دوای شەوێکی خۆشی پڕ لە خەونی رەنگاوڕەنگ و خەیاڵی جوان، هیوا دەخوازیت بەخەبەر نەیەیت و بەردەوام لەناو ئەو خەونەدا بێت یان بخەوێتەوە و لە خەونەکەت بەردەوام بیت. دەپرسین: بۆچی ئەوە حەقیقەت نییە؟ ئەوە ئەو پرسیارەیە کە زاناکانی ناچار کردووە لەڕێی توێژینەوەکانیانەوە هەوڵی زۆر بدەن تاوەکو لە هۆکارەکانی خەون بگەن و ئاستی کاریگەرییەکەیشی لە سەر ژیان و هۆش و جەستەی مرۆڤ دیاری بکەن! بەتایبەتی کە زۆر کەس لەڕووی دەروونییەوە خۆیان بە خەونەوە گرێداوە و بەردەوام بەدوای شیکەرەوەی خەوندا وێڵن.
خەون وێنە یان هزر یان ئەو هەستەیە کە لە خەونماندا دەیبینین. هەرچەندە تیۆری زۆر هەن هەوڵی وەڵامدانەوەی ئەم پرسیارەیان داوە: بۆچی خەون دەبینین؟ یان هەوڵی شرۆڤەکردنی خەون دەدەن، بەڵام زانایان تا ئێستا لەسەر تیۆرێک کۆک نین. هەندێک لە توێژەران پێیان وایە خەون هیچ بایەخێکی نییە، هەندێکیتریش هەن پێیان وایە بۆ تەندروستی هۆش و جەستە زۆر بایەخدارە.
لەساڵی 1900 فرۆید رای وابوو خەون وێنای ئارەزوو و هزر و هاندەرە دوژمنکاری و سێکسییەکانی نەست دەکات کە مرۆڤ دایمرکاندووە، لەبەر ئەوەی ئێمە ناتوانین هەندێک لە ئارەزووەکانمان دەستەبەر بکەین و بەشێوەیەکی هۆشمەندانە گوزارشتی لێ بکەین، ئەو دامرکاوانە بە خەون دەری دەبڕین، لە کتێبە بەناوبانگەکەی (شرۆڤەی خەون)دا باس لەوە دەکات.
دکتۆر ئارنست هوڤمان، رای وایە وەزیفەی خەون هێنانی داتای نوێیە بە رێگەیەک کە ئاگایی هەست کەم دەکاتەوە بۆ ناو یادەوەری مرۆڤ، هەروەها دەڵێت ئەوەش یارمەتی مرۆڤ دەدات تاوەکو لەگەڵ شۆک و قەیران و کێشەکاندا خۆی بگونجێنێت.
بەڵام ئەو تیۆرییەی زیاتر لە ناوەندە زانستییەکانەوە پەسەندکراوە، ئەو تیۆرەیە کە هەردوو پزیشک ئالان هۆبسن و روبەرت ماکلاری پێشنیاریان کردووە، کە دەڵێ مێشکی مرۆڤ لە قۆناغێک لە قۆناغەکانی خەوتن کە بە جوڵەی (خێرای چاو) ناودەبرێت، ئەو بەشەی مێشک کە تایبەتە بە هەست و سۆز و یادەوەری چالاک دەکات، مێشک شیکردنەوەیەکی راستەقینەی بۆ دەکات نەک خەیاڵی، ئەو حاڵەتە هوشیارەی مێشکمانە کە داهێنەر و بەرهەمهێنەری بیروبۆچوونە.
لەو سودانەی خەون کە دکتۆر مایکل فرانکلین لە ساڵی 2005 دۆزییەوە، پەیوەندیی راستەوخۆی خەونە بە پەرەسەندنی مرۆیی و یەکە باڵاکانی بیرکردنەوەی مەعریفییە، لەوانە باشترکردنی ئەدا و بەهێزکردنی چالاکی ناوەندەکانی زانیاریی کۆمەڵایەتییە لە قۆناغی جوڵەی خێرای چاوە، کە کار لە پەرەسەندنی کۆمەڵایەتی و مامەڵەکردنمان لەگەڵ ئەوانیتردا دەکات.
سەبارەت بە تێگەیشتن خەونبینی منداڵان، هەوڵی خەبەرکردنەوەی منداڵەکەت مەدە کاتێک چاوی پرتەپرت دەکات، ئەوە چارەسەری ئەوەی رۆژانە پێێدا تێپەڕیوە دەکات و کەسەکان دەناسێتەوە و مەعریفەی زیاد دەکات، یەک لە دەرئەنجامەکانی ئەو گریمانەیە، خەبەرکردنەوەی منداڵ لەو کاتەیدا کاریگەریی نەرێنی لەسەر گەشەی عەقڵی دەکات، لەبەر ئەوە نەخۆشی (توحد) لە خەویاندا قۆناغی جوڵەی خێرای چاو لە دەست دەدەن، وایان لێ دەکات نەتوانن خەون ببینن، بەدوایشیدا ناتوانن بە دروستی مامەڵە لەگەڵ جیهانی دەوروبەریاندا بکەن.