(6)
یەکەم / گەشەپێدانی کۆمەڵایەتی
ئەم بەشە بایەخێکی یەکجار زۆری پێدراوە کە لە هەشت خاڵی روون و ئاشکرا بەیان کراوە هەروەک:
1- رەخساندنی دەرفەت و زەمینەی یاسایی و ئابووری بۆ نەهێشتنی بێکاری. لای ی.ن.ک دەرکی ئەوە کرا کە دیاردەی بێکاری دیاردەیەکی نێگەتیڤی کۆمەڵگەیە و ئاماژەیە بۆ گرفتی ئابووری گەورە کە دواجار قەیرانی توند بەدوای خۆیدا دەهێنێ. پێوەری پێشکەوتنی ئابووری هەر وڵاتێک بە رێژەی بێکاریی دەپێورێت هەربۆیە جەخت لەسەر کەمکردنەوە یاخود نەهێشتنی بێکاری کراوەتەوە.
2- کارکردن بۆ ئەوەی چەند یاسایەک دەربکرێت لە پێناو دابینکردنی بیمەی بێکاری و کۆمەڵایەتی هاوسەنگ بۆ تاک و خێزان. ئەم خاڵە لە روانگەی فیکری سۆسیال دیموکراتی ی.ن.ک سەرچاوە دەگرێت. هەربۆیە هەمیشە کار بۆ ئەو لایەنە دەکات کە بەرەو کۆمەڵگەیەکی خۆشگوزەران هەنگاو هەڵبنێت.
3- یاساکان بەپێی گۆڕانکارییەکانی سەردەم پێویستە هەموار و پێداچونەوەی تێدابکرێت. هەربۆیە ی.ن.ک هەوڵ دەدات یاساکانی چاکسازی کۆمەڵایەتی هەم گۆڕانکاری، هەم پێشکەوتنی تێدا بکرێت بە رەچاوکردنی تایبەتمەندی و پەرەسەندنەکانی دنیا. لە پێناو هێنانەکایەی سیستمێکی مۆدێرن و مرۆیی.
4- تایبەت بە مافەکانی ژنان و لاوان و منداڵان چەندین رێکەوتننامەی نێودەوڵەتی هەن، بۆیە یەکێتی هەمیشە جەخت لەسەر ئەو یاسا و رێنماییانە دەکاتەوە لە پێناو پاراستنی مافەکانیان. لەم بەشەدا بە روونی لەم خاڵەدا بەیان کراوە. جگە لەوەی کە مرۆڤ کۆڵەکەی بنەڕەتی گەشەپێدانە، بەڵام دەبێت ئەوە روون بێت کە مرۆڤ بە هەردوو رەگەزەوە کە پیاوان و ژنانە.
5-توێژی خانەنشینان توێژێکن کە لە رابردوودا خزمەتگوزار و بەرهەمهێنەری سەرجەم سێکتەرەکانی ژیان بوون. ئێستا پێویستە ژیانێکی مرۆیی شایستەیان هەبێت هەربۆیە لەم خاڵەدا هاتووە : هەموارکردنەوەی یاسای خانەنشینی بە رەچاوکردنی کەمکردنەوەی جیاوازی و دەستەبەرکردنی دادپەروەری ودابینکردنی ژیانێکی شایستە بۆیان.
6- لە رابردوودا کۆمەڵی کوردستان لەژێر سایەی دیکتاتۆریی و داگیرکاریدا لەپای سیاسەتە دوژمنکارانەی بەعسی فاشیست دووچاری چەندین کارەسات و سیاسەتی جینۆساید بۆتەوە کە بە داخەوە تاکو ئێستاش ئاسەوارەکانی لە بوارەکانی ئابووریی و کەلتوری بە تایبەتی بواری کۆمەڵایەتییدا ماوەتەوە هەربۆیە لەم خاڵەدا لە پرۆگرامی ی.ن.ک هاتووە:
چارەسەرکردنی ئاسەوارە کۆمەلایەتیی و سیاسییەکانی کەسوکاری قوربانیانی جینۆساید (فەیلییەکان، بارزانییەکان، کیمیابارانکراوان ، ئەنفالکراوان و ئێزیدییەکان و شەڕی تیرۆرستانی داعش) بە پێی یاسا.
7- لە هەموو کۆمەڵگەکانی مرۆڤایەتی گرفتی گەورە بوونی مادەی هۆشبەرە کە وەک نەخۆشییەکی کوشندەی جەستەی کۆمەڵگەی تەنیوە. هەرچەندە بە خۆشحاڵییەوەو لە کۆمەڵگەی کوردەوارییدا ئەم نەخۆشییە نەبۆتە دیاردە بەڵام بەو مانایەش نییە کە بەکارهێنەرانی ئەم مادەیە لە کوردستان بوونی نەبێت هەربۆیە لە خاڵی حەوتەمدا هاتووە: کارکردن بۆ پاراستنی کۆمەڵ لە ماددە هۆشبەرەکان بەپێی یاسا کارپێکراوەکان و کردنەوەی سەنتەری چارەسەرکردنی ئالودەبووان.
