دوای دابڕانێکی زۆر، وەزارەتی پەروەردەی حکومەتی هەرێم پرۆسەی خوێندنی ناو پۆلی بۆ قۆناغەکانی خوێندن دەستپێکردەوە. میکانیزمی دەستپێکردنەوەکە هەر بە هەمان ریتمی پێشووە کە لەهەفتەیەکدا سێ رۆژ بە نۆبە هەرجارەی قۆناغێک لە رۆژێکدا دەوام دەکەن کە لەسەرەتای مانگی دووی ئەمساڵدا تاقیکرایەوە و تاڕادەیەکی باشیش سەرکەوتوو بوو .
هەنگاوەکە بۆ دەستپێکردنەوە مایەی دڵخۆشییە، هەروەک لە رابردووشدا وتومانە هیچ کات خوێندنی ئەلەکتڕۆنی یا هەر رێگەیەکی تری وانە وتنەوە، ناتوانن هاوشێوەی خوێندنی ناو پۆل بۆ خوێندکار سوودیان هەبێت، بەڵام ئەوەی جێی سەرنجی پەروەردەکاران و مامۆستایان و شارەزایانی ئەو بوارەیە، کەمی کاتی خوێندنە، چونکە ئەمجارە لەگەڵ دەستپێکردنەوەی پڕۆسەکەدا وەزارەتی پەروەردە دوایین رۆژی دەوام و وەرگرتنی وانەکانی لەناو پۆلدا دیاری کردووە کە تا رۆژی هەژدەی مانگی داهاتوو درێژە دەکێشێ، لەو بەروارە بەدواوە تاقیکردنەوەی کۆتایی وەرز کە دەکرێتە بنەما بۆ ساڵێکی تەواوی خوێندن بەڕێوەدەچێ، ئەمەش بە بەراورد لەگەڵ رۆژە لەدەستچووەکانی خوێندندا کاتێکی زۆر کەمە.
لەلایەکی تریشەوە بۆ گونجاندنی ئەو مانگە و چەند رۆژەی وانە دەخوێنرێ، میتۆدی سەرجەم وانەکان کورت کراونەتەوە کە بێگومان ئەگەر بە وردی سەرنجی بدەی، ناتوانرێ مەبەست و مرازی تێگەیاندنی خوێندکار و ئامادەکردنی بۆ پڕۆسەی تاقیکردنەوە سەرکەوتووبێ، هەندێ وانە هەن کە مەنهەج بەپێی کات رەچاو نەکراوە و بەشە وانەکانیان کورتن و روونکردنەوەشیان لەبارەوە نەدراوە بە مامۆستایان، بۆ نموونە وانەی زانست بۆ قۆناغی نۆ-ی بنەڕەتی کە تاقیکردنەوەی نیشتمانیشییان هەیە و پرسیارەکانیش مەرکەزین مامۆستا بەو کاتە کەمە ریزێک لاپەڕە ناتوانێ لەبەشە وانەیەکدا کۆبکاتەوە.
یاخود بۆ وانەی بیرکاری لەهەمان قۆناغ چۆن دەتوانرێ لە تەنها بەشە وانەیەکدا ئەسڵی بابەت و ژمارەیەک راهێنان بۆ خوێندکار شرۆڤە بکرێ.
ئینجا پرسیارێک کە جێی سەرنجە بەتایبەتی لە دۆخی کۆرۆنادا، کڵۆمدانی ناوەندەکانی خوێندن بۆ ئەو ماوە درێژە و کردنەوەی لە ناوەڕاستی مانگی ئایار و درێژە کێشانی بۆ دوو مانگی گەرم و پڕوکێنەر بۆ؟ لەکاتێکدا هیچ کام لە خوێندنگەکان بۆ پێشوازیی وەرزی هاوین ئامادەنین، ٪80ی ئەو ناوەندانە کێشەی نەبوونی کارەبا و ئامێرەکانی فێنککەرەوەیان هەیە.
سەرنج زۆرە لەبارەی بڕیارە لە ناکاوەکانی وەزارەتی پەروەردەوە بوترێ، گرنگتر لەهەر یەکێکیان، خۆزگە لەگەڵ ئەم بڕیارانەدا بەرنامەیەکی پێشوەختە بۆ دابینکردنی کەموکووڕی ناوەندەکانی خوێندن هەبووایە و لیژنەی تایبەتمەندیش چاودێریی رەوشی بەڕێوەچوونی پڕۆسەکەیان بکردایە، بەڵام نەک ئەوە نابینرێت، بەڵکو بەئاشکرا دیارە ئەم بڕیارە تەنها بۆ رزگارکردنی ساڵێکی خوێندنە و هیچی تر، ئەوەی مەبەستە بەپەلە هەڵدانەوەی لاپەڕە و تێپەڕاندنی بابەتەکانە و تەواو، هەروەک ناچارکردنی مامۆستایان و خوێندکارانە بەوەی تاقیکردنەوەیەک بەپەلە پڕوزێوە بەڕێ بخەن تا وەک دوایین فاتیحا بۆ رۆحی ساڵێکی خوێندن پێشکەش بکرێت.