عادل عەلی

کورتە باسێک دەربارەی پڕۆگرامی یەکێتی

  2021-06-07 20:49      280 جار بینراوە        کۆمێنت

(7)

حەوتەم / ژنان
یەکێتیی نیشتمانیی کوردستان هەر لەسەرەتای دامەزراندنییەوە بە ئاشکرا لەروانگەی جیهانیی و فیکریی و سیاسیی خۆیەوە وەک هێزێکی چەپی دیموکرات پەیامی یەکسانیخوازی نێوان ژنان و پیاوانی بەرز راگرتووە، هەمیشە لەسەر هەموو ئاستەکاندا کاری پراکتیکیی بۆ کردووە و بەردەوام لە هەوڵی فەراهەمکردنی زەمینەکانی لەبار بوون بۆ بەشداریی ژنان لەسەرجەم کایە سیاسی و ئابووریی و فەرهەنگییەکاندا بووە کە کاراتر و بەرچاوتر ژنان بگەنە ناوەندەکانی بڕیاری سیاسی، و ی.ن.ک یەکێک لە هێزە پێشەنگەکان کە سیستمی کۆتایی جێگیرکردووە لەسەر ئاستی حزبی و ئۆرگانیشدا و لەسەر ئاستی حکومەت و پەرلەمان جێگا دەست و کاریگەریی خۆی هەیە. هەربۆیە لەبەشی حەوتەمی ئامانجە کۆمەڵایەتییەکانی پڕۆگامدا بە چوار خاڵ ئامانج و میکانیزمەکانی دیاریکردووە:
-1خەباتکردن بۆ یەکسانی و چەسپاندنی مافەکانی ژنان لە چوارچێوەی بەڵگەنامە نێودەوڵەتییەکان، بە تایبەت جاڕنامەی جیهانی مافەکانی ژنان (پەیماننامەی سیداو).
-2کارکردن بۆ رەخساندنی زەمینەیەکی لەبار بۆ دابینکردنی ئابوورییەکی سەربەخۆ بۆ ژنان لە رێگەی پڕۆژەی هەمەجۆرەوە.
-3بەگژاچوونەوە و رێگرییکردن، لە ھەرجۆرە تێڕوانین و بیرو باوەڕێک كە بانگەشە بۆ جیاکاریی رەگەزی بکات .
-4بڵاوکردنەوەی کەلتوری یەکسانی لە کۆمەڵدا و رێکخستن و پاراستنی مافەکانی ژنان و رەنگدانەوەی لەناو یاساکاندا .

هەشتەم / کوردستانیانی هەندەران
بەهۆی بارودۆخی سیاسیی و ئابووریی و کۆمەڵایەتیی نالەباری کوردستان و جەنگ و وێرانکاریی و ناسەقامگیریی و قەیران لە دوای قەیران کە کاریگەریی نێگەتیڤی لەسەر ژیان و گوزەرانی هاووڵاتیانی کوردستان کردووە، ژمارەیەکی زۆر لە خەڵکی کوردستان بەناچاری روویان لە دەرەوەی وڵات کردووە.
هەر لەسەرەتای شۆڕشی نوێوە ی.ن.ک بەردەوام لەسەر ئەو ئاستە لە هەندەران کاریکردووە و لەدوای راپەرینیش لە رێگەی نوێنەرانی ی.ن.ک بەتایبەتی لە وڵاتانی ئەوروپا لە هەوڵدا بووە کە لۆبییەکی کاریگەر و بەرچاو دروست ببێت لە هاووڵاتییانی کوردستان بۆ گەیاندنی دەنگ و رەنگی پرسی رەوای گەلەکەمان بە دنیای دەرەوە. لە کۆنگرەی چوارەمیشدا لە ئامانجە کۆمەڵایەتییەکاندا لە بەشی هەشتەم و بە چوار خاڵی سەرەکی ئامانج و میکانیزمەکانی دیاری کردووە و دەڵێت:
بەهۆی ناسەقامگیری دۆخی ئەمنیی و باری ئابووری ناوخۆی وڵاتەوە، ژمارەیەکی زۆری هاووڵاتییان روویان لە هەندەران کردووە، بۆیە ی.ن.ک هەوڵ دەدات بۆ:
1)سوودوەرگرتن لە توانا و شارەزاییان.
2)بەهێزكردنی ئینتیمای نیشتمانیی و نەتەوەیی لەناو ئەو نەوەیەی لە هه‌نده‌ران لەدایك بوون و ژیاون.
3)گرنگیدان بە رۆڵ و پێگەیان بۆ ئەوەی بتوانن بە شێوازێكی مەدەنییانە و دیبلۆماسییانە رۆڵی خۆیان بگێڕن وەك گروپی فشار لەسەر ناوەندەكانی بڕیاری جیهانی و رێكخراوە نێودەوڵەتییەكان و وڵاتانی جیهان بۆ ناساندن و پشتیوانیكردن لە پرسە نەتەوەیی و نیشتمانییەكان.
4)هه‌ماهه‌نگییکردن له‌گه‌ڵ عیراقییه‌کانی ده‌ره‌وه‌ی وڵات‌.

