیش دەگرێتەوە، هەروەها ئەو مادە و پێكهاتانەی بۆ بەرهەمهێنانی ڤاكسینەكان پێویستن.
سەركەوتنی جیهان لە تێپەڕاندنی ئەو كۆسپە قورسە، مانای سەركەوتنی جیهان نییە لە جەنگی كۆرۆنا ڤایرۆس، بەڵام بە مانای سەركەوتنی بەهای ئەخلاقی و مرۆییەكان دێت بەسەر هزری سەرمایەداری و قۆرخكاری و زیادكردنی قازانجدا.
* سەرۆكی مونتەدای ئابووریی كوردستان