سەرەتا دەمەوێت خۆم لە ئەو دۆخی جەمسەرگیرییەی ناو دونیای کوردی بپارێزم، چونکە پێش هەموو شتێک مرۆڤی کورد شایانی ئەوەیە بزانێت دۆخەکە چییە، چ یارییەک لەئارادایە، چی نوێیە لەم گەمە کۆنەدا، ئامانجەکان چین، پێگەو رۆڵی ئەو، ئەگەر هەبێت لەکوێدایە؟؟؟؟؟
نامەوێت راستەوخۆش وەڵامی هیچ کام لەو پرسیارانە بدەمەوە.
هەموومان دەزانین کە کێشەی فەلەستین یان ئیسرائیل و فەلەستین یان هەرناوێکی تری لێ دەنێیت، کێشەیەکی نوێ نییە. دیارە چۆنێتی ناونانی بەشێکە لەگەمەکە بەتایبەتی لەسەردەمی فراوانبوون و ئاڵۆزبوونی گەمەکەداو رۆڵی دەسەڵاتی نەرم لەپرسەکاندا. بەڵام لەهەموو گەرمبوونەوەیەکیدا هۆکاری تایبەتی هەیە، زانینی ئەم هۆکارە تایبەتانە گرنگن بۆ تێگەیشتن لەخیتابی ئەکتەرە جیاوازەکان.
بۆچی ئێستا؟
لە دوانزە ساڵی رابوردوودا ئەم پرسە، بەئاستێکی زۆر پەراوێزخرابوو. ئەم دوانزەساڵە سەردەمی دەسەڵاتی ناتانیاهو بوو بەزۆریی. ناتانیاهو کەسایەتێیەکی توندڕەوی ئاڵۆزە، ئێستا لەناوەوە کێشەی گەندەڵی هەیە، بەڵام سیاسەتی ئیسرائیلی وەها پەرتە بەهەڵبژاردن لەدوای هەڵبژاردن ناتوانێت زۆرینەیەکی سەقامگیر بەدەستبهێنێت. دۆخی ئابووری باشە، لەڕووبەڕووبوونەوەی کۆرۆنادا سەرکەوتوو بوو، بۆیە خەڵک پەرتن. لەبەرامبەردا سیاسەتی فەلەستینی دەمێکە چەقی بەستووە، لەپەرتەوازەیی و گەندەڵییەکی زۆر ئاڵاوە.
زۆرێک لەئیسرائیل وەهایان بیردەکردەوە کە پرسی فەلەستین تەواوبوو، بەتایبەتی پاش واژۆکردنی رێککەوتنی ئەبراهام لەنێوان وڵاتانی کەنداوو ئیسرائیلدا.
کەواتە، لەئێستادا هەردوو فەلەستینییەکان و ئیسرائیلییەکان لەدۆخێکی سیاسی پەرت و ناسەقامگیردان، هەڵاوسانی ئەم رووداوەی ئێستا، یەکێک لەپاڵنەرە سەرەکییەکانی ئەم دۆخە سیاسییەیە. ئەوەی حەماس دەیەوێت ئەوەیە کە ببێت بەخاوەنی پرسی فەلەستین، بەتایبەتی کە هەڵبژاردن لەئارادایە لەداهاتوویەکی نزیکدا. ئەم مامەڵەیە لەگەڵ ئیسرائیلدا ئەو سەرمایەی دەداتێ کە ببێت بەنوێنەری زۆربەی فەلەستینیەکان ئەگەر هەڵبژاردن بەڕێوەبچێت. دیارە ئیسرائیل بەتەواوی دژ بە حەماس نییە، بەڵکو دژ بەبوونیەتی بەئەکتەری باڵا یان بەتەنها لایەنی فەلەستینی. لەڕاستیدا تەنانەت ناتانیاهوش رێگرنییە لەهاتنی پارەی قەتەر بۆ حەماس، چونکە حەماس زۆر بەسوود بووە بۆ بەتیرۆرکردنی پرسی فەلەستین، بردنی بۆ باوەشی ئێران و ئەردۆگان و لایەنەکانی تر. هەموو ئەمانە لەئاستی ناوخۆیی و دەرەوەدا لەقازانجی سیاسەتی توندڕەوانەی ناتانیاهو شکاوەتەوە.
هەمووماشمان باش دەزانین بۆچی قەتەر حەماس دەژێنێ؟ وڵاتێکی بچووکی دەوڵەمەند بەدوای سەرچاوەی هێزو شەرعیەتدا دەگەڕێت بۆئەوەی لەو ناوچە ئاڵۆزەدا قوتنەدرێت. ئیخوان یەکێکە لەئامرازەکانی.
توندڕەو بەسوودە بۆ توندڕەو. دیارە گەشەی رەوتی توندڕەوەی ئاینی لەناو جوولەکەشدا بەخێراییەکی گەورە گەشەدەکات، لەئاستی دەرەوەدا، کەس بەکردار پشتیوان نییە، بەرژەوەندی ئەکتەرە هەرێمی و نێودەوڵەتییەکان دوولایەنەیە. لای جۆ بایدن پرسی فەلەستین ئەولەویەت نییە. ئەکتەرەکانی تر لەدۆخێکی ئاڵۆزدان لەکاتێکدا دژ بەتوندوتیژین، لەهەمانکاتدا ئاگادارن کە پرسی ئیسرائیل لەزۆر شوێن لەدونیا، بەتایبەتی ئەوروپا گۆڕانکاری بەسەردا دێت و هەتا بێت پشتیوانی کەمدەکات. ئەم وەرچەرخانە تەنها پەیوەست نییە بەدۆخی فەلەستینییەکان، بەڵکو هۆکاری زۆری ئاڵۆزی ئایدەلۆژی و وەرچەرخانی هێز و دژە ئەمریکایی و دژە ئیمپریالیزم و پرس بۆ چەپەکان و گەشەی شووناسی ئیسلامیی و زۆر هۆکاری تر دەگەڕێتەوە.
ئەکتەر هەرێمییەکان وەک ئێران و تورکیا دەمێکە بەشێکن لەیارییەکی کۆن، کە سەدام و قەزافی و ئەوانیتر بەشێک بوون لێی، ئەویش راکێشانی سۆزی کۆمەڵگای ئیسلامی لەڕێگای پرسی فەلەستینەوە.
فەلەستینییەکان گەلێکی بێدەوڵەتن، ئەمە نەفرەتی مێژووەو وەک کورد بەردەوام لەبەردەم پیلان و بەکاربردنی هێزەکاندان.