فەیسەڵ عەلی

توێژینەوەی زانستی لەنێوان سوودی بڵاوبوونەوەو قازانجی بازاڕدا

  2021-05-09 14:48      692 جار بینراوە        کۆمێنت

ئەگەر لە تایبەتمەندێتییەكانی هەر سەردەمێك لەو سەردەمانەی كە كۆمەڵگەی مرۆیی پێدا تێپەڕبووە بڕوانین، دەردەكەوێت كە گرنگترین تایبەتمەندێتییەكانی بە بەردەوامی بە مەعریفە و نوێبوونەوەی مەعریفە و چۆنێتی تەوزیفكردنی و سودوەرگرتن لێوەی پەیوەست بووە. مەعریفە ئەوەیە كە مرۆڤ دەتوانێ دەرئەنجامی كارلێكی بیركردنەوەی عەقڵی مرۆیی و پێدراوەكانی ئەو سروشتەی دەوروبەری بەدەستی دەهێنێت. لەمیانی ئەو كارلێككردنە دۆزینەوە دێت، داهێنان بە دیار دەكەوێت، ئەو داهێنانانە تایبەتمەندێتیی هەر سەردەمێك لە سەردەمەكانی پێش خۆی جیا دەكاتەوە.

ئەم سەردەمەی تێیدا دەژین تەنیا بە بوونی تەكنەلۆجیا و دۆزینەوە بێ پێشینەكان لەوانی تر جیا ناكرێتەوە، وەك تەكنەلۆجیای سایبریانی ئاسمان، ژیریی دەستكرد و دۆزینەوەی نەخشەی جینەكان، بەڵكو بە خێرایی نوێبوونەوەی تەكنەلۆجیا و دۆزینەوەكان، دەركەوتنی زیاتری داهێنانە بێ پێشینەكانە. ئەم پرسە ئەو نەتەوانەی لە كێبڕكێی مەعریفەدا خەونی جیاكاریی دەبینن و دەیانەوێ لە بیری نوێ و بەرهەم و خزمەتگوزاریی نوێ و نوێبووەوە سەركەوتن تۆمار بكەن، كە بەهایەكی بێ پێشینە پێشكەش دەكات و لێوەی پڕۆسەی گەشەپێدان بەرەو پێشتر دەبەن و لێوەیشی زامنی هەمیشە بەردەوامیشی دەكەن.

چوونە نێو كێبڕكێی مەعریفە و بایەخدان بە توێژینەوەی زانستی، هەوڵدان بۆ تەوزیفكردنی دەرهاویشتەكانی بۆ ئەوەی كۆمەڵگە سودی لێوەربگرێت، دەخوازێت. ئەم پرسەش پێویستی بە تەرخانكردنی بودجەیە بۆ توێژینەوەی زانستی، یا بە گوزارشتێكی وردتر وەبەرهێنانە لە توێژینەوەی زانستی، چونكە ئەو بەهایەی كە دەرهاویشتەكانی توێژینەوەی زانستی پێشكەشی دەكات، دەشێ بە جیاوازییەكی ئێجگار زۆر لە سەرووی بەهای خەرجییەكانی بێت، رێكخراوی نەتەوە یەكگرتووەكان بۆ پەروەردە و كلتور و زانست (یونسكۆ)، بە هاوكاری دەوڵەتان و دامەزراوە جیهانییەكانی تر، ئەركی بڵاوكردنەوەی ئاماری ساڵانەی توێژینەوەی زانستی دەوڵەتانی جیهان لە ئەستۆ دەگرێت.

ئامارەكانی یونسكۆ لەمەڕ توێژینەوەی زانستی هەندێك ئەندیكەیتەر دەگرێتەوە كە بە پێنج رەهەندی سەرەكییەوە پەیوەستە، ئەوانیش: كۆی خەرجیی توێژینەوەی زانستی، سەرچاوەكانی ئەو خەرجییە، لایەنی جێبەجێكار، هەروەها ئەو بابەتانەی توێژینەوەیان لەسەر دەكرێن. دامەزراوەی تر هەن لەسەر ئاستی نێودەوڵەتی كار دەكەن و ئەندیكەیتەر بڵاودەكەنەوە كە ئاماری زێدەی تێدا دەخرێنەڕوو، وەك: ژمارەی لاپەڕەكانی توێژینەوە بڵاوكراوەكان لە گۆڤارە تایبەتمەندەكان، ژمارەی ئاماژەپێكردن بەو توێژینەوانەی لەلایەن توێژینەوەكانی ترەوە، وێڕای ئەوە بڕوانامەی داهێنانی تۆماركراو، هیتریش. نیشانەی داهێنانی جیهانی (GII) هەندێك لەو ئەندیكەیتەرانە لە چوارچێوەی ئەندیكەیتەرەكانی كە (80) دانەیە بەكاردەهێنێت، كە هەوڵی هەڵسەنگاندنی رەوشی داهێنان لە دەوڵەتە جیاوازەكانی جیهان دەدات.

