هەفتەی داهاتوو، لەسەفەرێكی یەك هەفتەییدا جۆ بایدن دێت بۆ ئەوروپا. لەبەریتانیاو بەلجیكاو سویسرا دیداری جیاوازی دەبێت. بینینی شاژنی بەریتانی بایەخێكی ئەوتۆی بۆ ئێمە نیە، بەڵام دیداری بایدن لەگەڵ ئەردۆگان لەپەراوێزی دیدارەكانی ناتۆو دیداری لە گەڵ پوتین لەجنێف، كاریگەری لەسەر دۆخی ئێمە دەبێت لەزیاتر لەپارچەیەكی كوردستان.
چاودێران رای جیاوازیان هەیە. لێكۆڵەری گەورەی بواری سیاسەتی دەرەوەی ئەمریكا واڵتەر رەسڵ مید كە لەڕۆژنامەی ۆڵ ستریت جۆرناڵ ستونێكی هەیە، لەمبارەوە دەنوسێت كە بایدن نابێت هەوڵی ئەوە بدات كە پەیوەندی جارانی ئەمریكاو توركیا زیندو بكاتەوە. پەیوەندی جاران مەبەستی پەیوەندی سەردەمی جەنگی ساردە. بەدیدی ئەو توركیا گۆڕاوەو دەبێت ئەمریكا بەدوای داڕشتنی پەیوەندییەكی نوێدا بگەڕێت كە تیایدا توركیا نەك هەر دۆست نیە، بەڵكو زۆر جار دەكرێت ركەبەر بێت.
مێرڤی تاهیرئۆغلۆو ئێریك ئیلدمان لەفۆرن پۆلەسی دەنوسن، ئەوە ئەمریكایە كە لایەنی بەهێزە لەدیدارەكەدا. ئەردۆگان لەهەردوو ئاستی ئابووری و سیاسیدا لەقەیرانی قوڵدایە. بۆیە دەبێت بایدن ئەم قەیرانە بەفیڕۆ نەدات بۆ پشتیوانی دیموكراسی لەتوركیا.
دوێنێ لەمیانەی كۆدیدارێكدا، لەڕێگای زومەوە لەهێنری باركیم پرسی دەربارەی دیدارەكە. باركی شارەزای توركیاو نزیك لەناوەندی دەسەڵاتە لەواشنتۆن، لەسەردەمی كلینتۆندا ڕاوێژكاری كۆشكی سپی بوو بۆ پرسی ناوچەكە، بەلای ئەوەوە دیدارەكە هێندە گۆڕانكاری دروست ناكات، چونكە جیاوازییەكانی نێوان هەردوو وڵات زۆر گەورەیە هەتا دیدارێك بتوانێت چارەسەری بكات. بۆیە بایدن ئەوەی دەیەوێت پێی دەڵێت و دیدارەكە كۆتایی دێت.
هەندێك ئارگومێنتی ئەوە دەهێننەوە كە نابێت توركیا زیاتر بەرەو روسیا پاڵ بنرێت. ئەم دیدانە هەمیشە كەمێك ساویلكەن. وەك بەردەوام لەدۆخی عیراقدا باسدەكرێت كە نابێت عیراق لەئەوە زیاتر بەرەو ئێران پاڵبنرێت. كەس ناتوانێت لەئەوە زیاتر عیراق پاڵبنێت، ئێران تا بن لەعیراقدایە. لەدۆخی توركیادا، تورك نایانەوێت و ناتوانن بەتەواوی بچنە باوەشی روسەكان، چونكە روس نە بەهێزن و نە دۆستن بۆ توركیا.
پەیوەندی ئەمریكاو توركیا، ئەگەر ترەمپ بوایە ئەوا دەبوو زۆر بترساینایە. چونكە هەردوو كەسایەتی زۆر لەیەكەوە نزیكبوون لەدژایەتی سیستەمی دونیاو رەگەزپەرستی و فاشیزمیاندا. هەروەها بایەخدان بەپەیوەندی كەسایەتی لەبری پەیوەندی بونیادی و مۆڕاڵی.
بەختی كورد وەهایە، ئەگەر پەیوەندی ئەمریكاو تورك زۆرباش بێت بۆ كورد خراپە، ئەگەر زۆر خراپیش بێت كە ئەمریكا سەنگێكی ئەوتۆی نەمێنت، دیسانەوە خراپە.
دیارە پرسی ئێمە پرسی سەرەكی نیە، بۆیە هەموو شتێك دەبێت لەكۆنتێكستدا ببینرێت.