ئه‌گه‌ر ئاوڕێك له مێژووی نزیكی سوریا و فه‌ره‌نسا بده‌ینه‌وه ئه‌وه‌مان بۆ ده‌رده‌كه‌وێت له‌دوای داڕمانی ده‌وڵه‌تی عوسمانی سوریا و لوبنان كه‌وتنه ژێر ئینتیدابی فه‌ره‌نساوه ساڵانی 1920 تا 1946، بۆیه ئێستاش فه‌ره‌نسا به‌جۆرێك له جۆره‌كان هه‌ر چاوی له‌و دوو وڵاته‌یه و له‌كاتی هه‌ركێشه‌و قهیرانێكیاندا خۆی ده‌كات به‌خاوه‌نیان، نموونه‌ی ته‌قینه‌وه‌كه‌ی به‌نده‌ری به‌یروت كه سه‌رۆكی فه‌ره‌نسا یه‌كسه‌ر گه‌یشته ئه‌وێ.
بۆ سوریاش هه‌ر به‌ناوچه‌ی هه‌ژموونی خۆی ده‌زانێت، سه‌ره‌ڕای ئه‌وه‌ی ئێستا سوریا ناوچه‌ی هه‌ژموونی وڵاتانی تری وه‌كو روسیا و ئێران و توركیایه و هێزی چه‌كداریان له‌ناو خاكی سوریادایه .
هه‌ر له‌و سۆنگه‌شه‌وه‌یه فه‌ره‌نسییه‌كان له هه‌وڵ و كۆششی چڕدان بۆ ئه‌وه‌ی ڕۆڵێكیان هه‌بێت له‌داڕشتنه‌وه‌ی رێكار و هه‌نگاوه‌كانی رێكخستنه‌وه‌ی كاروباره سیاسی و ئه‌منی و سه‌ربازییه‌كانی ئاینده له سوریادا و هه‌روه‌ها بۆ ئه‌وه‌ی په‌راوێز نه‌خرێن له‌و رووداوه خێرایانه‌ی كه‌له‌سه‌ر گۆڕه‌پانی سوریا له‌م دواییانه‌دا هاتونه‌ته ئاراوه.
دوا هه‌وڵی پاریس ئه‌و ئاماژانه‌ن كه فه‌ره‌نسییه‌كان ده‌خوازن رۆڵی نێوه‌ندگیری بگێڕن له نێوان لایه‌ن كوردیه ناكۆكه‌كانی خۆرئاوای كوردستان، واته كورده‌كانی سوریا به‌مه‌به‌ستی یه‌كخستن و نزیككردنه‌وه‌ی دیدوبۆچوونهكانیان، راپۆرته‌كان له‌پاریسه‌وه باس له‌وه ده‌كه‌ن كه كۆشكی ئه‌لیزێ داوه‌تنامه‌ی ئاڕاسته‌ی هه‌ردوو لایه‌نی ناكۆی كوردی واته (ئه‌نه‌كه‌سه) و (ته‌ڤده‌م )كردووه بۆ ئه‌وه‌ی سه‌ردانی پاریس بكه‌ن و باسی بارودۆخی سوریا به گشتی و كورد به تایبه‌تی بكه‌ن .
ئامانجی فه‌ره‌نسا له‌م ده‌ستپێشخه‌رییه
مه‌به‌ستی پاریس له‌م ده‌ستپێشخه‌رییه بۆ ئاشتكردنه‌وه و لێك نزیكخستنه‌وه‌ی كورده‌كانی باكور و خۆرهه‌ڵاتی سوریا، به ده‌ستهێنانی چه‌ند ئامانجێكه له‌وانه:
1. پاراستنی ده‌ستكه‌وته‌كانی كورد له ده ساڵی رابردوودا به‌تایبه‌تی له دوای سه‌رهه‌ڵدانی شۆڕشی گه‌لانی سوریا، كورده‌كانی سوریا دوای كشانه‌وه‌ی هێزه‌كانی حكومه‌تی سوریا توانیان كۆنترۆڵی ناوچه‌كانی خۆیان بكه‌ن به هاوكاری پێكهاته‌كانی تری باكور و خۆرهه‌ڵاتی سوریا له كریستیان و توركمان و عه‌ره‌ب و ئه‌وانی تریش، به‌ر له تاقم و گروپه توندڕه و تیرۆریسته‌كان بگرن بێنه ناوچه‌كانی ئه‌مانه‌وه، له ساڵی 2013 ه‌وه ئیداره‌ی خۆسه‌ر رابگه‌یه‌نن و به‌جوانترین شێوه به‌ڕێوه‌ی ببه‌ن كه بووه مایه‌ی ده‌ستخۆشی و سه‌روه‌رییه‌كی گه‌وره بۆ پێكه‌وه‌ژیان و په‌نادانی هه‌موو ئتنیكه جیاوازه‌كان و ته‌نانه‌ت په‌ناگه‌یه‌كی ئارام بۆ ئاواره‌ی ناوچه‌كانی تری سوریا، هێزه‌كانی سوریای دیموكرات به (50) هه‌زار كه‌س ده‌خه‌مڵێنرێن و توانیویانه رۆڵی سه‌ره‌كی و پێشه‌نگ بگێڕن له شه‌ڕی تیرۆر و له ناوبردنی داعش، هه‌ر له سه‌ر ده‌ستی ئه‌مانیش شاری ره‌قه‌ی پایته‌ختی خه‌لافه‌تی داعش ئازادكرا، به‌جۆرێك له ریزبه‌ندی هێز و هه‌ژموون و ده‌سه‌ڵاتدا هه‌سه‌ده به دووه‌م هێز دێته ئه‌ژماردن له‌سوریادا .