8- لە ئەنجامی شەڕی تیرۆرستانی داعشدا کە چەندین قوربانی لێ کەوتەوە کە تا هەنووکەش کاریگەری بەرچاوی نێگەتیڤی لەسەر خودی قوربانییان و کەسوکاریان ماوەتەوە، هەربۆیە ی.ن.ک لەم خاڵەی بەشی گەشەپێدانی کۆمەڵایەتییدا هەوڵ دەدات بۆ کردنەوەی سەنتەری زانستی بۆ چارەسەر و راهێنانەوەی قوربانیانی دەستی تیرۆرستانی شەڕی داعش.
دووەم / گەشەپێدانی مرۆیی
چەمکی گەشەپێدانی مرۆیی یەکێکە لە تیۆرییەکانی پەرەسەندنی مرۆڤایەتی، کە مرۆڤ رەگەزی بنەڕەتی و گرنگی ئەو گەشەکردنەیە. هەربۆیە لە بەشی دووەمی ئامانجە کۆمەڵایەتییەکاندا بایەخێکی زۆر دراوە بە گەشەپێدانی مرۆیی. ئەو لایەنە زۆر بە هەند وەرگیراوە لەو خاڵانەدا روون و ئاشکرا میکانیزمەکانی خراونەتە دەستوری کاری ی.ن.ک و لە نێو پرۆگڕامەکەدا بەرجەستە کراوە.
1- گەشەپێدان و گرتنەبەری بەرنامەی گونجاو سەبارەت بەوەی کە چۆن سەرچاوە مرۆییەکان بخرێنە خزمەت پرۆسەی گەشەپێدانی مرۆیەوە و تێدا هاتووە: گرتنەبەری ستراتیژی گەشەپێدانی توانا و سەرچاوە مرۆییەکان.. واتا کارکردن لەسەر ئاستی سەرچاوە گرنگەکانی مرۆیی و توانا مرۆییەکان.
2- لەم خاڵەدا بە روونی باسی لایەنێکی تری گەشەپێدانی مرۆیی کراوە لە خوێندن و خوێندنی باڵا و راهێنان و دابینکردنی چوارچێوەی پێویست بە دامەزراوەییکردن کە هەماهەنگ بێت لەگەڵ پلانی گەشەپێداندا هاتووە: پەرەپێدانی سیستمی خوێندنی هاوچەرخ، راهێنان و مەشق پێکردن و دابینکردنی چوارچێوەیەکی دامەزراوەیی کە لەگەڵ بەرنامەکانی تری گەشەکردنی هەرێمدا گونجاو بێت.- هەماهەنگی لە نێوان سەرجەم سێکتەرەکاندا زۆر گرنگە کە هاوشان و هاوکار و یارمەتیدەری رەوتی گەشەپێدانی مرۆیی بن هەربۆیە لەم خاڵەدا روونتر هاتووە: هەماهەنگی هەمەلایەنە لەنێوان سیاسەتی دانیشتووان و سیاسەتەکانی بەگەڕخستن و هێزی کار و سیاسەتەکانی خوێندن و ستراتیژی گەشەپێدان.
سێیەم/ کەسوکاری شەهیدان و فەیلییەکان و قوربانیانی ئەنفال و کیمیاباران و جینۆسایدی ئێزیدییەکان
بە حوکمی ئەو هەموو مەرگەسات و کارەساتانەی کە لەپای سیاسەتی دوژمنکارانەی رژێمە یەک لەدوای یەکەکانی داگیرکەری کوردستان بە گشتی و بەعسی فاشیست بەتایبەتی بەسەر کوردستان و دانیشتووانی کوردستاندا هاتووە چەندین قوربانی لێ کەوتۆتەوە و چەندین توێژی کۆمەڵایەتی لە ئەنجامی ئەو پرۆسانەدا لە کۆمەڵگەی کوردستاندا دروست بوون.
