جینۆسایدی ئێزدییه‌كان له‌لایه‌ن داعشه‌وه له دۆكۆمێنتە نێودهوڵهتییەکاندا
كه‌ریم خان سه‌رۆكی تیمی نه‌ته‌وه‌یه‌كگرتووه‌كان (UNITAD) بۆ پرسی لێپرسینه‌وه و به دۆكۆمینتكردنی تاوانه‌كانی داعش له عیراق ڕایگه‌یاند، زۆر به‌ڵگه‌و دۆكۆمینتی روون و راشكاو جێ متمانه و بڕواپێهێنهرمان دۆزیووه‌ته‌وه، گه‌واهی ده‌رن كه تیرۆریستانی ده‌وڵه‌تی ئیسلامی له عیراق و شام تاوانی گه‌وره‌یان ده‌رهه‌ق بهئێزدیهكان کردووە له ساڵی 2014دا.
ڕاپۆرته‌كه‌ی تیمی نه‌ته‌وه یه‌كگرتووه‌كان له رۆژی 11/5/ 2021 بڵاوكراوته‌وه ، ئاشكرایكردووه رێكخراوی داعش سه‌ركه‌وتووبووه له به‌رهه‌مهێنان و پێشخستنی چه‌كی كیمیاوی، هه‌روه‌ها چه‌كداره‌كانی ده‌وڵه‌تی داعش هه‌ردوو غازی كیمیاوی كلۆر و خه‌رده‌لیان به‌كارهێناوه له كرده‌وه تیرۆریستیهكانیاندا له عیراق، به‌تایبه‌تی دژ به‌ئێزدییه‌كان كه به‌ر گه‌وره‌ترین شاڵاوی قڕكردنی ئیتنیكی و پاكتاوی ره‌گه‌زی كه‌وتن، ژن و مناڵه‌كانیشیان تاوانی ئه‌تك كردنی سێكسییان ده‌رهه‌ق كرا‌و به كۆیله و سه‌بایا كران.
هه‌رله‌و سۆنگه‌شه‌وه بوو له ئه‌یلولی 2017 ئه‌نجومه‌نی ئاسایش به كۆی ده‌نگ بڕیاری پێكهێنانی تیمێكی لێكۆڵینه‌وه‌یدا بۆ یارمه‌تیدانی عێراقییه‌كان بۆ كۆكردنه‌وه‌ی هه‌موو به‌ڵگه و دۆكۆمینتهكان بۆ ئه‌وه‌ی كارئاسانی بكرێت بۆ لێپرسینه‌وه له‌تاوانبارانی داعش واته ئه‌ندامان و چه‌كدارانی ده‌وڵه‌تی ئیسلامی ئه‌وانه‌ی ئه‌و تاوانه‌یان کردووە كه له‌ڕیزی تاوانه‌كانی جه‌نگ و تاوانی دژ به مرۆڤایه‌تی و كۆكوژیدایه.
راپۆرتی شه‌شه‌م
كه‌ریم خان سه‌رۆكی تیمه‌كه‌ی نه‌ته‌وه‌یه‌كگرتووه‌كان بۆ لێكۆڵینه‌وه له تاوانه‌كانی داعش له شه‌شه‌مین راپۆرتی لیژنه‌كه‌یاندا بۆ ئه‌نجومه‌نی ئاسایشی نێوده‌وڵه‌تی كه له شه‌ش مانگی رابردوودا كۆیان كردۆته‌وه و زۆر به‌ڵگه و دۆكۆمێنتی گرنگی تێدایه له‌سه‌ر تاوانه‌كانی داعش.
هه‌روه‌ها باس له پێشڤه‌چوونی گرنگ ده‌كات له كۆكردنه‌وه‌ی به‌ڵگه‌ی جینائی و ئاماژه‌ی روون له ناو گۆڕه به‌كۆمه‌ڵه‌كان و زانیاری ورد و جێ متمانه له سی دی دیجیتاڵیه‌كانی ده‌وڵه‌تی ئیسلامی داعش، هه‌روه‌ها به‌كارهێنانی زانست و ته‌كنۆلۆجیای پێشكه‌وتوو بۆ چاره‌سه‌ركردن و گه‌ڕان و به‌ده‌ستهێنان و پاراستنی ئه‌و زانیارییانه، كه ئه‌مه‌ش بواری ره‌خسان بۆ تیمه‌كه كه خشته‌یه‌كی كات دیاری بكات بۆ چالاكی و جموجووڵه‌كانی داعش.