نۆیەم/ لاوان
هەمیشە لاوان پێگەیەکی گرنگی هەبووە لای ی.ن.ک، چونکە هەر لەسەرەتاوە بەشی هەرەزۆری دامەزرێنەرانی ی.ن.ک و بەشە پێکهێنەرە سەرەکییەکان کۆمەڵەی رەنجدەران گەنج و لاو بوون. بۆ یەکێتی، لاوان سەرمایەیەکی هەرە گەورە و بەنرخی کۆمەڵی کوردستانە. داهاتوو لەسەر دەستی ئەوان پەیوەستە، هەربۆیە لە پڕۆگرامەکانیدا هەردەم بایەخێکی گرنگ بەو توێژە دراوە و پلان و بەرنامەی درێژخایەن دارێژراوە لەسەر ئاستی هەموو بوارەکاندا، بۆ پێگەیاندنی لاوان وەکو رۆڵەی دوارۆژی میللەتەکەمان لە ماوەی رابردووی حوکمڕانیدا ی.ن.ک هەم بە پرۆژەیاسا و هەم پێشکەشکردنی بەرنامەی جیاجیا خزمەتی بە جوڵانەوەی لاوان و خواست و داواکارییەکانی کردووە، هەم لە رێگەی مەکتەبی رێکخراوەکانی دیموکراتییەکان هەم لە رێگەی خوێندکاران و لاوان وەکو دوو رێکخراوی کارا و ئەکتیڤ.
لەو روانگەیەوە لەپێناو ئایندەیەکی گەش و شایستەدا ی.ن.ک خەبات دەکات بۆ:
1)پێگەیاندنیان و دۆزینەوەی هەلی كار بۆیان، خستنەگەڕی تواناكانیان لە ناوخۆ و دەرەوەدا.
2)رەخساندنی هەلومەرجی فراوان بۆ پەرەپێدانی ئازادانەی توانا و بەهرەكانی لاوان و گەشەپێدانیان لە رێی دابینکردنی دەرفەتەكانی بەشداربوون لە سەرجەم كایەكاندا.
3)دابینكردنی زەمینەی ئابووریی و كۆمەڵایەتی بۆ لاوانی كوڕ و كچ لە پێكهێنانی خێزان و نیشتەجێبووندا.
4)دروستكردنی كەشی ئازاد بۆ لاوان بۆ بەشداربوونیان بە شێوەیەكی چالاك لە دروستکردنی بڕیاری سیاسی و ئابووریدا.
5)گەشەپێدان و زیادكردنی سەنتەرەكانی راهێنان و پێگەیاندنی لاوان و دروستكردنی تۆڕی پەیوەندی نێوان لاوانی كوردستان و بەستنەوەیان بە لاوانی عیراق و ناوچەكە و جیهانەوە.
6)پراكتیككردنی میكانیزمی مۆدێرن لە پێكهێنانی رێكخراوەكانی لاواندا، تا بتوانن بە ئازادانە گوزارشت لە بیروبۆچوونی خۆیان بكەن.
7)پەروەردەكردنی لاوان بە گیانێكی سەردەمیانە بۆ زیاتر خۆشەویستی خاك و بەهێزكردنی ئینتیمای نیشتمانییان.
سەرجەم ئەو خاڵانە بەشێکی زۆریان کاریان لەسەر کراوە و بەشێکی بەرچاویشی جێبەجێ کراون، لە داهاتوودا کاری شیلگرانە تری لەسەر دەکرێت لەسەر هەموو ئاستەکاندا.

