
عادل عەلی
کورتە باسێک دەربارەی پڕۆگرامی یەکێتی
2021-06-07 18:46     146 جار بینراوە      کۆمێنت
(5)
لە بەشی ئامانجە ئابوورییەکان و لە خاڵی سێیەمدا کە تایبەتە بە کەرتی دارایی هەر لە سەرەتای دامەزراندنی حکومەتی هەرێمی کوردستان هەوڵی بێ پایانی داوە کە کار لەسەر پێشخستن و بوژانەوەی کەرتی دارایی بکات لەبەر رۆشنایی پڕۆگرام و بەرنامەی خۆی لە روانگەیەکی سۆسیال دیموکراتییەوە کە ئەوپەڕی عەدالەتی کۆمەڵایەتی بچەسپێنێ، هەربۆیە جارێک بە رەچاوکردنی قۆناغی ئێستای ئابووریی وڵات و باڵانسی بازاڕ و سەرمایەگوزاری پرۆسەی گەشەکردن. تایبەت بە کەرتی دارایی لە بەشی سێیەمدا هاتووە کە سێ خاڵی سەرەکی لە خۆدەگرێت و هاتووە:
1- هەوڵدان بۆ فرە سەرچاوەکردنی داهاتەکانی هەرێم لە رێی هەمەجۆرکردنی چالاکییە بەرهەمدارەکان و پەرەپێدانی سەرچاوەکانی تری داهات. واتا ئەوەی تاکو ئێستا پشتی پێ دەبەسترێت تاکە سەرچاوەی نەوتە کە بەردەوام لە ژێر رەحمەتی هەڵبەز و دابەزینی بازاڕی جیهانی نەوتە، جگە لەوەی ئەم داهاتە حکومییە هەندێک گرێبەستی ناشەفاف کە بۆتە مایەی گرفتی ئابووریی و زیاتر قەیران لە دوای قەیرانیش سەرهەڵ دەدەن. هەربۆیە ی.ن.ک لە هەوڵی بەردەوامدایە سەرچاوەیەکی دارایی زیادبکرێت بە مەبەستی دەوڵەمەندکردنی کەرتی دارایی هەرێم.
2- لە خاڵی دووەمدا هاتووە کە هەوڵی هەموارکردنەوەی یاساکانی باج و رسومات بدرێت بە جۆرێک کە رۆڵی لە پێشخستنی ئابووریی و دابینکردنی دادوەری کۆمەڵایەتییدا هەبێت. یەکێک لە پایەکانی بەرنامەی سۆسیال دیموکراتی بوونی باجی هەڵکشاوە لەسەر داهات کە یەکێکە لە رێگەکانی دابینکردنی عەدالەتی کۆمەڵایەتی.
3- بۆ بەهێزکردنی ئەو کەرتە ی.ن.ک هەوڵ دەدات کە سیستمی بانکی مۆدێرن و سەردەمیانە دابمەزرێنێ بە شێوازێک کە توانای دابینکردنی هەموو خزمەتگوزارییە بانکییەکان و دەستەبەری متمانەی بانکە جیهانییەکانی هەبێت.
چوارەم: کەرتی کارگێڕی
یەکێتیی نیشتمانیی کوردستان کە هەمیشە مۆدیلێکی نوێی بۆ فۆرمی حوکمڕانیی پێشکەش کردووەو هەروەها دەستپێشخەریش بووە لەو بوارەدا، جگە لەوەی بەرگریکاری سەر سەختی و شیلگری سیستمێکی کارگێڕیی دیموکراتی بووە بە کردەوەش لە مەیدانی پراکتیکیدا ئەو ئامانجەی بەرنامەیەی سەلماندووە.
