عادل عەلی

کورتە باسێک دەربارەی پڕۆگرامی یەکێتی

  2021-06-05 15:12      214 جار بینراوە        کۆمێنت

(4)

مادەی( 140) ی دەستووری عیراق
ی. ن. ك بێ پەرواو بێ وچان لە نوسینەوەی دەستووری نوێی عیراقدا هەوڵ‌و تەقەلای زۆری دا تا دواجار وەکو لانی كەمی مافی نەتەوەیی كورد لەو ناوچانەدا لە ماددەیەكی دەستووریدا جێگا بكاتەوە‌ كە ئەویش مادەی( 140) ی دەستووری عیراق بوو بۆ یەكلایكردنەوەی چارەسەری كێشەو گرفتەكانی كەركوك‌ و ناوچەكانی تر.
هەڤاڵ مام جەلال داكۆكیکاری سەرسەختی لەو پرسە كردووە و لەو پێناوەشدا هەوڵی هەمە لایەنە بوونی هەبووە كە قۆناغەكانی جێبەجێكردنی ماددەی(140) وەكو خۆی پیڕەو بكرێت و لە ماوەی زەمەنی خۆیدا بگاتە ئەنجام. بەڵام ئاشكرایە ئاستەنگ ‌و گرفتەكان جگە لەوەی خوێندنەوەی جیاجیا بۆ ئەو ماددە دەستوورییە كراوە لەكاتی خۆیدا و لە ئێستادا كە ماوەیەكی یەكجار زۆر بەسەر جێبەجێكردنێدا تێپەڕ بووە، هێشتا مشت‌و مڕ‌و ململانێ بەگەرمی بوونی هەیە لایەنە نەیار و شۆڤێنییەكانی بەشدار لەحوكمڕانی عیراقدا دەیانەوێت جێگرەوە بۆ ئەو ماددەیە دابنرێت لەكاتی هەمواركردنەوەی دەستووری عیراق. بەڵام تاكو ئێستا تاكە ماددەی كاریگەر‌ و كارا بۆ بەرگری لەمافە نەتەوەییەكان لەو ناوچانەدا هەر ماددەی (140)ە
هەربۆیە لە خاڵی هەشتەمدا بە روونی سەبارەت بە ناوچە كوردستانییەكانی دەرەوەی هەرێم لەپڕۆگرامی پەسەندكراوی كۆنگرەی چوارەمدا هاتووە:
ا-ماددەی(140)ی دەستوور بنەماو نەخشەرێگەی چارەسەری كێشەی ناوچە كوردستانییەكانی دەرەوەی هەرێم دەبێت وەکو خۆی جێبەجێبكرێت.
ب-دیدو تێڕوانینی سیاسیی ‌و ستراتیژییەكانی سەرۆك مام جەلال دەبنە بەرنامەی كاری چارەسەری كێشە هەڵواسراوەكانی نێوان حكومەتی فیدڕاڵ‌و هەرێم.
ج- هەڵوەشاندنەوەی تەواوی یاسا و بڕیارەكانی (مجلس قیادە الپورە)‌و(لجنە شۆون الشمال) دەرهەق بە كەركوك،شنگال،دەشتی نەینەوا، مەخمور،خورماتوو، خانەقین‌و ناوچە كوردستانییەكانی تری دەرەوەی هەرێم.
و-سڕینەوە و نەهێشتنی تەواوی لێكەوتەكانی ریفراندۆم، ئاساییكردنەوەی دۆخی ناوچە كوردستانییەكانی دەرەوەی هەرێم بەهاوبەشی بەڕێوەبردن‌ و پاراستنی ئاسایشی ناوچەكان بەپێی دەستوورو سازانی نیشتمانی.
ه- بایەخدان بە كەلتووری فرەیی ‌و پاراستنی رەسەنایەتی خەڵكی ناوچە كوردستانییەكانی دەرەوەی هەرێم.
و- هاندانی لاوان بۆ بەشدارییكردن لە دامودەزگا سەربازیی‌ و مەدەنییەكانی حكومەتی هەرێم‌ و فیدراڵ
ز- گرتنەبەری تەواوی رێكارە مەدەنییەكان بۆ جێبەجێكردنی دەستوور و خواستەكانی خەڵکی رەسەنی ناوچە كوردستانییەكانی دەرەوەی هەرێم.
بە كورتی لە قۆناغی ئێستا و لەبەر رۆشنایی ئەم ئامانجەی كە لە پڕۆگرامدا دیارییكراوە بۆ چارەسەری كێشە نەتەوەیی ‌و نیشتمانییەكان، ی. ن. ك لە هەوڵی شێلگیرانەدایە لە رێگەی تیمەكانی پەرلەمان‌ و حكومەت‌ و شاندەكانی باڵای حزبی کە ماددەی (140) كارا بكرێتەوە و لەو چەقبەستوویە رزگاری بكات. ئەم ئەركە ئەركێكی بەردەوامی حزبیی ‌و ئەخلاقیی ‌و نیشتمانیی ‌و نەتەوەییە هەربۆیە ی. ن. ک ناتوانێت فەرامۆشی بكات.

