عادل عەلی

کورتە باسێک دەربارەی بەرنامەو پڕۆگرامی یەکێتی-1

  2021-05-31 17:23      175 جار بینراوە        کۆمێنت

(1)

لە دوای شەوەزەنگی هەرەسی جووڵانەوەی ئەیلول لە ساڵی 1975ەوە، وەكو پێویستییەكی بابەتی لەو رۆژگارەدا، یەكێتیی نیشتمانیی كوردستان لەسەر دەستی كۆمەڵێك تێكۆشەری رێگای ئازادیی بە رابەرایەتیی مام جەلال دامەزرا.

دامەزراندنی ی.ن.ك لەسەر بنیاتێكی نوێ‌ لە شێوازی حزبایەتی و سیاسەتكردن کە بە بەراورد بە شێوازە تەقلیدییەكەی كۆمەڵی كوردستان نامۆ بوو. ئەگەرچی پێنج ساڵ بەرلە دامەزراندنی یەكێتیی نیشتمانیی کوردستان رێكخراوێكی چەپی پێشكەوتنخواز لەئارادابوو و دامەزرابوو بە ناوی كۆمەڵەی ماركسی لینینی، كە ئەو رێكخراوەش بووە كۆڵەكەی بنەڕەتیی دروستبوونی ی.ن.ك و بووە بەشێكی كاراو چالاك لە پێكهاتەی ئەو بەرەیەدا، بەڵام لە راستیدا ی.ن.ك داهێنانێكی گەورەی كرد لە تەكنیك و كاری رێكخراوەیی و سیاسی لە كوردستان.

ساڵێک دوای دامەزراندنی ی.ن.ك لە رۆژگارێكی سەختتر لە باری سیاسی و سەربازیی كە داگیركەری بەعس هەژموونی تەواوی بەسەر هەموو بستێكی كوردستاندا هەبووە. جاڕی شۆڕش درا کە بۆ ئەوێ‌ رۆژێ كارێکی مەحاڵ و نەكردەبووە، بەڵام تێكۆشەرانی ی.ن.ک بێ پەروا دەستیان دایە چەكی شۆڕشگێڕانە بە هزرو بیروباوەڕی پێشكەوتنخوازیی و ئومێدی زۆر بە سەركەوتنی شۆڕشی نوێ.

ی ن ك هەر لە فۆڕمێكی نوێی شۆڕش و خەباتدا نەهاتە مەیدان، بەڵكو لە رووی تیۆریی و پلان و بەرنامەشەوە بە تەواوی ریزبەندیی و سنووربەندی خۆی دیاری كرد لەگەڵ هێزو حزبە سیاسییەكانی پێشووی كۆمەڵی كوردەواریدا. هەم لە رووی پێگە و هەم لە رووی دروشم و مەیدانی پڕاكتیكیشدا.

هەر زوو دروشمە نیشتمانی و دیموکراتییەکانی لەبەر رۆشنایی ئەندێشەی بیرمەندانی پێشەنگی هزری پێشكەوتنخواز و رەچاوكردنی تایبەتمەندییەکانی كۆمەڵی كوردستان، کە كوردستانیش وەكو وڵاتێكی داگیر و دابەشكراو رێچكە و پێداویستییەكانی خەباتی قۆناغی رزگاریی داڕشت و شیلگیرانە كاری بۆكرد.

بۆ مەیدانی روبەڕوبوونەوەش كەرەسەكان و پێداویستییەکانی سەرخستنی ئەو شۆڕش و خەباتەی فەراهەم كرد.

بەردەوامیی لە شۆڕش و خەبات لە ماوەیەكی زەمەنی كورتدا ی.ن.ك-ی كردە پێشەنگی جووڵانەوەی رزگاریی نیشتمانیی، نەك لەسەر ئاستی كوردستان، بەڵكو لەسەر ئاستی عیراق و ناوچەكەشدا.