جگە لە دامەزراندنی حکومەتی هەرێمی کوردستان کە لایەنە سەرەکییەکانی ئەو دەسکەوتە مێژووییە بووە، لە دوای ئەوەش هەلبژاردنی شارەوانییەکان یەکێکی ترە لەو دەستکەوتانەی یەکێتی کە لە سنوری حوکمڕانی خۆیدا بە شێوازێکی دیموکراسی ئەنجومەنی شارەوانییەکانی وەکو سیستمێکی مۆدێرنی کارگێڕیی پەیڕەو کرد. هەربۆیە بەردەوام ئەو پڕۆگرامانە بە پێی پێداویستی ئەو قۆناغە و هاوشان لەگەڵ گۆڕانکارییەکانی سەردەم پلان و سیستمی نوێی پێشکەش کردووەو لە بەشی ئامانجە ئابوورییەکان و بەشی چوارەمدا تایبەت بە کەرتی کارگێڕیی لە کۆنگرەی چواردا جەخت دەکاتەوە بە شەش خاڵ لەسەر گەشەپێدان و پەرەپێدانی سێکتەری کارگێڕی:
1- کارکردن بە سیستمی لامەرکەزی کارگێڕیی و دارایی لە پێناو رەخساندنی دەرفەت بۆ هەمووان و بەشداری پێکردنی دانیشتووانی ناوچە جیاوازەکان لە داڕشتنی پلان و بەڕێوەبردنی کاروباری وڵات. سیستمی لامەرکەزی لە دنیای ئێستا یەکێک لە شێوازە سەرکەوتووەکانی وڵاتانی پێشکەوتووە کە بۆتە مایەی گەشە و پەرەسەندنی ئەو وڵاتە. هەرچی کوردستان کە ئێستاکە شێوازێکی ناوەندی توند پەیڕەو دەکرێت کە بۆتە مایەی ناعەدالەتی ناوچەیەک بۆ ناوچەیەکی دیکە و تەنانەت تا ڕادەی فەرامۆشکردن و کارکردن بە میزاج و سیاسەتی رۆژ کە بۆتە مایەی دواکەوتنی بەشێکی بەرچاوی ناوچەکانی سنوری حکومەتی هەرێمی کوردستان – هەربۆیە ی.ن.ک جەخت دەکاتەوە کە ئاڵتەرناتیڤی ئەم قۆناغە جێگیرکردنی سیستمێکی لامەرکەزی ئیداری و داراییە بۆ سەرجەم پارێزگاکانی هەرێمی کوردستان.
2- لە پێناو هێنانەکایەی حکومەتێکی تەکنۆکرات لەم خاڵەدا هەوڵ دەدات کە پرەنسیپی کەسی شیاو بۆ شوێنی شیاو بگرێتە بەر.
3- بۆئەوەی کارگێڕییەکی شایستە و سەرکەوتوو بوونی هەبێت دەبێت سیاسەتێکی کارگێڕیی روون دابڕێژرێت کە رەچاوی پێوەرەکانی لێپرسینەوە و شەفافیەت پەیڕەو بکرێت.
4- لەم خاڵەدا دەستنیشانی ئەوە کراوە کە پێویستە بەردەوام گەشەپێدانی کارگێڕیی و راهێنان و مەشقپێکردنی کارمەندان. بۆئەوەی دامودەزگاکان بەردەوام بە کادری لێهاتوو کارا دەوڵەمەند بکرێت بە مەبەستی ئەوەی کارگێڕییەکی مۆدێرن کە هەماهەنگ بێت لەگەڵ پێداویستییەکانی سەردەمدا.
5- بە ئەلکترۆنییکردنی سەرجەم دامودەزگاکانی کارگێڕیی و حکومی ئەرکێکی ترە لەو ئامانجانەی کە یەکێتی لە هەوڵی بەردەوامدایە و بۆ ئەو مەبەستەش دەیان پرۆژەی تایبەتی پێشکەش کردووە بۆ ئەوەی سەرلەبەری دامەزراوەکانی حکومەت بە ئەلکترۆنی بکرێت.
6- لە دوا خاڵی ئامانجی ئابووری لە سێکتەری کارگێڕییدا هاتووە کە:
کارکردن بە سیستمی هاوبەشی کەرتی گشتیی و کەرتی تایبەت بکرێت. واتا هەماهەنگی هەبێت لە نێوان ئەم دوو کەرتەدا بۆ سوود وەرگرتن لە ئەزموونی یەکتریی و دواجار پێشکەشکردنی کارگێڕییەکی سەرکەوتوو.
پێنجەم / کەرتی تایبەت
لەم بەشەدا بە دوو خاڵی روون و ئاشکرا باس لەم بەشە کراوە کە رۆڵێکی گرنگ دەبینێ لە پێشخستنی ئابووری وڵاتدا یەکێتی لە میانەی حوکمڕانی و کارگێڕی خۆیدا هەوڵیداوە زەمینە فەراهەم بکات بۆ کەرتی تایبەت بە رەچاوکردنی عەدالەتی کۆمەڵایەتی و دەستەبەری هەلی کاری زیاتر بۆ هێزی کاری ناوخۆ دابین بکات.
