سه‌ره‌تا ده‌بێت دان به‌وه‌دا بنێین که خوێندنی باڵا له‌هه‌رێمی کوردستان له‌ئاستی پێویستدا نییه، به به‌راورد له‌گه‌ڵ ئاستی خوێندنی ده‌وڵه‌تانی ناوچه‌که که به ئیعترافی پسپۆڕان وشاره‌زایانی خوێندنی باڵای ئه‌و ده‌وڵه‌تانه له‌نزمترین ئاسته‌کانی دنیادایه.
گه‌شه‌کردنی پرۆسه‌ی زانستی به‌شێوه‌یه‌کی راسته‌وخۆ له‌ژێر کاریگه‌ری ئاستی گه‌شه‌کردنی په‌یکه‌ره بنه‌ڕه‌تییه‌کانی ده‌وڵه‌ته، وه‌ک، ئابووریی، سیاسیی، کۆمه‌ڵایه‌تیی وفه‌رهه‌نگیی، ئه‌گه‌ر هه‌رێمی کوردستان که به‌شێکه له عیراقی ئه‌ندام له‌لیستی ده‌وڵه‌تانی دواکه‌وتوو، هه‌وڵه‌کانی بۆ ده‌ربازبوون له‌دواکه‌توویی نه‌خاته‌گه‌ڕ که هێشتا له‌شوێنی خۆیدا قه‌تیس ماوه له‌هیچ ئاستێکی ئه‌و په‌یکه‌رانه‌ی سه‌ره‌وه‌دا به‌ره‌وپێش نه‌چووە، بێگومان له‌سه‌ر ئاستی به‌ره‌و پێشچوونی زانستیشدا ده‌قاو ده‌ق هه‌ر وایه.
لێره‌دا ده‌کرێ ئاماژه به‌و قه‌یرانه‌ی هه‌رێم بده‌ین که له‌بنه‌ڕه‌تدا قه‌یرانی سه‌رکردایه‌تییه‌که که له‌ڕووی سیاسییه‌وه که‌متوانایه له‌باش خوێندنه‌وه‌ی هه‌لومه‌رجی نێوده‌وڵه‌تی، له‌وانه کورتبینی له‌گرتنه‌به‌ری رێوشوێنی دیموکراتی بۆ سه‌رکردایه‌تیکردنی کۆمه‌ڵ و سستمی حوکمڕانی، هه‌ره‌وه‌ها له‌ڕووی مه‌عریفیشه‌وه که‌متوانایه له‌گه‌یشتن به‌و گۆڕانکارییانه‌ی که به‌رده‌وام شۆڕشی ته‌کنه‌لۆجیای زانیاری له‌جیهان ده‌یهێنێته به‌رهه‌م.
به‌شێوه‌یه‌کی گشتی ئه‌و قه‌یرانه، قه‌یرانی سه‌رکردایه‌تییه، که راسته‌وخۆ بۆ چوارچێوه دامه‌زراوه‌ییه‌کانی ته‌واوی په‌یکه‌رو چالاکییه هه‌مه‌جۆره‌کانی ده‌وڵه‌ت شۆڕده‌بێته‌وه، له‌وانه‌ش په‌یکه‌ر وچالاکییه زانستییه‌کان، به‌شێوه‌یه‌ک که ناتوانێ هاو‌شانی بزاوتی گه‌شه‌کردنی زانستی له‌جیهان هه‌نگاو بنێت.
ئه‌گه‌ر له‌چوارجێوه‌ی سه‌رکرده‌کانی خوێندنی باڵاوه دابه‌زین بۆ ئاسته‌کانی خواره‌وه، چه‌ندین ئاماژه هه‌یه ده‌ریده‌خات که پێده‌چێ ئه‌و قه‌یرانی سه‌رکردایه‌تییه قه‌یرانی بنه‌ڕه‌تی بێ، ئه‌گه‌ر بڕوانینه نه‌وعیه‌تی هێزه مرۆیی و ئیداریی و پیشه‌یی به‌رپرسه‌کانی خوێندنی باڵا، ده‌رده‌که‌وێ که ئه‌وانیش به‌ده‌ر نین له‌کاریگه‌ریی دامه‌زراوه‌ی سیاسی، ئه‌وه‌ش ره‌نگدانه‌وه‌ی نه‌گه‌تیفی له‌سه‌ر ئه‌داو ئاستی پێشکه‌وتن و جه‌وده‌ی خوێندنی باڵا هه‌یه. سه‌ره‌ڕای ئه‌وه‌ی که خوێندنی باڵا ناتوانێ خۆی له‌و میراته کۆنه‌ی که بۆی به‌جێماوه قوتار بکات، مه‌نهه‌جه‌کانی خوێندن باشترین به‌ڵگه‌ن که ئێستاشی له‌گه‌ڵدا بێت هه‌ر هه‌مان ناوه‌رۆکه کۆن و فه‌لسه‌فه خوێندنه‌ی جارانه، یان هه‌مان شێوازی ته‌قلیدی خوێندنی جارانی هه‌یه، ئه‌مه‌ش ده‌ریده‌خات که پرۆسه‌ی خوێندنی باڵا له‌هه‌رێمی کوردستان له‌قه‌یرانێکی راسته‌قینه‌دایه که نه‌یتوانیوه سوود له‌و هه‌موو گۆڕانکارییه گه‌ورانه‌ی دنیا وه‌ربگرێت.
خوێندنی باڵا به‌رده‌وام به‌ده‌ست ئه‌و قه‌یرانه به‌رده‌وامه‌یه‌وه ده‌ناڵێنێ و له‌ئاستی پێویستیشدا نابێ ئه‌گه‌ر کار بۆ ئه‌نجامدانی چه‌ند چاره‌سه‌رکردنێکی جه‌و‌هه‌ری نه‌كات، له‌سه‌رووی هه‌موویانه‌وه دوورخستنه‌وه‌ی دامه‌زراوه‌کانی خوێندنی باڵا له‌ژێر کاریگه‌ری ده‌سه‌ڵاتی سیاسی ( حزبی و حکومی) چ له‌سه‌ر ئاستی به‌رپرسه باڵاکانی تا ده‌گاته راگر‌و سه‌رۆک به‌ش و کادره ئیدارییه‌کان، ئه‌و به‌رپرسانه له‌سه‌ر بنه‌مای پێوه‌ری زانستی ده‌ستنیشان بکرێت. چاوخشاندنه‌وه به‌فه‌لسه‌فه‌ی خوێندنی باڵا‌و مه‌نهه‌ج وشێوازه‌کانی خوێندن و به‌سوودوه‌رگرتن له‌ته‌کنه‌لۆجیای زانیاری تازه. هه‌روه‌ها به‌رده‌وام به‌شێوه‌یه‌کی ده‌وری تاقیکردنه‌وه‌ی زانستیی به (ده‌سته‌کانی خوێندن -مامۆستایان) بکرێ بۆ زانینی ئاست و توانای زانیاریی و په‌ره‌پێدانی و ده‌ستبه‌رداری پێوه‌ره ته‌قلیدییه‌کان بن له‌پڕکردنه‌وه‌ی پۆسته زانستییه‌کاندا. بێ ئه‌وه زۆر ئاسته‌نگه باس له‌خوێندنی باڵایه‌ک بکه‌ین له‌هه‌رێم که جێگه‌ی ئومێد بێت بۆ به‌ره‌و پێشبردنی ئاستی زانستی وته‌کنه‌لۆجی.