ئەڵبەتە قۆناغەكانی خەباتی رزگاریی نیشتمانی بە رابەرایەتی ی.ن.ك هەروا بەبێ ئاستەنگ نەهاتۆتە پێشەوە و گەشەی نەكردووە، بەڵكو لە (45) ساڵی رابردوودا دووچاری چەندین ئاستەنگ و كارەساتی گەورەی مرۆیی و سەربازیی بۆتەوە، بەڵام مكوڕبوونی ی.ن.ك لەسەر باوەڕی نەگۆڕی بە ئازادیی و سەرفرازیی و بیری پێشكەوتنخوازی، گەرەنتی ئەوەی دروستكردووە كە هەمیشە دوای شكست و كارەساتەكان بەهێزتر ببێتەوە، مەیدانی چوار دەیەی رابردوو کە لێوان لێو بووە لە گۆڕانكاریی گەورەی ناوچەیی و جیهانیی كە ئەوانەش كاریگەریی گەورەی سیاسی و سەربازیی و ئابووریی دروستكردووە كە زۆربەیان گۆڕانكاریی بونیادی پێكهێناوە، لەهەمبەر ئەوانەدا ی.ن.ك خوێندنەوە و راڤەی زانستیی هەبووە بە هۆكاری ئەوەی هێزێكی چەقبەستووی ئایدۆلۆژیی نەبووە و رابەرەكەی كاراكتەرێكی كراوەی هۆشیار بووە، پێ بەپێی تێگەیشتنە نوێكانی جیهانیش گۆڕانكاریی كراوە لە تێڕوانینی سیاسی و فیكریدا، بەبێ ئەوەی سازشی لەسەر پرسە ستراتیژییەكەی کردبێت کە عەدالەتی كۆمەڵایەتییە.

راستی ئەوانە لە تەواوی بەرنامەی سیاسی و ئابووریی و كۆمەڵایەتییەكانی ی.ن.ك دەردەكەوێت. كە لێرەوە هەوڵ دەدەین هەرجارەی لەسەر ئامانج و دروشمێك بنووسین بە پشتبەستن بە پڕۆگرامەكانی پەسەندكراوی چوارەمین كۆنگرە.

بەشی یەکەم: سۆسیالیست – دیموكرات
لە سەرەتای دروست بوونی یەكێتیی نیشتمانیی كوردستانەوە بە ئاشكرا خەباتی كردووە بۆ پرسە چینایەتییەكان و عەدالەتی كۆمەڵایەتی، کە یەكێك لە دروشمە سەرەكییەكانی بووە . جگە لەوەی كە كۆمەڵە پێكهێنەرە سەرەكییەكەی یەكێتی بووە وەكو رێكخراوێكی چەپی كوردستانی، كاری لەسەر مەسەلە كۆمەڵایەتی ‌و چینایەتییەكان كردووە و پێكهێنەرەكەی تریشی بزووتنەوە و دواتر یەكێتی شۆڕشگێڕان لە ئامانجی ستراتیژیاندا بڕوایان بە سۆشیالیزم هەبووە لە بەرنامە و پڕۆگرامەكەیاندا دەستنیشانیان كردبوو.

باوەڕبوون بە سۆشیالیزم لەلایەن ی.ن.ك نەك تەنها وەكو ئامانجێك لە بەرنامەدا، بەڵكو وەکو هێڵێکی فیكری و جیهانیی كاری لەسەر كردووە. سۆشیالیزم و عەدالەتی كۆمەڵایەتی جگە لەوەی خواستێكی مرۆییە، ئەمڕۆ لەسەر ئاستی جیهانیش بۆتە پێداویستییەكی كۆمەڵگەی مرۆڤایەتی. بەپێی ئاڵوگۆڕە جیهانییەكان ئامانجی سۆشیالیزمیش تێڕوانین و میكانیزمەكانی گەیشتن بەو ئامانجە گۆڕانی بەسەردا هاتووە.

لەسەرەتادا یەكێتی بڕوای تەواوی بە سۆشیالیزمی زانستی هەبووە و پێداگریی كردووە لەسەری، پێ بە پێی ئاڵوگۆڕەكان تێڕوانینی نوێ و رووداوەكانی روخانی بلۆكی خۆرهەڵات بەناوی سۆشیالیستی، راست و رەوانی هێڵی سۆسیال – دیموكراتی هەژموونی خۆی زیاتر پەیداكرد.