2.ئاماده‌كردنی كورده‌كانی سوریا بۆ پێداویستی و پێشهاته‌كانی قۆناغی داهاتوو له سوریا:
ئه‌میش له‌ڕێگه‌ی هاندانی لایه‌نه كوردییه‌كانی سوریا بۆ ئه‌وه‌ی ناكۆكی و ململانێكانیان وه‌لا بنێن و خۆیان ساز و ئاماده بكه‌ن بۆ گۆڕانكاری و پێشهاته نوێكانی سوریا، كه پێشبینی ده‌كرێت قۆناغی داهاتوو زۆر جیاواز بێت له ئێستا، به تایبه‌تی كزبوونی شه‌ڕ و كوشتار و توندوتیژی و به‌ریه‌ككه‌وتن ئه‌گه‌ری ئه‌وه هه‌یه لێكتێگه‌یشتنی نوێ بێته ئاراوه له‌گه‌ڵ حكومه‌تی دیمه‌شق، بۆیه به‌لای پاریسه‌وه زۆر گرنگه كورد له‌سوریادا یه‌ك ده‌نگ و یه‌ك هه‌ڵوێست بێت بۆئه‌وه‌ی بتوانن زۆرترین ده‌ستكه‌وت به‌ده‌ستبهێنن و به‌شداربن له‌و هه‌وڵه نێوده‌وڵه‌تیانه‌دا كه له‌ئارادان بۆ چاره‌سه‌ركردنی قه‌یرانی سوریا، له هه‌مانكاتدا ئه‌و سه‌ركه‌وتنانه‌ی له ساڵانی رابردوودا به‌ده‌ستیان هێناوه بیپارێزن .
3. به‌كارهێنانی وه‌كو كارتی فشار له هه‌مبه‌ر توركیا:
ئه‌م جموجوڵ و هه‌وڵانه‌ی پاریس له باكوری سوریا و هه‌روه‌ها پێداگیری له‌سه‌ر په‌یوه‌ندی توندوتۆڵ له‌گه‌ڵ كورده‌كان خۆی له‌چوار چێوه‌ی ئه‌و ململانێ ئیقلیمی و نێوده‌وڵه‌تیانه‌دا ده‌بینێته‌وه كه له نێوان پاریس و ئه‌نقه‌ره‌دا هه‌ن له زۆر دۆسیه‌دا، به‌تایبه‌تی ئه‌م هه‌وڵانه‌ی فه‌ره‌نسیه‌كان له‌لایه‌ن توركیاوه به‌ده‌ستوه‌ردان له كاروباری سوریا و دابه‌شكردنی ئه‌و وڵاته و دامه‌زراندنی ده‌وڵه‌تێكی كوردی له‌قه‌ڵه‌م ده‌درێت، نه‌ك به‌گژاچوونه‌وه و له‌ناوبردنی تیرۆر .
به‌ربه‌سته‌كانی به‌رده‌م ئه‌م پرۆسه‌یه
ئه‌م هه‌وڵ و تهقهلانهی فه‌ره‌نسا بۆ یه‌كخستن و نزیككردنه‌وه‌ی كورده‌كانی سوریا كارێكی ئاسان و بێ سه‌ر ئێشه نیه و گه‌لێك كۆسپ و به‌ربه‌ستی گه‌وره‌ی له به‌رده‌مدایه له‌وانه:-
1. نه‌بوونی متمانه:
ئه‌مه‌ش بۆخۆی به‌ربه‌ستی گه‌وره‌یه له‌نێوان هه‌ردوو به‌ره‌ی ناكۆك ئه‌نه‌كه‌سه كه ئه‌ندامی به‌ره‌ی ئۆپۆزه‌سیۆنی ئیئتلافی سوری نزیك له‌توركیان و بنكه‌و باره‌گاشیان هه‌ر له توركیایه و له ژێر فشاری ئه‌واندا ناتوانن نزیك بنه‌وه و ناكۆكیه‌كانیان وه‌لاوه بنێن، ته‌ڤده‌میش ئه‌و حزبانه‌ن كه پارتی یه‌كێتی دیموكراتی رابه‌رایه‌تیان ده‌كات.
