وەرگێ رانی رۆمانی جەمشیدخانی مامم بۆ زمانی ئەڵمانی، بۆنەیەک بوو بۆ ئەوەی لەماڵی ئێمەدا باسبکرێت. هاوسەرەکەم پێشنیاری ئەوەی کرد، پاش خوێندنەوەی کارێکی لەسەر بکەین، بەم بۆنەیەوە لەئینتەرنێت گوێبیستی نۆڤلێتەکە بووم کە تەنها چەند کاتژمێرێکی کەمە، لەهەمانکاتدا بەدوای رەخنەی ئەدەبیدا گە رام لەسەر رۆمانەکە، هیچم بەرچاو نەکەوت. دیارە من رەخنەگری ئەدەبی نیم، بۆیە قسە لەسەر تەکنیک و بوارەکانی رەخنەی ئەدەبی ناکەم. رۆمانەکە گێڕانەوەی کۆمەڵێک سەربوردەیە بۆ مرۆڤێک کە من بەشێکی زۆری سەردەمی ئەو مرۆڤە ژیاوم. هەرچەندە چاوکردنەوەی من بۆ دونیا لە گەڵ شەڕی عیراق و ئێرانە، کاتێک بۆ یەکەم ساڵ چوومە قوتابخانەی سەرەتایی لەو ساڵەدا، جەمشید بەتەمەنترە، چونکە جەمشیدخان دەبێتە سەرباز.
بەختیار عەلی خۆی دەربارەی جەمشید دەڵێت ئەو لەچینی ئەرستۆکراتە، هەروەها ناوی خانی هەر بۆ ئەو مەبەستە زیادکردووە. بەڵام من جەمشید بە ئەرستۆکرات نابینم. ئەرستۆکرات خاوەن دونیابینی سەقامگیرە، چونکە چ گەورەبوونی و چ پاشخانی ئاوبوری و چ دونیابینی دەروبەرەکەی و چ بەرژەوەندییەکانی داوای ئەوەی لێدەکات کە بەردەوام بێت لەسەر رەفتارو دونیابینی باوانی. لەهەمانکاتدا لەکۆمەڵگای کوردیدا چینی ئەرستوکرات، نەک وەک کەلتوورو نە وەک ئابووری بوونیان نییە.
جەمشید لەو کەسایەتییانەیە، لەگەڵ کرانەوەی دونیای ئێمەدا بەسەر ئایدەلۆژییە رۆژئاواییەکان لەپەنجاکان و شەستەکانی سەدەی رابوردوو، دەکەوێتە بەر لێشاوی ئایدەلۆژیا گەورەو حیکایەتە گەورەکان، بەوتەکەی لیوتار. حەکایەتی گەورە کۆمەڵێک خەسڵەتی تایبەتی خۆی هەیە، گشتگیرە، دڵنیاکەرە، وەڵامدەرەوەیە، جۆرێک نییە لەبیر، بەڵکو باوەڕە، داوا لەهەڵگرانی دەکات کە دونیا دابەشبکەن بەسەر دۆست و نەیارداو زۆر خەسڵەتی تر. جەمشید کەسێکی کوردە، لەبەرامبەر بیرەکان و رووداوەکاندا. رووداوو بیر پێکهێنەری سەرەکی ژیانی ئەون و جڵەوی ژیانی دەگرنە دەست. ئەو وەک کەسایەتییەک چۆن لە بیر و رووداوەکان تێدەگات، پەیوەندی لەگەڵیاندا دەبەستێت، ئەمە کرۆکی چیرۆکی نۆڤلێتەکەیە.
پەیوەندی جەمشید لەگەڵ بیرو رووداوەکاندا پەیوەندییەکی تایبەتە. ئەو هەمیشە تەسلیم بووە. هەرگیز هیچ رامان و پرسیارو بەرگریی تیادانیە، ئەگەر هەشیبێت ئەوا ناگاتە ئەو ئاستەی کە رێگریی لەڕەفتارەکانی بکەن. دەکرێت لەسەرەتا بڵێین کە جەمشید خۆی وەک خۆی، وەک کەسێکی ئۆتۆنۆمۆس بوونی نییە. پیاوێک نییە بوەستێت و ئێستێک بکات و ئاوڕ بداتەوە و بپرسێت، ئەو دەکەوێتە بەر لافاوو لێشاوی رووداوەکان.