به‌ڵگه‌ی ته‌واو له‌سه‌ر كۆكوژی ئێزدییه‌كان
كه‌ریم خان سه‌ركه‌وتنی تیمه‌كه‌ی له دۆزینه‌وه‌ی به‌ڵگه‌و دۆكۆمینتی ڕاست و دروست و بڕواهێنه‌ر به‌وه‌ی كه توندئاژۆكانی داعش تاوانی كۆكوژی و قڕكردنی به كۆمه‌ڵیان به‌رامبه‌ر به ئێزدییه‌كان وه‌كو تاقمێكی ئایینی جیاواز به‌مه‌به‌ستی له‌ناوبردنیان له‌ڕووی جه‌سته‌یی و بیۆلۆجیه‌وه به چركه‌ساتێكی مێژوویی وه‌سفكرد.
تیمه‌كه‌ی كه‌ریم خان زانیاری زیاتر له‌سه‌ر كوشتنی هه‌زاران ئێزدی ئاشكراده‌كات، ئه‌ویش له‌ڕێگه‌ی ئیعدامی به كۆمه‌ڵ یان گوللهبارانكردنیان له دواوه له كاتی راكردنیان یان خوڵقاندنی دۆخێكی سه‌خت بۆ ئه‌وه‌ی بمرن و گیان له ده‌ست بده‌ن به تایبه‌تی له چیای شه‌نگال كه شوێنێكی زۆر سه‌خت و دژواربوو كه له كاتی هه‌ڵاتنیان گیانیان له ده‌ستده‌دا.
هه‌روه‌ها تیمه‌كه ئه‌وه‌شیان روون كردۆته‌وه هه‌زاران له ئێزدییه‌كان كراون به كۆیله و ژن و مناڵه‌كانیان ڕفێنراون و له خێزانه‌كانیان دوورخراونه‌ته‌وه، ناشیرنترین شێوه‌ی ره‌فتاری هۆڤیانهیان له گه‌ڵدا كراوه له‌وانه ده‌ستدرێژی سێكسی به‌رده‌وام و به‌كۆمه‌ڵ جۆره‌های تر له توندوتیژی سێكسی كه مرۆڤ ناتوانێت بۆ ماوه‌ی درێژ‌و ساڵه‌ها به‌رگه‌ی بگرێت كه ئه‌مه‌ش بووه هۆكاری مردنی چه‌ندانی تریان.
له‌لایه‌كی تره‌وه تیمه‌كه‌ی كه‌ریم خان ئه‌وه‌شی ئاشكراكردووه تاوانه‌كانی داعش تا ئێستاش درێژه‌ی هه‌یه به‌به‌رده‌وامی كاریگه‌ری و كاردانه‌وه‌كانی ئه‌و تاوانانه، له‌وانه جیاكردنه‌وه و دابڕانی هه‌زاران ژن و مناڵ له خێزانه‌كانیان، فڕاندنی ژنان و كچانی ئێزدی و به كۆیلهكردیان و دوورخستنه‌وه‌یان به‌تایبه‌تی ئه‌وانه‌ی دووگیان بوون تاوه‌كو منداڵه‌كانیان لێ بسننهوه، به تایبه‌تی تا ئێستا هه‌ندێك ژن و كچانی ئێزدی ون بوون و دیارنین كه‌س چاره‌نووسیان نازانێت، یان دیلن و كۆیله‌و سه‌بایای جه‌نگن له‌لای چه‌كدارانی ده‌وڵه‌تی ئیسلامی!.
به‌رنامه‌ی چه‌كی كیمیایی داعش
كه‌ریم خان جگه له كاره‌كه‌ی سه‌رۆكی ئه‌م تیمه‌یه، راوێژكاری نهتهوهیهكگرتووهكانیشه باس له‌وه‌ده‌كات به‌گوێره‌ی ئه‌و زانیارییانه‌ی كه له ئامێر و ده‌زگا ئه‌لیكترۆنیه‌كانی داعشه‌وه ده‌ستیان كه‌وتووه، داعش به‌رنامه‌ی پێشخستن و به‌رهه‌مهێنانی چه‌كی كیمیایی و بایۆلۆجی هه‌بووه، كه ئه‌مەش تیمه‌كه‌یانی ناچاركردووه كه دۆسێیه‌كی لێكۆڵینه‌وه‌ش بۆ ئه‌و بابه‌ته بكه‌نه‌وه.
كه‌ریم خان ئه‌وه‌شی ئاشكراكردووه ئه‌و به‌ڵگه‌نامه و دۆكۆمینتانهی ده‌ست تیمه‌كه‌ی كه‌وتوون باس لهوهدهكهن كه تیرۆریستانی داعش تاقیگه‌كانی زانكۆی موسڵیان به‌كارهێناوه وه‌كو ناوه‌ندی به‌رنامه‌ی چه‌كی كیمیایی به پشت به‌ستن به شاره‌زایی و توانا زانستییه‌كانی مامۆستایانی زانكۆ و پزیشكه‌كان له‌ناوه‌وه و ده‌ره‌وه‌ی عیراق.