هەربۆیە ی.ن.ك لە یەکەمین كۆنگرەی خۆیدا ناسنامەی سۆسیال – دیموكراتی هەڵگرتووە، پاشان كردییە هێڵی فیكری و سیاسی خۆی. بە لەبەرچاوگرتنی ئەزموونەكانی دنیا لە خەباتی دیموكراسی و پەرلەمانی بزووتنەوەكانی دیموكراسی و سۆشیالیزم دەستكەوتی بەرچاوی لەو بوارەدا بەدەستهێناوە.

یەكێتیی نیشتمانیی كوردستان-یش بە پێی تایبەتمەندییەكانی كۆمەڵی كوردستان لەڕووی پڕاكتیكییەوە كاری لەسەر ئەو ئامانجە كردووە.

لە كۆنگرەكانی رابردوودا لە بەرنامە و پڕۆگرامەكانیدا جەختی كردۆتەوە كە یەكێتیی نیشتمانیی كوردستان حزبێكی سۆسیال – دیموكراتە و لە پێناوی جێبەجێكردنی بنەماكانی سۆشیالیست – دیموكرات كە دواجار بونیادنانی كۆمەڵێكی خۆشگوزەران و مۆدێرنی لێ بكەوێتەوە و لە سایەیدا تاك و کۆمەڵگە ژیانێكی شایستە بژین، خەبات دەكات و تێدەكۆشێت. مكوڕبوونی ی.ن.ك و كارابوونی لەسەر ئاستی ناوخۆیی و دەرەوەش كە پابەندە بە بنەماكانی سۆشیالست دیموكرات، بوو بە ئەندامی سۆشیالست ئینتەرناسیونال (SI)كە یەكێك لە ئەندامە كاراو دیارەكانی ئەو رێكخراوە جیهانییە. سكرتێرە گشتییەكەشی هەڤاڵ مام لە کۆنگرەیەكی ئەو رێكخراوە جیهانییەدا، بوو بە جێگری سەرۆكی سۆشیالیست ئینتەرناسیونال (SI) كە لە مێژووی ی.ن.ك ئەوە سەركەوتنێكی گەورەبوو بە بەشداریی كاراكتەری مام جەلال وەكو كەسایەتییەکی چەپ و سۆشیالست، تەكانێكی بەرچاویدا بە چالاكییەكانی ئەو رێكخراوە لەسەر ئاستی جیهان و خۆرهەڵات و كوردستان بەتایبەتی.

بەو پێیەی رێبازی سۆشیال دیموكرات بۆ گەیشتن بە سۆشیالیزم و عەدالەتی كۆمەڵایەتی لە رێگەی ریفۆرم و خەباتی پەرلەمانییەوە كاری بۆ دەكرێت، پێچەوانەی تێڕوانینە كلاسیكییەكان كە دەبێت لەڕێی شۆڕشی كۆمەڵایەتییەوە ئەو خواستە بەدی بێت، كە لە راستیدا ئەزموونەكان نیشانیانداوە كە خەباتی پەرلەمانی و گەشەی سروشتی كۆمەڵگە و كاركردن لەسەر گەشەپێدانی مرۆیی و میكانیزمی سەندیكایی و رێكخراوەكانی كۆمەڵگەی مەدەنی باشتر و چاكتر دەستكەوتی چینایەتی و مرۆیی بەدەستهاتوون، هەربۆیە ئەو میكانیزمە لەلایەن ی.ن.ك-ەوە بە روونی پەیڕەوكراوە .

ی.ن.ك لەسەر هێڵە گشتییەكانی خۆی كە بریتین لە فیكری سیاسی، ئازادیی رادەربڕین، ئازادی میدیا و ئاشتیی كۆمەڵایەتی و كۆمەڵگەی مەدەنی و مافەكانی مرۆڤ لەسەر بنەمای جیهانی مافەکانی مرۆڤ و بەشداریی ژنان و لاوان لە پرۆسەی سیاسی و ئیداری و ناوەندی بڕیاردا كە دواجار باڵانسی جێندەریی دروست بكات و بە هەموو ئەوانە پێكەوە ژیانی ئاشتییانە بهێنێتە كایە، بەردەوام كاری كردووە.