رەهەندی رووداوی رۆمانەکە هێندە جێگای سەرنجی خوێنەر نییە، ئەوەش بۆ ئاگایی کەسی ئێمە دەگەڕێتەوە کە چۆن رووداوە گەورەکان لەگەڵ بیرەکاندا دەسازێنێت. لەئاستی فیکیریدا سەرەتا جەمشید وەک کۆمۆنیستێک دەناسین. ئەمە تەنها پەیوەندی ئەو نییە بەحەکایەتێکی گەورەی وەک کۆمۆنیزمەوە، یان راستتر بڵێین باوەڕی کۆمیونیزم، چونکە هەڵگران و هەوادارانی کۆمیونیزم خەڵکانێکی خاوەن بیر نین، بەڵکو زیاتر خەڵکانێکی خاوەن باوەڕن، کۆمیونیزم یەکەم حەکایەتی گەورەی رۆژئاوایە کە پاش بیرە تەقلیدییەکانی وەک سۆفیگەریی دێتە ناو دونیای ئێمەوە. ئەم بیرە یەکێکە لەبەرهەم و چەکەکانی جەنگی سارد.
ئەوەی جێگای تێڕامانە لەڕۆمانەکەدا پەیوەندی جەمشید نییە بە ئایدیاکانەوە، هێندەی ئەو دابڕانەی کە جەمشید لەئایدیایەکەوە بۆ ئایدیاکی تر پیایدا تێدەپەڕێت، بۆئەوەی ئەم درامایە بەرجەستە بکات بەختیار جەمشید لەنێوان ئاسمان و زەویدا هەڵبەزو دابەز پێدەکات. دەکرێت ئاسمان و زەوی وەک سیمبولی ئایدیالیزم و ریالیزم یان واقیعییەت مامەڵە بکەین. بەڵام ساتەوەختی بەرکەوتن، ساتەوەختێکی وەرچەرخێنەرە. لەمێژووی دەزگا و بیرەکان ئەم ساتەوەختانە بەساتەوەختی چەمانەوە یان لادانەوە مامەڵە دەکرێت. بەڕای من ناتوانین بەئاسانی بەساتەوەختی دابڕانی لەقەڵەم بدەین. هەرچەندە جەمشید لەگەورە حەکایەتێکەوە دەگوێزێتەوە بۆ گەورە حەکایەتێکی تر، بەڵام لەزۆر ئاستدا هیچ گۆڕانکارییەک روونادات. جەمشید، هەمیشە تاک حەکایەتە، هەمیشە بە تۆخی رۆدەچێتە ناو حەکایەتەکەیەوە، بەبێ جیاوازییان، هەمیشە وەها مامەڵە لە گەڵ هەموو حەکایەتێکدا دەکات وەک ئەوەی یەکەم حەکایەتی بێت. کەسێکە کە خاوەن مێژوو و رابوردوو و یادەوریی و ئەزموون و ئاگایی نییە. بۆئەوەی ئەمە بەرجەستە بکات، بەختیار هەمیشە جەمشید تووشی سڕینەوەی یادەوریی دەکات. ئەمە لەقەرەقۆزێتی clown نێوان ئاسمان و زەویدا بەرجەستە دەبێت. ئەم بەردەوامییە لەفۆڕم، لە چڕێتی پەیوەندیی، لەتاقانەیی، لەبێگومانی، وەها دەکات کە جەمشید چەندێک تووشی گۆڕانکاریی و وەرچەرخان دەبێت، هێندەش بوونەوەرێکی نەگۆڕبێت. ئەمە چیرۆکی زۆربەی زۆری ئەوانەیە کە لەدونیای ئێمەدا لەنێوان حەکایەتە گەورەکاندا بازبازێنیان کردووە. کۆنە شیوعیەکی تازە ئیخوانی، یان پێچەوانەکەی، جیهانگەرێکی بە فەریکە ناسیونالیزم بوو، هەموو یەکجۆر لەدونیابینی تاک کونەواجەیی باڵی بەسەردا کێشاون.
لێرەدا گەرچی بەردەوامی هەیە لەفۆرمدا، کە زۆرجار بەنائاگایی و ریتواڵە، بەڵام کەڵەکەبون و بەرهەمهێنانی مەعریفی دروست نابێت. ئەمەشە مایەی ئەوەیە کە سەرباری زۆری هەوادارانی ئایدەلۆژیا گەورەکان لە دونیای ئێمەدا، سەرباری گۆڕانیان و هاتن و چوونیان، ئێمە خاوەن کەلتوورێکی فیکریی و مەعریفی نین. وەک جەمشید بیرەکان وەها لە کورد دەکات کە سووک بێت و لەدونیا دابڕێت و نەتوانێت پێ بنێتە سەر زەویی. یان بەزمانێکی تر نوقمی ئایدیالیزم بێت.
