لە راپۆرتێکی «رۆیتەرز»، باس لە چیرۆکی گەنجێکی میسری دەکات، بە ناوی محەمەد حەمدی و تەمەنی 25 ساڵە. لە پێناوی بەدیهێنانی خەونەکەی، دەستبەرداری خوێندنی کۆلێجی شوێنەوار بوو. ئەو پرۆژەی دروستی کرد، راوکردنی دووپشک بوو لە بیابان بۆ ئەوەی ژەهرەکەی دەربهێنێت، کە ئێستا (80) هەزار دووپشک لە کێڵگەیەکی تایبەتی دوور لە ئاوەدانی بەخێو دەکات، لەڕێی بەکارهێنانی تەزووی کارەباوە ژەهری ئەو دووپشکانە دەردەهێنێت، ئەو ژەهرە بۆ بەرهەمهێنانی (24) جۆر دەرمان بەکاردەهێنرێت، وێڕای ئەوەی دژە ژەهریشی لێ بەرهەم دەهێنرێت، ئەو کوڕە گەنجە دەڵێ نرخی یەک گرامی لەو ژەهرە بە (10) هەزار دۆلار دەفرۆشێت، ئەو ژەهرەی بەرهەمی دەهێنێت هەناردەی هەریەک لە بەلجیکا و دانیمارک و ئەڵمانیا و فەرەنسا و دەوڵەتانی تری ئەوروپا و چەند ویلایەتێکی ئەمریکا وەک فرجینیا و تەکساس و کالیفۆرنیا دەکات.
ئەم چیرۆکە گرنگ و سەیرە، وامان لێدەکات هەڵوەستەیەک بکەین تاوەکو بچینە نێو وردەکارییەکانییەوە کە ناتوانرێ دەرک بە قووڵی جوانییەکانی بکرێت جگە لەوانەی بڕوای تەواویان بەوە هەیە کە زۆربەی ئەو چیرۆکە ئیلهام بەخشانەمان پێ ناگات، تەنها دوای ئەوەی قارەمانی ئەو چیرۆکانە قورسی و ناخۆشی ئەو ئەزمون و تاڵی شکست و دووبارەکردنەوەی ئەچێژن و سوور دەبن لەسەر بەردەوامیدان، بەبێ ئەوەی گوێ بە بۆچوونە نەرێنی و پەشیمانکەرەوەکان بدەن. ئەم گەنجە ئەگەر بۆ ساتێکیش گوێی بە بۆچوونی ئەوانیتر بدابایە سەبارەت بەو بیرۆکە نامۆیەی، دەبوو بەر لە دەستپێکردن دەستبەرداری بووایە، ئەگەر باسی نیەتی خۆی لە وازهێنانی خوێندن بۆ گەڕان بەدوای هێنانەدی خەونەکەی بکردبایە، ئامۆژگارییان دەکرد بەوەی دوای نەکەوێت و چونکە چارەنووسەکەی شکست و پەشیمانییە. گرفتەکەمان لەوەدایە، زۆربەی گەنجەکانمان خەون بە دەوڵەمەندبوون و بەدیهێنانی خەونەکانیانەوە دەبینن، بە ئاقاری ئەو پرۆژە تەقلیدیانە دەچن کە گیانی سەرکێشی و مەترسی تێدا نییە و لەناو بازنەی هەڵسەنگاندنی ئەوانیتردایە. کەمن ئەوانەی لە دەرەوەی سندوقەکە بیردەکەنەوە و بیرۆکەی خوڵقێنەریان بۆ پرۆژەی نوێ هەیە.
ئەم جۆرە عەقڵە داهێنەرانە کە پشت بە گیانی داهێنان و جیاکاری دەبەستن، ئەوانەن کە کۆمەڵگەی ئێمە پێویستی زۆری پێیان هەیە. نیشتمانەکەمان پڕە لە دەرامەتی سروشتی و ژینگەیەکی لەباریشی هەیە، زەمینەیەکی رەخساوی بۆ دەوڵەمەندبوون و بەدیهێنانی خەونەکان هەیە. هیواخوازم دەستپێشخەرییەک بەناوی (مێشکت بەگەڕبخە) بکرێت، بۆ ئەوەی مێشکی گەنجان بجولێنرێت و هەندێک لە کۆمپانیاکانی کەرتی تایبەتی وەک شەراکەتی کۆمەڵگەیی دەستگیرۆییان بکات و زەمینەی دیداری گەنجە داهێنەرەکان رێک بخات، ئەو گەنجانەی لە دەرەوەی سندوقەکە بیردەکەنەوە، بۆ ئەوەی بەشداری لە بەرهەمهێنانی بیروبۆچوونی سەرکێش و داهێنەرانە بکەن و قابیلی جێبەجێکردن بن لەسەر ئەرزی واقیع.