1- لە خاڵی یەکەمدا هاتووە کە رەخساندنی ژینگەیەکی لەباری وەبەرهێنان بە هەموارکردنەوەی یاسا بەرکارەکانی وەک کار، تۆمارکردنی موڵکایەتی، پێدانی قەرز، بەکرێدان و پێدانی مۆڵەت. بە جێبەجێکردنی ئەم خاڵە کەرتی تایبەت لە هەرێمی کوردستان گەشەی زیاتر دەکات و زۆرتر هەماهەنگ ئەبێت لەگەڵ بەرنامەی گەشەپێدانی حکومەت وەکو کەرتی گشتی.
2- زەمینەسازیی و فەراهەمکردنی دەرفەتی یەکسان بۆ ململانێ و کێبڕکێی نێوان کەرتی گشتی، تێکەڵ و تایبەت، لە هەموو ئاستە ئیدارییەکاندا یەکێکی ترە لەو ئەرکانەی کە لە رێی بەشداریکردن یاخود ئەو بەشەی ی.ن.ک لە حکومەت بدات جێگیری بکات یاخود بە پێشکەشکردنی یاسای تایبەتمەند بەو بوارە.
3- لە بەردەوامی بایەخدان بە کەرتی تایبەت بۆ بەهێزکردنی باری ئابووری کوردستان گرنگی بدرێت بە کەرتی تایبەت لە داڕشتنی پلان و سیاسەتی ئابووریدا واتا یەکێتی دەیەوێت کەرتی تایبەت بەشدار بێت لە پەرەپێدانی توانا و بەرنامە ئابوورییەکاندا.
شەشەم / پرۆژەی بچوک و مامناوەند
هەر لە سەرەتای دامەزراندنی حکومەتی هەرێمدا بە پێی توانا داراییەکانی حکومەت و ئەو بەشەی خۆی هەوڵی داوە بەردەوام پاڵپشتی پرۆژەی بچوک و مامناوەند بکات. لە ئەزموونەکانی رابردوودا لە حکومەتی هەرێم (ئیدارەی سلێمانی) یەکێتی کاری زۆر و بەرچاوی کردووە و خۆی بە خاوەنی ئەو داهێنانە دەزانێت کە بودجەیەکی بەرچاوی تەرخان کردبوو بۆ هاوکاری پرۆژە بچووکەکان بە پێدانی قەرز. هەربۆیە جارێکی تر جەخت دەکاتەوە لەم خاڵەدا کە :
داڕشتنی ستراتیژ و پلانی گونجاو بۆ پرۆژەی بچوک و مامناوەند، وەک سەرچاوەیەکی دیاری رەخساندنی هەلی کار و بەگەرخستنی سەرمایەی بچوک و پترکردنی بەرهەم هێنان.
حەوتەم / گەشتوگوزار
سێکتەری گەشتوگوزار یەکێک لە بوارە گرنگەکانە کە لە هەموو دنیادا بایەخی زیاتری پی دەدرێت. یەکێک لە کۆڵەکە سەرەکییەکانی ئابووریی و بەهێزکردنی ژێرخانی ئابورییە. کوردستان وڵاتێکی لەبار و گونجاوە بۆ گەشتیاری، هەربۆیە ی.ن.ک بایەخ و گرنگی زۆری پێداوە و زەمینەی گونجاوی بۆ فەراهەم کردووە تا بواری گەشتیاری کوردستان گەشە بکات، بۆ ئەو مەبەستەش درێغی نەکردووە لە دابینکردنی ئاسایشی گەشتیاران و کارئاسانکردن و ئاوەدانکردنەوەی شوێنە گەشتیارییەکان، بۆ ئەو مەبەستەش چەندین پرۆژەی جۆراوجۆری پێشکەش کردووە و بەشێکی بەرچاویشی جێبەجێ کردووە. بەڵام هێشتا ئەو کەرتە لە ئاستی پێویست نییە و دەبێت گەشەی پێ بدرێت، هەربۆیە ی.ن.ک هەوڵ دەدات بۆ داڕشتنی پلانێکی ستراتیژی بۆ گەشەپێدانی کەرتی گەشتوگوزار لە کوردستان.