بەختیار هەوڵدەدات پێمان بڵێت کە چییە ئەوەی وەها دەکات، ئەم دۆخە لە ئارادابێت، لێرەدایە کە گرنگی رووداو دێتە ئاراوە. جەمشید، کە زیاتر بەرجەستەکەری دۆخی رۆشنبیرە، هەمیشە لەلایەن دەسەڵاتەوە بەکاردەبرێت، رۆڵی پێدەسپێردرێت، هەوڵدەدرێت بکرێتە ئامرازێک بۆ بەدەستهێنانی زانیاری، بۆ گاڵتە و گەپ، بۆ ناساندنی گەلی کورد. ئەم رۆڵانە هۆکاری ئەوەن کە جەمشید نەتوانێت لەئەو کۆمەڵگایەدا پێیەکانی بخاتە سەر زەوی. ئەمە کاتێک زیاتر بۆمان رووندەبێتەوە کە جەمشید دەچێتە سەرزەمینێکی ترو لەوێ دەتوانێت پێ بخاتە سەر زەوی.
دەکرێت جەمشید کەسێک بێت، توێژێکی کۆمەڵایەتی بێت، تەنانەت سەرجەم کۆمەڵگاش بێت کە لەنێوان بیرو کرداردا دەیەوێت بەردەوام بێت. جەمشید ئەو کەسایەتییە رۆشنبیرەیە کە باوەش بۆ بیرە گەورەکان دەکاتەوە، هەوڵدەدات بەڕۆحی توندڕەوییەوە بەرجەستەیان بکات، بەبێ ئەوەی لەتوانایدا هەبێت بتوانێت، خاڵێ، خەتێ، پیتێ، وشەیە، دێڕێ، لاپەڕەیەکیان بۆ زیادبکات، ئەمە قەیرانێکی قوڵی چۆنێتی پەیوەندی ئێمەیە لەگەڵ دونیای فیکرو رووداوەکاندا. ئێمە گەرچی دەبینە هەڵگر و پیادەکەرو موریدی بیرە گەوەرکان بەڵام تەنها هەوڵی ئێمە ئەوەیە کە دووبارەی بکەینەوە. ئەوەی هەیە بیڵێینەوە، قوڵی و گرنگی خۆمان لە ئەوەدا دەبینینەوە کە چەندێک دەتوانین ئەویتری فیکر بهێنینە ناو خۆمانەوەو لەخۆماندا بەرجەستەی بکەین، ببینە هەڵگری، بەبێ ئەوەی خۆمان وەک کەسایەتییەکی سەربەخۆ (ئەجینتێکی ئۆتۆنۆمۆس) بتوانین ئەو فیکرانە بە دونیای خۆمانەوە ببەستین و جارێکی تر بەرهەمیان بهێنینەوەو وەریانبگێڕین بەمانا فراوانەکەی پرۆسەی وەرگێڕان. رەنگە ئەمە بنچەکەی لەئاینەوە بێت.
ئەم بێتواناییە لەسوودوەرگرتن لەدونیای بیری ئەوانیتر وەهای کردوە کە ئێمە لەپرۆسەیەکی جەمشیدیدا هەمیشە لەپرۆسەی تۆخبوونەوەو سفربوونەوەدابین.
بۆ من دیاردەی جەمشید دەرخەری ئەو قەیرانەیە کە ئێمە چۆن مامەڵە لە گەڵ فیکردا دەکەین، بەتایبەتی بێئاگایی ئێمە لەپرسی بنەماکانی مەعریفە. بیریارانی ئێمە بێتوانان لە تێگەیشتن لەمیتۆدی فیکر. میتۆد هەتا ئەمڕۆ لەزانکۆکانی ئێمەدا بوونی نییە. میتۆد بەئاگابوونە لە ئەوەی کە چۆن بیرێک، دیدێک بەرهەمهاتووە، چۆن داتاکانی بەدەستهاتووە، چۆن مامەڵەیان لەگەڵدا کراوە، لە چ روانگەیەکەوە. بە ئاگابوون لەمیتۆ وەها دەکات کە توانا هەبێت چۆن بیرێک بهێنرێتە ناو واقیعێکی ترەوە، چۆن ئەو بیرە لەپانتایی تردا بەرهەم بێتەوەو دەوڵەمەند بکرێت یان بەر رەخنە بدرێت.
کاتێک داروین لە نووسینەوەی کتێبی رەچەڵەکی جۆرەکان دەبێتەوە، پاش چاپبوونی، دانەیەکی بەدیاری بۆ ئاسا گرەی دەنێرێت. ئەو سەردەمە دەوروبەری جەنگی ناوخۆی ئەمریکییە، پرسی گەورە لەوڵاتدا پرسی کۆیلایەتییە، کتێبەکەی داروین دەبێتە بنەمایەک بۆ ئەوانەی کە دژایەتی کۆیلایەتی دەکەن، بەوەی کە مرۆڤ هەموو وەک یەکن، نەک جودا. ئەمە نموونەیەکە لەپرۆسەی وەرگێڕان یان سوودبینین لەبیری تر بۆ پرسی خۆت. نموونەی ئەمە لەدونیای ئێمەدا نییە.