دوا به‌ربه‌ست و كێشه كه بووه هۆی به‌بنبه‌ست گه‌یشتنی گفتوگۆكان له‌نێوان ئه‌و دوو لایه‌نه‌دا ئه‌وه بووه كه حزبه‌كانی ئه‌ندامی ئه‌نه‌كه‌سه، پارتی یه‌كێتی دیموكراتی تاوانبار ده‌كه‌ن به‌وه‌ی كه له 17/4/2021 باره‌گای یه‌كێك له حزبه‌كانی ئه‌نه‌كه‌سه‌ی له شاری رمیلان داگیركردووه له‌ریفی حه‌سه‌كه، كه‌ئه‌مه‌ش زیاتر متمانه‌ی لاوازتركرد له‌نێوانیاندا و له گه‌ڵ گیانی ئه‌و رێككه‌وتننامه‌دا یه‌ك ناگرێته‌وه كه له 21/9/2020 ئیمزایان كردبوو بۆ دروستكردنی مه‌رجعیه‌تێكی یه‌كگرتوو و باڵا بۆ كورد له سوریا .
2. ئۆپه‌راسیۆنه سه‌ربازییه‌كانی توركیا له باكوری سوریا:-
ئۆپه‌راسیۆنه سه‌ربازییه به‌رده‌وامه‌كانی سوپای توركیا له باكوری سوریا له ئۆكتۆبه‌ری 2020ه‌وه تاوه‌كو ئێستا له‌چوارچێوه‌ی هه‌ردوو ئۆپه‌راسیۆنی ( كانی ئاشتی) و (قه‌ڵغانی به‌هار) به‌ربه‌ستی گه‌وره‌ی به‌رده‌م هه‌وڵ و كۆششه‌كانی فه‌ره‌نسان بۆ یه‌كخستنی كورده‌كانی سوریا، چونكه توركیا پێشڤه‌چوونه‌كانی دۆزی كورد له‌سوریا به مه‌ترسی گه‌وره بۆسه‌ر ئاسایشی ستراتیژی خۆی ده‌بینێـت .
3. ململانێی روسیا و ئه‌مه‌ریكا بۆ پشتیوانی كورد:-
هه‌رچه‌نده هه‌ر له‌سه‌ره‌تای دروستبوونی ئیداره‌ی خۆسه‌ر له‌لایه‌ن كورده‌كانی خۆرئاوای كوردستان ئه‌مریكیه‌كان پشتیوانیان كردوون، به تایبه‌تی بۆ شه‌ڕی دژ به داعش، به‌ڵام له‌م دوایه‌شدا روسه‌كان له هه‌وڵی ئه‌وه‌دان خۆیان له كورده‌كانی سوریا نزیك بخه‌نه‌وه و هه‌وڵی ئه‌وه بده‌ن له‌گه‌ڵ حكومه‌تی به‌شار ئه‌سه‌د رێكیان بخه‌ن و دیدوبۆچوونهكانیان له یه‌ك نزیكبكه‌نه‌وه، كه‌ئه‌مه‌ش كاریگه‌ری نه‌رینی بۆسه‌ر هه‌وڵ و كۆششه‌كانی فه‌ره‌نسا ده‌بێت بۆ یه‌كخستنی كورده‌كان، به تایبه‌تی كه كورده‌كان پرژوبڵاو و دابه‌شبوون له‌نێوخۆیاندا بۆ چۆنیه‌تی به‌ستنی په‌یوه‌ندی له گه‌ڵ وڵاتانی خاوه‌ن به‌رژه‌وه‌ندی .
له‌لایه‌كی تره‌وه مۆسكۆ هه‌میشه واشنتۆن تاوانبارده‌كات به‌وه‌ی كه یارمه‌تی و كۆمه‌كی كورده‌كانی سوریا ده‌كات دژ به حكومه‌تی سوریا و هانی دابه‌شكردنی سوریا ده‌دات .
له‌كۆتاییدا سه‌ره‌ڕای به‌رده‌وامی هه‌وڵ و ته‌قه‌لاكانی پاریس بۆ چاره‌سه‌ركردنی ناكۆكی و ململانێكانی كورده‌كانی سوریا، رووداو وپێشهاته سیاسی و مه‌یدانییه‌كانی ئه‌و وڵاته و جیاوازی به‌رژه‌وندی لایه‌نه ئیقلیمی و نێوده‌وڵه‌تیه‌كانی تێوه‌گلاو له قه‌یرانی سوریا، رێگرن له بهمهنزڵ گه‌یشتنی هه‌وڵه‌كانی فه‌ره‌نسا بۆ گه‌یشتن به ئامانجه‌كانی له سوریا.