ئامانجە ئابوورییەکان
هەر لە سەرەتاوە لە پڕۆگرامەکانی یەکێتیی نیشتمانیی کوردستان دا بایەخێکی بەرچاو بە لایەنی ئابووری دراوە بە سەرجەم سێکتەرەکانیەوە.
لە سەردەمی دیکتاتۆریدا کە سیاسەتی گۆڕینی تۆبۆگرافی و دیموگرافی لە کوردستاندا پێڕەو دەکرد بە مەبەستی وێرانکردنی ژێرخانی ئابووری و تێکدانی سەرچاوە سروشتییەکان و بەکارهێنانی سیاسەتی دوژمنکارانەی چۆڕبڕکردنی سامانی ژێر زەوی بە تایبەتی نەوت. ئەم سیاسەتەی بەعس لە کوردستان تاکو ئێستا کاریگەریی نێگەتیڤی بەسەر هەموو بوارەکانی ئابووریدا هەر ماوەتەوە. هەر بۆیە (ی.ن.ک)لە دوای راپەرینەوە بەرنامەیەکی هەمە لایەنەی بۆ بوژاندنەوەی ئابووری کوردستان خستۆتە دەستووری کاری خۆیەوە لەسەر ئاستی حوکمڕانیدا و لە پەرلەمانیش چەندین پرۆژەیاسای پێشنیازکردووە کە گوزارشت بووە لە فۆرمێکی پێشکەوتنخوازانەی ئابووری و هەر کاتێک و لە هەر سەردەم و قۆناغێکدا دەزگا ئابوورییەکان بەدەست ی. ن. ک بووبێت لەو بوارەدا جێ دەستی دیاربووە لە پێشکەشکردنی بەرنامەکانی لەرووی پراکتیکیەوە. هەر بۆیەش لەسەرجەم کۆنگرەکانی خۆیدا جەختی لەسەر ئامانجە ئابوورییەکان کردۆتەوە و لە کۆنگرەی چوارەمیشدا بە ئاشکرا لە پڕۆگرامەکەدا هاتووە کە یەکێتیی نیشتمانیی کوردستان کار دەکات بۆ گەشەپێدانی سیستمی ئابووری، بازاڕی ئازاد دوور لە قۆرغکاری، پشتیوانییکردن لە پلان و هەمەجۆرکردنی سەرچاوەکانی داهات، بەهێزکردنی ژێرخانی ئابووریی و هەموارکردنەوەی یاسا بەرکارەکان بە شێوازێکی سەردەمیانە لە پێناوی گەشە و پەرەپێدانی ئابووری کوردستان و عیراق. لەبەشی ئامانجە ئابوورییەکاندا کە لە هەشت بەش و چەندین خاڵی جیا جیا، تایبەت بەو بەش و سێکتەرانە بە روونی ئامانج و میکانیزمەکان خراونەتە روو.
ئێستا کە وەزارەتی کشتوکاڵی حکومەتی هەرێم لە دەستی ی. ن. ک دایە لە خاڵی یەکەمدا کە تایبەتە بە کەرتی کشتوکاڵی وەکو سێکتەرێکی گرنگ و پڕبایەخ بۆ بەهێزکردنی ژێرخانی ئابووری کوردستان تەماشا دەکرێت. سەرچاوەکانی لەو بەشە گرنگەدا بە روونی بەیان کراوەکە پێویستە بواری کشتوکاڵی پەرە پێ بدرێت و یاساو رێساکانی تایبەتمەند بە گەڕبخرێتەوە یاخود لەبەر رۆشنایی گەشەکردنی سەردەم و پێداویستییە هاوچەرخەکان لە بواری کشتوکاڵدا هەموار بکرێتەوە و لە قازانجی ژێرخانی کشتوکاڵیی و وەک یەکێک لە سەرچاوە گرنگەکانی ئابووری کوردستان، چونکە کەرتی کشتوکاڵی ژێرخان و سەرچاوەیەکی گرنگی بژێوی دانیشتووانە.