سه‌ره‌تا كه‌ریم خان ده‌بێژێت داعش ده‌ستی گرت به سه‌ر ئه‌و ماده‌ی كلۆره‌ی كه له وێستگه‌كانی پاڵاوتنی ئاودا هه‌بوو له ساڵی 2014، دواتر كلۆرهكهیان پێشخست بۆ ئاوێته‌ی ژه‌هراوی كوشنده‌ی له‌وانه سالیۆم ، دواتر ئه‌م پێكهاته ژه‌هراویانه تاقی ده‌كرایه‌وه به‌سه‌ر زیندانیه زیندوه‌كاندا و دوای ده‌بووه هۆی گیانله‌ده‌ستدانیان.
هه‌روه‌ها باس له‌وه‌ش ده‌كات دواتر داعش سیستمه‌كه‌ی پێشخست و غازی خه‌رده‌لی به‌رهه‌مهێنا ناسراوه به (خه‌رده‌لی كبریت) كه دواتر له مانگی ئازاری ساڵی 2016 بۆ لێدانی شارۆچكه‌ی تازه‌خورماتوو له پارێزگای كه‌ركوك له رێگه‌ی چل مووشه‌كه‌وه به‌كاری هێنا.
كه‌ریم خان ئاماژه‌ی به‌وه‌شكردووه كه خۆی ده‌بێته سه‌رۆكی داواكاری گشتی له دادگای جنائی نێوده‌وڵه‌تی له 15 حوزیرانی 2021، ئه‌م دۆسێیه به خێرایی بۆ پێشه‌وه ده‌ڕوات، پێده‌چێت ئه‌نجامه سه‌ره‌تاییه‌كانی له ماوه‌ی پێنج مانگدا ته‌واو ببن، تاكۆتایی ئه‌مساڵ 2021، هه‌روه‌ها تیمه‌كه پێشبینی ده‌كات ئه‌نجامی سه‌ره‌تاییش ده‌ربكه‌وێت كه باسی تاوانه‌كانی دژ به كه‌مینه‌كانی كریستیان و كاكه‌یی و شه‌به‌ك و توركمان و شیعه و سوننه له عیراق بكات سه‌رباری كوشتاری زیندانیه شیعه‌كان له زیندانی بادۆش كه 600 كه‌سی تێدا كوژرا.
كه‌ریم خان ئه‌نجومه‌نی ئاسایشی ئاگاداركرده‌وه كه تیمه‌كه‌ی گه‌یووه‌ته ئه‌و ئاكامه‌ی كه رێكخراوی داعش تاوانی جه‌نگی ده‌رهه‌ق خوێندكاران و فه‌رمانبه‌ران و به‌ڕێوه‌به‌رانی ئه‌كادیمیه‌ی ئاسمانی تكریت کردووە، ئه‌ویش دوای دیلكردنیان و ئه‌شكه‌نجه‌دانیان به‌كۆمه‌ڵ له‌ناویان بردوون له حوزه‌یرانی 2014.
له‌لایه‌كی تره‌وه كه‌ریم خان باسی ڤیدیۆیه‌ك ده‌كات كه داعش له ته‌مووزی 2015 بڵاوی كردۆته‌وه كه پرۆسیسی كوشتن پیشان ده‌دات، كه ئه‌مه‌ش هاندانێكی راسته‌وخۆ و ئاشكرایه تاوانی كۆمه‌ڵكوژی شیعه موسڵمانه‌كانه.
له كۆتاییدا كه‌ریم خان هیوای وایه كه ئه‌نجومه‌نی نوێنه‌رانی عیراق یاسایه‌ك دابڕێژێت كه ببێته بنه‌مایه‌ك بۆ دادگاییكردنی هه‌موو ئه‌ندامانی تاوانباری ده‌وڵه‌تی ئیسلامی داعش، به‌رامبه‌ر به تاوانی جه‌نگ و تاوانی دژی مرۆڤایه‌تی و كۆمه‌ڵكوژیان ئه‌نجام داوه.
منیش له گه‌ڵ به‌رێز كه‌ریم خان ده‌بێژم نه‌ك هه‌ر بۆ داعش به‌ڵكو پێویسته بۆ هه‌موو تاوانه‌كانی تری ئه‌نفال و كیمیاباران ئه‌نجومه‌نی نوێنه‌رانی عێراق و كۆمه‌ڵگای نێوده‌وڵه‌تیش رێكاری پێویست بگرنه به‌ر به‌ناساندنی به جینۆساید و قه‌ربووكردنه‌وه‌ی قوربانیان و زیان لێكه‌وتووان.