ی.ن.ک بە چاوی گرنگی و پڕ بایەخەوە وەکو لایەنی کۆمەڵایەتیی و ئابووریی و فەرهەنگی، لەبەشی سێیەمی پرۆگرامی کۆنگرەی چوارەمدا کە تەیبەتە بە کەسوکاری شەهیدان و فەیلییەکان و قوربانیانی ئەنفال و کیمیاباران و جینۆسایدی ئێزیدییەکان لە (9) خاڵدا بەرنامە و میکانیزمی روونی دەستنیشان کردووە و لە رابردووشدا لەو بارەیەوە نە کەمتەرخەمی نە ئەو لایەنە گرنگەی کۆمەڵگەش فەرامۆش کراوە، هەمیشە و بەپێی توانا ماددی و مەعنەوییەکان کار لەسەر ئەو ئاستە کراوە. ئەو گرفتانەش بە ئاستەنگێکی بەرچاو سەیرکراوە لەبەردەم گەشەپێدانی کۆمەڵایەتی و مرۆییدا، هەر بۆیە جارێکیتر جەخت لەسەر ئەو ئامانجە کراوەتەوە:
1) كاركردن بۆ دابینكردنی ژیان و گوزەرانێكی شایستە بۆ كەسوكاری شەهیدە نەمرەكانی شۆڕش، قوربانییانی ئەنفال، كیمیاباران، جینۆسایدی ئێزدییەكان و شەهیدانی دەستی تێرۆر و هەوڵدان بۆ قەرەبووكردنەوەی زیانلێكەوتوانی ئەو كارەساتانە.
2) گرنگیدان بە منداڵانی شەهیدان و كارئاسانیكردن بۆ تەواوكردنی خوێندن لەناوەوە و دەرەوەی وڵاتدا.
3) زیندوو راگرتنی ناو و یادەوەرییان بە شێوازی جۆراوجۆر.
4) بەردەوامبوون لە هەڵمەتی گەڕان و هەڵدانەوەی گۆڕە بەکۆمەڵەکانی ئەنفالكراوان و هێنانەوەی روفاتەكانیان .
5) کارکردن بۆ ناساندنی جینۆسایدی ئەنفال و کیمیاباران و ئێزیدییەکان.
6) كاركردن بۆ دادگاییكردنی ئەو كەسانەی دەستیان هەبووە لە شاڵاوەكانی ئەنفال و كیمیاباران و شەهیدكردنی رۆڵەكانی گەلی كوردستان.
7) جێبەجێكردنی مادەی(132)ی دەستوری عیراق لە هەرێمی کوردستان.
8) كردنەوەی مۆزەخانەی تایبەت بە شەهیدان و قوربانییانی ئەنفال و جینۆسایدی ئێزدییەكان.
9) هەوڵدان بۆ دۆزینەوەو گەڕاندنەوەی روفاتی پیرۆزی ئێزیدییەکان و قوربانییانی دهستی تێرۆریستانی داعش و بەردەوام بوون بۆ دۆزینەوەی چارەنوسی بێسەر و شوێنەکان.
لەماوەی رابردوودا ی.ن.ک کاری زۆر و شێلگرانەی کردووە لەسەر ئاستی ئەو خاڵانەدا بەشێکی بەرچاوی ئەو ئامانجانەی بەدی هێناوە، بەڵام رەنگە لە ئاستی دڵخواز و تەواوی مەرامەکانی ی.ن.ک و خەڵکی کوردستان نەبێت کە هەمیشە جەخت لەسەر باشترکردنی رەوتی کارکردن دەکاتەوە بۆ بەدی هێنانی تەواوی ئامانجەکان.
چوارەم/ زیندانییە سیاسییەکان
لە ئەنجامی خەباتی رەوای بزوتنەوەی نیشتمانیی و دیموکراتی خەڵکی کوردستاندا توێژێکی بەرچاو لە تێکۆشەرانی زیندانی سیاسی دەستی داگیرکەران هەن لەو پێناوەدا قوربانی زۆریان بە جەستە و دەروونی خۆیان داوە کە تاکو ئێستا کاریگەرییەکانی بە ئاشکرا دەبینرێت لەسەر خودی خۆیان و کەس و کاریان. هەربۆیە مافی خۆیانە کە ژیان و مووچەیەکی شایستەیان هەبێت و دواجار لەناو کۆمەڵگە سەرفرازانە و بێ گرفت بژین.
هەر لە روانگەی هەستکردن بە بەرپرسیارێتی و بەو پێیەی ی.ن.ک پشکی شێری بەردەکەوێت لە ژمارەی زیندانیانی سیاسی لەبەشی چوارەمی ئامانجە کۆمەڵایەتییەکاندا سێ خاڵی سەرەکی و گرنگن وەکو ئامانج دیاریکراون:
1) جێبهجێکردنی یاسای ژمارە(4)ی ساڵی (2006)ی ههموارکراو له پەرلەمانی عیراق، تایبەت بە زامنکردنی مافی زیندانییانی سیاسی ههرێمی کوردستان هاوشێوهی زیندانییانی سیاسی عیراق.
2) چارەسەركردنی زیندانی سیاسی نەخۆش لە ناوەوە و دەرەوەی وڵات لەسەر ئهرکی حكومەت.