ئاسایشی خۆراک
هەربۆیە داڕشتنی پلانێکی تۆکمە کە دەستەبەری ئاسایشی خۆراک بکات لە رێی چارەسەرکردنی کێشە کشتوکاڵەکان و گرفتەکانی خاوەندارێتی زەوی کە مافی جوتیاران لە ئەولەویەتی کارەکان بێت هەروەک چۆن لە خاڵەکاندا هاتووە کە تایبەت بە کارکردن لەم بوارەدا بە مەبەستی بەدەستهێنانی ئامانجەکان لەو کەرتەدا :
-1پاراستنی سەرچاوەکانی ئاو و داڕشتنێکی پلان و بەرنامەیەکی ستراتیژی هاوچەرخە ئەویش بە دروستکردنی بەنداوی زیاتر و سوود وەرگرتن لە رووبار و دەریاچەکان، کارکردن لەسەر ئەم بەرنامەیە ژێرخانێکی بەهێزی ئاسایشی ئاو بۆ کوردستان دروست دەبێت و دەتوانین لە داهاتوو رووبەرووی وشکەساڵی و هەڕەشەکانی نەبوونی ئاو بکەین.
-2 هاندان یەکێکی ترە لەو کارانەی کە پێویستە بەردەوام پێڕەو بکرێ بەتایبەتی هاندانی کۆمپانیا کشتوکاڵییەکان و فراوانکردنی ناوەندەکانی بەرهەمهێنانی کشتوکاڵی و ئاڕاستەکردنی جوتیاران و پشتگیرییکردنیان لە وەبەرهێنان و بەرهەمهێنانی بەروبوومی جۆراوجۆر و پێداویستییەکانیان.
-3لەم خاڵەشدا گرنگی دراوە بە کاراکردن و بەگەرخستنەوەی بانکی کشتوکاڵی و ئاسانکاری بۆ پرۆژەکانیان کە یەکێکی ترە لەو ئەرکانەی کە پێویستە جێبەجێ بکرێت.
-4هەروەها لەم خاڵەدا بایەخ دراوە بە گەشەپێدانی سامانی (ئاژەڵداری، پەلەوەری، هەنگەڵان و ماسی) پاشان پێشخستنی ناوەندی پزیشکی ئاژەڵان (ڤێتەرنەری).
-5بۆ گەشەکردن و پەرەپێدانی بواری کشتوکاڵیی و سوودوەرگرتنی لە ئامێرە پێشکەوتووەکانی تەکنەلۆژیای کشتوکاڵیی و هەروەها گەشەپێدانی ناوەندەکانی لێکۆڵینەوەی هاوچەرخ و پەرەپێدان و زیادکردنی بەرهەمهێنانی تۆو و گوڵ و نەمام و دەستەبەرکردنی زەمینەکانی داهێنان لەو بوارەدا. بە پێشکەشکردنی خەڵات بۆ داهێنەران.
-6پێڕەوکردنی یاساکانی کە تایبەتن بە پاراستنی لەوەڕگا و دارستانە سروشتییەکان و قەدەغەکردنی ڕاوی نایاسایی لەم خاڵەدا جەختی لەسەر کراوەتەوە.
-7گوندەکان ناوەندێکی گرنگی کشتوکاڵیین، هەربۆیە بوژانەوە و گەشەپێدانی گوندەکان وەکو ناوەندێکی هاندان بۆ پێشخستن وپشتیوانییکردنی بەروبوومی کشتوکاڵییە ناوخۆییەکان دەبێت کاری لەسەر بکرێت.
-8تاکو ئێستا کێشەی زەویوزارو کێشەی جوتیاران وەکو پێویست چارەسەر نەکراوە لەم خاڵەشدا جەخت لەسەر چارەسەرکردنی کێشەکان کراوەتەوە.
-9ساڵانە لە کوردستاندا ژمارەیەکی بەرچاو زانکۆ و کۆلیژە کشتوکاڵییەکان کادری ئەو بوارە بەرهەم دەهێنن، هەربۆیە پێویستە لەسەر بنەمای بەرنامەیەکی زانستی سوود لە توانای دەرچوانی زانکۆ و پەیمانگاکان وەربگیرێت و بایەخ و گرنگی بەرچاوی پێ بدرێت.
-10بۆ پتەوکردن و مکۆم کردنی ئاسایشی خۆراک پێویستە گرنگی بە پیشەسازی کشتوکاڵی بدرێت بە تایبەتی بە پیشەسازیکردنی خۆراک. ئێستاش کە وەزارەتی کشتوکاڵی حکومەتی هەرێمی کوردستان لە دەست ی. ن. ک دایە بەرنامە و پلانی دڵخۆشکەر لە ئارادایە و بەشێکی بەرچاویشی جێبەجێ کراوە کە هەمان ئەو خاڵانەن کە لە پرۆگرامەکەدا هاتووە.