بۆ ئەو مەبەست و ئامانجانە و بۆ هەر بوارێك بەرنامە و پڕۆژەی هەمەلایەنە، دەكرێت لە رێگەی حکومەتی هەرێمی كوردستانەوە و كارپێكردنی بەردەوام بۆ جێگیركردنی بەتایبەتی دابەشكردنی عادیلانەی داهات و جێگیركردنی یاسا و پڕۆگرامی مرۆیی پێشكەوتوخوازانە لە بواری پەروەردە و خوێندن و دابینكردنی بیمەی كۆمەڵایەتی و بیمەی تەندروستی و فەراهەمكردنی هەلی كاری یەكسان و ئاوڕدانەوەی هەمەلایەنە لە خاوەن پێداویستی تایبەت و…. هتد، ئەوانەی لە پڕۆگرامی خۆیدا دەستنیشان کردووە و جەختی لەسەر كردۆتەوە و خەباتی بۆ دەكات.

ئەگەر بەشێك لە قۆناغەكان و ئاڵوگۆڕەكانی چەند دەیەی رابردوودا رەخنە و تێبینی هەبووە لەسەر كار و كارایی ی.ن.ك لەو بوارەدا ئەڵبەتە ئاستەنگەكان زۆرو قورستر بوون لەبەردەم پڕۆسەی جێبەجێكردنی ئەو ئامانجەدا، بەڵام لە داهاتوودا ی.ن.ك دەبێت شێلگیرانەتر خەبات و چالاكییەكانی مكۆمتر بكات و ئاشكراتر دروشمی عەدالەتی كۆمەڵایەتی بەرزتر رابگرێت.

ی.ن.ک دەبێت ناسنامەی خۆی كە وەكو حزبێكی سۆسیالیست- دیموكرات ئاشكرا بكات و دروشم و ئامانجەكانی لە بواری عەدالەتی كۆمەڵایەتی و كۆمەڵگەیەكی خۆشگوزەران تۆختر بكاتەوە، لە رێگەی خەباتی پەرلەمانی و لەو بەشەی كە بەشدارە لە حوكمڕانی كوردستاندا و هەروەها لەسەر ئاستی ئەنجومەنی نوێنەرانی عیراقیش دەبێت ئەو ناسنامەیەی كە هێزێكی مەدەنی و عەلمانی و ئامانجی عەدالەتی كۆمەڵایەتییە، كە ئەویش بە پێشكەشكردنی پرۆژە یاسای ئینسانی لەو بوارەدا كاری بەرچاو بكات لە داهاتوودا.

بۆ ئەو مەبەستەش باشتر وایە لە ڕێگەی میدیاكانییەوە زۆرتر ناسنامەی ی.ن.ك واتا جیاوازییەكانی لەگەڵ پارت و هێزە سیاسییەكانی تردا بخاتەڕوو. ئەوەی كە لە بەرنامە و پڕۆگرامەكەیدا هاتووە، لەسەر ئەو ئامانجانە شۆڕی بكاتەوە و میكانیزمی گونجاوی بۆ دابنێت و كاری لەسەر بكات .

ئەو ئامانجانە دەبێت لە نێوان دوو كۆنگرەدا فیدباگی بۆ بكرێت و پێداچوونەوە و بەدواداچوون و هەڵسەنگاندن بكرێت كە ئایا چەندی جێبەجێ كراوە و چەندی ئاستەنگی بۆهاتۆتە پێشەوە؟ هەربۆیە بەشی زۆری ئامانجەكان دەبێت لە چوارچێوەی دروشم بێتە دەرەوە بۆ مەیدانی پڕاكتیكی.

وتاری زیاتر

ژیریی سیاسی پێش جەنگی ئۆکرانیا‬ عادل عەلی
2022-03-02 17:13      136 جار بینراوە







دەنگ بدەن بەلیستی 162‬ عادل عەلی
2018-05-10 20:49      345 جار بینراوە

نوێترین هەواڵەکان

بیروڕا

سۆشیال میدیا

گەلەری

کەشو هەوا

زۆرترین سەردانکراو