ئەندیكەیتەری كۆی خەرجیی توێژینەوەی زانستی وەك رێژەیەكی سەدی لە كۆی بەرهەمی ناوخۆیی دەوڵەتێكی دیاریكراو دەخرێتەڕوو. ئەو سەرچاوانەی خەرجیی هەریەك لە: كەرتی تایبەت و كەرتی حكومی و دامەزراوە قازانج نەویستەكان و سەرچاوەی تر، دەگرێتەوە، كە بایەخ بە توێژینەوەی زانستی لە بوارە هەمەجۆرەكان دەدات، بەركەوتی كەرتی تایبەت لە خەرجیی توێژینەوەی زانستی لە بەركەوتی كەرتی حكومی لە زۆربەی دەوڵەتە پیشەسازییەكاندا زیاترە.

دێینە سەر لایەنەكانی جێبەجێكاری توێژینەوەی زانستی كە ئەمانە دەگرێتەوە: زانكۆ و كەرتی تایبەت و كەرتی حكومی و لایەنی تریش. سروشتی توێژینەوەكان لە پراكتیزەكردندا جیاوازن، توێژینەوە بنچینەییەكان Basic كە بایەخ بە بەرهەمهێنانی مەعریفە و دۆزینەوە و داهێنان لە بواری تیۆرییدا دەدات، توێژینەوەی پراكتیكی Applied كە بایەخ بە بەرهەمهێنانی مەعریفە لە بواری پراكتیكیدا دەدات، پاشان توێژینەوەی پەرەپێدانی ئەزموونگەرایی Experimental Development كە فۆكەسی لەسەر بەگەڕخستنی بە كردەوەی مەعریفەیە، كار بۆ پێشكەشكردنی پێدراوی نوێ یان نوێبووە دەكات كە بازاڕ پێویستی پێیەتی.

ئەو بابەتانەی بەركەوتێكی باشی لە خەرجییەكانی توێژینەوەی زانستی دەیگرێتەوە، شەش بواری سەرەكیین، ئەوانیش: زانستی سروشتی، ئەندازیاری و تەكنەلۆجیا، زانستی پزیشكی و تەندروستی گشتی، كشتوكاڵ، زانستە كۆمەڵایەتییەكان، بە ئابووری و زانستە مرۆڤایەتییەكانی ترەوە، دەشێ بەپێی ئاراستەی حكومەت بواری تریش هەبن.

كاروانی دەرهاویشتەكانی توێژینەوەی زانستی بە دوو ئاراستەی سەرەكی دەچن: یەكەمیان، بڵاوكردنەوەی زانستیی لەسەر ئاستی نێودەوڵەتی كە بەهایەكی مەعنەوی شارستانی هەڵگرتووە كە خۆی لە هاوبەشیكردنی مەعریفە تا بۆ هەمووان فەراهەم بێت و سودی لێ وەربگیرێت. دووەمیان، بازاڕە، كە مەعریفە بەگەڕدەخرێت و دەكرێتە بەرهەمێكی مادی، كە دەبێتە جێی رەزامەندیی خەڵك، یان خزمەتگوزارییەكی پێویست، یان رێوشوێنێكی كارا، بەشداری لە بەرهەمهێنانی سامان و بەگەڕخستنی دەستی كار و رۆڵی لە پڕۆسەی گەشەپێدانی بەردەوامی ئابووری و كۆمەڵایەتییدا دەبێت.

زۆرجار بڵاوكردنەوەی توێژینەوەی زانستی دەبێتە تاكە مەبەست، كە توێژینەوەی ناو زانكۆكان دەگرێتەوە كاتێك هیچ پەیوەندییەكی لەگەڵ كەرتی تایبەت و كەرتەكانی تری ناو كۆمەڵگە لە ئارادا نییە. لەگەڵ ئەوەی ئەو توێژینەوانە پێدراوی سودبەخشی مەعریفەشیان هەیە، بەڵام بۆ پراكتیك ئامادە نین، ئەگەر ئەو توێژینەوانە نەچنە بواری ئەزموونگەرایی كە بە ئاراستەی بازاڕی ببات، ئەوكات لە بەرامبەر بەو سودەی بە تێچوونێكی مەعقول دەیگەیەنێت سەرنجی كڕیار بۆ خۆی رادەكێشێت. ئەم جۆرە توێژینەوانە لە ناو زانكۆكاندا بە دەگمەن دەست دەكەون، تەنها لەو حاڵەتانەی كە دەرئەنجامی هاوكاریی نێوان زانكۆكان و كەرتە هەمەجۆرەكانی كۆمەڵگە بەتایبەتیش كەرتی تایبەت بەدەست دەكەون.