کەرتی پیشەسازیی و کانزاکان
ئەم سێکتەرە یەکێکی ترە لەو بوارانەی کە ی. ن. ک بایەخێکی زۆری پێداوە و ئامانجێکی بەرچاوە لە پڕۆگرامەکانیدا. بەو پێیەی کە کوردستان دەوڵەمەندە بە بوونی کانزایەکی زۆر و سەرچاوەی وزە، بەڵام بە داخەوە بە هۆی گرفت و بەربەستی لە توانابەدەری حکومەت ئەو بەشە وەکو پێویست گەشەی نەکردووە و زەمینەکانی پەرەپێدانی بۆ فەراهەم نەکراوە. گەرچی بۆ یەکێتی گەشەپێدانی کەرتی پیشەسازی زۆر جێ بایەخ بووە و ئەو بەشەی کە لە توانا و دەسەڵاتیدا بووبێت لە حوکمڕانیدا پرۆژەی بەرچاوی پێشکەش کردووە، بەڵام هێشتا لە ئاستی دڵخواز و بەرنامە جەوهەرییەکانیدا نەبووە، هەربۆیە لە کۆنگرەی چواردا لە بەشی ئابوورییەکاندا و لە خاڵی دووەمدا هاتووە: بە ئامانجی پەرەپێدانی کەرتی پیشەسازی و کانزاکان بە جۆرێک بتوانێت سەرجەم پێداویستییە ناوخۆییەکان دابین بکات و تەنانەت هەناردەشی بکات.