دەیەم/ وەرزش
وەرزش وەكو دیاردەیەكی كۆمەڵایەتی‌و چالاكیەكی مرۆیی لە كۆمەڵگەی كوردستانیش ئەم مەیدانە بە درێژایی مێژووی چەوسانەوە‌و داگیركاریی و سیاسەتی دوژمنكارانە ‌و جیاكاریانەی بەسەرەوە دیاربووە كە بە داخەوە نەتوانراوە ژێرخانێكی بەهێزی لایەنی وەرزشی دروستبكرێت. لە كوردستانیش دوای راپەڕین سەرەڕای هەوڵەكانی ی.ن.ك بۆ ئاوڕدانەوە لەو مەیدانە زیندووەی كۆمەڵ ئەویش هەرلەدروست كردنی لیژنەی ئۆڵۆمپی كوردستان‌ و بایەخدان بە تیپە میلییەكان وەكو یەكەیەكی بنەڕەتی بۆ گەشەكردنی فراوان ‌و جوڵانەوەی وەرزشی، بەڵام گرفت ‌و قەیرانە سیاسیی‌ و ئابوورییەكان بە رۆكی ئەم سێكتەرەشی گرتوو كاریگەری نێگەتیڤی زۆری بووە لە بواری وەرزشیدا ، بەڵام ی. ن. ک هەمیشە هەوڵەكانی خۆی چڕكردۆتەوە بۆ بایەخ‌و گرنگیدان بە وەرزش‌و دەرخستنی توانا شاراوە‌و ئاشكراكانی لاوان لە بواری چالاكی وەرزشیدا. هەربۆیە لە ئامانجە كۆمەڵایەتییەكاندا لە بەشی دەیەمدا بە هەشت خاڵی سەرەكی‌و ڕوون ئامانج‌و میكانیزمەكانی دیاریكردووە.
ی.ن.ك هەوڵ دەدات بۆ:
1/ هۆشیاركردنەوەی لاوان بۆ بەردەوامبوون لە چالاكی وەرزشیدا.
2/ دامەزراندنی یانەی وەرزشی تایبەت بە بوارە جیاوازەكانی وەرزشی لە شار‌و شارۆچكەكانی كوردستان.
3/ بنیادنانی ژێرخانی وەرزشی لە شارەكاندا وەك یاریگە و مەلەوانگە‌و هۆڵی داخراو.
4/دامەزراندنی بنكەی تەندروستی وەرزشی بۆ چارەسەر كردنی سروشتی‌و نەشتەرگەری وەرزشی لە شارە گەورەكاندا.
5/ دابینكردنی بودجەیەكی گونجاو بۆ یانە‌و یەكێتییە وەرزشییەكان بۆ ئەنجامدانی كاری وەرزشی.
6/ دامەزراندنی كەناڵی ئاسمانی وەرزشی بۆ گرنگیدان بە رۆڵی وەرزشی لە كوردستاندا.
7/ دابینكردنی توانای دارایی بۆ هێنانی ڕاهێنەری پسپۆر بۆ ڕاهێنانی تیپەكان‌و دادوەرە وەرزشییەكان بە نوێترین بنەماكانی پەروەردە‌و یاسای وەرزشی.
8/ گرنگی پێدان بە تیپە میللەكان‌و بەرزكردنەوەی تواناكانیان.