لێرەدا جێی خۆیەتی ئاماژە بەوە بدەین، كە دەوڵەتانی پیشەسازیی زۆرترین خەرجییان بۆ توێژینەوەی زانستییە، مەرج نییە ئەوان لەو دەوڵەتانە بن كە زۆرترین توێژینەوەی زانستییان بڵاوكردبێتەوە، بۆ نمونە، ئەڵمانیا، بەپێی رێنیشاندەری داهێنانی زانستی 2020، لەسەر ئاستی نێودەوڵەتی حەوتەم دەوڵەتە لە رووی خەرجی توێژینەوەی زانستییەوە، بەڵام پێگەكەی لە بڵاوكردنەوەی توێژینەوەی زانستییدا (34)مینە. كۆریای باشووریش لە ئەڵمانیا دەچێت، كە لە رووی خەرجیی توێژینەوەی زانستییەوە دووەمی جیهانە، بەڵام لە بڵاوكردنەوەی توێژینەوەی زانستیدا (27)مینە. دەشێ ئەمە بەڵگە بن بۆ ئەوەی خەرجیی توێژینەوەی زانستی تەنیا بۆ بڵاوكردنەوە نییە، بەڵكو بۆ بازاڕ و رۆڵگێڕانێتی لە پڕۆسەی گەشەپێداندا.

بێگومان، زانكۆكانی جیهان هەنگاو دەنێن تا دەرهاویشتەی توێژینەوە زانستییەكانیان تەنیا بە ئاراستەی بڵاوكردنەوە نەبێت، بەڵكو هەوڵەكانیان بۆ ئەوەیە تا لە توێژینەوە زانستییەكانیانەوە وەڵامی پێداویستییەكانی بازاڕ و خواستەكانی پڕۆسەی گەشەپێدان بدەنەوە، بەمەش دەیانەوێ توێژینەوە تیۆری و پراكتیكی و ئەزموونییەكانیان تەواوكاری یەكتر بن تا لەلایەك پێداویستییەكانی بازاڕ دابین بكەن و لەلایەكی تریشەوە بەشداری كارایان لە گەشەپێداندا هەبێت. دەستەبەركردنی ئەو دووانە، هاوكاری نێوان زانكۆ و كەرتە هەمەجۆرەكانی ناو كۆمەڵگەی پێویستە. لەم چوارچێوەیەشدا زانكۆكان دەتوانن توێژینەوەی زانستی ناوازە پێشكەش بكەن تا سەرمایەی بوێری بۆ رابكێشن و وەبەرهێنان و پشتیوانی بەدواداچوونی بكەن. هەروەها كەرتی تایبەتیش دەتوانێ بە یارمەتی زانكۆكان و سودوەرگرتن لە توانا مەعریفییەكانیان، هەوڵی دۆزینەوەی ئەو كێشانەی رووبەڕوویان دەبێتەوە بدات و ئاسۆی پەرەپێدان و بەرەوپێشچوونی خۆی فراوانتر بكات، ئەمە بۆ حكومەتیش راستە.

بەو هیوایەی زانكۆكانی ئێمەش لانیكەم بیر لە هەنگاوی لەم جۆرە بۆ بەرهەمهێنانی مەعریفە بكەنەوە، بە شەراكەت لەگەڵ كەرتەكانی ناو كۆمەڵگە كە لە كۆتاییدا بە قازانجی گەشەپێدانی ئابووری و كۆمەڵایەتی دەشكێتەوە.

* سەرۆكی مونتەدای ئابووریی كوردستان

وتاری زیاتر





كاروانی مەعریفە و گەشەپێدان‬ فەیسەڵ عەلی
2021-10-23 16:55      115 جار بینراوە


سامانی ئاو ژیان و ململانێیە‬ فەیسەڵ عەلی
2021-10-09 18:46      225 جار بینراوە




پەیوەندیی نێوان ئابووری و ژینگە‬ فەیسەڵ عەلی
2021-09-04 15:06      250 جار بینراوە



مێژووی نووسین و ئاسۆی ئایـندەی‬ فەیسەڵ عەلی
2021-08-26 11:00      528 جار بینراوە

فاشیزمی راستەقینە‬ فەیسەڵ عەلی
2021-08-22 16:25      304 جار بینراوە



پرسیاری ساڵی پار‬ فەیسەڵ عەلی
2021-08-07 17:28      143 جار بینراوە


سەنتەری لێكۆڵینەوەی ئابووری‬ فەیسەڵ عەلی
2021-07-31 14:33      216 جار بینراوە

خراپ بەکارهێنانی تەكنەلۆجیا‬ فەیسەڵ عەلی
2021-07-23 15:31      275 جار بینراوە


دیپلۆماسییەتی سایبرانی‬ فەیسەڵ عەلی
2021-07-03 20:01      706 جار بینراوە


زمان دەروازەی مێشکە‬ فەیسەڵ عەلی
2021-06-14 16:34      183 جار بینراوە



دیوەكەی تری دراوی گریمانەیی‬ فەیسەڵ عەلی
2021-06-02 16:19      164 جار بینراوە

وێنە کۆنەکان‬ فەیسەڵ عەلی
2021-05-31 23:40      182 جار بینراوە

خوێندن و بازاڕی كار ‬ فەیسەڵ عەلی
2021-05-29 21:30      242 جار بینراوە

نوێترین هەواڵەکان

بیروڕا

سۆشیال میدیا

گەلەری

کەشو هەوا

زۆرترین سەردانکراو