ئامانجە ئابوورییەکان
هەشت خاڵ خراونەتەڕوو بە مەبەستی کارکردن لەسەریی و بەدەستهێنانی بەشێکی بەرچاو لە ئامانجە ئابوورییەکان لە سێکتەری پیشەسازییدا.
-1داڕشتنی ستراتیژیی پیشەسازیی بە هاوکاری تایبەت بۆ نوێکردنەوەی کارگە لەکارکەوتوەکان و دامەزراندنی کارگەی نوێ بە تایبەتی ئەوانەی پشت بە کەرەستەی خاوی ناوخۆیی دەبەستن و خستنەگەڕی دەستی کاری ناوخۆ. ئەڵبەتە ئەم ئەرک و پرۆژانە دەبێت هەماهەنگ بێت لەگەڵ کەرتی تایبەت بە مەبەستی بایەخدان بەو کەرتە و سوودوەرگرتن لە هێزی کاری ناوخۆ و لە بەرهەمی ناوخۆ، کە دواجار کاریگەری پۆزەتیڤی دەبێت لەسەر ئاوەدانکردنەوەی بازاڕی پیشەسازیی ناوخۆی.
-2بە هەمان شێوەی بانکی کشتوکاڵی پێویستە گەشە بە سیستمی بانکی پیشەسازی بدرێت بۆ هاوکارکردنی سەرمایەگوزاری لەو بوارەدا.
-3سەرچاوەکانی وزە لە کوردستاندا پایەیەکی تری گەشەپێدانی کەرتی پیشەسازییە. هەربۆیە جەخت کراوەتەوە لەسەر دابینکردنی سەرچاوەکانی وزە و کارەبا و سوتەمەنی هەمەجۆر بۆ پرۆژە پیشەسازییەکان.
-4لەم خاڵەدا بە روونی باس لە گەشەپێدان و پاراستنی بەرهەمە پیشەسازییەکان ناوخۆ کراوەتەوە لە رێگای یاسا و رێنمایی و سیاسەتی ئابووری گونجاو.
-5پاشان هەوڵ بدرێت یاسایەکی هاندەرانە و گونجاو کە خزمەت بە کارگە و کۆمپانیاکانی هەرێمی کوردستان بکات بە رەچاوکردنی پاراستنی رێنماییە ژینگەییەکان. واتا فراوان بوونی کارگە و پرۆژە پیشەسازییەکان نابێت فۆرمی ژینگەی سروشتی کوردستان تێک بدات و ببێتە مایەی پیس بوونی ژینگە.. چونکە پاراستنی ژینگە ئامانجێکی ئاشکرای ی. ن. ک ە بە جیدیش کار لەسەر ئەو بوارە دەکاتەوە.
-6 لەم خاڵەدا هاتووە: هەوڵدان بۆ دامەزراندنی کۆمپانیاکانی دەرهێنان و بە بازاڕکردن و دامەزراندنی سندوقی داهاتە نەوتییەکان.
-7دابینکردنی وزەی کارەبا، سوودوەرگرتن لە سەرچاوەکانی بەرهەمهێنانی وزە وەک (خۆر، با، هایدرۆلیک و بەنداو) واتا نەک هەر نەوت تاکە سەرچاوە بێت بۆ دابینکردنی وزە بەڵکو سەرچاوە سروشتییەکانی تریش بەگەڕ بخرێت و زەمینە سازییان بۆ بکرێت.
-8دوا خاڵ کە تایبەتە بە پەرەپێدانی کەرتی پیشەسازی ی. ن. ک هەوڵ دەدات کە کارگەی پترۆکیمیاوی و پاڵاوگەی پێویست بە ستانداردی جیهانی دروست بکرێت.

وتاری زیاتر

ژیریی سیاسی پێش جەنگی ئۆکرانیا‬ عادل عەلی
2022-03-02 17:13      136 جار بینراوە







دەنگ بدەن بەلیستی 162‬ عادل عەلی
2018-05-10 20:49      345 جار بینراوە

نوێترین هەواڵەکان

بیروڕا

سۆشیال میدیا

گەلەری

کەشو هەوا

زۆرترین سەردانکراو