یازدەهەم: پەروەردە ‌و خوێندنی باڵا
ی.ن.ك هەمیشە لە هەوڵدا بووە كە بایەخێكی گرنگ بە سێكتەری پەروەردە ‌و خوێندن بدرێت. هەر لە سەرەتاوە كاری لەسەر ئەوە كردووە كە گۆڕانكاریی ریشەیی لە بنەما‌و شێوەی خوێندنی سەردەمی داگیركاریی ‌و كۆنەپەرستانەدا بگرێت‌ و لە جێگەیدا میتۆد‌و فەلسەفەیەكی مۆدێرنی ئینسانی جێگیر بكرێت. بۆئەو مەبەستە لە رێگەی پەرلەمان بە پێشكەش كردنی پرۆژە یاسای تایبەت بەبواری پەروەردە‌و فێركردن‌و هەروەها لە رێگەی وەزارەتی پەروەردەو خوێندنی باڵاوە كاری زۆركراوە بۆ گۆڕینی سەرلەبەری میتۆدی پەروەردەو خوێندن. ئەم هەوڵانەش دیسانەوە بەر كۆمەڵێك گرفت‌و نەریتی دواكەوتوانە دەکەوێت، كە بەشێكیان هێزە كۆنەپارێزەكانیشی لەپشتەوە بوو، کە رێگربوون لە گۆڕینی میتۆد‌و فەلسەفەی پەروەردە و خوێندنی هاوچەرخ. بەڵام ی.ن.ك وەك هێزێكی نیشتمانی‌و پێشكەوتوخواز هەمیشە شان بەشانی گۆڕانكارییەكانی سەردەم ڕێی كردووەو رووبەڕووی كۆنەپەرستی بۆ ئەوە‌ و کە هەرگیز سازشی لەسەر هیچ یەکێک لە ئامانجەكانی نەكردووە. نەك هەرئەوە بەڵكو ی.ن.ك چەندین دەستكەوتی گەورەی بەدەستهێناوە. لە پڕۆگرامی ی.ن.ك لەبەشی یانزدەهەم كە تایبەتە بەبواری پەروەردەو خوێندنی باڵا لە هەشت خاڵدا ئامانجەكانی ڕوونكردۆتەوە.
-1هەوڵدان بۆ گەشەپێدان‌و نوێكردنەوەی بەردەوامی سیستمی پەروەردەو فێركردن‌و خوێندنی باڵا پەرەپێدانی پڕۆگرامەكانی خوێندن، گەشەپێدانی بەردەوامی فەلسەفەو سیستمی پەروەردە‌و فێركردن بۆ تەواوی خوێندنگاكان.
-1زیادكردنی خوێندنگەكان بەپێی ستانداردە نێودەوڵەتیەكان.
-3بایەخدانی زیاتر بە بەشە ناوخۆییەكان ‌و هونەرییەكانی هاتوچۆ بۆ خوێندكاران.
-4گەشەپێدانی پەیمانگا‌و زانكۆكان، پاراستنی سەربەخۆییان لە رووی ئەكادیمی، دارایی، كارگێڕیەوە‌و بایەخدان توێژینەوە زانستیەكان.
-5بایەخدان بە خوێندنی پیشەیی‌و تەكنیكی لەرووی چۆنایەتیەوە، بەشێوەیەك كە لەگەڵ توانا‌و پێداویستیەكانی بازاڕی كاردا گونجاوبێت.
-6گرنگیدان بەوزە و توانای ئەكادیمیستەكان، هاندانی كۆچی پێچەوانەی پسپۆڕان ‌و خاوەن بڕوانامە باڵاكان لە دەرەوە بۆ ناوەوەی وڵات.
-7دابینكردنی كردنی زەمالەی خوێندن لە دەرەوەی وڵات ‌و كار ئاسانییكردن بۆ خوێندكاران.
8-كردنەوەی پەیمانگای تایبەت بۆ فێركردنی زمانی كوردی بۆ ئەو بیانیانەی كە لە هەرێمی كوردستاندا كاردەكەن ‌و دەژین.

وتاری زیاتر

ژیریی سیاسی پێش جەنگی ئۆکرانیا‬ عادل عەلی
2022-03-02 17:13      136 جار بینراوە







دەنگ بدەن بەلیستی 162‬ عادل عەلی
2018-05-10 20:49      345 جار بینراوە

نوێترین هەواڵەکان

بیروڕا

سۆشیال میدیا

گەلەری

کەشو هەوا

زۆرترین سەردانکراو