3) تەرخانكردنی زەوی و دابینكردنی مووچەی شایستە بۆ ئەو زیندانییە سیاسییانەی كە تا ئێستا سوودمەند نەبوون.
پینجەم/ کەمئەندامانی سەنگەر و خاوەن پێداویستییە تایبەتەکان
ی.ن.ک هەمیشە لە هەوڵی باشترکردنی ژیان و گوزەرانی کەمئەندامانی سەنگەر و خاوەن پێداویستی تایبەتەکان، هەم لەسەر ئاستی پەرلەمان، کە چەندین پرۆژە یاسای تایبەتی بەو بوارە پێشکەش کردووە و هەم لەسەر ئاستی حکومەتیش بە جیدی کارکردووە، سەردەمانێک کە وەزارەتی کار و کاروباری کۆمەڵایەتی لە دەستدا بووە چەندین یاسای لە خزمەتکردن و باشترکردنی ژیان و خۆشگوزەرانی ئەو توێژەدا خستۆتە بواری جێبەجێ کردنەوە، کە کاریگەریی بەرچاو و پۆزەتیڤی هەبووە لەسەر کۆی ژیانیان. هەربۆیە جارێکی تر لەم پرۆگرامەدا لەبەشی کەمئەندامان و خاوەن پێداویستی تایبەت حەوت خاڵی سەرەکی داڕشتووە کاری بۆ دەکات لەسەر هەموو ئاستەکاندا.
1) جێبەجێكردنی سەرجەم بڕگەكانی یاسای ژمارە (34)ی ساڵی (2007)ی تایبەت بە خانەنشینكردنی(كەمئەندامانی سەنگەر) کە لە پەرلەمانی كوردستانەوە دەركراوە.
2) دابینكردنی زەمالەی خوێندن بۆ كەمئەندامانی سەنگەر و كوڕ و كچیان، دابینكردنی خهرجی بۆ خوێندن بۆیان لەناوەوە و دەرەوەی وڵات بەپێی مەرجەكانی خوێندن.
3) دابینکردنی یەکەی نیشتەجێبوون لە رێگەی پێدانی زەوی یان دروستکردنی كۆمەڵگەی نیشتەجێبوونی تایبەت بە كەمئەندامانی سەنگەر كە پێداویستی كەمئەندامانی تێدا رەچاو بكرێت .
4) هاوكارییكردنی تەواوی كەمئەندامانی سەنگەر بۆ وەرگرتنی چارەسەری پزیشکی.
5) كردنەوەی چەند سەنتەرێكی كۆمەڵایەتی و وەرزشی و پیشەیی لە شار و شارۆچكەكان بۆ كەمئەندامانی سەنگەر.
6) دیارییكردنی رۆژێك بە ناوی رۆژی كەمئەندامانی سەنگەر.
7) دیارییکردن و دابینکردنی منحەیەکی گونجاو بۆ بەخێوكەری كەمئەندامان بە گوێرەی یاسا بەرکارەکان.
شەشەم/ تێکۆشەر و پێشمەرگە دێرینەکان
لە خەباتی بزوتنەوەی رزگاریخوازیی نیشتمانی و دیموکراتیدا لە شەست ساڵی رابردوودا سەدان و هەزاران کەس لە شۆڕش و بەرخوداندا بەشداربوون، بە تایبەتی ژمارەیەکی بەرچاو لە تێکۆشەران و خەباتگێڕانی شۆڕشی نوێن، کە خۆشبەختانە بەشێکی زۆریان لە ژیاندا ماون و سەرفرازانە ژیان دەکەن. تێکۆشەر و پێشمەرگە دێرینەکان توێژێکن کە لەلای ی.ن.ک پلەیەکی شایستەی کۆمەڵایەتی و سیاسی و حزبییان هەیە، هەربۆیە بەردەوام لە خەمی ژیان و گوزەرانی ئەواندایە و لە ئامانجە کۆمەڵایەتییەکان و لە بەشی شەشەمدا بەسێ خاڵی سەرەکی چەند پلان و بەرنامەیەکی دیاری کردووە، بەمەبەستی گۆڕانکاریی لەژیانیان لەڕووی ئابووری و کۆمەڵایەیییەوە کە هاتووە:
1) جێبەجێکردنی یاساکانی تایبەت بە راژە و خزمەتی پێشمەرگە دێرینەکان.
2) دابینکردنی زەوی یان یەکەی نیشتەجێبوون بۆ ئەو پێشمەرگە دێرینانەی که تا ئێستا سوودمەند نەبوون.
3) دابینکردنی ئیمتیازاتی ژنانی شاخ بەپێی ساڵانی خەبات.