هەشتەم / بەگژاچوونەوەی گەندەڵی
گەندەڵی یەکێک لە کۆسپە بەرچاوەکانی گەشەکردنی ئابووری وڵات، هەرێمی کوردستان دیاردەی گەندەڵی تێدا دیاردەیەکی بەرچاوە کە بۆتە نەخۆشییەکی کوشندە بۆ دامودەزگاکانی حکومەتی هەرێمی کوردستان.
ی.ن.ک بەردەوام دروشمی دژ گەندەڵی بەرز راگرتووە و هەڤاڵ مام جەلال یەکێک لەو کارەکتەرانە بوو کە بەردەوام دروشمی چاکسازیی و پاکسازیی دووپات دەکردەوە. هەربۆیە کۆنگرەی چوارەم کە بە کۆنگرەی نوێ بوونەوە، نوێ بوونەوەش دەبێتە یەکێک لە ئەرکەکانی دژایەتی گەندەڵی و نەبوونی شەفافیەتە باشتر جەختی لەسەر ئەو ئامانجە کردۆتەوە و لە بەشی هەشتەم لە ئامانجە ئابورییەکاندا بە چوار خاڵ بەرجەستەی کردووە :
1- رێکخستنی هەڵمەتی نیشتمانی هەمەلایەنە و هۆشیارکردنەوە و دانانی پلانی لەبار و گونجاو بۆ بەگژاچونەوەی گەندەڵی لە هەموو ئاستەکاندا.
2- پێڕەوکردنی شەفافیەت لە سەرجەم بوارەکانی کەرتی گشتی و تێکەڵ و تایبەت.
3- دەستەبەرکردنی مافی بەدەستهێنانی زانیاری لە سەرجەم بوارەکاندا بە پێی یاسا کارپێکراوەکان.
4- پشتگیرییکردنی دەسەڵاتی دادوەری و دەزگا تایبەت و چاودێرەکان و هاوکارییکردنی رێکخراوە ناحکومییەکان بۆ بەگژاچونەوەی گەندەڵی.
ئەم ئەرکە بۆ ی.ن.ک ئەرکێکی قورس و گرانە بەڵام ئێستا خواستێکی جەماوەری بەرفراوان لە ئارادایە کە بەرەیەکی تۆکمە بەرامبەر گەندەڵی و ناشەفافی دروستبکرێت. ی.ن.ک دەتوانێت لە ئێستا و داهاتوو هەم ئاڵا هەڵگر و هەم رابەرایەتی رەوتی دژ گەندەڵی بکات لە هەرێمی کوردستان و تەنانەت عیراقیش.
ئامانجە کۆمەڵایەتییەکان
یەکێتیی نیشتمانیی کوردستان لە دوو توێی پڕۆگرامەکانیدا هەمیشە بەرچاوروونی هەبووە سەبارەت بە کارکردن لەسەر ئاستی کۆمەڵایەتی، بە تایبەتی کە خۆی بزوێنەری گۆڕانکاریی بەرچاوە لە کۆمەڵگەی کوردستاندا، بە ئاڕاستەی مەیدانی کۆمەڵایەتی چەندین ئامانج و دروشمی واقعی و بابەتی خستۆتە دەستوری کاری خۆیەوە لە پێناو گەشەپێدان و گۆڕانکاریی کۆمەڵایەتی و مرۆیی.
لە روانگەی جیهانبینی سۆشیالیستییەوە پلانی ئەو گۆڕانکارییەی داڕشتووە و کاری لەسەر ئەو سێکتەرانە کردووە کە دەبنە مایەی بەدیهێنانی ئەو ئامانجانە لە مەیدانی مرۆیی و کۆمەڵایەتیدا. ی.ن.ک لەوەدا بەرچاوروونە کە کۆڵەکەی بنەڕەتی گەشەپێدانی کۆمەڵایەتی خودی مرۆڤ خۆیەتی هەربۆیە مافە ئابووری و کۆمەڵایەتی و سیاسی و فەرهەنگییەکانی مرۆڤ دەستەبەری تەواوی مافە مرۆییەکانی دیکە زامنی بەردەوامی گەشەپێدانە بە مەبەستی گەیشتن بە ئامانجەکان، هەربۆیە لە بەشی ئامانجە کۆمەڵایەتیەکاندا کە لە پازدە بەشی سەرەکی و چەندین خاڵ و بڕگە پێکهاتووە جەخت لەسەر تەوەرە سەرەکییەکە کراوەتەوە کە خودی مرۆڤە.