لەبەرامبەر هاتنی زیاترو زیاتری تورکەکان بۆ ناوەوەی خاکی باشوور، دەنگۆی فرۆشتنی خاکی کوردستان بەتورکیا لەهەندێک میدیادا، بڕەوەی پێدەدرێت.
ئەگەر پرسیارەکە بەجۆرێکی تر بکەین، ئایا تورکیا خاکی لە باشوور کڕیوە؟ ئەم پرسیارە لەئەمڕۆی تورکیادا، تەواو جێگای پێکەنین و گریانە. ئەم دەنگۆی فرۆشتنە هیچ نییە جگە لەکەمپینی لایەنێکی کوردی دژ بەلایەنێکی تر، بەڵام ئەوەی تیایدا ڕەچاو نەکراوە، ئەوەیە کە چۆن ئەم دەنگۆیە پاکانەیە بۆ تورک و رەواییدانە بەکاری داگیرکاریی و وێرانکاری و دروستکردنی روپۆشێکی درۆیینەیە بۆ پرۆژە زۆرو ترسناکەکانی تورکیا.
پرسەکە بەمجۆرەیە، کوردو کورد نەیارن، تورکیاش وەک نەیاری هەمووان سوود لەنەیارێتی کورد وەردەگرێت بۆ سەپاندنی ئەجیندای خۆی، ئەوەی جێگای دڵتەنگییە، ئەوە تەنها نوخبەی سیاسی کوردی نییە کە بچووک و ملکەچ و پڕ لەکینەن بەرامبەر یەکتر، بەڵکو زۆینەی خەڵكیش بەهەمانشێوەیە.
بۆچی تورکیا خاکی کوردستانی نەکڕیوە؟
کڕینی خاک چەند سەدەیەک لەمەوپێش دیاردەیەکی باو بوو. ئەمریکا ئەلاسکای لە روسیا کڕیوە، بۆ نموونە. بەڵام سەردەمانێکی زۆرە ئەم دیاردەیە بوونی نەماوە. ئێستا بەکرێدانی خاک هەیە، لەزۆر شوێنی دونیادا، سعودیەو ئیمارات لە سودان بۆ نموونە.
بەڵام تورکیا لەپرۆسەی کڕیندا نییە، نە لەباشوور، نە لە عەفرین، نە لە لیبیا، نە لەدەریای ناوەڕاست. تورکیا داگیرکارە، نەک بازرگان و کڕیار. پێدانی سیفەتی کڕیار بەتورک، پۆشینی نییەتی داگیرکارییانە.
ئەوەی پارتی و پەکەکە دەبێت بیزانن ئەوەیە کە تورکیا بەیەک چاو سەیریان دەکات. هەردووکیان لەهاوکێشەکەدا ئەو رۆڵانە دەبینن کە تورکیا دەیەوێت. تورکیا نەیارێتیی دەوێت، ئەوان نەیارن، تورکیا پەرتبوونی دەوێت ئەوان پەرتن، تورکیا ئاسانکاریی دەوێت ئەوان ئاسانکاریی دەکەن.
بەڵام ئامانجی تورکیا لە کوردو کوردستان فراوانترە. تورکیا دەیەوێت قوڵایی ستراتیژی کوردستان داگیربکات، کوردی باشوور بخاتە ژێر هەژەموونی خۆیەوە بۆ مامەڵە ئیقلیمییەکانی. دەیەوێت زیاترو زیاتر بێتە ناو عیراقەوە، چونکە لەئەگەری کشانەوەی ئەمریکادا زیاتر پێگەی خۆی قایم بکات و رکەبەری ئێران بکات.
هەموو ئەمانە لەو پاشخانەوە دێت کە دونیا دەگۆڕێت و جارێکی تر دەرفەت بۆ ئەوانە دەڕەخسێت کە هێزیان هەیە بۆئەوەی خاکی ئەوانی تر بەرن.
تورکیا خۆی نییەتەکانی ناشارێتەوە، بەڵام کورد پاکانەی بۆ دەکات.